ماوه‌یه‌كه گۆڕانكاریی دراماتیكی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا روو ده‌ده‌ن كه زۆر جێی تێڕامانان، له‌به‌رئه‌وه‌ی ساڵێك یان دوو ساڵ لهمهوپێش به كاری دوور و له كردن نه‌هاتوو هه‌ژمار ده‌كران، كه‌چی ئێسته زۆر به ئاسانی روو ده‌ده‌ن. دوژمنانی رابردوو ته‌وقه له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌كه‌ن و یه‌كتر له ئامێز ده‌گرن و به‌شێك له دۆستانیش هه‌ڕه‌شه له یه‌ك ده‌كه‌ن و به‌رانبه‌ر یه‌ك وه‌ستاون. ئه‌مانه هه‌مووی ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ن رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش وه‌ك به‌شه‌كانی تری دنیا، چوونه‌ته قۆناغێكی راگوزه‌ره‌وه و ناوچه‌كه به‌ره‌و ره‌نگڕێژكردنی سیاسه‌تی نوێ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت.
له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ئاسته‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌ی تازه سه‌ریان هه‌ڵداوه و ده‌رفه‌ت و هه‌لی نوێ له ئارادان، وڵاتان و ئه‌كته‌ره‌كانی ئێره‌ش بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ دۆخی نوێ، كه‌وتوونه‌ته خۆیان و به سیاسه‌ته‌كانیاندا ده‌چنه‌وه، هاوپه‌یمانی نوێ دروست ده‌كه‌ن و خۆیان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده ده‌كه‌ن.
ئێسته كورد زیاتر سه‌رنجی له‌سه‌ر به‌غدایه كه ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه بێ سه‌روبه‌ره‌یی و ئاژاوه رووی تێكردووه. جووڵه‌ی سیاسی په‌كی كه‌وتووه و دووردیمهنی داهاتووش زۆر لێڵ و ناڕوونه. به دیاریكراوی هێزه شیعه‌كان به‌ره‌وڕووی یه‌كتر وه‌ستاونه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ری روودانی شه‌ڕی ناوخۆ بژارده‌یه‌كه زۆر ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێ. ئه‌مه له كاتێكدایه ماڵی شیعه له عێراق ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به رووكهشیش بووبێت، جۆرێك له یه‌كڕیزی و ته‌بایی تێدا بووه، به‌ڵام ئێسته له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه كه‌رت بووه.
دیار نییه داهاتووی ئه‌م ململانێ ئیفلیجكه‌ره به كوێ ده‌گات، به‌ڵام زۆربه‌ی شاره‌زایانی پرسی كورد و هه‌روه‌ها به‌شێك له سه‌ركرده‌كان، ئه‌مه به ده‌رفه‌ت بۆ كورد ده‌بینن و په‌رته‌وازه‌یی به‌غدا به هه‌لێك له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، ده‌رگای تازه بۆ كورد ده‌كاته‌وه. به ڕواڵه‌ت ئه‌م تێگه‌یشتنه دوور له راستی نییه، به‌ڵام به‌پێی پێویست ئاماژه به گرنگی دوو شت ناكات:
یه‌كه‌م: چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی كورد له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی به‌غدا، ده‌توانێ ئاستی ده‌سكه‌وته‌كانی دیاری بكات. كورد ناتوانێ به سیاسه‌تی دووره‌په‌رێزییه‌وه چاوه‌ڕێ بكات ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی ده‌ست بكه‌وێت. له‌وانه‌یه دیپلۆماتییهكی چالاك و رۆڵێكی كاریگه‌ر له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بتوانێ پلانی كوردستان بۆ به‌غدا زیاتر ره‌نگڕێژ بكات.
