ئه‌مه‌ریكاییه‌كان به كۆمه‌ڵێك خه‌ونی ره‌نگاوڕه‌نگ و دروشمی بریقداره‌وه عێراقیان داگیر كرد. له سۆنگه‌ی ئایدیۆلۆجیاوه سه‌یری ناوچه‌كه‌یان ده‌كرد و وایان داده‌نا ئه‌مه‌ریكا ئه‌ركێكی جیهانی له‌سه‌ر شانه، بۆ به‌ڕه‌وپێشبردنی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به دیموكراسیكردنی عێراق. وای دانابوو هه‌ر كه سه‌دام رۆیشت، عێراقی ژێرده‌ستی ئه‌مان، ده‌بێ به نموونه‌ی دیموكراسی و به‌ها به‌رزه‌كانی مافی مرۆڤ.
ئه‌وه له كاتێكدا بوو خۆیشیان چاك ده‌یانزانی دیموكراسی ره‌وتێكی درێژخایه‌نه و به كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتێك یان كه‌سێك، چانسی به‌دیهاتنی زۆر كه‌مه. له هه‌مان كاتیش‌دا كوردی لێ ده‌ركه‌ی هیچ پێكهاته‌یه‌كی عێراق دڵی به‌م جۆره حوكمڕانییه خۆش نه‌بوو، بگره به ئاشكرا دژایه‌تییان ده‌كرد و هۆگری سه‌رسه‌ختی سیستمێك بوون كه كه‌سانی سه‌ره‌ڕۆ و ملهوڕ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن. به‌ڵام تای ئایدیۆلۆجیای نێۆكانه‌كان (موحافزكاره نوێكانی ئه‌مه‌ریكا) به‌ری نه‌ده‌دان، پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵ واقیعدا تا ئاستێكی زۆر تێكچووبوو، وایانده‌زانی هێزی له بننه‌هاتووی ئه‌مه‌ریكا هه‌موو شتێك چاك ده‌كات، ته‌نانه‌ت كه‌سێكی وه‌ك نووری مالیكی ده‌كه‌ن به شۆڕه‌سوارێك ئه‌م ئه‌ركه مێژووییه به‌دی بێنێت.
به‌ڵام له ئیداره كه‌مئه‌زموون و ئایدیۆلۆجییه‌كه‌ی سه‌رۆك بووشی كوڕدا، كه‌سانێك هه‌ر هه‌بوون وردبن و ده‌ستبه‌جێ دۆخه‌كه لێك بده‌نه‌وه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی هاوسه‌نگ بخه‌نه ڕوو. بۆیه ساڵێ ٢٠٠٧ كۆندۆلیزا رایس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مه‌ریكا، چاوی به نووری مالیكی كه‌وت. مالیكی به توندی پێداگری له‌سه‌ر بۆچوونه ناهاوسه‌نگه‌كانی بۆ داهاتووی عێراق ده‌كات و ئه‌وه‌ی كه كۆتایی به دابه‌شكردنی هاوسه‌نگی ده‌سه‌ڵات له نێوان پێكهاته‌كاندا ده‌هێنێت و هه‌موو شتێ له به‌غدا كۆ ده‌كاته‌وه، رایسیش كه به بیستنی ئه‌م تێڕوانینه شۆك بووه، به هێمنی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و پێی ده‌ڵێ: "مالیكی تۆ سه‌ركرده‌یه‌كی زۆر ترسناكی، بێ پێشكه‌وتن و بێ رێككه‌وتن، به تاقوته‌نیا له عاموودێكی كاره‌با (دارته‌لێك) ده‌كرێی به داردا و له سێداره ده‌درێی".
ئه‌وه‌ی راستی بێت مالیكی سه‌ركرده‌یه‌كی لاواز و بێ ئه‌زموون و ده‌مارگرژێكی شیعه‌یه، هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی سه‌ركرده‌ی تێدا به‌دی نه‌ده‌كرا. ئاگایشی له دیموكراسی نه‌بوو، هیچ تێگه‌یشتنێكی بۆ ده‌وڵه‌تداری و به‌ڕێوه‌بردن و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تیی سه‌رخستنی وڵات و كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندن نه‌بوو. ئه‌و پیاوێكی ئاینی توندڕه‌وه، له ناخیدا خه‌ونی به دیكتاتۆری سه‌دام، به‌ڵام به مۆدێلی ئاینزایه‌كی تره‌وه ده‌بینی. ئه‌مه‌ریكاییه‌كان بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌نه ئه‌م بابه‌تانه، كردیان به سه‌رۆك وه‌زیران و چاره‌نووسی گه‌لێكیان پێ دا.
