ساڵی ٢٠٠٣ به بۆنه‌ی كۆتاهاتنی شه‌ڕی عێراق، سه‌رۆك بۆش له وتارێكدا ڕای گه‌یاند، له‌مه‌ودوا ئه‌و وڵاته دیكتاتۆر به‌خۆیه‌وه نابینێ و سه‌قامگیر ده‌بێ و ده‌كرێته نموونه‌ی دیموكراسی و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن بۆ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
به‌ڵێنێكی زۆر گه‌وره درا، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكا پابه‌ندبوونی خۆی به جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌ركه راگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی پێشانی بدا سووره له‌سه‌ری و به به‌رده‌وام به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته و به‌تایبه‌ت كاربه‌ده‌ستان، له عێراقدا ئه‌م خه‌ونه‌یان دووپات ده‌كرده‌وه. ته‌نانه‌ت باس له‌وه ده‌كرا ئه‌مه‌ریكا پلانی نه‌ك ته‌نیا بۆ عێراق، بگره بۆ هه‌موو ناوچه‌كه هه‌یه و وه‌ك زلهێزی خێرخواز و چاكه‌ویست، قۆڵی لێ هه‌ڵده‌ماڵێ و بناغه‌ی دنیایه‌كی خۆشبژێو و پێشكه‌وتوو بۆ ئه‌م ناوچه‌یه داده‌مه‌زرێنێت.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م ستراتیجه له‌گه‌ڵ مێژوو و رۆح و جیهانبینی و كرداری رۆژئاوادا یه‌كی نه‌ده‌گرته‌وه، به‌ڵام دوو فاكته‌ری سه‌ره‌كی وایكرد گومانه‌كان بڕه‌وێنه‌وه و ئه‌م قه‌ناعه‌ته هه‌م لای كۆشكی سپی و هه‌م لای زۆر كه‌س و لایه‌ن و ده‌وڵه‌ت له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروست ببێت، كه ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێ ئه‌م پڕۆژه‌یه جێبه‌جێ بكات.
فاكته‌ری یه‌كه‌م: بۆ هێزی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕایه‌وه و وا پێشان ده‌درا له‌بن نه‌هاتووه و ده‌توانێ زۆر ئه‌ركی نه‌كرده بكات. تیمی ئیداره‌ی بۆش به ئاشكرا رایان ده‌گه‌یاند كه ده‌بێ له‌ڕێی هێزه‌وه پلانه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن و له‌پێناو دۆخێ نوێ‌دا هه‌موو به‌ربه‌سته‌كان رابماڵن.
فاكته‌ری دووه‌م: ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هێزی بیر و مه‌عریفه‌ی رۆژئاوا. هه‌م رۆژئاوا له‌م بواره‌دا متمانه‌یه‌كی زۆری به خۆی هه‌یه و هه‌م ئێمه‌ی رۆژهه‌ڵاتیش بڕوایه‌كی یه‌كجار زۆرمان به‌وه هه‌یه. وا ده‌زانرا ئه‌مه‌ریكا زۆر به قووڵی عێراق ده‌ناسێت و به وردی ئه‌م وڵاته‌ی خوێندووه‌ته‌وه و ئه‌مه‌یان كردووه به هه‌وێنی پلانێكی تۆكمه و فره‌ڕه‌هه‌ند بۆ به‌ڕێوه‌بردنی.
ئه‌وه‌نده‌ی پێ نه‌چوو ئه‌مه‌ریكاییه‌كانیش له‌وه گه‌یشتن به سه‌رخۆشی و ماناییه‌وه (Mania) /جۆره ناڕێكییهكه له مرۆڤی نه‌خۆشدا دروست ده‌بێت و به پێچه‌وانه‌ی خه‌مۆكی هه‌ست به وزه و هێزی زۆر ده‌كات/، پلانیان داناوه و ده‌سه‌ڵاتیان له‌م دنیایه روو له گۆڕانه‌دا، سنوورداره و هه‌موو شتێكیان پێ ناكرێ. ئه‌گه‌ر له‌مه‌ش زیاتر له‌م ناوچه‌یه وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، هه‌ژموونی جیهانی و باڵاده‌ستیان گورزێكی گه‌وره‌ی به‌رده‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وت تێگه‌یشتنیان زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ریی ئایدیۆلۆجیا بووه و پلان و به‌رنامه‌كانیان ده‌ڵه‌مه‌یی و خاو بوون و خوێندنه‌وه‌كانیان ناهاوسه‌نگ و به كرده‌وه‌ش لێ نه‌هاتوون.
ساڵی ٢٠٠٦ به‌دواوه ئه‌مه‌ریكا كه‌وته دووڕیانێكه‌وه، یان ئه‌وه‌ی به وههم سیاسه‌ت بكات وه‌ك سێ ساڵی رابردوو و لێی زیانمه‌ند بێ، یاخۆ پڕۆژه و به‌رنامه‌یان بگۆڕن. به‌تایبه‌ت واشنتن له‌وه گه‌یشت عێراق ئه‌و په‌ڕه سپییه نییه چی‌یان بوێ به كه‌یفی خۆیان له‌سه‌ری بنووسن و هه‌روه‌ها به دیموكراسیكردن و ره‌نگڕێژكردنی رێكی ناوچه‌كه‌یش له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان نییه، بگره له زۆر بواریشدا زیانیانه. كه‌وابوو باشتر وایه وه‌رچه‌رخان بكرێ.