دووه‌م: وڵاتێكی هه‌رێمی له 20 ساڵی رابردوو زیاترین رۆڵی له عێراقدا هه‌بووه و به‌هۆی سه‌رقاڵییه‌وه، تا ئێسته له‌مباره‌یه‌وه بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆی نه‌داوه. ئه‌ی ئه‌گه‌ر دواجار ئه‌م وڵاته بڕیارێكی جیاوازی دا، چی؟ ئاخۆ تێگه‌یشتنه گهشبینانهكهی كورد بیری له‌مه كردووه‌ته‌وه؟
له پاڵ ئه‌م نیوچه ده‌رفه‌ته‌دا چه‌ندان ئاماژه‌ی ترسناكیش به‌دی ده‌كرێن، له‌لایه‌ك توركیا ده‌ستی كردووه به وه‌رچه‌رخان له سیاسه‌ته‌كانیدا. ئه‌وان به ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ میرنشینی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی و سعوودیه ده‌ستیان پێ كرد و ئێسته گه‌یشتوونه‌ته ئیسرائیل. له‌وانه‌یه تا ئێره زۆر سه‌رنجی كورد رانه‌كێشێت، به‌ڵام توركیا كه به ئاسانی توانیویه‌تی به‌سه‌ر هه‌موو ناكۆكییه‌كانیدا له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ وڵاته باز بدات، له‌وانه‌یه دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌م كاره بۆ ئه‌وان له‌گه‌ڵ سووریایش ئه‌وه‌نده قورس نه‌بێت. به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی توركیای سه‌رده‌می ئه‌ردۆغان پێشانی داوه، زۆر پێشبینیكراوانه ناجووڵێته‌وه و له كاته هه‌ستیاره‌كاندا توانای بادانه‌وه و وه‌رچه‌رخانی 180 پله‌یی هه‌یه.
ئاماژه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی توركیا و سووریا ده‌ركه‌وتوون، ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی باڵای توركیا له‌وانه وه‌زیری ده‌ره‌وه مه‌ولوود چاوش ئۆغڵو، بۆ لێكدانه‌وه‌ی كاردانه‌وه ناوخۆییه‌كانی ئه‌و وڵاته و ناوچه‌كه، ئاماژه‌ی به‌و ده‌ستپێشخه‌رییه كردووه. ئێسته‌یش باس له‌وه ده‌كرێ دوور نییه له داهاتوویه‌كی نزیكدا سه‌رۆكی ئه‌و دوو وڵاته به ته‌له‌فۆن باس له ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانیان بكه‌نه‌وه.
روون و ئاشكرایه ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی هه‌ردوو وڵاته، ئه‌وه‌یه كورد له رۆژئاوا بخه‌نه دۆخێكی پڕ له ئاسته‌نگه‌وه، بژارده و كارته‌كانی به‌رده‌ستی یه‌ك له دوای یه‌ك بسووتێنن، بێ ئه‌وه‌ی قورس له‌سه‌ریان بكه‌وێ، وای لێ بكه‌ن به ناچاری خواسته‌كانی دیمه‌شق جێبه‌جێ بكات. ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه تازه‌یه جارێكی تر ئه‌و راستییه‌ی دنیای سیاسه‌ت و پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی دووپات كرده‌وه: پێویستی ستراتیجی ده‌توانێ روانگه‌ی ئایدیۆلۆجی بگۆڕێت یان كاڵی بكاته‌وه.
ئه‌ردۆغان 10 ساڵ لهمهوپێش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه ئه‌سه‌د ده‌ڕووخێنێت و له مزگه‌وتی ئه‌مه‌وی دیمه‌شق نوێژی به كۆمه‌ڵ ده‌كات، كه‌چی له‌م قۆناغه‌دا بۆ ئیداره‌دانی كێشه‌ی كورد، نه‌ك ئاماده‌یه ئه‌سه‌د قبووڵ بكاته‌وه، ته‌نانه‌ت ئاماده‌یه هاوكاری له‌گه‌ڵ بكات و بچێته بهردهرگاشی.
ئه‌م گۆڕانكارییه له كاتێكدایه ئێران ئێسته له دانوستانێكی درێژخایه‌ندایه له‌گه‌ڵ رۆژئاوا بۆ نوێكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی. ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ردوولا نزیك بوونه‌ته‌وه له رێككه‌وتن، هه‌رچه‌نده تا ئێسته هه‌موو ئه‌گه‌رێك كراوه‌یه. ده‌بێ ئاماژه به‌وه بكرێ له حاڵه‌تی رێككه‌وتندا كارته‌كانی به‌رده‌ستی ئێران فره‌چه‌شنتر ده‌بن و ده‌ستیشی بۆ زۆر دۆسیه له‌وانه دۆسیه‌ی عێراق، ئاواڵا‌تر ده‌بێت.
ئه‌مه له كاتێكدایه نابێ ئه‌وه له بیر بكرێ كه تاران رۆڵی گه‌وره‌یشی له به‌یه‌كگه‌یاندن و نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره و دیمه‌شقدا بینیوه. ئه‌گه‌ر ئه‌م پلانه سه‌ر بگرێ، دوور نابێت گردبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، جارێكی تر زیندوو بكرێته‌وه. /گردبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی له نه‌وه‌ته‌كان پاش راپه‌ڕین دروست بوو، تاران و دیمه‌شق و ئه‌نكه‌ره‌ی له‌خۆ ده‌گرت و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیشیان له‌باربردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوو/.
به گشتی ئه‌م رێوشوێنانه ئه‌گه‌رچی له قۆناغی سه‌ره‌تایی و دهڵهمهییدان و هێشتا زووه وه‌ك سیاسه‌تی جێگیر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێ، به‌ڵام هه‌ڵگری چه‌ند خاڵێكی بنچینه‌یین:
یه‌كه‌م: وڵاتانی ناوچه‌كه ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدایه پشت له رووداوه‌كانی 10 ساڵی رابردوو بكه‌ن له‌پێناو ئیداره‌دانی ئاڵنگارییه‌كانی ئێسته، ببنه‌وه هاوپه‌یمانی كاتی.
دووه‌م: له‌م هاوكێشه نوێیه‌دا كورد وه‌ك ئاڵنگاری گه‌وره سه‌یر ده‌كرێ.
سێیه‌م: بۆ به‌شداریی كارا له هاوكێشه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌مه‌ریكا وه‌ك گرنگترین كاره‌كته‌ر تا ئێسته‌یش دوودڵ و راڕایه. ئه‌مه‌ش ده‌ستی وڵاتانی هه‌رێمی له ململانێكانی ناوچه‌كه‌دا به‌هێزتر ده‌كات و له به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نییه.
چواره‌م: ئه‌گه‌رچی ئاڵۆزییه‌كانی چه‌ند مانگی رابردوو، ره‌وتی روو له گه‌شه‌ی به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌تی له عێراق هه‌ڵپه‌ساردووه، به‌ڵام به‌گشتی له عێراق و سووریا ده‌وڵه‌ت خه‌ریكه به‌هێز ده‌كرێته‌وه. وڵاتانی ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت به‌شێك له كاره‌كته‌ره گرنگه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تیان پێ گونجاوتره تا كاره‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیداره و له‌وانه‌یه له داهاتوودا زیاتر له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كاری پێ بكرێت.
پێنجه‌م: كورد بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا زیاتر گره‌وی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه به‌غدا یه‌ك ناگرێته‌وه، له كاتێكدا ئاڵوگۆڕی گشتی ناوچه‌كه به زۆری سه‌رنجی راناكێشێت.
پێویسته كورد له چوارچێوه‌یه‌كی هه‌رێمی و بگره نێوده‌وڵه‌تیدا بیر بكاته‌وه، نه‌ك ته‌نیا له بازنه‌ی به‌رته‌سكی رووداوه‌كانی به‌غدادا هاوكێشه‌كان شرۆڤه بكات. بۆ ئه‌وه پێده‌چێت باشتر بێت كورد به ڕوانگه‌یه‌كی هه‌رێمی چاویلكه‌كه‌ی رێكبخاته‌وه، سیاسه‌تی چاوه‌ڕوانی بگۆڕێت بۆ به‌شداریی كارا له دروستكردنی رووداو و رهوتهكاندا، هه‌روه‌ها بیریش له دروستكردنی هاوپه‌یمانی نوێ بكاته‌وه و له سیاسه‌تی دووره‌په‌رێزیش دوور بكه‌وێته‌وه.
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رووی له گۆڕانكاری كردووه، له‌م سه‌روبه‌نده‌دا پێویسته ناوچه‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه بخوێنرێته‌وه، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه پێمان باشه. ده‌بێ ئه‌وه‌ش له بیر نه‌كرێ مه‌رج نییه هه‌میشه ئه‌و بایه‌ی هه‌ڵده‌كات، له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌دا بێت، له‌وانه ره‌شه‌با بێت و گێشه‌ی گه‌وره له‌گه‌ڵ خۆی بێنێ.