له سه‌ره‌تاشدا تاران و واشنتن هه‌وڵی پێگه‌یاندنی ئه‌ویان دا، به به‌رده‌وام یارمه‌تیان ده‌دا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات. هه‌ر كه مالیكی تۆزێ خۆی گرت و دۆخه‌كه‌ی ناسی، خووه دیكتاتۆرییه سه‌دامئاساكه‌ی وه‌ك گڕكان ته‌قییه‌وه.
له ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ عێراق له ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی مالیكی‌دا یه‌كێك له تاریكترین سه‌رده‌مه‌كانی ته‌مه‌نی به‌ڕێ كرد. له‌و ساڵانه‌دا چی بڕیاری چه‌وت و نادروست بوو، مالیكی ده‌ری كرد. هه‌موو رێیه‌كانی به‌شداری و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی كپ و كوێر كرده‌وه. به تێگه‌یشتنێكی تایفی وڵاتی به‌ره‌و هه‌ڵدێر برد. هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ریكاییه‌كان تا ساڵی ٢٠١٤ هه‌ر پێشوازییان له‌م كه‌سایه‌تییه ده‌كرد و به‌رده‌وام باسیان له‌وه ده‌كرد كه عێراق له‌سه‌ر ده‌ستی مالیكی ده‌بێت به دیموكراسییه‌كی سه‌قامگیر، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانی داعش و كارنامه‌ی مالیكی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان، ده‌ریخست خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پڕه له كه‌موكورتی و تا بڵێی سه‌قه‌ت عێراق و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌خوێنێته‌وه.
ئه‌و هه‌لومه‌رجه خۆری مالیكی ئاوا كرد، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربه‌خۆ و فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌ت، مالیكی وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رچوو و هیچ لێپرسینه‌وه و لێپێچنه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ نه‌كرا، له پای هه‌شت ساڵ كاولكردنی وڵات. له‌م رۆژانه‌دا و دوا به‌دوای ماراسۆنێكی دوور و درێژی ململانێ، جارێكی تر ناوی مالیكی ده‌ركه‌وته‌وه. سه‌در وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می عێراق له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو، ویستی حكوومه‌ت پێكبهێنێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی ساڵی ٢٠٠٣ به‌دواوه، رێی بۆ مالیكی و هاوئاوازه‌كانی خۆش كرد، ساڵی ٢٠٢٢ رێی نه‌دا سه‌در و هاوپه‌یمانه‌كانی مافی ره‌وای خۆیان وه‌ربگرن.
سه‌در به ناچاری دوای هه‌شت مانگ ململانێی سه‌خت، له په‌رله‌مان كشایه‌وه و بازه‌كه له‌سه‌ر شانی دۆڕاوه‌كان نیشته‌وه. مالیكی دۆڕاوی هه‌ڵبژاردن و شكستخواردووی رابردوو، سه‌رله‌نوێ وه‌ك براوه هاته پێشه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌وه بدات له هه‌ڵبژاردندا دۆڕاوه و گه‌ل متمانه‌ی پێ نه‌به‌خشیوه. ئه‌و داوای پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌كرد. ئه‌گه‌رچی سه‌در به توندی به‌رپه‌رچی دایه‌وه و هێڵی سووری له‌سه‌ر دانا، به‌ڵام دۆسیه‌یه‌كی تر گۆمه‌كه‌ی شڵه‌قاند.
تا ئێسته زنجیره‌یه‌ك تۆماری ده‌نگی یه‌ك له دوای یه‌ك، مالیكی هێنایه‌وه چه‌قی سیاسه‌ت و باسی گه‌رمی شه‌قام. مالیكی له تۆماره‌كاندا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دۆڕاوه، به‌ڵام وه‌ك براوه خۆی ده‌رده‌خات، به لووتبه‌رزییه‌وه كه تایبه‌ته به دیكتاتۆره‌كان، باسی ركابه‌ره‌كانی ده‌كات، وا ده‌زانێ ئاگای له هه‌موو شتێكه، ئه‌زموونی خۆی بۆ نه‌هێشتنی ئازادی و جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری به شانازییه‌وه ده‌گێڕێته‌وه. به توندیش هه‌ڵده‌كوتێته سه‌ر سه‌در.