ئه‌مه ئه‌و قۆناغه‌یه ئه‌مه‌ریكا گه‌ڕایه‌وه بۆ خووه رۆژئاواییهكهیان، واته تێكدان و كاولكردن و ده‌ستیان بۆ ئاڵوگۆڕێكی ریشه‌یی برد. كۆشكی سپی سیاسه‌تی بنیاتنانی دیموكراسی و سه‌قامگیری گۆڕی بۆ دروستكردنی ناسه‌قامگیری و لهتوكوتكردنی دامه‌زراوه‌كانی عێراق و هێزه سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانی ئه‌م وڵاته. ئه‌مه‌یش نه‌ك هه‌ر هه‌ڕه‌شه دروست ناكات بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به پێچه‌وانه‌وه له‌به‌ر ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ی له‌م وڵاته و زۆر شوێنی تری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستی ده‌كات، ده‌رفه‌تی زۆر گه‌وره بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌خوڵقێنێت. چۆن و له‌به‌ر چی؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی له ناوچه‌كه‌دا ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی نه‌یاره‌كانی ده‌كات به چه‌ندان قه‌یران و ته‌نگژه‌دا، له‌ڕووی ئابووری و ته‌ناهییه‌وه لاوازیان ده‌كات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ستیان ده‌چێت به‌و كێشه و گرفتانه‌دا، زیاتر له جاران پێویستیان پێی هه‌یه و ناچارن گوێڕایه‌ڵی واشنتن بن و له قسه‌ی ده‌رنه‌چن. واته له ئه‌كته‌ری سه‌ربه‌خۆوه ده‌یانكات به پاشكۆ و گوێڕایه‌ڵ.
ئه‌مه له كاتێكدایه ئه‌م هه‌لومه‌رجه وا ده‌كات به‌شی زۆری پاره و سامانی ئه‌م وڵاتانه، بگوازرێته‌وه بۆ ناوه‌ندی سه‌رمایه‌ی جیهانی له ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا. ساڵانه ده‌یان و بگره سه‌تان ملیار دۆلار له‌لایه‌ن به‌رپرسانی به‌غداوه ده‌گوازرێته‌وه بۆ رۆژئاوا و دامه‌زراوه‌كانی بێگه‌ردی رۆژئاوا، ناپرسن ئه‌م هه‌موو پاره‌یه چۆن هاتووه بۆ ئێره؟
له‌و ساته‌وه تا ئێسته، ئه‌مه به‌شێكی گه‌وره‌ی سیاسه‌ت و جیهانبینی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق و زۆر وڵاتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه. ئه‌مه‌ریكا باكیشی به‌وه نییه عێراق بۆ كوێ ده‌چێت و چی لێ دێت، ته‌نیا ئه‌و نه‌بێ ئه‌م دۆخه تێكنه‌چێت. واته له كۆنترۆڵیان ده‌رنه‌چێت و هه‌روه‌ها كار بۆ ئه‌وه نه‌كرێت ئه‌م وڵاته بكه‌وێته سه‌ر رێچكه‌ی ته‌ندروستی خۆی.
ئه‌وه‌ی له‌م نێوانه‌دا زیانمه‌ندی سه‌ره‌كی بووه، هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه بوو. له هه‌موو ئه‌م ساڵانه‌دا چی هه‌وڵ دراوه بۆ چاككردنی دۆخی عێراق، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه هه‌رێمییه‌كانی له‌باریان بردووه. ده‌ستێوه‌ردانیان كردووه و نه‌یانهێشتووه به‌ره‌وپێشچوون بێته دی.
له ٢٠١٠ كار له‌سه‌ر ئه‌وه كرا مالیكی لاببرێت، ئه‌مه‌ریكا هێشتیه‌وه.
له ٢٠١٢ هه‌وڵ درا متمانه‌ی لێ وه‌ربگیرێته‌وه ئه‌وه ئه‌وان بوون نه‌یانهێشت بكه‌وێت.
له ٢٠١٧ كورد گوتی ئه‌م عێراقه كه‌ڵكی ژیانی نه‌ماوه و ئێمه ماڵی خۆمان جیا ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌ستێوه‌ردانیان كرد و رێ‌یان كرده‌وه سوپای چوار وڵات بێته سه‌ر كورد، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی به پێوه‌ره‌كانی دیموكراسی و مافی مرۆڤی ئه‌وان، رای خۆی ده‌ربڕیبوو.
به كورتی و به كوردی، ئه‌مه‌ریكا له پێناو چاككردنی دۆخی عێراق، هه‌ر هه‌وڵێك بدرێ به‌وپه‌ڕی هێزه‌وه دێته ناو هاوكێشه‌كه‌وه و ده‌ستێوه‌ردان ده‌كات و له‌باری ده‌بات و پووچه‌ڵی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه به‌ره‌و كاره‌سات بڕوات، خۆی بێده‌نگ ده‌كات و ئاواته‌خوازه شڵه‌ژان زیاتر ببێت.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هێڵی سووری ئه‌مه‌ریكا زۆر به زه‌قی دیاره، نه رێ به‌وه ده‌دات عێراق خۆی بگرێته‌وه، نه رێ ده‌دات هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و نه‌زم و سیستمی نوێ بێته ئاراوه. ئه‌م سیاسه‌ته به فۆرمی جۆراوجۆر و جیاواز، بۆ زۆربه‌ی وڵاتان و گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئه‌م تێڕوانینه ئه‌وه به ئێمه ده‌ڵێ كه ئه‌مه‌ریكا ئێسته هیچ پلانێكی بۆ رێگریكردن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی شه‌ڕی ناوخۆی عێراق نییه و به تامهرزۆییشهوه چاوه‌ڕێی ده‌كات، له‌وێشه‌وه گه‌ڕێكی نوێی ده‌سته‌مۆكردنی دۆستانی و سه‌رقاڵكردنی ركابه‌ر و دوژمنانی و لووشدانی سامانی ناوچه‌كه به‌ڕێوه ببات.