شێخێکی گۆشەنشین رووی راستەقینەی عێراق دەردەخا

AM:11:24:29/12/2022 ‌
لەوانەیە هیچ بەسەرهاتێک نەتوانێ وەک بەسەرهاتی موقتەدا سەدر، هەلومەرجی ئێستەی عێراق وەک خۆی بگێڕێتەوە. ئەگەرچی ئەوانەی لە عێراقدا باڵادەستن پێیان باشە بەسەرهاتێکی جوان و ئاسایی لە عێراق بگێڕنەوە و وا پێشانی بدەن كە دۆخەکە سروشتییە و کابینە و دەوڵەت و دەسەڵات و حوکمڕانی بە ڕێڕەوی ئاسایی خۆیاندا دەڕۆن، بەڵام ئەی چی لە سەدر دەکەن؟
سەدر هێزی ژمارە یەکی ئەم وڵاتە بوو و لە دەنگدانی 10ی ئۆکتۆبەری 2021 زۆرترین متمانەی جەماوەری بەدەست هێنا و وەک هێزی براوە بە تەمای پێکهێنانی حکوومەت بوو، کەچی ئێستە شێخێکی گۆشەنشینە و کونجی تەکیەی گرتووە و کاری بووە بەوەی ناو بەناو توویت لەسەر بابەتی لاوەکی و کەم بایەخی خۆی، وەک مۆندیال بکات. 
ئەگەر عێراق وڵاتێکی ئاساییە و یاسا تێیدا سەروەرە و کارەکان بەپێی بنەماکانی دەستوور و دیموکراسی دەڕۆن، سەدر چۆن وای لێهات؟ دەبێ ئەوانەی بەرگری لەم دۆخە دەکەن وەڵام بدەنەوە، بەڵام لە باتی ئەوان، ئەم بابەتە هەوڵ دەدات ئەو بەسەرهاتە بگێڕێتەوە و گیڕانەوەی چیرۆکی سەدر بکات بە سەکۆیەک بۆ دەرخستنی رووی راستەقینەی حوکمڕانی لە عێراقدا.

وێستگەی یەکەم: سەدر هەڵگری کۆمەڵێک بیری رادیکاڵ و دژ بە نەریتە باوەکانی بەڕێوەبردنی عێراق بوو، لە هەموویان گرنگتر داوای کۆتاهێنانی بە دەستێوەردانی دەرەکی دەكرد. لە ڕوانگەی ئەوەوە دەستێوەردانی دەرەکی، عێراقی ئیفلیج کردووە و ئەمەش تەنیا کاتێک کۆتایی پێ دێت كە حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی دروست بکرێت. 
واتە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکەی، داوای گۆڕینی سیستمی حوکمی دەکرد، ئەمە ئەو وڵاتانەی تووڕە کرد کە بەردەوام دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا دەكەن و بەرژەوەندیان هەیە. لە ئەنجامیشدا کاریان بۆ ئەوە كرد سەدر و بیرە رادیکاڵەکانی بە توندترین شێوە سزا بدرێن. پرۆژەكەیان سەری گرت و سەدریان سزا دا و گەورەیی و گرانیان شکاند، لەبەرچاوی یار و نەیار سووکیان کرد. 

سزادان و تۆڵەکردنەوە لە سەدر، هەڵگری پەیامێکی گرنگ بوو: 
هەر کەس و لایەنێک لە عێراقی عەرەبیدا بیەوێت بیر لەوە بکاتەوە كێشە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و باڵادەستی هێزە هەرێمی و نێودەڵەتییەکان دروست بکات، وەک سەدر چاوشکاو و سەرکز دەکرێت و لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، بێ سەنگ و بێ ئابڕوو دەکرێت، تەنانەت دەکرێتە دەرەوەی بازنەوە.
 
