کاتێک قەیران یان کێشە و بارگرژییەک لە سیستمێکی سیاسیدا روو دەدات و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بە چارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە، پێویستە لە سەرەتادا وەک خۆی ببینرێت و سەیری هەموو رەهەند و دیوەکانی بکرێت. پاش کۆتاییهاتنی ئەم قۆناغە، هەوڵ بدرێت پێناسەیەکی روون و وردی لێ بخرێتە ڕوو. ریشە و هۆ و سنوور و رەهەندەکانی روون بکرێتەوە.
واتە پێویستە بە بەڕوانگەیەکی مێژووییەوە توێکاری بۆ دیوە سیاسی و ئابووری و دپلۆماسی و سەربازیی .... ئەم بابەتە بکرێت، پاشان لەبەر رۆشنایی ئەم سەیرکردن و پێناسەکردنەدا، هەندێ رێوشوێن و چارەسەری نوێ بۆ کاڵکردنەوە و نەهێشتی قەیرانەکە بخرێتە ڕوو. دەکرێ بڵێین پێشمەرجی چارەسەر، بریتیە لەم پێناسەکردنە.
بەم پێشەکیە دەرگای باسەکە دەکەینەوە، لە دوای ساڵی 2010 هەرێمی کوردستان بەدەست ناکۆکی و قەیرانی دوو پارتی سەرەکییەوە دەناڵێنێت. هەر ماوەی جارێك سەر هەڵدەداتەوە و سیستمی سیاسی تووشی چەقبەستن و مەترسی گەورە و بگرە ئیفلیجبوونیش دەکاتەوە.
لە هەر قۆناغێکدا ئەم قەیرانە سەری هەڵدابێت، رای گشتی لە ناوخۆی کوردستان و دۆستانی کورد و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، داوا دەکەن دوو لایەنەكە پێکبێن و کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام زۆربەیان ئەو پرسیارە ناخەنە ڕوو بۆچی ئەم دوو لایەنە کێشەیان هەیە؟ سەرچاوەی ئەم قەیرانە چییە و بۆ کۆتایی نایەت؟ بۆچی یەکێتی و پارتی لە ساڵی 2003 تا 2010 کۆک و تەبا بوون، بەڵام لەوەودوا تا ئێستە ناکۆکن و دووری نێوانیان زیاتر بووە؟
لە ساڵی 2003 و بەپێی هەلومەرجی کوردستان و ناوچەکە و جیهان، تێگەیشتن و ئاسۆی بیرکردنەوە و جیهانبینی، پارتی و یەکێتی زۆر لەیەکتر دەچوو. هەردووكیان کوردیان وەک نەتەوەیەکی بەشخوراو پێناسە دەکرد، لەبەر هۆکاری جیۆپۆڵەتیکی و دژایەتی دراوسێکان و پارادایمی (Paradigm) زاڵ بەسەر سیستمی نێودەوڵەتیدا، جارێ ناتوانێ سەربەخۆ ببێت، ئەینا مافی خۆیەتی وڵاتی خۆی هەبێت، کەوابوو بەپێی ئەم بارودۆخە باشترە بە ڕوانگەیەکی پراگماتی و ریاڵیستییەوە هەوڵ بدرێ لە عێراقی نوێدا زیاترین دەستکەوت و سەربەخۆیی بۆ کوردستان مسۆگەر بکەن.
هەروەها ناوخۆ رێک بخرێتەوە و هەوڵ بدرێت لە ئاستی ناوچەکە و جیهانیشدا دۆستی نوێ بۆ کورد زیاد بکرێت و بەگشتی هەوڵ بدرێت کوردستان وەک یەکەیەکی سیاسی و یاسایی لە مەنزوومەی جیهانی رۆژئاوا و بەهاکانیدا وەک هاوبەشێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی جێی بۆ بکرێتەوە. لووتکەی ئەم روانگەیە خۆی لە رێکەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتیدا بینیەوە.
ئەم قۆناغە لە 2002 دەستی پێ کرد و تا نزیکی ساڵی 2010 بڕی کرد. بەرە بەرە لە ئەنجامی چەندان گۆڕانکاری و هەلومەرجی تازە، روانگەی ئەم دوو لایەنە گۆڕا. ئیدی ئەوان وەک جاران بیریان نەدەکردەوە. رووداوێک پەردەی لەسەر ئەم گۆڕانکارییانە لادا. ئەویش بیرۆکەی لێسەندنەوەی متمانە لە "نوری مالیکی" بوو، ئەمە قۆناغی وەرچەرخان و دوو لایەنی کوردی دابەش کرد.
