شه‌ماڵ نووری
جه‌ماوه‌ری كوردستان ده‌زگایه‌كی یاسایی لاواز و دیكۆرێكی بێ ناوه‌ڕۆكیان به ناوی په‌رله‌مان بۆ چییه كه ڕۆژانه زیاتر شكۆی خۆی له ده‌ست بدات و په‌رله‌مانتارانی سه‌رقاڵی ئاژاوه و خێسه‌كردن له یه‌كتر و شه‌ڕی بڵقاسمانه بن؟ په‌رله‌مانێك له شێوه‌ی یانه‌ی شه‌وانه‌ی جاراندا ئه‌ندامانی مه‌دهۆشی حزبه‌كانیان بن و دوور له ئه‌ركی سه‌ره‌كیی خۆی كار بكات كه (یاسادانان و چاودێرییه و ده‌ركردنی یاسای بودجه)یه، كه‌چی ئه‌وان له بۆسه‌دا بن بۆ یه‌كتر و ئاژاوه و ناسه‌قامگیری بۆ بازاڕ و سه‌رجه‌م كایه‌كانی تری ژیان دێنن. به تێكدانی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی كه بۆ بژێویی ژیان و به‌ڕێوه‌بردنی كاری رۆژانه‌ی ئابووری پێویسته.
له‌بری ئه‌وه‌ی سه‌رقاڵی رێكخستنی ژیانی هاووڵاتییان بن و گوزارشت له بیروباوه‌ڕ و ویست و خواسته‌كانیان بكه‌ن، وایان له هاووڵاتییان كردووه ته‌نیا گوێبیستی بۆچوون و پێشنیاره دژبه یه‌كه‌كانی ئه‌وان بن، بۆیه له خولی پێشوودا په‌رله‌مان به ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی هه‌ڵنه‌سا و كرایه ده‌زگه‌یه‌كی سیاسی بۆ كوده‌تا و بڕیاری پێشوه‌خته‌ی سه‌ر گرد و ژووره تاریكه‌كانی ماڵباتی ئه‌م حزب و ئه‌و حزب، بۆیه ئه‌مجاره خه‌ڵك چاودێریی په‌رله‌مانیان ده‌كرد و ئه‌رك و كاراكته‌ره‌كانیان هیچ به‌دڵ نه‌بوو، پێیان وابوو مادام په‌رله‌مانتاران ته‌نیا گوزارشت له راوبۆچوونی خۆیان و حزبه‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌وا نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وان ناكه‌ن و چیتر پێویست ناكات كه‌س بۆ كاندیدكردنیان بچنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان.
كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی ده‌نگده‌ران جوانترین به‌ڵگه و شاهیده بۆ ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران، ئه‌وان له بیریان كردبوو به‌ده‌نگی نوێنه‌رانی خه‌ڵك ئه‌و پاره مفته وه‌رده‌گرن و له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتوون كه دوای خانه‌نشینیشیان جیاواز له خه‌ڵكی تری ماندووی ناو كایه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه، مووچه‌یه‌كی چه‌ور و زه‌به‌لاح وه‌رده‌گرن.
په‌رله‌مانتاری گورتارچی و دروشمچی و ده‌به‌چی و دومبكچی و له‌فه‌چی و ماستاوچی، له قۆناغێك له قۆناغه‌كانی مێژووی كوردستان، توانییان له شاشه‌ی تیڤییه‌كانه‌وه به فرمێسكی تیمساحییانه خه‌ڵكێكی زۆر فریو بده‌ن، دوور له ئه‌ركه‌كانیان ده‌بوونه بوق و ده‌هۆڵ لێده‌ر و جنێوفرۆشی میدیا بێسه‌روبه‌ره‌كانی كوردستان، به‌مه‌ش له پره‌نسیپه‌كانی راستگۆیی و نیشتمانپه‌روه‌ری دوور كه‌وتنه‌وه، متمانه‌ی نوێنه‌رایه‌تییان له ده‌ست دا، بۆیه كاتێك ده‌رگه‌ی په‌رله‌مانێكی گاڵته‌بازاڕی وا داخرا، به‌لای زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌وه شتێكی وا گرنگ نه‌بوو، ته‌نانه‌ت له دوا هه‌ڵبژاردنیشدا نیوه‌ی هاونیشتمانیان نه‌چوونه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان.
هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه ناشیرینه‌كانی شه‌ڕه‌پشیله‌ی ناو په‌رله‌مان ته‌نیا بۆ وه‌رگرتنی په‌ند و وانه بوو تا ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی ئێسته به‌هه‌مان تاس و حه‌مام به‌رده‌وام نه‌بێته‌وه و ناتری حه‌مامی حزب نه‌بن، ببن به كه‌سانی لێهاتووی ناو ده‌زگه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی یاسادانان و چاودێریی، په‌رله‌مان ده‌زگه‌یه‌ك بێ بۆ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، گفتوگۆی لۆجیكیانه‌ی چڕ‌وپڕ و زانستییانه بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ژیان و ده‌ركردنی ده‌ستوور و گۆڕانكاری له مووچه و بژێوی ژیانی خه‌ڵك بكه‌ن، یاسا بكه‌ن به ئیراده‌ی كۆمه‌ڵگه نه‌ك یاسا بۆ ملكه‌چبوونی كۆمه‌ڵگه گه‌مه‌ی پێ بكرێت.
له‌م خوله‌دا كاری سه‌ره‌كیی په‌رله‌مان جگه له ده‌ركردنی ده‌ستوور و چاودێریكردنی ئه‌دای حكوومه‌ت، چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه و نادادپه‌روه‌ری و بێسه‌روبه‌رییانه‌ی كه‌رته‌كانی ئابوورییه، بێسه‌روبه‌ری له ئابووری هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت ده‌گرێته‌وه.
كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه و داتا ترسناكه‌كانی بێكاری و هه‌ژاری و خراپیی ره‌وشی ته‌ندروستی و هه‌ڵاوسانی نرخ و پیسبوونی ژینگه و لاوازیی ئاستی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی، بێسه‌روبه‌ری له هه‌ڵكشانی باج و رسوومات و سه‌رانه‌ی حكوومه‌ت له‌سه‌ر هاووڵاتییان له دۆخێكی بێ بازاڕی و پووكانه‌وه‌ی ئابووریدا، بێزاری ته‌واوی بۆ ژیانی هاووڵاتییان ناوه‌ته‌وه.
په‌رله‌مانتارانی كوردستان هاوشێوه‌ی په‌رله‌مانتارانی جیهانی سێیه‌م، هه‌موو ئه‌ركه‌كانی خۆیان خستووه‌ته ناو سه‌به‌ته‌ی حزبه‌كه‌یانه‌وه چ جای حزبه‌كه‌ی له فه‌رمانڕه‌وایی بێت یان ئۆپۆزسیۆن. ڕاو ته‌گبیری حزبه كه ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كه ده‌گۆڕێت نه‌ك ده‌ستوور و یاسای په‌رله‌مانی، زۆربه‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد سه‌رتاپای لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو پێناسه و ئامانجی دامه‌زراندنی په‌رله‌مانییان له بیر كردووه، هه‌ر له سه‌رده‌می یۆنانییه‌كانه‌وه تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ته‌كنه‌لۆجیا و مرۆڤایه‌تی كه زۆر گۆڕانكاریی گرنك هه‌ن، هه‌ر به‌لایانه‌وه گرنگیش نییه بیزانن.
ئه‌وان له‌كاتی ده‌ركردنی یاسا و بڕیاره‌كاندا ته‌نیا ره‌چاوی بیری ته‌سكی ئایدیۆلۆجیا و ئینتیما بۆ حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، بۆیه په‌رله‌مانه‌كه‌م كه به‌ده‌نگی نیوه‌ی كۆمه‌ڵگه دامه‌زراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره نه‌یسه‌لمێنێت گۆڕانكاریی رژد و بنه‌ڕه‌تی ده‌كات و له بواره‌كانی خۆیدا كارا نه‌بێت، ئه‌وا بوون و نه‌بوونی وه‌ك یه‌ك وایه و بێئومێدی زیاتر ده‌به‌خشێته‌وه.
من ناڵێم با گره‌و له‌سه‌ر ئه‌م چه‌ند مانگه بكه‌ین بزانین په‌رله‌مانه‌كه‌مان چۆنه، به‌ڵام خۆ ده‌بێت له 100 رۆژی كاركردنیدا گۆڕانكارییه‌ك له دۆخه‌كه‌دا بكات، چونكه له‌و 100 رۆژه‌دا با په‌رله‌مانتاران كار بۆ دامه‌زراوه‌یی په‌رله‌مانه‌كه‌یان بكه‌ن نه‌ك شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ت و تێكدانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی.