چه‌ند مانگێك هه‌وڵ درا له عێراق حكوومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی پێكبهێنرێ و بۆ ئه‌م قۆناغه كار به سیستمی سازان نه‌كرێت، به‌ڵام له‌به‌ر گوشاری ده‌ره‌كی و دابه‌شبوونی ناوخۆیی، رێگری له‌م پڕۆژه‌یه كرا. له كۆتایشدا گه‌وره‌ترین بزوێنه‌ری ئه‌م بیرۆكه‌یه ده‌ستی له كاری په‌رله‌مانی كێشایه‌وه. ده‌ركه‌وت جارێ ژینگه‌ی ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، له‌بار نین بۆ رۆیشتن به ئاراسته‌ی جێگیركردنی سیستمی سیاسیی زۆرینه و كه‌مینه.
به دیوێكی تردا عێراق له بازنه‌یه‌كی داخراودایه، نه توانای جێگیركردنی نموونه‌ی زۆرینه و كه‌مینه‌ی هه‌یه، واته رێی به‌ره‌وپێشچوونی لێ گیراوه، نه توانای گه‌ڕانه‌وه‌یشی بۆ سازان هه‌یه. لێره‌دا ئاماژه به‌وه ده‌كرێ چۆن دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌كان هه‌ردوو رێ‌یان به‌سه‌ر عێراقدا داخستووه.
له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كه لێوانلێوه له مه‌ترسی و كاره‌سات، ده‌رفه‌تێكیش بۆ كورد هاتووه‌ته پێشه‌وه، له‌م چركه‌ساته‌دا جارێكی تر ده‌توانێ مۆدێل و بیرۆكه‌ی خۆی بۆ حوكمڕانی زیندوو بكاته‌وه و یارمه‌تی ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، بۆ كۆ بكاته‌وه. با جارێ له هۆكاره‌كانی سه‌رنه‌گرتنی مۆدێلی زۆرینه‌ی و كه‌مینه بكۆڵینه‌وه و رێگرییه‌كانی به‌رده‌می تاوتوێ بكه‌ین، دواتر ئاماژه به چه‌ند خاڵێكی تر ده‌كرێ.
له ئاستی ناوخۆییدا به‌گشتی حكوومه‌تی زۆرینه و كه‌مینه هه‌ر هیچ نه‌بێ پێویستی به چوار مه‌رجی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی هه‌یه:
1-وڵات ده‌بێ كولتوور و ژێرخان و پاشخانێكی دیموكراسی و فره‌یی تێدا هه‌بێت.
2-دامه‌زراوه‌كانی كارا و سه‌ربه‌خۆ بن.
3-ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه بێت و خه‌ڵك و ده‌سته‌بژێری سیاسی ته‌نیا دڵسۆزی و ئه‌مه‌كیان بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆیان هه‌بێت.
4-حزب و سه‌ركرده‌كانیشی بڕوایه‌كی قووڵیان به بنه‌ماكانی دیموكراسی و یه‌كتر قبووڵكردن هه‌بێت و پێكه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌ڵبكه‌ن و بنه‌ماكانی پێكه‌وه كاركردن دابنێن.
به‌ڵام له عێراقدا تاكه شت به‌دی ناكرێ، كولتووری دیموكراسییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه له ئامێزگرتنی دیكتاتۆری و خووگرتن به‌و جۆره ده‌سه‌ڵاته‌یه، چی دامه‌زراوه‌ی كۆن و نوێ هه‌ن، هه‌ر به‌ناو دامه‌زراوه‌ن. له‌ڕووی كار و كردار و كارابوون و بێلایه‌نییه‌وه، ره‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی تایفی عێراقن. ته‌نانه‌ت گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری ئه‌و وڵاته، /دادگای به‌ناو فیدراڵی/ هه‌ر رۆژه‌وه به حه‌زی لایه‌ن و وڵاتێك بڕیارێك ده‌رده‌كات.
