دیار نییە ئەمە کۆمیدیایە یان تراجیدیا. سەرتا سەیری دەکەی زۆر پێکەنیناوییە. دیمەنێکە ناتوانی خۆت بگری هەر کە بیستت هەر کە بینیت ناچاری پێبکەنی و ناکرێ نەکەنی، بەڵام چی دەچیتە پێشەوە و لە کاتی بیرکردنەوە و تێرامان لەم دیاردەیە، خەمێکی قووڵ داتدەگرێ. پڕ بە مانای وشە تراجیدیا دەبینی. تراژیدیای بێ ناوەڕۆکبوونی چەمکەکان، خەمی گاڵتەکردن بە مرۆڤ و دەستکەوتە بەرزەکانی، بەڕوونی خۆی دەردەخات.
دوور مەڕۆن، باس لە دیموکراسی دەکەم لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەو ژینگەیەی دیموکراسی سووک کرد و دایماڵی لە بەها بەرزەکانی. لە سادەترین و روونترین پێناسەدا بۆ دیموکراسی: رێگەیەکە خەڵک بە ئازادانە دەنگی خۆی دەردەبڕێت و هەر کەس و لایەنێک دەنگی زۆرینەی جەماوەری هێنا، جڵەوی دەسەڵات دەکات و ئەم رێگایەش دەکرێتە پێوەر بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات. هەر چوار یان پێنج ساڵ جارێك، ئەم رەوتە دووپات دەکرێتەوە.
با لە عێراقەوە دەست پێ بکەین و چاوێک بخشێنین بە گاڵتەجاڕی دیموکراسی لەم وڵاتەدا. بۆ نموونە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 دواین هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوە چوو. چاوەڕێ دەکرا ئەو لایەنانەی زۆرینەی دەنگیان هێناوە، کابینە پێکبهێنن. دوای چەندان مانگ بەریەککەوتن، براوەی یەکەم واتە رەوتی سەدر، لەژێر گوشار و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەدا گۆڕەپانەکەی جێهێشت بۆ دۆڕاوەکان. ئێستەیش کردوویانە بە رەوتێکی دوورەپەرێزی گۆشەگیرکراو. لە پای بەدەستهێنانی متمانەی گەل، دەبوایە پاداشت بکرایە، کەچی بە توندترین شێوە سزا دراوە.
چی روویدا و بۆ ئەم شانۆیە وا پێچەوانە نووسرایەوە؟ پاش ئەم هەڵبژاردنە، ئەو دەوڵەت و هێزانەی خۆیان لە پاشەکشیدا دەبینی دەستیان کرد بە هەڵمەتێکی پێچەوانەی دیموکراسی. لە چەند لاوە گوشارێکی رادەبەدەریان هێنا، هێزە براوەکان متمانەی گەلیان هەبوو، بەڵام گوشاری دەوڵەتانی دژە دیموکراسی ئەوانی گۆشەگیر کردبوو. براوەکان چاوەڕێ بوون وڵاتانی دیموکراسیخواز بێنە سەر هێڵ و پاڵپشتیان بکەن و ئەم ناهاوسەنگییە راست بکەنەوە. بەڵام ئەوان خۆیان بێدەنگ کرد و گڵۆپی سەوزیان بۆ دۆڕاوەکان هەڵکرد، دۆڕاوەکانیش توانیان مەرجە دژە دیموکراسییەکانیان بەسەر براوەکاندا بسەپێنن.
رەوتی سەدر چەند مانگێک بەرگەی گرت، بەڵام کە هیچ پاڵپشتییەکی نەبینی و لەوەیش زیاتر پێداگری بکات نەمانی خۆی واژۆ دەکات، بە ناچاری دەستبەردای سەرکەوتنەکەی بوو.
