بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ده‌ستپێكی دروستبوونیه‌وه، وه‌ك هێزێكی سیاسی و جه‌ماوه‌ریی تازه ده‌ركه‌وت و به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و دراماتیكی، به سوودوه‌رگرتن له میراتی سیاسیی یه‌كێتی و بیری نه‌وشیروان مسته‌فا و ئه‌و یه‌كێتییانه‌ی له‌گه‌ڵی جیا بووبوونه‌وه، هاوكات به سوودوه‌رگرتن له بارودۆخی ئه‌وسا، توانی تا ئاستێكی به‌رز پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی دابكوتێت، به‌تایبه‌ت دوای ڕووداوه‌كانی به‌ناو "سه‌رای ئازادی" كه به‌داخه‌وه ئاڵۆزیی لێ كه‌وته‌وه و هیچ ئامانجێكیشی نه‌پێكا، به‌ڵام گۆڕان توانی زیره‌كانه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بیقۆزێته‌وه.
گۆڕان توانی له یه‌كه‌م به‌شداریی دوای جیابوونه‌وه‌ی له یه‌كێتی، له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان 25 كورسی مسۆگه‌ر بكات و ببێته هێزی یه‌كه‌می براوه‌ی سلێمانی و دووه‌می سه‌ر ئاستی كوردستان و بوو به ئۆپۆزسیۆنێكی كارایش له په‌رله‌ماندا، به‌ڵام كێشه‌ی گۆڕان له‌وكات و ئێسته‌یشدا، ئه‌وه‌یه ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ڕێبازێكی سیاسیی دیاریكراوی نییه تا وه‌ك ده‌ستوورێك له‌سه‌ری بڕوات و پێڕه‌وی بكات، به‌ڵكو پتر پشت به ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ری خۆڕسكانه ده‌به‌ستێت، ئه‌مه‌یش له ژیانی سیاسی و حزبیدا، نه‌ك هه‌ر هه‌ڵه‌یه، به‌ڵكو باجی گه‌وره‌ی به دواوه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی دوای ئه‌و هه‌موو كاریگه‌ری و به‌هێزییه، گۆڕان نه‌یتوانی تا سه‌ر به تۆكمه‌یی بمێنێته‌وه و ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاستی جه‌ماوه‌ری دابه‌زی و مۆمه‌كه ورده ورده ده‌توێته‌وه.
بێگومان ده‌بێ ئه‌وه بزانین كه هیچ حزبێكی سیاسی، كاتێك چوارچێوه‌یه‌كی سیاسییانه له كاركردن له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێكخستن وه‌رده‌گرێت، ناتوانێ تا سه‌ر پشت به جه‌ماوه‌ر ببه‌ستێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ئه‌و جه‌ماوه‌ره كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ و ئامانجی سیاسی و ستراتیجی و دوورمه‌ودایان نه‌بێت. سه‌رنج بده‌ن، پارتییه‌كان چونكه بڕوایان به ڕێبازی بارزانییه و له‌سه‌ری ده‌ڕۆن، وێڕای ئه‌و هه‌موو هه‌ڵكشان و داكشان و دژایه‌تییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه، كه‌چی پارتی حزبه‌كه به‌رده‌وام بووه و هه‌ڵبژاردن دوای هه‌ڵبژاردن، به به‌هێزی ماوه‌ته‌وه و له هه‌موو حزبه‌كان زیاتر ده‌نگ ده‌هێنێت. بۆیه حزبی سیاسی، بێ ڕێبازی سیاسی و جیهانبینی سیاسی، ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی كارا و گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ریش بێت، ناتوانێت تا سه‌ر له‌گه‌ڵ مێژوو بڕوات و به به‌هێزی بمێنێته‌وه.
ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه گۆڕان پێڕه‌و پرۆگرامی ناوخۆی نه‌بێت، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌ندام و ڕێكخستن و سه‌ركرده‌كانی، چه‌ند له‌سه‌ر ئه‌و پێڕه‌وه ده‌ڕۆن و په‌روه‌رده كراون؟ له‌مه‌یشدا گۆڕان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌وه‌ی ڕێكخستنه‌كه‌ی به جۆرێك وابه‌سته‌ی هزر و دیسپلینی حزبی بكات كه به ئاسانی نه‌توانن ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه جێبێڵن.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا ئێسته، به ده‌یان ئه‌ندام و باژێڕوان و وه‌زیر و ئه‌ندامی جڤاته‌كانی گۆڕان چوونه‌ته ناو هێزه‌كانی تر و له به‌رانبه‌ر پۆست و پاره و ده‌سكه‌وتدا، چه‌مانه‌وه و پشتیان له‌و بزووتنه‌وه‌یه كرد و ئێسته نه گۆڕان و نه نه‌وشیروان مسته‌فایشیان بیر نه‌ماوه. به‌ر له گۆڕانیش، ئه‌م سه‌نگه‌رگۆڕین و په‌تپه‌تێنه هه‌بووه، به‌ڵام نه‌ك به‌و شێوه به‌رچاو و بێ شه‌رمانه‌ی به‌شێك له به‌ناو گۆڕانخوازه‌كان كردیان و به ئێسته‌یشه‌وه ده‌یكه‌ن، گوایه حزبی نوێ داده‌مه‌زرێنن، له كاتێكدا ئه‌وان هیچ نه‌بوون و گۆڕان هه‌لی بۆ دروستكردن، ئێسته له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و تایبه‌تی و خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن، ده‌یانه‌وێ گۆڕان هه‌ڵته‌كێنن، چونكه حزبی نوێ واته له گۆڕنانی حزبه كۆنه‌كه.
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌داخه‌وه مۆدێلێكی خراپی له كاری سیاسی داهێنا، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو سیاسییه‌كان به ئاسانی له‌پێناو ده‌سكه‌وتی دارایی و پۆست، حزبه‌كانیان جێبێڵن، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌نه‌وه ڕۆژگارێك ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ئه‌وانی كردووه‌ته ژماره و ناو و ئه‌گه‌ر گۆڕان نه‌بووایه، هی وایان تێدابوو نه‌ك شیاوی ئه‌وه نییه پۆستی باڵای بدرێتێ، به‌ڵكو بیكه‌یته به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌كیش سه‌ركه‌وتوو نابێت! ڕه‌نگه ئه‌مه هۆكارێكی سه‌ره‌كی و دیار بێت كه له نه‌بوونی دنیابینییه‌كی سیاسی و سیستمیزه‌كراو به دیسپلین، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه وه‌ها به خێرایی و دراماتیكی گه‌شه‌ی كرد و به‌هه‌مان خێرایش پووكایه‌وه، به جۆرێك كه نه‌یتوانی له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا یه‌ك كورسیش بێنێت.
كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی گۆڕان له دروستبوونیه‌وه، به‌تایبه‌ت دوای مردنی ڕێكخه‌ره‌كه‌ی، زیاتر ده‌ركه‌وت و قووڵ بووه‌وه، نه‌بوونی یه‌ك سه‌نته‌ر، دیدگه و هه‌ڵوێستی سیاسی یه‌كگرتوو بووه، به جۆرێك كه گوزارشت له كۆی بزووتنه‌وه‌كه بكات. به ئێسته‌یشه‌وه گۆڕان هێزێكی یه‌كگرتوو، خاوه‌ن یه‌ك بڕیاری هاوبه‌ش، یه‌ك گوتار و هه‌ڵوێست نییه، به‌ڵكو ئێمه هه‌میشه وا هه‌ستمان كردووه، زۆرتر له گۆڕانێك هه‌یه، له ژێر شوناسی یه‌ك بزووتنه‌وه‌دا به ناوی گۆڕانه‌وه. ئه‌مه‌یش به ڕوونی له گوتار و هه‌ڵوێسته‌كانیاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
هه‌ڵبه‌ته نه‌بوونی یه‌ك سه‌نته‌ریی بڕیار به جۆرێك هه‌مووان وه‌ك ڕێسا و دیسپلینێكی كاری ڕێكخراوه‌یی پێیه‌وه پابه‌ندبن، له دوای مه‌رگی نه‌وشیروان مسته‌فاوه به زه‌قی ده‌ركه‌وت، ئه‌م جۆره گوتاره له‌وه ڕوونتره بێته شاردنه‌وه. بۆ نموونه، وه‌زیری دارایی له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه، یه‌كێكه له‌و وه‌زیره ماندووانه‌ی ده‌توانم بڵێم ده‌سته‌ڕاستی مه‌سروور بارزانییه و ئاگاداری دۆخی ئابووری هه‌رێم و داهات و خه‌رجییه‌كانه، كه‌چی گۆڕان له ڕێی كه‌ناڵه‌كه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت بیكاته به‌رپرسیاری هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ی له‌باره‌ی مووچه‌وه به‌غدا دروستی ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مه وه‌زیری ئه‌وان و كاندیدی ئه‌وان نه‌بووبێت بۆ حكوومه‌ت. له كاتێكدا ده‌بوو پاڵپشت و هاوكاری بوونایه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتووتر بێت له ئه‌ركه‌كه‌ی، یاخۆ په‌رله‌مانتاره‌كانیان هه‌ریه‌كه له ئاوازێك ده‌یخوێند.
