ئۆپۆزسیۆن ئاڵای ئاشتی هەڵكرد

AM:09:40:09/02/2019 ‌
ئیسماعیل تەها

هەموو كارێكی گرنگ پێویستی بە بەرچاوڕوونی و پلانی تۆكمە هەیە، بەتایبەتی كاتێ كەسێك رەخنە دەگرێت، دەبێ بزانێ لە چ كاتێكدا رەخنە لە چ شوێنێكی كارەكانی بەرانبەر دەگرێت، ئەو رەخنەی لە بەرانبەریشی دەگرێت نابێ خۆی هەمان هەڵە دووبارە بكاتەوە، چونكە ئەگەر هەمان هەڵەی كردەوە، ئەوكات دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی ئەو كەسانەی پشتیان پێ بەستووە.

لە دوای هەڵبژاردنی 25/7/2009 بزووتنەوەی گۆڕان بە رەسمی خۆی وەك ئۆپۆزسیۆن راگەیاند، لە دوای ئەو ڕۆژەیش هەریەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی بە رەسمی ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان راگەیاند، لە بەرانبەریشدا حكوومەتی هەرێم پێكهاتەكەی بە پلەی یەكەم لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چەند حزبێكی تر كەوتە كار،  لێرەوە توندترین ململانێ لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەستی پێ كرد، ئۆپۆزسیۆن بە هەموو شێوەیەك كەوتبووە رەخنەبارانی‌ دەسەڵات و كارەكانی.

هەر لە سەرەتاوە بزووتنەوەی گۆڕان زۆر بەتوندی دژی حكوومەتی هەرێم قسەی دەكرد و لە سەرەتای ساڵی 2011دا بەیاننامەیەكی حەوت خاڵی دەكرد، كە دواجار ناونرا بەیاننامە "حەوت خاڵییەكەی"ی گۆڕان، تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەكرد، لەوكاتە حكوومەتی هەرێم بە توندی وەڵامی دایەوە، لەسەر ئاستی حزبەكانیش پارتی و یەكێتی بەتوندی وەڵامیان دایەوە، بەشێكی بەیاننامەكەی بزووتنەوەی گۆران كاریگەر بوو، بە دەستپێكی خۆپێشاندانەكانی بەهاری عەرەبی كە لە توونس دەستی پێ كرد، هەر ئەو ساتە یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی پشتیوانیان لەو بەیاننامەی گۆڕان نەكرد.

لەوكاتەوە رۆژ دوای رۆژ ململانێكان بەهێزتر و توندتر دەبوون، تا گەیشتە خۆپێشاندانەكانی 17ی شوبات، لێرەوە بە تەواوی نێوانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبوو. 

رۆژانە ئۆپۆزسیۆن كۆ دەبوونەوە، دەسەڵات لەو ماوەیە وەك پارتی و یەكێتی كەمترین كۆبوونەوەیان كرد، هەرچی لایەنی ئۆپۆزسیۆن بوو، كۆبوونەوەی بەردەوامی هەبوو، وای لێ هات خۆیان كردبوو بە خاوەنی خەڵك، دەستیان بە داتاشینی ‌ناو كرد، وەك "شەقام"، "بەرەی گەل" ئیتر خۆیان بە خاوەنی هەموو خەڵكی ناڕازی دەزانی،‌ مەرج نییە ئەوەی ناڕازی بوو لە حكوومەت، دژی هەندێك كاری حكوومەت بێت و هاوڕاش بێت لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، دەكرێ كەسێك ئۆپۆزسیۆن بێت، بەڵام لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی حزبی هاوڕا نەبێت. 

ئۆپۆزسیۆنی رابردوو، چ جۆرە ئۆپۆزسیۆنێك بوو؟

ئۆپۆزسیۆنی حزبی گرفتی هەیە لەگەڵ شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان لەكاتی پێكهێنانی حكوومەت، حزبی زۆرینە هەوڵ دەدات زۆرترین پۆست بۆ خۆی بێت، ئەوەش دەبێتە گرفتی نێوان حزبی یەكەمین و حزبەكانی تر، ئەگەر سەیریش بكەین، هەمان حزبی ئۆپۆزسیۆن، لە هەمان حكوومەتی پێشوو لەكاتی دانوستان زۆرترین كۆبوونەوەی بۆ وەرگرتنی پۆستەكانە، ئەستەمە بۆ بەرنامەی حكوومەت كۆبوونەوەیەكی رەسمی لەسەر ئاستی باڵا بكەن، ئەوەی هەیە ئەگەر باس بكرێت زیاتر لەكاتی كۆبوونەوەكانە، بەشێكی بەرنامەكەش هەمان دروشمی هەڵبژاردنەكانە، بەبێ بوونی هیچ پلانێكی تۆكمە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانیان. 

هەر ئەو حزبانەی خۆیان بە نوێنەری "شەقام" و "بەرەی گەل" دەزانی، لە كاتی ئۆپۆزسیۆنبوونیان، دروشمەكانیان لە دژی دەسەڵات بریتی بوو: لە قۆرخكردنی كورسی، پشتگوێخستنی كەسانی پسپۆڕ و خاوەن بڕوانامەی بەرز، ژیانی شاهانەی بەرپرسانی دەسەڵات و پشتگوێخستنی خەڵكی هەژار، "ئەگەر نەتوانم ژیانی تۆ خۆش بكەم، دەتوانم وەك تۆ بژیم". بەڵام كاتێك پۆست دابەش دەكرێت، هیچ كەسێكی پسپۆڕ و شارەزا لە دەرەوەی حزبەكان پۆستی پێ نادرێت، زۆربەی حزبەكان كەسانی شارەزای ناو حزبەكەی خۆیشیان پشتگوێ دەخەن، تا سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیی حزب هەبێت، هیچ كەسێك بۆی نییە پۆستی وەزیری وەربگرێت، ئەندام مەكتەب سیاسییەكی بێ بڕوانامە، لە پێشترە لە ئەندامێكی دڵسۆزی خاوەن بڕوانامەی بەرز بۆ وەرگرتنی پۆستێكی وەزاری، وەزیرەكانیان وەك خەڵك نەژیان و شاهانە ژیان.
هەموو ئەو هەڵسوكەوتانە بووە هۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆن رۆژ لە دوای رۆژ پاشە بكات لە دروشمەكانی، لە بەرانبەریشدا وردە وردە دەنگی ئەوەی خۆیان ناویان نابوو "بەرەی گەل" و "دەنگی شەقام" لە دەست بدەن، بە ئەندازەیەك ئێستە بەشێك لەو حزبانەی دوێنێ ئۆپۆزسیۆن بوون لە "بەرەی گەل" و "دەنگی شەقام" بوون، ئەمڕۆ هەریەكەی بە ئاراستەیەك دەیانەوێ لەگەڵ دوو حزبی دەسەڵاتی گەندەڵی دوێنێ رێكەوتننامە واژوو بكەن، كۆمەڵی ئیسلامی ویستی رێككەوتنی هەیە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان ویستی رێككەوتننامەی هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، دوایین دانیشتنی پارتی لەگەڵ كۆمەڵ، نەرمی لە لێدوانی كۆمەڵ، پێوەندیی نێوان حزبەكان دەچێتە قۆناغێكی تازە.

ئەوەی من مەبەستمە ئەوە نییە ئەو جۆرە رێككەوتنەم بەلاوە باش نەبێت، نەك بۆ ئەو چوار حزبە، دەبوو هەموو حزبەكان رێككەوتنێكی گشتگیریان هەبێت، لەسەر كۆمەڵێك پرەنسیپ لە چوارچێوە‌ی رێككەوتنێكی واژووكراو لەسەر ئاستی سەركردەی حزبەكان.
ئۆپۆزسیۆن دوای ئەوەی هەموو شتیان لە دەست دا، هاتوونەتەوە بۆ رێككەوتن، ئەمە دەرخەری ئەوەیە ئۆپۆزسیۆن زۆر بە پەلە كاری دەكرد، پێی وابوو ئەوان دەتوانن لە بەهەڵبژاردن گرەو لە پارتی و یەكێتی ببەنەوە، بەڵام گرەو بردنەوە ئەوەندە بەئاسانی ناكرێت، لە باشترین دۆخدا بۆ گۆڕانكاری لە شێوازی بەڕێوبردنی، هەوڵدانە بەڕێی دۆستایەتی و دڵسۆزی، نەك هات و هاواری سەر شاشەكان. 
ئۆپۆزسیۆن ئێستە تێگەیشتووە ئەوەی پێی دەگوت "بەرەی گەل" و "دەنگی شەقام" كاری لە تۆ دەوێت نەك بەیاننامە، ئەگەر لە حكوومەت بیت چەند پێگەت كەم بێت، بەڵام دواجار دەتوانێ لە چوارچێوەی ئەوەی بەر‌دەستیەتی جێ پەنجەی خۆی دیاری بكات، بە خەڵك بڵێ: ئەگەر من دەنگم زیاتر بێت، دەتوانم كاری زیاتر بكەم.

هەرچی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە، ئۆپۆزسیۆنی كاریگەریی ئەوتۆ دروست ناكات، ناتوانێ سەرنجی "شەقام"ی پێ راكێشێت، چونكە "شەقام" ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنبوونی یەكگرتووی بینیوە.