ئه‌مه له كاتێكدا له‌ڕووی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییشه‌وه عێراق و عێراقیبوون هیچ ناو و ناوه‌ڕۆكێكی نه‌ماوه، زۆربه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئێسته له به‌غدا كار ده‌كه‌ن، میلی كاتژمێره‌كانیان به‌پێی كاتژمێری وڵاتانی تر كۆك ده‌كه‌ن و درێژكراوه‌ی زلهێزێكی ده‌ره‌كی و پایته‌ختێكی هه‌رێمین و كار بۆ ئه‌وان ده‌كه‌ن. بۆیه ده‌كرێ ناوی به‌ڵێنده‌ریان لێ بنرێت، چونكه ئه‌وه‌نده‌ی دڵسۆزی ده‌ره‌وه‌ن و ئه‌مه‌ك و خۆشه‌ویستییان بۆ وڵاتێكی هه‌رێمییه، بۆ عێراق و خاك و نیشتمانی خۆیان ناوێ. ئه‌وان زیاتر ناسنامه ئایدۆلۆجی و تایفییه‌كه‌یان لا گرنگتره و بۆ ئه‌وانیش ئه‌وبه‌رتره تا ناسنامه نه‌ته‌وه‌ییه عێراقییه‌كه‌یان.
له ئاستی هه‌رێمیشدا، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی زیاترین ده‌سه‌ڵاتی له عێراقدا هه‌یه، به توندی دژی ئه‌م بیرۆكه‌یه وه‌ستاوه‌ته‌وه و به ئاشكرا ئه‌مه له دژی خۆی و به‌رژوه‌ندییه‌كانی پێناسه ده‌كات، رێیه‌كانی به‌رده‌م سیستمی زۆرینه و كه‌مینه‌ی داخستووه. هه‌رچی ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشه، ئه‌مه‌ریكا وه‌ك گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین كاره‌كته‌ر، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به عێراق و گه‌لانی ناوی پڕه له كه‌موكورتی، به ئێسته‌یشه‌وه هیچ به‌رنامه‌یه‌كی روون و گشتگیری بۆ عێراق پێ نییه و زیاتر به‌پێی ته‌كتیك و كات، به‌رنامه‌كانی تاقی ده‌كاته‌وه.
ئه‌وه‌ی تا ئێسته خوێنراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه عێراق ناتوانێ له‌به‌ر ئه‌م كێشه و گرفتانه حكوومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی جێگیر بكات و ده‌بێ به ناچاری په‌نا بۆ سیستمه كۆنه‌كه بباته‌وه، به‌ڵام لێره‌دا كێشه‌یه‌ك هه‌یه، راسته ده‌رفه‌ت بۆ مۆدێلی حوكمڕانی زۆرینه‌ی نییه، به‌ڵام ئیتر هه‌لومه‌رجه بابه‌تییه‌كان بۆ شێوه‌ی سازانیش له‌بار نین.
له مۆدێلی سازاندا چه‌ند پێكهاته پێكه‌وه كێكی ده‌سه‌ڵات دابه‌ش ده‌كه‌ن وه‌ك برابه‌ش، بێ گرنگیدان به كارابوونی سیستم و به‌ره‌وپێشچوون و پێشكه‌وتن، وڵات به‌ڕێوه ده‌به‌ن. مه‌رجی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه پێكهاته‌كان له ناوخۆیاندا یه‌كڕیز و ته‌با بن. هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك به ئه‌جێندایه‌كی هاوبه‌ش بچێته دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ته‌وه و پشكی خۆی وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌مه له عێراقدا به‌دی ناكرێ.
ئه‌گه‌ر ساڵان و به‌تایبه‌ت دوای ٢٠١٢ كورد جارجار تووشی ناكۆكی ده‌بوو، ئێسته گه‌وره‌ترین پێكهاته‌ی ئه‌م وڵاته، /شیعه/ به ئه‌ستوونی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه كه‌رت بووه و هیچ ئامانج و به‌ها و ته‌نانه‌ت داهاتوویه‌كی هاوبه‌شیش به‌یه‌كه‌وه نایانبه‌ستێته‌وه.
كه‌رتبوونی ناوماڵی شیعه گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی دوو لایه‌ن به ناڕاسته‌وخۆ باس له ده‌ستوه‌شاندن له یه‌ك ده‌كه‌ن. له تۆماره ده‌نگییه‌كانی ئه‌مدواییانه‌ی نووری مالیكی، به‌رده‌وام باس له‌وه ده‌كرێ جاران ده‌ستیان له سه‌در وه‌شاندووه، ئه‌وان ترسنۆكن و ئه‌وه به به‌رده‌نگه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت كه له داهاتوویشدا پێویست بكات، ئه‌وان سڵ له‌و شته ناكه‌نه‌وه و به ئاسانی ده‌ستی بۆ ده‌به‌ن.
