شه‌ماڵ نووری
ئه‌و ڕه‌وشه شڵه‌ژاوه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، له‌و كاته‌وه هێور بووه‌وه كه سه‌رۆك بارزانی له باڵی ده‌ستڕۆیشتووانی شیعه نزیك بووه‌وه، سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی نیاز و عه‌قڵیی حوكمڕانه‌كانیان به سه‌ره‌تایه‌كی ئومێدبه‌خش ته‌ماشا كرا، ماوه‌یه‌كه زۆربه‌ی زۆری شاره‌زایانی بواری ڕه‌وشی مێژوویی ئه‌م قه‌واره جیۆگرافیایه‌ی ناو نراوه (عێراق) به باشی له هاوكێشه‌یه‌ك تێگه‌یشتوون، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له‌م عێراقه‌دا تا كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ بارزانی چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، قه‌واره‌ی عێراق هه‌ر له‌ناو جوغزی ده‌وڵه‌تی شكستخواردوو قه‌تیس ده‌بێت.
ڕژێمه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی له 100 ساڵی ڕابردوودا له‌م هه‌ستیارییه تێگه‌یشتبوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵیدا كه‌له‌ڕه‌قانه هه‌ڵسوكه‌وتیان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی به ئاگر و ئاسن وه‌ڵامی داخوازییه ڕه‌واكانی بارزانی باوكیان دایه‌وه و مافی ڕه‌وای گه‌لی كوردیان پێشێل ده‌كرد.
ئێسته‌ش له دوایه‌مین سه‌ردانی بارزانی كوڕدا كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ی هه‌نووكه‌یی گرنگ جووڵێنراون، هه‌ر له جێگیركردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه تا ده‌ستكاریكردنی زۆر بڕگه‌ی تری ناو بودجه و هه‌ڵگرتنی بازگه‌كانی گومرگی نێوان هه‌رێم و عێراق و خاوبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی تری ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت و تاد.
بارزانی زۆر بیانووی نابه‌جێی به عێراقییه‌كان بڕی، به‌و سه‌ردانه‌ی وای كرد فشارێكی ئه‌مه‌ریكی و ناوچه‌یی بخرێته سه‌ر عێراق، تا بۆ بیركردنه‌وه‌ی لۆجیكی و چاره‌سه‌ری كێشه هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم مل بده‌ن، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای هه‌نگاوێكی دڵخۆشكه‌ره.
ئه‌مڕۆ هه‌مووان پێكه‌وه كوردستانێكی سه‌قامگیریان له كوردستانێكی لاواز و نائارام پێ باشتره، شرۆڤه‌ی كوردستانێكی ئارام و به‌هێز و ورده‌كارییه‌كانی بۆ شاره‌زا و چاودێرانی سیاسی به‌جێدێڵم، ئه‌وه‌ی زیاتر مه‌به‌ستمه لێره‌دا بیدركێنم، بریتییه له ورووژاندنی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆ هه‌مووان گرنگه، له‌وانه‌یش ئایا له كوردستان ته‌نگژه‌ی دارایی تێده‌په‌ڕێنین و مووچه له‌كاتی خۆیدا ده‌درێت یان نا؟ ئه‌مه چۆن و كه‌ی ده‌بێت؟ ئایا بڕیارمان داوه حوكمڕانی به چه‌مكێكی نوێوه بكه‌ین؟ ئه‌ی كه‌ی حكوومه‌ت پێك ده‌هێنرێت؟ بڕیارده‌ران و سه‌رقافڵه‌ی چاكسازیی كێن و چۆن ئه‌ركه‌كانی چاكسازیی جێبه‌جێ ده‌كرێن؟ ئه‌مه و ده‌یان پرسیاری تر رۆژانه له بیر و زه‌ینی هاووڵاتییاندا دێن و ده‌چن و ئامانج لێیان (خۆشگوزه‌رانی و دادپه‌روه‌ریی)یه، هه‌موو ئه‌مانه‌ش خه‌یاڵی شاعیرانه نین و له‌م كابینه‌یه‌ی حكوومه‌تدا قابیلی جێبه‌جێكردنن، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر باری لاری پرۆسه‌ی سیاسی و ئابووری له كوردستان راست بكرێته‌وه و بخرێته سه‌ر ڕاسته‌ڕێی خۆی.
هه‌روه‌ها پێویستمان به پێناسه‌كردنه‌وه‌ی چه‌مكی حزبایه‌تی و حوكمڕانی و ئۆپۆزسیۆنیش هه‌یه، چونكه سه‌رۆكی هه‌موو حكوومه‌تێك ناتوانێ له چاكسازییه‌كانی سه‌ركه‌وتوو بێت ئه‌گه‌ر خاوه‌نی تیمێكی ڕه‌وانفكر و زه‌ینفراوانی وه‌زاریی و دامه‌زراوه‌یی ڕاسته‌قینه نه‌بێت.
