زیاده‌ڕۆیی نابێت ئه‌گه‌ر ٢٤ی حوزه‌یرانی ١٩٢٣ رۆژی واژووكردنی په‌یمانی لۆزان، به ره‌شترین رۆژی مێژوویی هاوچه‌رخی كورد هه‌ژمار بكرێ. له‌م رۆژه‌دا كورد و خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی، كران به قوربانی هه‌ڵپه و چاوچنۆكی زلهێز و چه‌ند ناسیۆنالیزمێكی توندڕۆ و بگره ره‌گه‌زپه‌رستی هه‌رێمی.
رۆژنامه‌نووسێكی به ناوبانگی ئه‌مه‌ریكایی له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: پاش شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی، كاتێ ناوچه‌كه دابه‌ش و ره‌نگڕێژ كرا، زۆر لایه‌ن و وڵات وایان دانابوو كورد ئیتر به‌رگه‌ی ئه‌م دۆخه سه‌خته ناگرێت، بێ توانا و لاواز ده‌بێت و له درێژخایه‌ندا له بیر ده‌كرێ و ده‌بێت به به‌شێك له مێژوو و شوێنه‌واری له دنیای سیاسه‌ت و هێزدا نامێنێت. (ریچارد ئانجێل له كتێبی خیانه‌تی مه‌زندا وای نووسیوه).
به ڕاستیش وابوو، لۆزان كوردی كرده قه‌فه‌زێكی ئاسنینه‌وه و به توندترین شێوه هه‌وڵی پاكتاوكردن و هه‌ڵته‌كاندنی دا. ئه‌گه‌رچی كورد ئه‌م داڕشتنه‌ی ره‌ت كرده‌وه و بێ پسانه‌وه به گژ ئه‌م سیستمه‌دا چووه‌وه و خه‌باتی كرد، به‌ڵام نه‌یتوانی ئه‌م چوارچێوه‌یه بشكێنێ و خۆی لێ ده‌رباز بكات. به به‌رده‌وام له‌لایه‌ن وڵاتانی هه‌رێمییه‌وه سه‌ركوت كراوه و زلهێزه‌كانیش به ناڕاسته‌وخۆ و راسته‌وخۆ، له‌م سیاسه‌ته‌دا به‌شدارییان كردووه.
له لۆزانه‌وه تا كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هاوكێشه‌كه وابوو: كورد كرابووه قه‌فه‌ز و چاوه‌ڕێی مردنی ده‌كرا، چی رووداویش له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی رووی ده‌دا، به زیان بۆ كورد ده‌شكایه‌وه و به‌ده‌ر بوو له هه‌ر جۆره هیوا و ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌م گه‌له. واته ره‌وت و رووداوه جیهانییه‌كانیش هیچیان بۆ كورد پێ نه‌بوو، جگه له توندكردنی كۆتوبه‌نده‌كانی.
ته‌نانه‌ت دۆخه‌كه وای لێ هات له ساڵی ١٩٨٨ له گه‌رمه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌نفالدا، ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان جێگری یه‌كه‌می سه‌دام حوسێن، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی حزبی به‌عسدا رای گه‌یاندبوو، تا چوار ساڵی تر واته تا ١٩٩٢، كورد له كوردستانی عێراق ده‌كه‌ین به كه‌مینه‌یه‌كی زۆر بچووك و كۆتاییان پێ دێنین.
دۆخه‌كه زۆر له زیانی كورددا بوو. بۆ یه‌كه‌مجار له هه‌رێم هه‌ست به‌وه ده‌كرا خه‌ونه نه‌گریسه‌كانی لۆزان نزیكن له‌وه‌ی به‌دی بێن. ته‌نانه‌ت گه‌شبینه‌كانیش هیوابڕاو بوون و وایان ده‌خوێنده‌وه كه هه‌موو شتێك كۆتایی هاتووه. به‌ڵام هاوكێشه‌كه له هاوینی ١٩٩٠ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات. سێ به‌خت و چانسی یه‌ك له دوای یه‌ك بوون به هه‌وێنی گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد بۆ مێژوو و له فه‌وتان و نه‌مان رزگاریان كرد.
