كه‌س ناتوانێ گومان له‌وه بكات كه ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و یارییانه‌ی كه ده‌سه‌ڵات له كوردستان ده‌یكات، مه‌كۆ و ده‌نگێكی بڵندی به‌رخۆدان و كوردایه‌تییه. شۆڕشی ژینا له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ده‌ریخست خه‌باتی مه‌ده‌نی و شێوازی سه‌رده‌میانه‌ی خه‌بات، چه‌نده له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌ركه‌وتوو و یه‌كگرتوو و دره‌وشاوه بووه. ئه‌مه له حاڵێكدایه ئه‌م هێزه مه‌ده‌نییه به‌رخۆده‌ر و دلێره به كه‌مترین توانا و ئامرازی له ڕووی میدیایی، مادی و مه‌عنه‌وییه‌وه له پشت بووه، ئه‌وه‌ی هه‌بووه هێز و لێخوڕێكی مه‌عنه‌وی و ده‌روونیی مێژوویی خۆی بووه كه توانیویه‌تی به‌پێی توانای خۆی، گه‌وره‌ترین مانیفێستی سه‌رده‌می تاریكی ناوچه‌كه له گه‌رووی ژن و هه‌ناوی خواست و ئیراده‌یانه‌وه بێت.
ئه‌و هێز و قوربانی و له‌خۆبردوویی و بوێرییه‌ی كه ژنان و كچان له ڕۆژهه‌ڵات خستیانه ڕوو، ئه‌گه‌ر هی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر بوایه، ئێسته دنیایه‌ك ده‌ستكه‌وتی سیاسی و پێگه‌ی مه‌ده‌نی و سه‌رده‌میانه‌ی پێ مسۆگه‌ر كردبوو، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی میدیای پرۆفیشناڵ و ئاپده‌یت، ئه‌و شۆڕشه‌ی كه به خوێنی گه‌نجان و ژنان و كچان و كوڕان و...ی كورد كه‌وته گه‌ڕ و ده‌ڕۆیشت، سه‌ره‌نگوێلی تاریكی و په‌چه‌ی قه‌فه‌سی هه‌زاران ساڵه ڕاماڵێت و وردوخاشی بكات، له‌لایه‌ن چه‌ند میدیایه‌كی به‌هێزی فارسییه‌وه ئاراسته‌كه‌ی گۆڕا و به‌شێكی زۆری ئه‌و وزه و پوتانشێله‌یان به‌ناوی ئێرانیزم و فارسه‌وه داگیر كرد، ئه‌گه‌رچی له هه‌ڵلووشانی ئه‌م ئیراده‌یه و به‌لاڕێدابردنی به‌ته‌واوی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌ڵام ده‌ریانخست خاڵه لاوازه‌كانی ئێمه كامانه‌ن و ده‌بێت له كوێدا گوتاری سیاسی و هزری و هاوكات توانستی میدیاییمان به‌هێز بكه‌ین و شوێنه به‌تاڵه‌كان پڕ كه‌ینه‌وه.
به‌داخه‌وه تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش ئێمه به‌ده‌ست وه‌ها نه‌بوون و بۆشاییگه‌لێكه‌وه له ڕۆژهه‌ڵات ده‌ناڵێنین و ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌شه له میدیاكانی باشووری كوردستانیش نه‌بوایه، كه بڵندگۆی خه‌ونی كوردانه و گوتاری كوردایه‌تیی ڕۆژهه‌ڵات نه‌بوایه، ئه‌وا ناوی"ژینا" نه‌ك ته‌نیا نه‌ده‌بوو به هێما، به‌ڵكو ناوی "مه‌هسا" جێیه‌كه‌ی ده‌گرته‌وه و هه‌تا دوایی. بێگومان ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ش تا ئێسته ئه‌م ڕابوونه له ئاستی ڕای گشتی و هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی و خه‌باتی مه‌ده‌نی بۆ كورد مسۆگه‌ری كردووه كه‌م نه‌بووه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ستكه‌وته‌كان به ئاستی قوربانیدان و خه‌باته‌كه نه‌بووه و پێویسته ئیلیت و بژارده‌ی كورد له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه، به‌شێوه‌یه‌كی رژد بیر بكاته‌وه و كردار بنوێنن، چونكه قسه‌ی ڕووت و تیۆریزه‌كردنی زیاده هیچ به‌رهه‌م ناهێنێت، ئه‌گه‌ریش هۆكارێكی به‌رده‌وام و پێویست بێت بۆ وشیاریی ده‌سته‌جه‌معیی ئێمه، ئه‌وا به بێ كردار كاریگه‌ری و ئامانجپێكیی خۆی له كیس ده‌دات.
بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نیی كورد له ڕۆژهه‌ڵات، فیگه‌ر و فۆرمی تری هه‌یه و ئه‌گه‌ر شۆڕشی ژینا گێڕه‌ره‌وه‌ی فۆرمی ژنته‌وه‌ری و پیرۆزبوونی ژن (ئیتر به مانا نه‌ریتی یان مانا مۆدێرنه‌كه‌ی بێت، ئه‌وه باسێكی تره و زۆر هه‌ڵده‌گرێت و له شوێنی تردا ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ری). ڕێزگرتن له ژن وه‌ك كانگه‌ی ژیان و بێشكه‌ی په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵگه و به‌ره‌كان بێت، ئه‌وا فۆرمی خه‌باتی ژینگه‌پارێزیش درێژه‌ی هه‌مان ڕه‌وتی ژیانپه‌رستی و ژیندۆستییه. من پێم وایه شتێكی به‌هه‌ڵكه‌وت نییه كه ژن، ژیان و ژینگه پێكه‌وه گرێ بدرێن و زه‌ینی ئێمه به‌شێوه‌ی ناوشیار ئه‌م ده‌سته‌واژانه به یه‌كێك ببینێت. بۆیه له‌باری زمانه‌وانی و نه‌ستی زمانییه‌وه، ده‌شێت ژینگه‌پارێزیش به ڕێزلێنان بۆ ئیراده و ڕۆحی ئیرۆس و خۆشه‌ویستی بۆ ژیان بخوێنینه‌وه، وه‌ك چۆن به‌رگریكردن و خاوه‌ندارێتی له خوێنی ژینا و ژیناكان، هه‌وێنی ئازادی و خواسته ژنانه‌ییه عه‌قڵانی و ئه‌خلاقییه‌كانمان بوو، پاراستنی ژینگه‌ش له دۆخی پشتگوێخستن و ده‌ستێوه‌ردانه گوماناوییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له فۆرم و له پله‌یه‌كی تردا ژینادۆستی و كوردایه‌تی و مافخوازییه.
هه‌موو ساڵێك له وه‌رزی هاوین و به‌تایبه‌تی له ڕۆژانی زۆر گه‌رمدا، دارستانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌هۆكاری جۆراوجۆر له‌وانه هاتنی گه‌شتیاری بیانی له ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و له ناوچه‌كانی ناوه‌ندی ئێران و ڕه‌چاونه‌كردنی پاراستنی ژینگه و ته‌نانه‌ت ده‌ستێوه‌ردانی به‌ئه‌نقه‌ست بۆ شێواندن و ئاگرخستنه‌وه له ژینگه‌ی كوردستان، كه‌مته‌رخه‌میی جووتیار به ڕێژه‌یه‌كی كه‌م، پاشماوه‌ی شووشه و شته لاستیكییه‌كان و گه‌رمبوونی به تیشكی خۆر و ئاگربه‌ربوون له ناو خه‌له و خه‌رمانان، هه‌ندێك ده‌ستی گوماناوی و هاوكات ناسراو و... ئاگریان تێبه‌ر ده‌بێت، به‌داخه‌وه له‌م ئاگرتێبه‌ربوونه‌دا نه‌ك ته‌نیا دارستان و ده‌وه‌ن و متك و ئه‌و هه‌موو جۆره و چه‌شنه له گیا و گۆل، به‌ڵكو سه‌تان جۆریش له خزۆك و خشۆك و گیاندار و ئاژه‌ڵ ده‌سووتێن و ده‌بن به قه‌قنه‌س كه ئه‌مه دڵی هه‌ر مرۆڤێكی به ویژدان به ژان ده‌خات، به‌ڵام له ناو ئه‌م دۆزه‌خه‌ی ئاگر و دووكه‌ڵدا، هێزێكی مه‌ده‌نیی تۆكمه و وره‌به‌رز به كه‌مترین توانا و له‌گه‌ڵ ڕێگرییه شاراوه و ئاشكراكاندا، گیانی ده‌خاته سه‌ر ده‌ست و ڕووبه‌ڕووی ئه‌هریمه‌نی دۆزه‌خاویی ئاگره‌كه ده‌بێته‌وه و دارستانه‌كانی نیشتمان له فه‌وتانی زیاتر ڕزگار ده‌كه‌ن.
من نكۆڵی لایه‌نی ئازارده‌ر و پڕئێشی ئه‌م ئاگركه‌وتنه‌یه ناكه‌م و پێیه‌وه ده‌تلێمه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش كه ئه‌م هه‌موو وزه و توانسته له گه‌نجانی وڵات له ژن و كچ و كوڕ و پیاو و ته‌نانه‌ت پیره‌پیاو و پیره‌ژن بۆ پاراستنی ژینگه و سه‌ركوتكردن و كوشتنی ئاگری دوژمن ده‌بینمه‌وه، به ئاستی كڵپه‌ی ئه‌و ئاگره ژینگه‌كوژه، گڕی هیوا و ئومێد به وشیاری و خۆبه‌خشی و له‌خۆبردوویی گه‌نجانی ژینگه‌پارێزی ڕۆژهه‌ڵات له ناخمدا باڵا ده‌كات. ئه‌مه ته‌نیا هه‌ستێكی تاكه‌كه‌سی نییه كه من وه‌ك تاكێك باسی بكه‌م، به‌ڵكو ئه‌مه توانستێكی هێزێكی و هاوكات كرده‌كییه كه وشیاریی زیاتر و زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌وانه ده‌كات به ئه‌رك كه ده‌نگی پێشه‌وه‌ی ئه‌م خه‌باته مه‌ده‌نییه‌ن، به‌و مه‌به‌سته‌ی كه ئه‌م خه‌باته ڕۆحی به‌رخۆدان و به‌رگریی له نیشتمان و كوردایه‌تی بپارێزێت و نه‌بێت به بڵندگۆی هیچ لایه‌ن و گرووپ و تاقمێك.