ئیسماعیل ته‌ها
له كورده‌واری ده‌گوترێ "قسه فه‌قیره هه‌موو كه‌س پێی ده‌وێرێت"، به‌و واتایه‌ی هه‌موو كه‌س ده‌توانێ قسه‌ی زۆر گه‌وره بكات، دروشمی گه‌وره به‌رز بكاته‌وه، به‌ڵام چه‌ند كه‌س ده‌توانێ كاری گه‌وره بكات؟ خاڵی جیاوازی مرۆڤ لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تی كاتێك حزبێك تازه دامه‌زرابێت، هه‌رچی دنیابینیی خۆی هه‌یه له چه‌ند دروشمێكدا كۆی بكاته‌وه و دروشمه‌كانیش پێشتر خه‌ڵكی تر به‌رزی كردبێته‌وه، ئه‌سته‌مه ئه‌و حزبه به‌و جۆره بتوانێ سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه پێویست بوو ئه‌زموونی رابردووی حزبه‌كانی تر دووباره نه‌كاته‌وه، له‌وكاته‌ی روونه ئه‌وه‌ی شكستی به‌هه‌ندێك حزب هێنا، به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی گه‌وره بوو.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵێنی گه‌وره، له دوو هه‌ڵبژاردندا ده‌نگی زۆر هێنا، به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رانبه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تیی و رێگریكردنی یوسف محه‌مه‌د و كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌بوونه شه‌فاعه‌ت بۆ هێنانه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك حه‌زی له كاركردنه نه‌ك قسه‌كردن، خه‌ڵك بێزار بووه له قسه‌كردن.
له 10 ساڵی رابردوودا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌موو جۆره دروشمێكی به‌رز كرده‌وه، هیچ دروشمێك نه‌ما گۆڕان نه‌یخاته به‌رنامه‌ی كاری خۆی، وای لێ هات گۆڕان ده‌ستی به به‌ڵێنی گه‌وره كرد، گه‌وره‌ترین به‌ڵێنیشی "مووچه‌ی كابانی ماڵ" بوو، دواتریش كه گۆران وه‌زاره‌تی دارایی وه‌رگرت، له‌سه‌ری قه‌رزار بووه‌وه.
ئێسته هاوپه‌یمانی نیشتمانی له سه‌ره‌تای كاركردندایه و ده‌بینین به‌هه‌مان رێی گۆڕاندا ده‌ڕوات، ده‌ستی به به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشم كردووه، ئه‌گه‌ر بێین سه‌یری دروشمه‌كانی هاوپه‌یمانی بكه‌ین، هه‌مان ئه‌و دروشمانه‌ن كه پێشتر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رزی كردبوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه جگه له زیان بۆ هاوپه‌یمانی خۆی، هیچ سوودێكی نییه بۆ ئه‌و حزبه، به‌ڵكو ده‌بێته جۆرێك له بارگرانی و لاوازی، چونكه وه‌ك شتێكی دووباره‌ی لێ دێت.
هه‌ر كارێك له كوردستان بكرێت، پارتی و یه‌كێتی ده‌یكه‌ن، ئه‌و دوو حزبه‌یش به حوكمی زۆرینه، پێگه به‌هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات له به‌رده‌ستی ئه‌واندایه، ئه‌وان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ شتێك بكه‌ن، له رێی پڕۆژه‌یاسا ده‌یكه‌ن، خۆیان ده‌بن به خاوه‌نی، ئه‌و دروشمانه‌ی هاوپه‌یمانی هیچ سوودێكی نابێت، ئه‌گه‌ر ناوی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو "ئۆپۆزسیۆنی به‌یاننامه" بووبێت، ناوی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ده‌بێته "هاوپه‌یمانی دروشم".
محه‌مه‌د ره‌ئووف كه به كه‌سی دووه‌می هاوپه‌یمانی داده‌نرێت، له نووسینێكدا ده‌ڵێ، "سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانی ڕای گه‌یاند، ده‌بێت ئه‌و هێزانه‌ی به‌شداری حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌یان بدرێتێ و له سه‌رجه‌م…". چ حزبێك هه‌یه ئه‌و قسه‌ی نه‌كردبێت، ته‌نانه‌ت ئێسته یه‌كێتی خۆیشی كه هێزی دووه‌می كوردستانه، خۆی به خاوه‌نی نیوه‌ی ئێسته‌ی خاكی هه‌رێم و ناچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ده‌زانێت، هه‌مان قسه ده‌كات، ئه‌و قسه‌یشی له‌سه‌ر زاری سه‌ركرده‌كانی به ره‌سمی گوتوه، پێشتریش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌مان دروشمی به‌رز كردووه‌ته‌وه.
د. موئمین زه‌ڵمی ده‌ڵێت: هاوپه‌یمانیی هاوكێشه‌ی مرۆڤ بۆ خزمه‌تی حزبی سیاسی پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه و پێی وایه، حزبی سیاسی جگه له وێستگه و هۆكارێك بۆ خزمه‌تی مرۆڤ، شتێكی زیاتر نییه.
