نووسینی: سوتلانا ئالكساندرۆنا ئالكسیویچ
خوێندنه‌وه‌ی: فه‌وزیه سوڵتانبه‌گی
كه ده‌ستم به خوێندنه‌وه‌ی كتێبی "شه‌ڕ شێوه‌ی ژنانه‌ی نییه" كرد، زۆر به ئه‌سته‌م توانیم درێژه‌ی پێ بده‌م، له‌گه‌ڵ هه‌ر دێڕێك و هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كدا له‌رز دایده‌گرتم. حه‌زم ده‌كرد هۆڕهۆڕ بگریم.
ئه‌مڕۆ هه‌موومان له سایه‌ی ڕاگه‌یاندنه گشتییه‌كانه‌وه له‌گه‌ڵ مانای شه‌ڕ ئاشناین. جیا له شه‌ڕی كوردستان، هه‌شت ساڵ شه‌ڕی ئێران و عێراق، تراجیدیا و ڕووداوگه‌لێكی وه‌ها ترسناك و دڵته‌زێنی لێ خوڵقا، ئێسته‌یش دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له 30 ساڵ، شوێنه‌واری ماڵوێرانكه‌ری به‌سه‌ر ژیانی زۆر كه‌سه‌وه هه‌ر ماوه‌ته‌وه. ئه‌وه له كاتێكدایه كه كاریگه‌ری و بارستایی ئه‌وه‌ی لای ئێمه رووی دا، ته‌نیا یه‌ك له سه‌دی ئه‌وه بوو وا له شه‌ڕی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانیدا به‌سه‌ر ژیان و چاره‌ی مرۆڤه‌كاندا هات.
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه بیره‌وه‌ریی مرۆڤه به‌ر شه‌ڕ كه‌وتووه‌كان باش ده‌هه‌ژینێ. وێنه‌ی داده خه‌جیجی جیرانمان، ئه‌و ڕۆژه‌ی هه‌واڵی شه‌هیدبوونی براكه‌یان بۆ هێنا. هه‌رچی قوڕولیتاوی به‌ر ده‌رگه‌كه‌یان بوو به سه‌ری خۆیدا كرد و تا ئه‌و ڕۆژه‌ی مردیش ده‌نگی بالۆره و لاواندنه‌وه‌ی براكه‌ی ده‌گه‌یشته ئه‌و سه‌ری گه‌ڕه‌ك. داده خاتوون بۆ جارێكیش باوه‌شی به گڵكۆی كوڕه پێشمه‌رگه‌كه‌یدا نه‌كرد و كێله‌كه‌ی ماچ نه‌كرد. هه‌ر به‌و ئاواته‌یشه‌وه سه‌ری نایه‌وه و سوێندی گه‌وره و گرانی برینی كوڕه گۆڕغه‌ریبه‌كه‌ی بوو.
خات شكۆف به حه‌وت منداڵی سه‌روپێچكه‌وه به ده‌م ئاخ و فرمێسكه‌وه خۆزگه‌ی به ئه‌وان ده‌خواست و ده‌یگوت: چا نییه ئێوه ئه‌رخه‌یان و دڵنیا بوون. خۆ من له هه‌وه‌ڵی شه‌ڕه‌وه مێردم بێ سه‌روشوێنه و... ده‌یان نموونه‌ی تر .
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم، له هه‌ر شه‌ڕێكدا و له هه‌ر به‌ره‌نگارییه‌كدا /راسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ/ ئه‌وه ژن و منداڵن ده‌بن به قوربانی سه‌ره‌كی. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی راسته‌وخۆ له ریزی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕدا سه‌نگه‌راوسه‌نگه‌ر و شانبه‌شانی پیاو قاره‌مانێتییان نواندووه، گیانیان فیدای خاكی نیشتمان و سه‌ربه‌ستی وڵاته‌كه‌یان كردووه. له شه‌ڕی جیهانی دووه‌مدا ئه‌ركی زۆر قورس و مه‌ترسیداریان له ئه‌ستۆ بووه. بۆ وێنه له بیره‌وه‌رییه‌كانی ناو كتێبی "شه‌ڕ شێوه‌ی ژنانه‌ی نییه" ده‌رده‌كه‌وێ زۆربه‌یان ئه‌فسه‌ر بوون، راسته‌وخۆ فه‌رمانده‌ی هێزی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕیان كردووه، لێخوڕی تانك بوون و...
