لە یادی ریفراندۆمدا

AM:09:07:25/09/2022 ‌
بۆ گەلی كورد ڕیفراندۆم بابەتێكی چارەنووسساز و پیرۆز بوو، چونكە دوای ئەو هەموو قوربانیدانەی مێژوو، ئەم گەلە دەبوو بەرهەمەكەی بچنێتەوە، بۆ ئەمەیش سەرۆك بارزانی ئەو رۆڵە مێژوویی و پیرۆزەی بینی و ئەو بەرپرسیاریەتییەی گرتە ئەستۆ كە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بكات، لەوێوە ئاواتی هەموو گەلی كورد و شەهیدان بهێنێتە دی و كورد بگەیەنێتە ئەو داوا فەرمیەی کە دەیانەوێ. بە دنیای بگەیەنن بۆ چارەنووسی خۆیان.

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ریفراندۆمی پیرۆزە، چەند ناشیرین و بێزراون ئەوانەی دژایەتی ئەو پرۆسە پیرۆزەیان كرد و ناوی خۆیان بە ناپاك و خیانەتكار تۆمار كرد لە مێژووی كورددا، دڵنیام ئێستە ئەوانە لە ناخی دڵیانەوە پەشیمانن و خۆزگە دەخوازن كە دژی ئەو پرۆسە چارەنووسسازە مەزنە نەبوونایە كە خەونی سەتان ساڵەی باوباپیرانیان و هەموو كورد بوو، 

جارێكی تر هیچ كەسێك ئەوەندە لێهاتوویی و كاریزما و مەزنی تێدا نابێت سەركردایەتی كورد بكات و پرۆسەیەكی تری پیرۆزی لەو شێوە دووبارە بكاتەوە، هەروەک شەرەفی ئەوەیان پێ ببڕێت كە بەشداری بكەن و دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەن، چونکە دەرفەتەکە یەکجارە و کوردستان دەنگی خۆی دا.

بۆیە ئەوانەی دژ بوون، تاهەتایە ناویان لە زبڵدانی مێژووی كورددا دەمێنێتەوە و پێچەوانەی میلی سەعات و گەلی خۆیان، دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوون و دژی خواستی زۆرینەی كورد و خواست و خەونی شەهیدان و هەموو گەلەكەمان بوون. 

ئەم ئەركەی سەرۆك بارزانی بۆ ئێستە و مێژوو دەبێت شانازی پێوە بكرێت و بەرز لێی بڕوانرێت، چونكە هیچ كەسێك لە كورد نەیدەتوانی ئەو ئەركە لە ئەستۆ بگرێت و شانی خۆی بداتە بەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، ئاخر وەک بینینمان هەموو دژی کوردن، بۆیە بوێری دەویست بڕیارەکە جێبەجێ بکرێ.

ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە ڕیفراندۆمدا زۆر گەورە و پیرۆز بوو، هەر لە یەكڕیزی و تەبایی نێوان حزبە كوردستانییەكانەوە تا یەكڕیزی و یەكدەنگی و یەكخستنی پێکهاتە و نەتەوە و ئاین و ئاینزاكانی كوردستان، لەمەش گرنگتر سەرۆك بارزانی ڕۆڵی گەورە و دیاری هەبوو لە پاراستن و بەرزڕاگرتنی ئیرادەی گەلی كورد و خۆی شار بەشار بانگەشەی دەکرد.

لەلایەكی ترەوە، سەرۆك بارزانی لە پێناو گەلەكەیدا نەكەوتە ژێر هیچ ویست و گوشار و هەڕەشەیەكی دەرەكی، بەڵکو بوو بە سیمبولی پێشاندانی ئیرادەی گەلەکەی و یەكهەڵوێستی و کۆدەنگی دروست کرد بۆ سەركەوتنی ڕیفراندۆم، توانی كوردستان بپارێزێ و نەكەوێتە ژێر مەترسی هیچ داگیركەر و ناحەزێك كە چاویان بە سەركەوتنی ئەو پرۆسەیە هەڵنەدەهات.

دواجار ئەوانەی دژی ڕیفراندۆم بوون و گرفت و كێشەیان بۆ پرۆسەكە دروست كرد، سەرشۆڕی و ناپاكییان بۆ مایەوە، هەموو ئەو هەوڵانەیش لە ئیرەیی بەرانبەر كاریزما و مەزنی كەسایەتیی سەرۆك بارزانیەوە دەهات، ئەم ڕقە وایكرد دژی ڕیفراندۆمیش بن و خۆیان بەدناو بكەن بۆ هەمیشە.

بەڵام گەلی كوردستان وەڵامی ناحەزان و نەیارانیان دایەوە و نەفرەتیان لەوانە كرد كە دژی ریفراندۆم بوون و بە نەخێر دەنگیان دا، پاشان  وەڵامی سەرۆك بارزانیشیان دایەوە بە لە 93% دەنگی خەڵك بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و ستایش بۆ بارزانی.

سەركەوتنی ڕیفراندۆم بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، بۆ كاتی جێبەجێكردنی ڕیفراندۆمەكە دەگەڕێتەوە، كە سەرۆك بارزانی ئەو رۆژەی دانا و پرۆسەکەیش بەڕێوە چوو، بۆیە هەمیشە ریفراندۆم و سەرۆك بارزانی لە ئاسمانی كوردستاندا دەدرەوشێنەوە و مایەی شانازین بۆ هەتایە.

 ڕیفراندۆم بووە بەڵگە و دیكۆمێنتێكی دیار و تاپۆیەكی نەتەوەیی بۆ هەموو كوردستان، چەکوشێکیشە لەسەر دلی ناحەزانی ناوخۆ و دەرەکی و بۆ دنیایش چەسپا كە بە كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی تریشەوە، كورد سەربەخۆیی دەوێت و بەشێك نییە لە عێراق.