كه‌واته هه‌لومه‌رجی بابه‌تی پێكهێنانی حكوومه‌تی سازانیش زۆر لاوازه، ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م گریمانه‌یه به‌هێز ده‌كات، وتاری نوێژی هه‌ینی به كۆمه‌ڵی لایه‌نگرانی سه‌در بوو. رێبه‌ری ئه‌م ره‌وته كه وا هه‌ست ده‌كرا پاشه‌كشێی كردووه و ده‌ستی له كایه‌ی سیاسی هه‌ڵگرتووه، به ئاشكرا رای گه‌یاند، گۆڕه‌پانه‌كه‌م چۆڵ نه‌كردووه تا ئێوه ته‌راتێنی تێدا بكه‌ن، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك رێوشوێن و مه‌رجم هه‌یه و ده‌بێ له به‌رچاویان بگرن، ئه‌مه‌یش نه‌كه‌ن ئه‌وه‌تا ببینن شه‌قامم له به‌رده‌سته و هه‌مووتان راده‌ماڵم.
راپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه زۆرینه‌ی سه‌ركرده شیعه‌كان هه‌ر له پێنجشه‌مه‌وه له ترسی كاردانه‌وه‌ی سه‌در و لایه‌نگرانی، به‌غدایان به‌جێهێشتبوو.
له‌م دۆخه‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین لایه‌نی پێكهاته‌ی شیعه و ته‌نانه‌ت كوردیش، هه‌روه‌ها به‌شی زۆری سوننه، له چۆنیه‌تیی پێكهێنانی حكوومه‌تی سازان رازی نین، پێناچێت ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی سازانیش پێكبێت، حكوومه‌تێكی به‌هێز بێت و له به‌رده‌م شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا خۆی بگرێ. له‌وانه‌یه لاواز و كه‌م ته‌مه‌ن بێت.
ئه‌وه‌ی دیاره سیستمی سیاسی و حوكمڕانی له عێراقدا چه‌قی به‌ستووه و دووره، دیمه‌نی داهاتوویش هیچ ئاماژه‌یه‌كی دڵخۆشكه‌ری تێدا نییه گرێكوێره‌كان بكرێنه‌وه. له‌م دۆخه‌دا باشترین ده‌رفه‌ت بۆ كورد هاتووه‌ته پێشه‌وه، بێ دروستكردنی هه‌ڵای راگه‌یاندن و به‌خشكه‌یی و ئارامی كار بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی خۆی بكات.
عێراق وه‌ك وڵاتێكی ده‌ستكرد ده‌رفه‌تی پێكه‌وه‌بوونی زۆر كه‌م ماوه، نه‌ك خۆی، بگره ناوچه‌كه‌یشی نغرۆی چه‌ندان كێشه و گرفت كردووه و باج و تێچوویه‌كی یه‌كجار زۆریشی بۆ ئه‌مه‌ریكا و دۆسته‌كانی داتاشیوه، پێده‌چێت ئه‌م هاوكێشه تازه‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر روانگه‌ی ئه‌وان هه‌بێت و گیانێكیش بكات به به‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كورددا كه باشترین بژارده ئه‌وه‌یه، هه‌رێمه‌كان له‌وانه هه‌رێمی كوردستان ده‌رفه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی زیاتریان پێ بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن. ئه‌م تێڕوانینه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م وڵاته له‌ت و كوته، راسته‌قینه‌ترین روانگه‌یه.
كه‌وابوو له پاڵ مه‌ترسییه‌كاندا، ده‌رفه‌تێكیش خۆی ده‌رخستووه كه كورد ده‌توانێ داوا بكات بیر له بیرۆكه‌كه‌ی ئه‌ویش بكه‌نه‌وه، ده‌رفه‌تی زیاتریشی پێ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.
كورد و بیرۆكه‌كه‌ی توانای كردنه‌وه‌ی گرێكانیان هه‌یه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانی تر كه گرێكان توندتر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش گرنگترین خاڵی پڕۆژه‌ی كورده.