ترسناكتر له‌مانه، به‌هه‌ر فێڵ و حیله‌یه‌ك بووبێ دزه‌یان كردووه‌ته ناو ریزه‌كانی دوژمن و سیخوڕییان بۆ هێزه خۆییه‌كان كردووه. هاوكات رۆڵی ئه‌و ژنانه‌ی به‌هه‌ر هۆیه‌ك نه‌یانتوانیوه بێنه مه‌یدانی شه‌ڕ، كه‌م ره‌نگتر نه‌بووه. به چاوخشاندنێك به مێژووی شه‌ڕی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانیدا و به گێڕانه‌وه‌ی شایه‌تحاڵه‌كانی ناو ئه‌م كتێبه، ئه‌و راستییه تاڵانه زیاتر خۆ ده‌نوێنن. ئه‌ركی ژیان و ماڵ و منداڵ، كۆمه‌ڵگه و ئاژه‌ڵداری، كشتوكاڵ و دابینكردنی به‌شێكی زۆری كه‌ره‌سته‌ی شه‌ڕ و چاودێری و په‌رستاری كچ و كوڕ و مێردی كه‌مئه‌ندام و نه‌قوستانی شه‌ڕ، هه‌مووی له‌و ئه‌ركه قورس و تاقه‌ت پرووكێنانه بوون كه بۆ ژنانی سه‌رده‌می شه‌ڕ به‌جێ ده‌مان.
جیا له‌و ژنانه‌ی له مه‌یدانی به‌ره‌نگاریدا گیانیان له ده‌ست دا، به سه‌تان و هه‌زارانی تریش كه‌وتنه به‌ر په‌لاماری سێكسی و جه‌سته‌یی و ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری. مێژوونووسان گه‌لێك راپۆرتیان له‌سه‌ر هێرشی سه‌ربازانی ئه‌ڵمانی له شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا، بۆ سه‌ر ژنانی به‌لجیكایی بڵاو كردووه‌ته‌وه و وه‌ك تاوانی جه‌نگ ناویان بردووه. له كۆتایی شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا، به‌پێی سه‌رچاوه‌كان هه‌زار و ٤٠٠ ژن ده‌ستدرێژییان كراوه‌ته سه‌ر.
كچان و ژنانی رووسی و پۆڵه‌ندی له ئۆردوگا زۆره‌ملێكاندا چاره‌نووسی له‌مه باشتریان نه‌بووه. ته‌نانه‌ت له ریزه‌كانی سوپایشدا كۆیله‌ی سێكسیی ژنان وه‌ك دیارده‌یه‌كی باوی دڵته‌زێن باس كراوه. ته‌نیا له ژاپۆن زیاتر له ٢٠٠ هه‌زار ژن له‌ناو سوپای ئه‌و وڵاته‌دا ناچار كراون مل بده‌نه به‌ر كۆیلایه‌تی سێكسی.
