سووریا.. دوا هێرشی هەسەدە بۆ سەر داعش نزیك بووەتەوە

:: PM:10:14:20/02/2019 ‌

شكانی یەكجارەكی رێكخراوی داعش لە دوای پێگەكانی لە رۆژهەڵاتی فورات نزیك بووەتەوە لەگەڵ رۆیشتنی كاروانی هاووڵاتییان لە ناوچە گەمارۆدراوەكە كە هێزەكانی سووریای دیموكرات ژمارەی چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە بە چەند سەت چەكدارێك دەخەمڵێنن. 

پرسی نەمانی داعش و پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، دوو خاڵی گرنگ دەبن لە تەنگژەی سووریا كە هەشت ساڵە بەردەوامە، چاودێران پێیان وایە تەنگژەی سووریا دەچێتە قۆناغێكی نوێ كاتێك بۆشاییەك دروست دەبێت و هێزەكانیتر هەوڵی پڕكردنەوەی دەدەن، جیا لە پرسی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە كە دەكەونە بەر هەڕەشەی هێرشی سوپای توركیا. 

رۆژنامەوانێكی ئاژانسی "رۆیتەرز"، لە نزیك بەرەی جەنگ لە باغوز، دەیان پاسی بینیوە كە هاووڵاتییانی ناوچەكەیان گواستووەتەوە و مستەفا بالی گوتەبێژ بەناوی هەسەدە رای گەیاند كە ئەو پاسانە هاووڵاتییانیان لە ناوچە گەمارۆدراوەكە گواستووەتەوە.

زۆرێك وای نابینن كە كۆنترۆڵكردنەوەی باهۆز كۆتاهاتنی داعش دەبێت كە ژمارەیەك لە چەكدارەكانی لە بیابانەكان لە ناوەڕاستی سووریا خۆیان حەشار داوە، لەو كاتەی پرسی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا كە ژمارەیان دوو هەزار سەربازە، بووەتە پرسێكی هەستیار كە چارەنووسی ناوچەكانی ژێر دەستی كورد یەكلا دەكاتەوە كە لەلایەن ئەمەریكا و هاوپەیمانانەوە پاڵپشتی دەكرێن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل