دۆخی میدیای كوردی ئێسته وه‌ك زۆر شتی تر له خراپترین حاڵدایه، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ڕاگهیاندنكارانیش هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته و سه‌رنجیان هه‌یه، هه‌ریه‌كه و لای خۆیه‌وه سه‌رنج و ڕه‌خنه له‌وانی تر ده‌گرێت و قسه‌ی له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ی ناپیشه‌یی و نائیتیكیی ڕۆژنامه‌وانیی ده‌زگاكان هه‌یه. به‌شێكیش له ده‌زگاكان خۆیان ناونیشانی گه‌وره و گران له خۆیان ده‌نێن و مێشكی بینه‌ری كوردی پێ سڕ ده‌كه‌ن، گوایه پیشه‌ییبوون و بێلایه‌نی و ئه‌كادیمییانه كار ده‌كه‌ن و له ژێر ڕێنوێنیی یاسا گشتی و یاسا ڕۆژنامه‌وانییه‌كان كار ده‌كه‌ن و له چوارچێوه‌ی ئیتیكی ڕۆژنامه‌وانی ده‌رناچن.
له ناویشیاندا هه‌ندێكیان كه‌سیان كردووه‌ته نیشانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ده‌ركه‌وتن، وه‌ك له ئاستی پرۆفیشناڵترین ڕۆژنامه‌وانی جیهانی گرنگی پێ ده‌ده‌ن و به‌سه‌ر بینه‌ری كورددا ده‌یسه‌پێنن له چوارچێوه‌ی میدیادا، چونكه ده‌زانن زۆرینه‌ی بینه‌ری كورد ئه‌مڕۆ میدیا و سۆشیال میدیا، كاریگه‌رترین ئامرازه به‌سه‌ریانه‌وه و زۆر زوو كه‌سایه‌تییه‌كانی شاشه‌كان ده‌كه‌ن به پاڵه‌وان.
راستییه‌كه‌ی زۆر به‌كه‌می میدیای كوردی پابه‌ندی یاسا و ئیتیكی ڕۆژنامه‌وانییه، چ له ئاستی گشتی یان له ئاستی یاسای هه‌رێمی كوردستان، كاتێك له‌لایه‌ن كه‌سانی ئه‌كادیمییه‌وه شیكاری بۆ ڕێسا و یاساكانی پێوه‌ست به ڕۆژنامه‌گه‌ری و مامه‌ڵه‌ی میدیا ده‌كرێت، تێده‌گه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ خراپترین دۆخی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردییه كه له‌لایه‌ن ڕۆژنامهوانهكانهوه دروست بووه.
له ماوه‌ی ڕابردوودا خۆم به‌شداریی پڕۆژه‌یه‌كی به‌هێزكردنی توانای ڕۆژنامه‌نووسانم كرد كه له‌لایه‌ن چه‌ند مامۆستایه‌كی زانكۆوه به‌ڕێوه چوو، تێیدا هه‌موو ته‌وه‌ره پیشه‌ییه‌كانی ڕۆژنامه‌وانی و یاسایی و تاوانه ڕۆژنامه‌وانییه‌كان و بنكۆڵكاری ڕۆژنامه‌وانی، شیكاری هه‌واڵی چه‌واشه‌ی میدیایی خرانه روو، ئه‌وكات باشتر ڕوون بووه‌وه ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ ئه‌مڕۆ، زۆربه‌ی زۆری پێشێلكارییه له میدیادا .
له دوێنێوه سۆشیال میدیا بابه‌تێكی تێكه‌وتووه كه پێشكه‌شكارێك له كه‌ناڵێكی ئاسمانییه‌وه، له به‌رنامه‌یه‌ك به‌ناوی ڕای تۆ، خاتوونێك له به‌رنامه‌كه‌دا به ته‌له‌فۆن ده‌یه‌وێ بۆچوونی خۆی ده‌ربڕێت، به‌ڵام پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه ده‌یه‌وێ بۆچوونی خۆی بسه‌پێنێ به‌سه‌ر میوانه‌كه‌یدا، به‌رنامه‌كه‌ی ناوی "ڕای تۆ"یه، كه‌چی ڕاگهیاندنكارهكه ده‌یه‌وێ بۆچوونی خۆی و حزبه‌كه‌ی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر ئه‌و به‌شداره، له كاتێكدا یه‌كێك له ئیتیكی ڕۆژنامه‌وانی بریتییه له ده‌رنه‌بڕینی بۆچوونی ڕۆژنامه‌وانی ئاماده‌كار خۆی له بابه‌تێكی ڕۆژنامه‌وانی كه ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه ئاماده‌ی ده‌كات.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه نابێت ڕۆژنامه‌نووس دنه‌ی میوان بدات بۆ ورووژاندنی بابه‌تێك و به ئاراسته‌بردنی به‌رژه‌وه‌ندیی دیاریكراو، به‌ڵام خاتوونی پێشكه‌شكار ته‌نیا ئه‌وه نییه وه‌ك هه‌موو پێوه‌ندییه‌كانی تر ئاراسته‌یان ده‌كات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی و ئۆپۆزسیۆنبوون، به‌ڵكو نایه‌ڵێت كه‌سێك بیركردنه‌وه و بۆچوونی جیاواز بوو له سیاسه‌تی حزبی و كه‌سی، خاوه‌ن كه‌ناڵه‌كه قسه بكات.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی پێوه‌ندییه ڕاستهوخۆكهدا، وه‌ڵامی پێوهندیكار ده‌داته‌وه و تا ئاستی ده‌مه‌قاڵه كه ئه‌وه نه‌ك ئیتیكی ڕۆژنامه‌وانی نییه، به‌ڵكو له داونهریتیش ده‌چێته ده‌ر و ڕه‌فتارێكی ناپه‌سنده مرۆڤ به‌و ئاسته وه‌ڵامی میوان بداته‌وه. پاشان كۆتایی به پێوه‌ندییه‌كه‌ی بهێنێت. له كاتێكدا ئه‌ركی ڕۆژنامه‌نووس بێلایه‌نییه و پاراستن و نه‌دركاندنی بۆچوونی تایبه‌تی خۆیه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی بوار به به‌رانبه‌ر نه‌دات به‌كاری بهێنێت به ئاراسته‌یه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی و له‌كه‌داركردنی ناوبانگی ڕۆژنامه‌نووسه‌كه.
له‌سه‌ر ئه‌وانه‌شه‌وه ده‌زگاكه مێشكی بینه‌ری سڕ كردووه به بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆیی، جگه له‌وه‌ی وه‌رزانه بانگه‌شه بۆ كردنه‌وه‌ی خولی ڕاهێنان و فێركردنی ئاره‌زوومه‌ندانی بواری ڕاگه‌یاندن ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن ئه‌م پێشكه‌شكار و ڕۆژنامه‌نووسانه‌وه پاره له كوڕ و كچی تازهپێگهشتوو و بێ ئاگا له دۆخی میدیا وه‌رده‌گرن، گوایه فێری كایه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری و میدیاكارییان ده‌كه‌ن، له كاتێكدا خۆیان نه‌ك ته‌نیا پێویستیان به چوونه خول و ڕاهێنانی ڕۆژنامه‌وانی هه‌یه، به‌ڵكو پێویسته چاودێری میدیایی و شاره‌زای ئه‌كادیمی و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كان به‌سه‌ریانه‌وه چاو‌دێر بن بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه و لادان له بنه‌ما ڕۆژنامه‌وانییه‌كان.