تا له گێژاوی ئه‌م حزبایه‌تی و ناوچه‌گه‌رێتی و عه‌قڵداخراوییانه‌دا كه هه‌ر حزبه و دووكانێكی كۆپیپێستی عه‌قڵیی حزبه‌كه‌ی ته‌نیشتی داناوه، دوور نه‌كه‌وینه‌وه ئه‌نجامی لۆجیكی بۆ چاره‌سه‌ر به چاو نابینین، حزبه‌كان له نواندنێكی كۆمیدییانه‌دا ده‌یانه‌وێ دووفاقییانه له سووچێكی حكوومه‌تدا به گیرفان و ده‌سكه‌وتی دارایی و پله و پۆستی قه‌به به‌شدار بن و له سووچه‌كانی تردا به‌رهه‌ڵستكار بن.
هه‌موومان له‌گه‌ڵ چاكسازیی ئابووری و كارگێڕیداین، به‌ڵام چۆن و كه‌ی و به‌چی ئاراسته‌یه‌ك؟ ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی نوێ بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌مان تاس و حه‌مام، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات و هه‌ژاران هه‌ژارتر و كه‌لێنی نێوانیان به‌رینتر و هه‌ندێ له باڵاده‌ستانی حزبه‌كان تێر و به‌شی زۆری مووچه‌خۆران برسیی، دیسانه‌وه له‌بری به‌رهه‌می چاكسازیی، چقڵ و دڕكه‌زیی ده‌دوورینه‌وه، چاكسازیی ته‌نیا ده‌ركردنی به‌رپرس و سزادان و بچووككردنه‌وه‌ی حكوومه‌ت نییه، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام و سه‌رتاپاگیره، پرۆسه‌یه‌كی زانستی و واقیعبینانه‌ی وایه كه فه‌لسه‌فه و ستراتیجی خۆی هه‌یه، به‌رده‌وامبوونی وای هه‌یه كه قۆناغ به قۆناغ و به پلان و به‌رنامه جێبه‌جێ ده‌كرێت، هه‌مووان ده‌گرێته‌وه، هه‌ر له حكوومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت و حزب و ده‌یان بواری تر كه كه‌س له لێپرسینه‌وه فه‌رامۆش ناكات و هه‌مووان ده‌كه‌ونه ناو بازنه‌ی چاكسازییه‌وه.
له‌مه‌ش گرنگتر، حكوومه‌تی سه‌ركه‌وتوو بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره ناخۆشه‌كان خۆی ئاماده ده‌كات، ئه‌گه‌ری نه‌ناردنی بودجه‌ی كوردستان و ئه‌گه‌ری دابه‌زینی به‌های نه‌وت به‌هۆی پێشبینیییه‌كانی پووكانه‌وه‌ی گه‌شه‌ی جیهانی كه له نیوه‌ی ئه‌مساڵدا روو ده‌دات، ئه‌گه‌ری نانه‌وه‌ی پشێوی و ئاژاوه‌ی تری ئه‌و لایه‌ن و حزبانه‌ی نانی چه‌ور له پشێوی ئاژاوه‌دا ده‌خۆن، ئه‌مه جگه له ره‌چاوكردنی ئه‌گه‌ره‌كانی هاتنی به‌لێشاوی ئاواره و ده‌ركه‌وتنی هێزی تیرۆرستی خراپتر له داعش و قاعیده، فراوانبوونی پانتایی شه‌ڕی ئێران – ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا پێویستی به خۆئاماده‌كردن و پلانی كورتخایه‌ن و مامناوه‌ندی و درێژخایه‌ن هه‌یه، به‌ڵكو پێویستی به پلانی A و B و C هه‌یه له دنیایه‌كی به‌رژه‌وه‌ندخوازی ترامپاوی و ناوچه‌یه‌كی جیۆسیاسیی ئاڵۆز و پڕ له كێشمه‌كێش و چه‌ند حزبێكی هه‌ڵتۆقیوی ده‌عجانیی سه‌رووی یاسا و سیاسه‌تێكی بارگراوی به قین و تۆڵه‌ی به‌ره‌بابی مێژوویی و ئه‌جینده‌ی خۆڵه‌مێشیی ده‌ره‌كییه‌وه.
له‌ناو هه‌موو ئه‌م جه‌نجاڵییه‌ی سیاسه‌ت و ئابووریدا، خۆشگوزه‌رانی خه‌ونه ساده‌كه‌ی هاووڵاتییانی كوردستانه و به‌دیهێنانی مه‌حاڵ نییه له‌م كابینه‌یه‌دا.