ئه‌م سێ به‌خته كه ئێسته ئاماژه‌یان پێ ده‌كرێت، هه‌رسێكیان ده‌ستی كوردیان تێدا نه‌بوو، به‌ڵام به خێر و قازانجی گه‌وره بۆ كورد شكاونه‌وه. ئه‌وه‌یش ئه‌وه بۆ ئێمه دووپات ده‌كاته‌وه كه سیاسه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆرجار عه‌قڵانییه‌تی له پشت نییه، بۆیه پێشبینی نه‌كراوه و پڕه له شتی سه‌رسوڕهێنه‌ر.
به‌گشتی ده‌توانین ئاماژه به‌وه بكه‌ین له‌م ناوچه‌یه‌دا ئه‌وه ره‌وته عه‌قڵانییه‌كان نین به‌شێكی زۆری چاره‌نووسی ئێمه دیاری ده‌كه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه رووداوه‌كانن ئه‌م كاره ده‌كه‌ن. جاری وا هه‌یه ئه‌كته‌رێك هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كات و ئه‌وه‌یه چاره‌نووسی گه‌ل یان ده‌وڵه‌تێكی تر دیاری ده‌كات.
لێره‌دا و له‌به‌ر ساڵوه‌گه‌ڕی رووداوه‌كانی ١١ی سێپتێمبه‌ر، به خێرایی ئاماژه به‌و سێ رووداوه ده‌كه‌ین كه چاره‌نووسی گه‌لی كوردیان له 30 ساڵی رابردوودا گۆڕی.
رووداوی یه‌كه‌م: سه‌دام وه‌ك هه‌موو دیكتاتۆره‌كانی تری دنیا، وایده‌زانی هیچ كات هه‌ڵه ناكات و بڕیاره‌كانی به‌پێی عه‌قڵانییه‌تێكی ستراتیجی ده‌دا، به‌ڵام هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی كرد و په‌لاماری كوێتی دا. له پڕێكدا كورد بێ ئه‌وه‌ی رۆڵی له‌م هاوكێشه‌یه‌دا هه‌بووبێت، ئه‌ستێره‌ی به‌ختی هه‌ڵات و ده‌رفه‌ته‌كه‌ی قۆسته‌وه و خۆی له مردنێكی مسۆگه‌ر و نه‌مانی هه‌میشه‌یی رزگار كرد، به‌وه بوو به ئه‌كته‌رێكی خاوه‌ن جیۆگرافیا و ده‌سه‌ڵات.
هه‌ڵه‌كه‌ی سه‌دام و كاردانه‌وه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا، بوون به قۆناغی یه‌كه‌می له‌باربردنی پلانی لۆزان. كورد به نیوه‌چڵی گه‌ڕایه‌وه بۆ باوه‌شی مێژوو، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م نیوه‌چڵییه‌ش به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌وی وڵاتانی ناوچه‌كه بزڕێت. ئه‌وان جارێكی تر هاتنه سه‌ر هێڵ بۆ ئه‌وه‌ی كورد به‌پێی پێوه‌ره‌كانی لۆزان بخنكێننه‌وه، به‌ڵام دنیا زۆر گۆڕابوو، نه‌ك نه‌یانتوانی كورد و ده‌سكه‌وته‌كانی بفه‌وتێنن، رووداوێكی تازه زۆربه‌ی لێكدانه‌وه‌كانی ئه‌وانی پووچه‌ڵ كرده‌وه.
رووداوی دووه‌م: 21 ساڵ له‌مه‌وپێش تاقمێكی تیرۆریست و توندڕۆ بڕیاریان دا له ئه‌مه‌ریكا بده‌ن، له رۆژی ١١ی سێپتێمبه‌ری ٢٠٠١ تاوه‌ره‌كانی ناوه‌ندی بازرگانی جیهانی له نیویۆرك، كرانه ئامانج كه به هێمای ئه‌مه‌ریكا و نه‌زمی سه‌رمایه‌داری هه‌ژمار ده‌كران. ده‌ستبه‌جێ چه‌مكی پێش و پاش ١١ی سێپتێمبه‌ر هاته ناو دنیای سیاسه‌ت و پێوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه. دیاربوو دنیای پاش ١١ی سێپتێمبه‌ر زۆر جیاواز ده‌بێت له پێش ئه‌م رێكه‌وته، به‌ڵام كه‌س نه‌یده‌زانی ئه‌م دنیا نوێیه ئه‌وه‌نده بۆ كورد جیاواز ده‌بێت.
ئه‌وه‌ندی پێ نه‌چوو په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ سه‌دام حوسێن راكێشرا. كورد له كاره‌كته‌رێكی نافه‌رمی و ددانپێدانه‌نراو و كه‌م بایه‌خه‌وه، بوو به ئه‌كته‌رێكی جێ متمانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوا. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ لادانی سه‌دام، پێویستی به كورد بوو.
له لێكدانه‌وه‌ی ١١ی سێپتێمبه‌ردا به‌رده‌وام باس له چه‌مكی تیرۆر و بناژۆخوازی ئیسلامی و قاعیده و سیاسه‌تی نوێی ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێ، به‌ڵام كه‌م شرۆڤه هه‌ن تیشك بخه‌نه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و فڕۆكانه پێش ئه‌وه‌ی له تاوه‌ره‌كانی بازرگانی جیهانی بده‌ن، بوومه‌له‌رزه بوون و دایان له نه‌زمی لۆزان و ته‌نانه‌ت "سایكس پیكۆ"یش.
ئه‌م رووداوه قۆناغێكی تری رزگاری كورد و نه‌هێشتنی كۆتوبه‌نده‌كانی بوو، كورد دوا به‌دوای ئه‌م رووداوه، له عێراقدا بوو به خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی یاسایی و سیاسی و كارگێڕی. ئه‌گه‌ر لۆزان كوردی كرد به تابۆ و ناو و بوونی قه‌ده‌غه كرد، ١١ی سێپتێمبه‌ر تابۆوه‌كه‌ی شكاند و ددانی نا به بوونیدا.
رووداوی سێیه‌م: گۆشه‌ی سێیه‌می سێكوچكه‌ی به‌ختی كورد له ١٠ی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠١٤ رووی دا، كاتێ داعش مووسڵی داگیر كرد. كورد كه له ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا به‌هێز بووبوو، به‌شی هه‌ره‌زۆری جیۆگرافیای باشووری كوردستانی كۆنترۆڵ كرد. به فه‌رمی و بۆ یه‌كه‌مجار دوای سیڤه‌ر، داوای كرد گشتپرسی و گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌نگ و ویستی گه‌ل بكرێ به بنه‌مای دیاریكردنی چاره‌نووسی.
له‌وانه‌یه به ڕواڵه‌ت لێی دوور بێت، به‌ڵام كورد ئێسته له ئانوساتی رووخاندنی نه‌زمی لۆزاندایه. سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و دۆخی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش له 30 ساڵی رابردوودا، پێشانی دا هاوكێشه‌كان رووداوی نوێ ده‌خوڵقێنن و هه‌ر ئه‌م رووداوانه‌یش بوونه‌ته ده‌ستپێكی گۆڕانكاری له پێگه‌ی كورددا. هیچ دوور نییه له داهاتوودا رووداوێك له‌وپه‌ڕی دنیاوه سێكوچكه‌ی به‌ختی كورد بكات به چوار و بۆ هه‌میشه له مه‌رگه‌ساتی لۆزان دووری بكاته‌وه.
شایانی ئاماژه‌یه، ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه به‌واتای ئه‌وه نییه له داهاتوودا رووداوی ناخۆش و پڕ له مه‌ترسی بۆ كورد روو نادات، له‌وانه‌یه هه‌گبه‌ی داهاتوو پڕ بێت له‌م رووداوانه.