چۆلی فایه‌ق
مرۆڤێك كتێب ده‌خوێنێته‌وه كه‌سێكی خوێنه‌ره. كاتێ له شوێنێك كتێب ده‌رده‌هێنێت و چاوی پێدا ده‌خشێنێت، خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری به چاوی زه‌قه‌وه سه‌یری ده‌كه‌ن و لێی ڕاده‌مێنن. كه‌سێكی خوێنه‌ر تاوێ بۆ زانكۆ، یان فه‌رمانگه و شوێنكاری خۆی ده‌چێت و كتێبی به‌ده‌سته‌وه‌یه، ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی چاوی لێ زه‌ق ده‌كه‌نه‌وه. مرۆڤێك له شوێنێك باس‌وخواس و بابه‌تی قسه‌كردنی پتر كتێب و پرسی خوێنده‌وارییه، هه‌رچی له دیاریه‌تی، به چاوی زه‌قه‌وه له ده‌می ده‌ڕوانن.
له زه‌ین و ئه‌ندێشه‌ی گشتیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیدا، مرۆڤێك كتێبیار بێت، بێنه‌وبه‌رده‌ی له‌ته‌ك كتێبدا هه‌بێت، به خۆهه‌ڵكێش و ئه‌هلی پۆز و قه‌پۆز هه‌ژمار ده‌كرێت. جا داماننا پۆزیش بێت، مرۆڤ هه‌ر پۆز به كتێبان لێ بدات باشتره له‌وه‌ی پۆز به شتی تر لێ بدات! له خوێندنه‌وه و كتێبگرتن به‌ده‌سته‌وه بگه‌ڕێ، دۆخێكی وه‌های هه‌یه جڤاكی ئێمه، ته‌نانه‌ت مرۆڤ به شه‌رمه‌وه ئه‌و كتێبانه به ماڵ ده‌گه‌یه‌نێته‌وه كه له لای كتێبفرۆشان به‌ده‌ستی هێناون.
نه‌وجه‌وان بووم، ئه‌و ئێواره‌یه‌م له یاده له‌ناو دووكانی كتێبفرۆشان خۆم له‌بیر كردبوو، كاتێ هاتمه‌ده‌ر، شه‌وم به‌سه‌ردا هاتبوو. پاس نه‌ماوه، ناچارم ده‌ست بۆ تاكسی ڕاگرم. تاكسییه‌ك بۆم وه‌ستا، خۆم و یه‌ك باوه‌ش كتێب بووینه میوانی كوشینی پێشه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه، دڵم نه‌هات له دواوه فڕێیان بده‌م! هێشته چه‌قی بازاڕی تێ نه‌په‌ڕاندبوو، شوفێر تیله‌چاوی هه‌ر له‌سه‌ر من بوو، ئیتر ئۆقره‌ی نه‌ما و ئاوڕی دایه‌وه، به چاوزه‌قییه‌وه گوتی: "كوڕه ئه‌وه چییه ئه‌و هه‌موو كاغه‌زه‌ت له‌خۆ خڕ كردینه‌وه؟" بۆ منێكی مێردمنداڵ، ئه‌و چاوزه‌قكردنه‌وه و شێوازی پرسینه‌كه‌ی، مایه‌ی واقوڕمان بوو، حه‌په‌سام. من له ماڵێكم (دایباب)م نه‌ك هه‌ر هاندان، به‌ڵكو پاره‌ی كڕینی كتێبیشم بۆ ته‌رخان ده‌كه‌ن.
هاوڕێكانیشم ڕۆژانه به هه‌واڵی نوێی كتێب و پوخته‌باسی ناو كۆواره‌كانه‌وه، سڵاو و چاكوچۆنیم له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. ئه‌ی ئه‌و پیاوه بۆ وا به سه‌یری سه‌یرم ده‌كات و خۆی لێم مۆن كردووه‌ته‌وه؟ چی وه‌ڵام بده‌مه‌وه؟ نازانم. تۆزێ كڕ بووم، هێنده‌ی نه‌برد دیسان هه‌مان قسه‌ی كرده‌وه. منیش په‌تی ئارامیم پسا، نێوچه‌وانم گرژ و سینه‌م پڕ، پێم گوت: "كتێبه چییه، چاوت زه‌ق مه‌كه‌وه، كتێبت نه‌دیوه؟"
ـ نا، كتێبم نه‌دیتییه.. بڕۆنێ بڕۆنی زمانی چ درێژه، ئیشی ئه‌و كاغه‌زانه‌یه.
+ده باشه چیدی ئاوڕ مه‌ده‌وه، ئه‌و كاغه‌زانه مه‌بینه، با زمانت درێژ نه‌كه‌ن!
منێكی كڕ، وه‌ك گۆزه‌ی پڕ، ڕژامه سه‌ری. ئیتر هه‌ستم كرد بابه‌ته‌كه‌ی به رژدی وه‌رگرتووه، تا منی گه‌یانده كن ماڵه‌وه، نه ئاوڕێكی تری دایه‌وه نه چیتر قسه‌ی كرده‌وه. سوپاس بۆ كتێب، كه هه‌نگینێ زمانی درێژ كردم.
ده‌زانیت بۆچی وه‌هایه؟ به‌دیدی من هۆكاره‌كه‌ی له‌ده‌ستدان یان هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا نه‌بوونی "كولتووری خوێندنه‌وه"یه. ئاریشه له‌وێدایه خوێندنه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان له دۆخێكی ئاسایی "نۆڕماڵ"دا ناڕواته دووێ، له باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌كانیشدا له ڕێی "په‌روه‌رده"وه، خوێندنه‌وه نه‌كراوه به كولتوور و نه‌ریتێكی باو. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی نائاساییه، چاوی زه‌قبووه‌وه‌ی خه‌ڵك و بێ (كولتووری خوێندنه‌وه)یه، نه‌ك شێوه‌ی بابای خوێنه‌ر. ئه‌وه فه‌زای گشتیی كۆمه‌ڵگه‌یه له ڕێڕه‌وی ڕاستیی فه‌رهه‌نگی لای داوه، نه‌ك مرۆڤێكی كتێبیار. به‌ڵام لای ئێمه ڕێك پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه. ئه‌م خه‌ڵكه ناهه‌ق نین كه به دیتنی دیمه‌نێكی وه‌ها چاویان زه‌ق و ده‌میان به‌ش ده‌بێته‌وه، ئاخر بۆ كه‌سێك كه له دۆخێكی ئاسایی ده‌ژێت، بینینی دۆخێكی نائاسایی، مایه‌ی واقوڕمان و حه‌په‌سانه. لێره ئاسایی نه‌خوێندنه‌وه‌یه، نائاسایی خوێندنه‌وه‌یه. من به چاوی پیرۆزییه‌وه له هیچ ناڕوانم، لاشم هه‌ڵه‌یه مرۆڤ ببێت به عه‌بدی سوخڕه‌كێشی كتێب و ئامراز و ئامانج تێكه‌ڵ بكات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه دۆخی كتێبخوێندنه‌وه‌ی ئاسایی كرده‌وه، نۆڕماڵ له‌گه‌ڵی ڕۆی، به سروشتی حاڵ شتێك نامێنێت به ناوی خۆبادان به‌كتێبه‌وه.
له زۆر وڵاتی كولتوور جیاواز، له شوێنی جیاواز ئه‌و دۆخه ئاساییه‌م دیوه. له‌ناو (میترۆ) و (پاس)دا سه‌ركه‌وتووم، چه‌ندان كوڕیژگه و كیژۆڵه‌م دیون، كتێبێكیان ده‌رهێناوه و به ڕاحه‌تی گیان ده‌ستیان به خوێندنه‌وه كردووه. له‌ناو پاڕك و باخچه و چیمه‌نه‌كان، كابرا لێی دانیشتووه و له‌ناو جانتاكه‌ی شانی، كتێبێكی ده‌رهێناوه و بۆ خوێندنه‌وه لێی ڕاكشاوه. هه‌موو ئه‌مانه ده‌بینرێن بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س به چاوێكی زه‌قه‌وه ته‌ماشایان بكات.
پاته‌ی ده‌كه‌مه‌وه، خوێندنه‌وه لای ئێمه كولتوور نییه و دۆخی نائاساییه، كه وا بێ هه‌ڵبه‌ت چاو به دیتنی زه‌ق ده‌بێته‌وه. جا سووچی سه‌ره‌كی ئه‌م نائاساییه له ملی په‌روه‌رده‌دایه. قسه له‌سه‌ر تاكوته‌رای مامۆستایان ناكه‌م، به‌گشتی دنیابینیی په‌روه‌رده‌یی ئێمه، له بنه‌ڕه‌تییه‌وه بۆ زانكۆ، دژه كتێب و خوێنه‌ركوژه.
ده‌بێت دۆخێكی نۆڕماڵ بخوڵقێنرێت، چۆن ئه‌گه‌ر گه‌نجێك جگه‌ره‌ی به‌ده‌سته‌وه بوو، كه‌س به چاوزه‌قی و واقوڕمانه‌وه سه‌یری ناكات، دۆخی كتێبیش بگاته ئه‌و ئاسته، كه‌سێك له شوێنێكی گشتی یان له‌ناو ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه‌دا كتێبی به‌ده‌سته‌وه بوو، هیچ كه‌س به چاوزه‌قییه‌وه لێی نه‌ڕوانێت و ئه‌و دیمه‌نه‌ی به‌لاوه ئاسایی بێت