بێگومان هێزێكی سیاسی ئه‌گه‌ر نه‌توانێ ئه‌ندامه‌كان و دۆخی ناوخۆیی جڵه‌و بكات و چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی بدۆزێته‌وه، ناتوانێت گۆڕانكاریی له نه‌خشه‌ی ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌تدا بكات؟ تۆ كه كێشه‌كانی ناوماڵی خۆت پێ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، چۆن موژده‌ی ئه‌وه ده‌ده‌ی كه گۆڕانكاریی له هه‌رێم ده‌كه‌یت؟ ئێسته ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج له گوتاری سیاسی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه بده‌ین، ستراتیجیی كاركردنی له په‌راوێزی ڕووداوه‌كانی كوردستاندا بخوێنینه‌وه، ده‌بینین به جۆرێك له جۆره‌كان كه‌وتووه‌ته ناو گێژاوێكی سیاسی و هیچ به‌رچاوڕوونی و ڕاشكاویی و پره‌نسیپێكی جێگیری له كاری سیاسییاندا نییه.
ئێسته ئێمه له به‌رده‌م زۆرتر له بزووتنه‌وه‌یه‌كی گۆڕانداین، ڕاسته ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه تا ئێسته‌یش وێڕای ئه‌و هه‌موو باڵه ناكۆكانه و ئه‌و هه‌موو سه‌نگه‌ر گواستنه‌وانه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی له پێناو پۆست و پاره‌دا، توانیویه‌تی له فۆڕمی سیاسییانه‌ی خۆیدا بمێنێته‌وه، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا وا نییه. ئێسته بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانێك هه‌یه كه له حكوومه‌ت به‌شداره، ئاگاداری گرفت و قه‌یرانه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه، وه‌زاره‌تی دارایی و ئاوه‌دانكردنه‌وه و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه، هه‌رسێكیان كۆڵه‌كه‌ی حوكمڕانین، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌شداری دیداری فه‌رمی و حكوومی و شانده‌كان ده‌كه‌ن، له به‌رانبه‌ردا بزووتنه‌وه‌یه‌كی تری گۆڕان هه‌یه كه دژی ئه‌و گۆڕانخوازانه‌ی خۆیان كار ده‌كه‌ن و هه‌وڵی ناشیرینكردن و له‌كه‌داركردنیان ده‌ده‌ن، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك و له جۆره‌ها سه‌نگه‌ره‌وه دژی حكوومه‌ت ده‌وه‌ستنه‌وه و وه‌ك ئۆپۆزسیۆن و كه‌سێكی ده‌ره‌وه‌ی گۆڕان خۆیان وێنا ده‌كه‌ن.
گۆڕانێكی تر هه‌یه ڕاگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌كه ئاراسته ده‌كات، به‌رده‌وام هه‌واڵ و ڕاپۆرت دژ به وه‌زیر و به‌رپرسه حكوومییه‌كانی خۆیشیان بڵاو ده‌كاته‌وه و له ماوه‌ی ڕابردوودا به زه‌قی ئه‌و پارادۆكسه له نێوان كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن و وه‌زیری داراییدا ده‌ركه‌وت، كاتێك له په‌راوێزی دواكه‌وتنی مووچه و باج و داهاتی ناوخۆ، هه‌ریه‌كه‌یان زانیاری و داتای دژ به یه‌كیان بڵاو ده‌كرده‌وه. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی گۆڕانێكی تریش هه‌یه كه كۆنه په‌رله‌مانتار و كادره‌كانن و خۆیان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن وێنا ده‌كه‌ن، له‌وسه‌ریش مووچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مان و به‌خششه‌كانی وه‌رده‌گرن. ئه‌م ئاڵۆزییه، ئه‌م سیاسه‌ته ناجێگیره‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ئێسته پێڕه‌وی ده‌كات، له ئاینده‌دا زیانی گه‌وره و زیاتر له بزووتنه‌وه‌كه ده‌دات.
مێژوو سه‌لماندوویه‌تی، سیاسه‌تی "نه شیش بسووتێت نه كه‌باب"، كۆمه‌كی هیچ هێزێكی سیاسی تا سه‌ر ناكات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له كاری سیاسی و جه‌ماوه‌ریی خۆی، بۆیه ده‌بێت گۆڕان له نێوان مێوژ و خورمادا، یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت و كوردستان "خورمژ" نییه.