چ حزبێكی كوردی هه‌یه نه‌ڵێت حزب جگه له ئامرازێك بۆ خزمه‌ت هیچی تر نییه، به‌ڵام چه‌ند حزب ئه‌وه‌ی به كرده‌نی گوتووه، ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌رپرسه‌ی پۆستێكی حكوومیشی هه‌یه له په‌نایه‌وه گه‌نده‌ڵی ده‌كات، ده‌ڵێت پۆست بۆ حزبه، ئه‌وه ته‌كلیفه، نه‌ك ته‌شریف، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه جوانانه، له په‌نای پۆسته‌كه‌ی خه‌ریكی گه‌نده‌ڵییه.
جه‌لال ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت، هاوپه‌یمانی خه‌بات ده‌كات بۆ بنیاتنانی حوكمڕانییه‌كی مه‌ده‌نی، كه دادپه‌روه‌ری سیمای زاڵی بێت و دیموكراسی ڕاسته‌قینه میكانیزمی ده‌ستنیشانكردن و ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات بێت و پابه‌ندبوون به‌و بنه‌مایانه مه‌رجی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بێت، پارێزگاری لێكردنیشی ئه‌ركی هاوبه‌شی هه‌موو پێكهاته‌كان بێت و هه‌مووان له سایه‌یدا به ئازادی موماره‌سه‌ی بیروباوه‌ڕی خۆیان بكه‌ن، له چوارچێوه‌ی ئه‌قڵ و لۆجیك و به‌ڵگه‌دا و به‌ڕێزگرتن له یه‌كتر، هه‌وڵی سه‌رخستنی بیروباوه‌ڕ و ئایدۆلۆجیای خۆیان بده‌ن.
ئه‌و قسانه‌ی جه‌لال ئه‌حمه‌د هه‌مان قسه‌ن كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵه حزبی كوردی ده‌یكه‌ن، وای لێ هاتووه هه‌موومان دروشمه‌كانی حزبه كوردییه‌كانمان له‌به‌ر كردووه، هیچ حزبێكی كوردی ئێسته باسی هه‌وڵی سه‌رخستنی ئایدۆلۆجیا نادات، هه‌ر ئه‌مه‌یشه وایكردووه ژنێكی باڵاپۆشی وه‌ك د. رێواس فایه‌ق له فراكسیۆنی یه‌كێتی هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆك په‌رله‌مانی كوردستان بدات، زۆر شانازیش به سه‌رپۆشییه‌كه‌ی خۆی ده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌كرێت تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر یه‌كێتی توانیبێتی بابه‌تی ئایدۆلۆجی بوون وه‌ك سیمای حزب كاڵ بكاته‌وه، له داهاتووش شتی روونتر ده‌بینێرێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌مێكه ئه‌و قۆناغانه‌ی تێپه‌ڕاندووه، چونكه هه‌ر له زووه‌وه له‌و حزبه‌دا كه‌سانی سه‌له‌فی، فه‌یلی و مه‌سیحیی تێدا هه‌بووه، چه‌ندان زانای ئاینی تێدا بووه، ته‌نانه‌ت دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایانی ئاینی یه‌كێكه له به‌رهه‌مه‌كانی پارتی.
هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئه‌ركێكی قورسی له‌سه‌رشانه، له‌و قۆناغه‌دا ده‌بوو وردتر هه‌نگاوی بنایه، ده‌ستیان به دروشمبازی نه‌كردایه، ئه‌مه وایكردووه خه‌ڵك به حزبێكی ئاسایی بزانن، وه‌ك حزبێكی سوپرایز سه‌یری نه‌كه‌ن، چونكه له ئێسته‌وه دروشمه‌كانیان هه‌مان دروشمه كۆنه‌كانه، له هه‌ندێك دروشم هه‌ر ده‌ڵێی كۆپی دروشمی حزبه‌كانی تره، ته‌نانه‌ت خۆیشیان پێوه ماندوو نه‌كردووه كه ده‌ستكاری بكه‌ن و لایه‌نی كه‌م به‌شێوه‌یه‌كی جوانتر دایڕێژنه‌وه، چونكه خه‌ڵك هه‌ڵوێستی سیاسی ناوێت، به‌ڵكو هه‌ڵوێستی سیاسیش بۆ خه‌ڵك جێی بایه‌خ نییه، چونكه له چوار ساڵی رابردوودا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به ناوی پارێزگاری له سه‌روه‌ری یاسا كۆمه‌ڵێك هه‌ڵویستی ده‌ربڕی، به‌ڵام هیچ یه‌ك له‌و هه‌ڵوێستانه نه‌بوونه مایه‌ی سه‌رنجڕاكێشانی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌ر له ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نیوه‌ی كورسییه‌كانی له ده‌ست دا.
تێبینی: لێدوانی به‌رپرسانی هاوپه‌یمانی له سایتی ره‌سمی هه‌یه.