وێستگەی دووەم: دیموکراسی تەنیا ناوە لە عێراقدا و دەمامکێکە بۆ جوانترکردنی سیمای حوکمڕانی و لەوە زیاتریش نییە. ئەگەر دیموکراسی یان خەڵکسالاری لەم وڵاتەدا جێگیر بوایە، جێی سەدر ئێستە لە ماڵەوە نەبوو، دەبوایە ئەو ئێستە جڵەوی دەسەڵاتی لەدەست بوایە. 
لەم وڵاتەدا یاساکانی دیموکراسی پێچەوانە بووتەوە. یان باشترە بڵێین جێی براوە و دۆڕاو گۆڕاوە. لە وڵاتانی دیموکراسی خاوەن حوکمڕانی ئاسایی، دۆڕاو پیرۆزبایی لە براوە دەکات و ددان بە دۆڕانەکەیەدا دەنێت و دەبێتە ئۆپۆزسیۆن یان حکوومەتی سێبەر (Shadow Cabinet) دروست دەکات و چاوەڕێی داهاتوو دەبێت بۆ ئەوەی جارێکیتر خۆی تاقی بکاتەوە. 
کەچی لێرە دۆڕاو زیاتر خۆی لە براوە بە خاوەن ماف دەزانێت. دەستبەرداری دەسەڵات نابێت و لە ئەنجامیشدا دەچێتە ئەو شوێنەی خەڵک بە دڵی نییە. ئەمەیش بە لێهاتوویی و توانا و سەنگی خۆیان ناکەن، لە بنەڕەتدا ئەو لایەن و کەسایەتییانە زۆر لاوازن، ئەوەی ئەوان بەهێز دەکات فاکتەری پاڵپشتی دەرەکیی و باڵادەستی هێزە بیانییەکانە، ئەوان دەکات بە کارگوزاری خۆی و ئەمانیش بۆ ئەم کارە سەریان پێوە نییە.

وێستگەی سێیەم: ئەو شتەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی پێشوو هاوکێشەکەی گۆڕی، دەستێوەردانی دەرەکی بوو. لەبەرئەوەی عێراق سەروەرییەکەی لەق بووە و لە دۆخی پاشکۆیەتیدایە، وڵاتانی تر بە ئاسانی دێنە ژوورەوە و فۆرمی حکوومەت و ناوەڕۆکی دەسەڵات رەنگڕێژ دەکەن. دوور نییە بڵێین هیچ سنوور و بەربەستێک بۆ دەستێوەردانی ئەوان نییە. بۆیە کاتێك ئەو وڵاتانە بینیان سەدر بەرەو ئەوە دەچێت داواکارییەکانی بچەسپێنیت، راستەوخۆ هاتنە پێشەوە و هەموو کارتەکانیان جووڵاند، تەنانەت دامەزراوە فەرمییەکانی عێراقیشیان لە ناوەوە بنکۆڵ کرد و خستیانە خزمەت ئەجێندای خۆیانەوە، ئەمەیش لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدا بە ڕوونی بینرا. 
دەرکەوت ئەم دادگایە و کارەکانی زۆر لاستیکین و دەکرێ بە ئاسانی بگۆڕێن. دادگایەک ساڵانێک بێدەنگ بوو لەو سەروبەندەدا، رۆژانە چەندان بڕیاری دژ بە سەدر و رەوتەکەی و بەرەی نزیک لەو دەردەکرد. تەنانەت هەرێمی کوردستان پریشکی ئەم ئاگرەی بەرکەوت و دوای ساڵانێک پشتگوێخستن، دۆسیەی نەوت و گازەكەی هەڵدرایەوە و بە نایاسایی هەژمار کرا. هەروەها بەدەر لە دادگای فیدراڵی و تەنانەت یاسا، بەشێکی بەرچاوی سەرکردە سوننەکان، وا تۆمەتبار بوون بە تیرۆر و ساڵانێک بوو عێراقیان بەجێهێشتبوو، خێرا لە پرۆسەیەکی تەمومژاوییدا و بۆ درزخستنە ناو ماڵی سوننە، گەڕێنرانەوە و بڕیاری بێ تاوانیان بۆ دەرچوو. جا ئەگەر عێراق وڵاتە و خاوەن سەروەرییە، شتی وا چۆن دەکرێت؟ 

وێستگەی چوارەم: لە دوای کەوتنی سەدام، تا ئەم قۆناغەی ئێستە، تاران و واشنتۆن بە هاوبەشی بڕیاریان لەسەر پێکهێنانی دەسەڵات دەدا. لەم نێوانەشدا تا ئاستێك دیموکراسی نیوەچڵی عێراقیان دەخوێندەوە و بە زەقی و ئاشکرا خواستی گەلیان پێشێل نەدەکرد. بەڵام ئەمجارە نەریتەکە زۆر گۆڕا، سەرەتا وا باس دەکرا كە ئەمەریکا بە هاوکاری بەریتانیا و چەند وڵاتێکی ناوچەکە، دەیانەوێ سنوورێک بۆ تاران دابنێن و عێراق نزیک بکەنەوە لە کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و سوننە و رۆژئاوایی. 
سەدر شێلگیرانە هاتە پێشەوە و وایزانی ناوچەکە و جیهان پاڵپشتی لێ دەکەن، بەتایبەت ئەمەریکا کارئاسانی بۆ دەکات، بەڵام پێدەچێت سەدر ئەو مەتەڵە ئەورووپییەی یان نەبیستبێ یان لەبیری کردبێ كە دەڵێ: ئەمەریکاییەكان بە جۆرێک قسە دەکەن و بە جۆرێکی تر دەجووڵێنەوە. ئەوان بەناوبانگن بەوەی مەوادایەکی دوورودرێژ لە نێوان قسە و کردارەکانیاندا هەیە. کردارەکانیان پێچەوانەی قسەکانیانە. سەدریش هەموو هێلکەکانی خستە سەبەتەی دژایەتیکردنی وڵاتێکی ناوچەکەوە، بەو هیوایەی وڵاتانی تر دەستی بگرن، کەچی شتێکی تر رووی دا. 
جارێ هێشتا بە تەواوەتی روون نییە چی رووی داوە و بە نەزانراوی ماوەتەوە، بەڵام ئەوەی لە دەرئەنجامەکان دەخوێنرێتەوە، ئەوەیە: واشنتۆن پشتی لە هەڵوێستەکانی کرد، خۆی گێل کرد لە مانۆڕ و دەستپێشخەرییەکانی تاران. بواری بۆ لایەنی بەرانبەر خۆش بوو. لە پڕێکدا سەدر بە تەنیا مایەوە. دەرکەوت هەڵا و پڕوپاگەندەی راگەیاندنەکان بۆ لەقاڵبدانی تاران شتێکی وای تێدا نییە. زیاتر نواندنە و لە ژێری بەڕەدا شتی تر هەیە. 

لە کۆتاییدا سەدر مایەوە و چەند کورسییەکی پەرلەمانی و دیموکراسییەکی بێ ناوەڕۆک و هەندێ دامەزراوەی ملکەچی دەرەوە و چەندان وڵاتی بێ بەڵێن، لەڕوو قسەیەک دەکەن و لە پشتەوە بە جۆرێکی تر دەجووڵێنەوە. بە ناچاری بۆ پاراستنی خۆی و رەوتەکەی و بۆ ئەوەی تووشی شکستێکی کەمەرشکێن نەبێت كە نەتوانێ خۆی راست بکاتەوە، گۆڕەپانی سیاسەتی بەشێوەیەکی کاتی بەجێهێشت، تا بۆ هەموو لایەک بیسەلمێنێت كە دیموکراسی لە عێراقدا نییە، ئەوەی هەیە تەنیا سیستمێکە لە بەرژەوەندی وڵاتانی دەرەوە کار دەکات و ئەوان سەرۆکایەتیی کابینە و حوکمڕانی بەغدایان بە کۆمەڵێ کەس سپاردووە كە باڵادەستی ئەوان گەرەنتی بکات و كێشەیان بۆ دروست نەکات.  
ئەمە ئەو بەسەرهاتەیە لە ژیانی شێخێکی گۆشەنشینکراودا دەخوێنرێتەوە.