ئەمەریكا: هەرێمی كوردستان یەكێكە لە سەركەوتووترین ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

:: PM:09:52:20/02/2019 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 20ی شوبات، لە سەلاحەدین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە جێمز جێفری نوێنەری تازەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و سەرۆكی شاندەكە و جۆڵ ڕایبێڕن جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر بە وەكالەت و ئەندامانی تیمی ئەمەریكی تایبەت بە سووریا.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆك بارزانی، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و نوێنەری تازەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش پێزانینی هەبوو بۆ پێشڤەچوون و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ڕای گەیاند، سەرباری بوونی تەحەدیات و هەڕەشەی زۆر هەرێمی كوردستان یەكێكە لە سەركەوتووترین ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها دووپاتی لەوە كردەوە كە تێكشكاندنی تیرۆر و بەدیهێنانی سەقامگیری، ئەولەوییەتی سەرەكیی ئەمەریكایە لە ناوچەكەدا.

لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتەكانە سیاسی و مەیدانییەكان و نیگەرانی و پێشنیارەكان لەمەڕ ئاییندەی كورد لە سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و پێوەست بەم باسەوە دووپات لە هاوئاهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هەردوولا كرایەوە ئەویش بە مەبەستی دابینكردنی سەقامگیری و ڕێگەگرتن لە شەڕ و كاولكاری و هەروەها ڕێگەگرتن لە ئازار و نەهامەتی بۆ گەلی كورد لە سووریا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆسەر ئاساییشی ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ئەوە دووپات كرایەوە كە هاوئاهەنگی و كاری هاوبەشی هاوپەیمانان و هەرێمی كوردستان سەركەوتن و ئەنجامی زۆر ئەرێنی لە تێكشكاندن و پاشەكشەكردن بە تیرۆر لێ كەوتووەتەوە.

بەردەوامیی هاوئاهەنگی نێوان هەردوولا و پێوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

 


وشە - سه‌رخێڵ هاشم