لێرەدا وەک خاڵێکی لاوەکی دەبێ ئاماژە بەوە بدرێت كە وڵاتانی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەڕوو پاڵپشتی دیموکراسی دەکەن، بەڵام بە کردەوە یەکێک لە دژبەرە سەرەکی و سەرسەختەکانی ئەم رەوتەن. ئەگەر ئەوان لە بەرانبەر بەرەی دژە دیموکراسی لە عێراقدا، بچووکترین هەڵوێستیان هەبوایە، ئێستە چیرۆکی حوکمی عێراق، بەتایبەت پاش ئۆکتۆبەری 2021، جیاوازتر دەنووسرایەوە.
با لە باسی سەرەکی زۆر دوور نەکەوینەوە، ئەوە دۆخی عێراقە کە بینیمان. لە عێراق کۆمیدی و تراجیدیتر هەرێمی کوردستانە. لایەنی دۆڕاو بە ئاشکرا رای دەگەیەنێت، "ئەگەر هێندەی براوەم پێ نەدرێت، یارییەکە تێکدەدەم". ئەمە وایکردووە تەنانەت یەک چرکەساتیش نەبێ خەڵکی ئەم هەرێمە هەڕەشەی شەڕی ناوخۆ راینەچڵەکێنێت.
هەمان سیناریۆی بەغدا بەشیوەیەکی تر لێرەیش دووپات دەبێتەوە. لایەنێک جەماوەر سزای داوە بە پاڵپشتی هێزە دۆڕاوەکان لە بەغدا و هێزە دژبەرەکانی دیموکراسی لە ناوچەکە و هەروەها لەبەر دووڕوویی رۆژئاوا، بە ناڕاستەوخۆ دەڵێ، دیموکراسی پێوەر نییە، ئەگەر دیموکراسیش بکرێتە پێوەر شەڕی ناوخۆ و دوو و چەند ئیدارەیی دروست دەبێت.
ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە، لە شەڕی ناوخۆوە تا رێکەوتنی واشنتۆن لە ساڵی 1998، تەنانەت تا هەڵبژاردنەکانی 2005 و هەروەها تا رێکەوتنی ستراتیجیش، ئێمە یەک قۆناغی مێژووییمان هەبووە، تا ئاستێك راستەوخۆ کار بە دەنگی گەل نەکراوە، بەڵام هەموو فاکتەکان ئەوە روون دەکەنەوە لەو قۆناغەدا هەردوو لایەن وەک ئێستە دەڵێن، لە زۆنەکەی خۆیان زۆرینەی جەماوەر و متمانەی گەلیان لەگەڵدا بووە. تەنانەت ئەم پاڵپشتییە جەماوەرییە لە پێکهێنانی و یەکخستنەوەی حکوومەتی هەرێمیشدا رەنگی دایەوە و کەس نەیدەتەوانی نکوڵی لێ بکات.
بەڵام خۆ مەرج نییە پاڵپشتی جەماوەری و قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو تا هەتایە بە یەک جۆر و بە یەک فۆرم و یەک ناوەڕۆک بمێنێتەوە و بەردەوام بن. ژینگەی کۆمەڵایەتی و گۆڕەپانی سیاسی زۆر دینامیکین. بەردەوام دەگۆڕێن و نوێ دەبتەوە. هێزەکانیش دەبێ لەگەڵ گۆڕانکارییەکان خۆیان بگونجێنن و مێژوو نەکەن بە پێوەر.
هەروەک ئاماژەی پێکرا، لە ساڵی 1996، واتە ساڵی جێگیربوونی سنوورەکانی شەڕی ناوخۆ تا ساڵی 2009، کوردستان یەک قۆناغی مێژوویی هەبووە. دوو لایەنی سەرەکی کوردی پێگەیەکی جەماوەری یەکسانیان هەبووە. بەڵام هەڵبژاردنی 25ی تەمووزی 2009، هاوکێشەی هێز و دەنگ و جەماوەری لە کوردستان گۆڕی و وەرچەرخان رووی دا و کوردستان چووە قۆناغێکی ترەوە.
لەو رێکەوتەوە تا ئێستە، لای هەمووان روونە حزبی دەسەڵاتداری زۆنی سەوز، دەنگەکانی بۆ کەمتر لە نیوە و بگرە بۆ یەک لەسەر سێیش کەم بووەتەوە. بەڵام ئەم لایەنە دەڵێت، لەبەرئەوەی لە قۆناغی پێشووتردا من نیوەی خەڵکم لەگەڵ بووە، دەبێت ئێستەیش هەمان پێگە و هێزم پێ بدرێتەوە، بەغدا و چەند دراوسێیەکی دژە دیموکراسیش دەڵێن، ئەشهەدوو راست دەکەی و چی بە ئێمە بکرێت پاڵپشتیت دەکەین. وڵاتانی رۆژئاوایش لەبەرئەوەی ئەم تێکچوونە لە بەرژوەندییانە، بێدەنگی هەڵدەبژێرن و ئاو بە ئاشی بەرەی دژە دیموکراسی و چەقبەستووی مێژوودا دەکات.
لە بنەڕەتدا و لەم قۆناغەدا زۆربەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە لایەنێک لە مێژوودا گیری خواردووە و بە عەقڵییەتێکی نەگۆڕ سەیری ژینگەی گۆڕاوی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات، دەنگەکانی هی ئەوە نین داوای نیوەی دەسەڵات و هێز بکات، بەڵام داوای دەکات، تەنانەت بە ئاشکرا رای دەگەیەنێت، ئەگەر وەک قۆناغی پێشوو نیوەکەم پێ نەدرێت، کوردستان تێکدەدەم.
لەم هەلومەرجەدا حەقی خۆیەتی ئەو پرسیارە بکرێت، ئەگەر دیموکراسی ناکەن بە پێوەر بۆ پەنا دەبەنە بەر هەڵبژاردن و دەنگدان و دیموکراسی؟ بۆ خەڵک ئازار دەدەن و ماندووی دەکەن؟ کوردستان بگەڕێننەوە بۆ پێش سەردەمی هەڵبژاردن و قۆناغی بەرەی کوردستانی و بە فەرمیش جاڕی بدەن، ئەم هەرێمە کار بە دیموکراسی ناکات.
نازانم ئەمە ناوی چی لێ بنرێت، کوودەتا دژی دیموکراسی، ملهوڕی و سەرەڕۆیی.... بەڵام هەرچییەک بێت، کوردستان لە دوای 25ی تەمووزی 2009وە تا ئێستە، رۆژ لە دوای رۆژ لە دیموکراسی دوورتر کەوتووەتەوە و وەک بارمتە کەوتووەتە دەستی بەرەی دژە دیموکراسییەوە. وای لێهاتووە بۆ رازیکردنیان، بۆ ئەوەی شەڕ هەڵنەگیرسێنن، چاوپۆشیان لێدەکرێت و مل دەدرێت بە داواکارییە دژە دیموکراسییەکانیان.
ئەمە رێک ئەو ساتەوەختەیە دیموکراسی مانایەکی ئەوتۆی بە بەرەوە نەماوە، کوردستان دەبێت بڕیار بدات ئاخۆ مۆدێلی 13 ساڵی رابردوو درێژە پێ بدات و بەردەوام بێت لە سیاسەتی باجدان و ئیمتیازدان بە بەرەی دژە دیموکراسی، یان ئەوەی دەست هەڵدەگرێت لەم سیاسەتە و بەرەیەکی بەهێز و چالاکی دیموکراسیخواز پێکدێنێت و بەرەوڕووی ئەم دۆخە نالەبارە دەوەستێتەوە؟
داهاتوو وڵام دەداتەوە ئاخۆ شکۆ دەگەڕیتەوە بۆ دیموکراسی یان بۆ هەمیشە بێ سەنگ و بێ نرخ دەبێت.