لەو سەردەمەدا بەپێی خوێندنەوەی پارتی، عێراق بەرەو جۆرێک لە ناوەنگەرایی رۆشتووە و لایەنێک هەوڵی داوە دەسەڵاتی تایفی بەسەردا بسەپێنێت و دیکتاتۆری زیندوو بکاتەوە. هەرچی یەکێتییە لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نەبوو. ئەوان دەیانوت عێراق نەگۆڕاوە و دەسەڵاتی مالیکی ئاساییە و پێویست ناکات متمانەی لێ وەرگرنەوە.
لەو سەردەمەوە تا ئێستە یەکێتی بڕوای وایە کورد باشترە دەستبەرداری سەربەخۆیی ببێت. یەکێتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات لەگەڵ بەغدا کار بکرێت ئەگەر تەنانەت وەک هاوبەشیش سەیرمان نەکات و باشتر وایە لە هەموو پرس و بابەتە ستراتیجییەکاندا وەک نەوت، بابەتی گاز، پرسە هەستیارە ئابووری و داراییەکان و دانانی پیشەسازییە گەورەکان، کورد بۆ بەغدا بگەڕێتەوە و رەزامەندی ئەوان وەرگرێت.
لەڕووی پێوەندی هەرێمیشەوە یەكێتی زیاتر ئادرێسی ئێران دەدەن و پێداگری لەسەر پێوەندی توندوتوڵ لەگەڵ ئەو وڵاتە دەكەن. لە ئاستی نێودەوڵەتیش گەرچی هەوڵ دەدەن یەکسانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا بپارێزن، بەڵام لە چرکەساتە هەستیارەکاندا کێشەی ئەوەیان نییە هێڵکەی بەرەی رۆژهەڵات زیاتر بکەن.
هەرچی خەونی پارتییە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کوردستان ماڵێک بۆ خۆی بنیات بنێت، لەبەرئەوەی عێراق ئیتر کەڵکی ژیانی تێدا نەماوە و پشتی لەو بنەمایانەیش کردووە كە لە 2005 لەسەری دامەزراوەتەوە.
پارتی هەموو کار و پلانەکانی بۆ ئەوە داناوە زیاترین سەربەخۆیی لە بەغدا بەدەست بێنێت و پارێزگاری لە پێگە و دەستکەوتەکانی بکات. لە ئاستی هەرێمیدا لەگەڵ ئەو وڵاتانە دۆست و هاوپەیمانە كە توانای ئابووری و پیشەسازیی ئەوەیان هەیە گەشە بە کوردستان بکەن، وەک تورکیا و وڵاتانی کەنداو و بەردەوام لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی زیاترین وەبەرهێنان لە کوردستاندا بکەن.
پارتی لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا زیاتر لە رۆژئاواوە نزیکە، هەم لە واشنتۆن و هەم لە پاریس و لەندەن لۆبی بۆ خەون و جیهانبینیەکەی دەکات، بە تایبەت هەوڵ دەدات کۆمپانیا رۆژئاواییەکان لە بواری وزە و پیشەسازیدا لێرە بەشدار بن و وەبەرهێنان بکەن. رۆژئاوا چەند ناکۆکییەکی لەگەڵ پارتیدا هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەم راستییە، بە ئێستەیشەوە وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو سەیری هەولێر دەکەن و لەوە گەویشتوون كە بۆ راستکردنەوەی زۆر هەڵە و بە ئەنجامگەیاندنی زۆر دەستپێشخەری تازە، دەتوانن پشتی پێببەستن.
ئێستە زانیمان ئەم قەیرانە تەنیا ئەوە نییە كە پارتی و یەکێتی کێشەی ئابووری یان پارەیان هەبێت، وەکوو ئەوەی بەشێک لە رای گشتی کوردستان و هەندێ لایەن و شوێن باسی دەکەن، بەڵكوو ریشەی ئەم ناکۆکییە بۆ دوو جیهانبینی جیاواز دەگەڕێتەوە و رەهەندی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیشی هەیە.
ئەم دوو روانگە جیاوازە، شۆڕ دەبنەوە و پانتایی ستراتیجی و بەرنامەیشیان دەگرێتەوە و دەبێت بە قەیرانی گەورە و بچووک.
ئەو لایەن و کەسایەتی و وڵاتانەی دەیانەوێ رۆڵی نێوەندگیری بگێڕن و ئەم دوو لایەنە ئاشت بکەنەوە، ئەگەر ئەم راستییە بەهەند وەربگرن، چانسی سەرکەوتنی دەستپێشخەرییەکان زیاتر دەبن. ئەگەر گرنگی بەم خاڵەیش نەدەن، لەوانەیە دەستپێشخەریەکەیان سەرکەوتوو بێ، بەڵام پێناچێت زۆر بخایەنێت و زیاتر وەک ئازارشکێنێکی کاتی دەبێت و پاش ماوەیەک جارێکیتر و بە جۆرێکی تر، قەیرانەکە بە گەورەتر سەر هەڵەدەداتەوە.