ئه‌گه‌رچی زۆر هه‌وڵ ده‌درێ ئه‌م تۆماره و ده‌رهاویشته‌كانی له بیری رای گشتی ببرێته‌وه، به‌ڵام كاریگه‌ری ئه‌م بوومه‌له‌رزه‌یه شتێك نییه وا به ئاسانی بازی به‌سه‌ردا بدرێت و تا ئێسته‌یش دوو ده‌ره‌نجامی لێ كه‌وتووته‌وه.
یه‌كه‌م: دابه‌شبوون و لێكترازانی ماڵی شیعه‌ی بردووه‌ته قۆناغێكی تره‌وه و ئیتر به ئاسانی و به ناوه‌ندگیری ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات یه‌ك ناگرێته‌وه. راسته شه‌قامی شیعه له ٢٠٠٣ یه‌كگرتوو بووه، به‌ڵام نه‌بوونی كولتووری دیموكراسی و یه‌كتر قبووڵنه‌كردن، وایكرد نه‌توانن ده‌سه‌ڵات له نێوان خۆیان و پێكهاته‌كاندا هاوبه‌ش (share) بكه‌ن و به‌شدارییان پێ بكه‌ن، ئێسته ناچارن دابه‌شی (divide) بكه‌ن و نیشانه‌كانی ئه‌م دۆخه نوێیه‌ش ده‌ركه‌وتوون.
دووه‌م: هه‌رچه‌ند له عێراقدا بیروباوه‌ڕ و بنه‌ماكانی قوتابخانه هزرییه‌كه‌ی مالیكی هێشتا گڕوتینێكی ماوه، به‌ڵام خۆری مالیكی تا ئاستێك زۆر ئاوا بووه.
ئه‌و تۆماره ده‌نگییانه ده‌ریخست مالیكی هیچ نه‌گۆڕاوه، له ماوه‌ی ساڵانی ٢٠١٤ تا ئێسته له باتی ئه‌وه‌ی بیر له ساڵانی حوكمڕانی بكاته‌وه، بیر له هه‌ڵه و په‌ڵه‌كانی بكاته‌وه و وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی راسته‌قینه به‌خۆیدا بچێته‌وه و پێداچوونه‌وه‌كانی بكات به هه‌وێنی رێچكه و رێبازێكی تازه و سه‌رده‌میانه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عێراق، كه‌چی تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌یش هێشتا به هه‌مان روانگه‌ی جارانه‌وه سه‌یری پرسه‌كان ده‌كات و سووره له‌سه‌ر ستراتیجه ناهاوسه‌نگه‌كانی. له گۆمێكی مه‌نگ ده‌چێت كه گۆڕانكاری به‌خۆیه‌وه نابینێت. ئه‌و ته‌نانه‌ت بۆ جارێكی تریش ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێته‌وه، ناتوانێ عێراق به‌ڕێوه ببات و جگه له ماڵوێرانی هه‌گبه‌كه‌ی شتێكی تری تێدا نییه.
وه‌ك دوا سه‌رنجیش، ئه‌گه‌رچی لێكدانه‌وه و پێشبینییه‌كه‌ی رایس زۆر دوور دیاره، به‌ڵام عێراقی عه‌ره‌بی پێشانی داوه هیچ شتێكی بۆ دوور نییه. به تایبه‌ت ئه‌وان ته‌مه‌نێكی دوور و درێژیان له كوشتنی سه‌ركرده و سه‌رۆكه‌كانی خۆیاندا هه‌یه. ساڵانی داهاتوو تاقیگه‌یه‌كی گرنگ ده‌بێ بۆ راستی و ناڕاستی پێشبینییه‌كه‌ی رایس.
* تێبینییه‌كانی رایس له كتێبی "به‌هاری كوردی"دا ئاماژه‌ی پێ كراوه. ده‌یڤید فلیپس ئه‌م كتێبه‌ی له ساڵی ٢٠١٥ بڵاو كردووه‌ته‌وه.