"شه‌ڕ شێوه‌ی ژنانه‌ی نییه" سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تژی له هه‌ستێكی نیانی ژنانه‌یه و به ده‌ربڕینێكی راستگۆیانه داڕێژراوه‌ته‌وه، بێ په‌روا باس له ئه‌وین و خۆشه‌ویستی، هاوسه‌رگیری له‌ناو سه‌نگه‌ر و هه‌موو جۆره مردن و ژیانێك و ته‌نانه‌ت گله‌یی و گازنده له كه‌شی سیاسیی زاڵ و ئه‌و گشته جیاوازییه ناڕه‌وایه‌ی دوای شه‌ڕ كه به‌رۆكی ژنان ده‌گرێ، ده‌كات. به‌ڵام یه‌ك به یه‌كی ئه‌و ژنانه سڵیان كردووه‌ته‌وه له باسی ئه‌و سه‌ربرده قێزه‌ون و ناشیرینانه‌ی ناو جه‌رگه‌ی شه‌ڕ كه به‌سه‌ریان هاتووه. به‌رده‌وام وه‌ك هێڵێكی سوور و وه‌ك بوخچه‌یه‌كی نه‌كراوه له ناخی خۆیاندا حه‌شاریان داوه. جگه له "ز. ز. ج" كه به‌گوته‌ی خۆی: من له دركاندنی راستییه‌كان سڵ ناكه‌مه‌وه... من ز. ز. ج بووم. ژنی سه‌رده‌می شه‌ڕ! له شه‌ڕدا من ژنی سه‌ربازه‌كان بووم، ژنی دووه‌میان. ژنی نایاساییان... .
یان ده‌ڵێ: كرده‌كان خۆی به ئاستی دۆخی دوای كرده‌وه‌كه ترسناك نه‌بوو بۆم. به‌تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ی ده‌چووین بۆ پشوودان و خۆڕێكخستنه‌وه."
نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌م تراجیدیایه له‌لای خۆمان سه‌رهه‌ڵدانی داعش و هێرشی بۆ سه‌ر ناوچه كوردنشینه‌كان بوو. له‌وه‌دا جگه له ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری به هه‌زاران ژن و منداڵ شه‌هید كران، به دیل گیران و ده‌ستدرێژییان كرایه سه‌ر. ته‌نانه‌ت له بازاڕه‌كاندا وه‌ك كۆیله بازرگانییان پێ كرا. "نادیه موراد" یه‌كێك له‌و كچانه‌یه كه وه‌ك ره‌مزی قوربانی و ده‌ستدرێژی، سكاڵا و نزای گه‌یشته نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان. له‌لایه‌كی تره‌وه به چه‌واشه‌كاری و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن له سه‌رانسه‌ری دنیاوه ژنانیان راكێشایه ناو ریزه‌كانی شه‌ڕ و له‌ژێر ناوی جیهادی نیكاح خرانه خزمه‌ت مه‌یل و خواسته جێندێرییه‌كانی شه‌ڕكه‌رانه‌وه.
دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕ، پیاو شانازی سه‌ركه‌وتنیان خسته ناو جانتاكانیانه‌وه و سه‌ربه‌رز و رووسوور گه‌ڕانه‌وه باوه‌شی رۆژانه‌یان. به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و ژنانه، سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕێكی تر بوو. "شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ژیان". زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی وێرانتر و بریندارتر له نیشتمان كه‌وتنه ناو تاپۆی سامناكی ته‌نیاییه‌وه. ئه‌و ژنانه‌ی گه‌ڕابوونه‌وه كه‌س ئاماده نه‌بوو هاوسه‌رگیرییان له‌گه‌ڵ بكات، بنه‌ماڵه‌كان وه‌ك بووك و ئه‌ندامی خێزان وه‌ریان نه‌ده‌گرتن.
ده‌گێڕێته‌وه: شه‌و بوو، له‌سه‌ر مێزه‌كه به ده‌وری یه‌كه‌وه دانیشتبووین چاییمان ده‌خوارده‌وه، خه‌سووم كوڕه‌كه‌ی كێشایه چێشتخانه‌كه و به قوڵپی گریانه‌وه تێیڕاخوڕی ئه‌وه چیت كردووه پێم بڵێ؟ له‌گه‌ڵ كێ زه‌ماوه‌ندت كردووه؟ چووی كچی به‌ره‌ی شه‌ڕت هێناوه؟ تۆ دوو خوشكی تریشت هه‌یه. بیرت له‌وان كردووه‌ته‌وه؟ تازه دوای ئه‌و شووره‌ییه كێ ئاماده‌یه خوشكی كه‌سێك بخوازێ كه له‌گه‌ڵ ژنێكی به‌ره‌ی شه‌ڕ هاوسه‌رگیری كردبێ. (تاراما)
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی زه‌ماوه‌ندیشیان ده‌كرد دوای ماوه‌یه‌ك مێرده‌كانیان لێیان جیا ده‌بوونه‌وه و به‌جێیان ده‌هێشتن. فه‌رمانی فه‌رمانده‌كه‌م كۆتایی پێ هات و گه‌ڕایه‌وه و زه‌ماوه‌ندمان كرد، پاشی ساڵێك به‌جێی هێشتم. چوو له‌گه‌ڵ ژنێكی تر بژی.
