ئەمەریکا هێزەکانی دەباتەوە و کێشەکان دەهێڵێتەوە

AM:11:37:03/10/2026 ‌
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تەنیا کۆتاییهاتنی ئەرکێکی سەربازیی نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نادیار و پڕ لە مەترسی و تاقیکردنەوەی سەختە بۆ ئاسایشی ناوچەکە. لە کاتێکدا بەغدا ئەم هەنگاوەی ناو ناوە "رۆژی سەروەری" و ئاهەنگی بۆ دەگێڕێت و چەند ڕۆژێک پشووی ڕاگەیاند، ڕووداوەكە بۆ هەرێمی کوردستان و چاودێرانی سەربازی مایەی  نیگەرانییە، لەبەر ئەو بۆشاییە تەناهییەی بەدوایدا دێت.

 لە نێوان سەرهەڵدانەوەی شانە نادیارەکانی داعش، نەمانی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان لە بەردەم هەڕەشەی درۆن و مووشەكەكانی ئێران، بەهێزبوونی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا،  سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەونە بەردەم پرسیارێکی چارەنووسساز: ئایا دەتوانن بەبێ چەتری ئەمەریکا سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن؟

یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی دوای کشانەوە، پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سەربازییەیە کە پێشتر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان پڕیان کردبووەوە، بە تایبەتی بواری هەواڵگریی، چاودێریی ئاسمان ، راهێنان، پشتیوانی لۆجستی و بەرگریی ئاسمانی، بە تایبەتتریش بەرگریی ئاسمانی، چونکە سیستمەکانی وەک Patriot و تواناکانی C-RAM لە هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی بنکە و شوێنە گرنگەکان لە هێرشی مووشەکی و درۆن، بەکار هاتوون. 

بەپێی وتەی بەرپرسان، کشانەوەی ئەم سیستمانە بۆشایی بەرگریی دروست دەکات و عێراق دەبێت چارەسەری بکات. بۆ هەرێمی کوردستان، یەکێک لە مەترسییە دیارەکان کەمبوونەوەی توانای وەڵامدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانە. لە ماوەی رابردوودا کوردستان لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی سەربە بەرەی مقاوەمە، سەتان جار بە موشەک و درۆن کرایە ئامانج، لە بەرانبەردا سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمەریکا لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان و پاراستنی ناوچەکەدا رۆڵیان بینی. بەو پێیە، مەترسییەکە تەنیا کەمبوونەوەی ژمارەی سەرباز نییە، بەڵکو  کەمبوونەوەی توانای دۆزینەوە، ئاگادارکردنەوە و رێگرییە لە هێرشە ئاسمانییەکان.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەم ساتەوەختە هەستیارەدا و جێهێشتنی ڕووبەرێکی یەرفریوانی ئاسایشی ناوچەکە بەبێ چەتری بەرگریی ئاسمانیی تۆکمە و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، دەرگا واڵا دەکات لە بەردەم دووبارەبوونەوەی سیناریۆ دڵتەزێنەکەی ساڵی 2014، ئەو ساتەی بۆشایی تەناهی ڕێگەی خۆش کرد بۆ داگیرکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق، لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە. بۆیە زیاتر هەست بە مەترسییەکانی داهاتوو دەکەین، کاتێک دەبینین شانە نوستووەکانی داعش چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان دەکەن تا سەرلەنوێ دەست بە جووڵە بکەنەوە،  چونكە هاوکات لەگەڵ لێدوانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لێکەوتە خراپەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و خۆشحاڵیی بەرپرسانی باڵای عێراق و ناساندنی ئەو رۆژە بە رۆژی سەروەریی، لە شارەدێی پردێی نێوان هەولێر و کەرکووک، پێکدادان لە نێوان ژمارەیەک چەکداری داعش و دژەتیرۆری عێراق رووی دا و ژمارەیەک کوژراو برینداری لێکەوتەوە. 

گروپە چەکدارەکان، مەترسییەکی سیاسی و سەربازی جیاواز
داعش هێشتا هەڕەشەیە، بەڵام جۆری هەڕەشەکە لەگەڵ ساڵانی 2014–2017 جیاوازە، گرووپەکە ئێستە ناوچەیەکی  بەرفرەوانی لە ژێر دەسەڵاتدا نییە، بەڵام شانەی نهێنی و توانای كردە تاکتیکی ماوە. رێککەوتنی بەغدا و واشنتنیش لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە هێزە عێراقییەکان بەرپرسیارێتیی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی خاکی خۆیان لە ئەستۆ بگرن. هاوكات عێراق لەگەڵ کێشەیەکی دیکە لە ململانیدایە، ئەویش چۆنیەتی کۆکردنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی هەموو توانایەکی چەکداریی بۆ ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی دەوڵەتە. 
بەپێی لێدوانە رۆژنامەوانییەکان، ژمارەیەک گرووپی چەکداری بەهێز کە سەربە بە ئێرانن، لە دژی مۆڵەتی 30ـی ئەیلوول بۆ چەکدانان، وەستاونەتەوە و داواکاریی و مەرجی قورسیان هەیە. 

سیناریۆکانی دوای کشانەوە
یەکەم: سیستمی پاراستنی ناوخۆ
سیناریۆکە ئەوەیە، عێراق بتوانێت بۆشایییەکە بە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە پڕ بکاتەوە، لەگەڵ بەردەوامیی هاوکاریی هەواڵگریی، چەکدارکردن و راهێنان لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە. بەرپرسانی سەربازیی عێراق رایانگەیاندووە كە، دوای 30ـی ئەیلوول پێوەندییەکان، بە تایبەتی هاوبەشکردنی زانیاری و بەرنامەکانی چەک، بەردەوام دەبن.

دووەم: زیادبوونی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان 
ئەگەر پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک سەرکەوتوو نەبێت، ئەگەری بەهێز ئەوەیە گرووپە چەکدارەکان لە دوای کشانەوەی ئەمەریکا پێگەیەکی سیاسی و سەربازیی زیاتر بەدەست بێنن، ئەمەیش لەوانەیە گوشار لەسەر حکوومەت زیاد بکات، بە تایبەتی ئەگەر گرووپەکان لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ململانێكاندا بەشدار بن، ئەگەری فرەوانبوونی ناوچەکانی دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکوومەت هەیە.

سێیەم: زیادبوونی گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان
لە ئەگەری کەمبوونەوە یان نەمانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و هاوئاهەنگی سەربازیی راستەوخۆ، هەرێمی کوردستان زیاتر لە جاران دەبێتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان یا گوشارە سەربازییەکان، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2026 بەشێک لە کاریگەریی ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا و هێرشە ئاسمانییەکانی لەسەر بووە.