ده‌یگوت: له‌شی ئه‌و به‌رامه‌ی عه‌تری پێوه‌یه، به‌ڵام تۆ بۆنی پۆستاڵ و به‌تانیه چڵكنه‌كانی وه‌ختی شه‌ڕت لێ دێ. له‌و ساوه ئیتر به ته‌نیا ده‌ژیم. ته‌نیام. بێكه‌س و بێده‌ر." كاترینا ئاستون.
دوای شه‌ڕ، پیاوان پشتی ژنانیان به‌ردا. روویان لێ وه‌رگێڕان و به‌جێیان هێشتن. له كۆتادا ده‌مه‌وێ ئاوڕێك له دیوی جوانی ئه‌م كتێبه بده‌مه‌وه و له‌به‌ر حه‌ز و ئه‌شقی نیشتمانپه‌روه‌ری ئه‌و قاره‌مانانه چۆك داده‌م.
ئه‌و دایكانه‌ی كۆرپه‌كه‌ی باوه‌شیان رووت و قووت و برسی و بێ شیر به‌سه‌ر دایه گه‌وره و پوور و جیراندا به‌جێ هێشت و ئاشقانه ڕه‌دووی رزگاری نیشتمان كه‌وتن. له ته‌واوی ئه‌و كتێبه‌دا سه‌رسوڕماوی پیرۆزی ئه‌و ئه‌وینه بووم. سه‌رسوڕماوی ئه‌و گراوییه فێڵبازه بووم كه چۆن توانی ئه‌وه‌نده مه‌زنتر و پیرۆزتر له ئه‌وینی دایكانه بێ. ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئاو به ئاوردا كرا و ناڵه و كڵپه‌ی شه‌ڕ دامركایه‌وه، خوێن و فرمێسك به‌رچاوی فریشته‌كانی شه‌ڕی به‌ردا و ماندوو و بریندار و هاوڕێ كوژراو، گه‌ڕانه‌وه بۆ وێرانه‌كانی ژیان.
ژنه‌كانی شه‌ڕ، نه‌بوو هه‌ر بۆ جارێكیش له كرده‌وه‌كانیان په‌شیمان ببنه‌وه و هه‌ست به ره‌نج به‌خه‌ساری له رووخساری داته‌پیوی دوای شه‌ڕیاندا ببینرێ. هێزێكی گه‌وره‌تر له مه‌یلی ژیان و له مه‌یلی دایكانه ئه‌وانی راكێشابووه جه‌رگه‌كانی به‌ربه‌ره‌كانی و تا ئێسته‌یش به‌سه‌ر پێوه رایگرتبوون.
مه‌یلی ئازادی و سه‌ربه‌ستی و حه‌زی نیشتمانپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستی خاك، گه‌وره‌تر له‌وه بوو ئه‌و هه‌موو دڕنده‌یی و بێبه‌زه‌ییه‌ی له شه‌ڕدا به‌سه‌ریان هات، دڵیان بله‌رزێنێ. ئه‌وه‌ی كردیان و به‌سه‌ریان هاتبوو به سه‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ی له كۆتادا گه‌ڕانه‌وه باوه‌شی نیشتمانێك كه ئێسته سه‌ربه‌خۆیه و ده‌توانن به په‌روه‌رده‌كردنی رۆڵه‌كانی دواڕۆژ ببن به بێشكه‌ی ژیان و سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه.