لە هۆشیارییەوە مەسروور بارزانیمان دەوێ

PM:04:47:17/10/2024 ‌
جێی خۆشحاڵییە كە بانگەشەی هەڵبژاردنی كوردستان لە كەشێكی شارستانیدا تەواو بوو، بێ ئەوەی هیچ ڕووداوێكی گەورە تۆمار بكرێ، هەموو لایەنەكان دەرفەتی بانگەشەیان لە گۆڕەپانە ئازادەكەی هەرێمی كوردستاندا بۆ ڕەخسا و هەر لیست و كاندیدەی بە جۆری خۆی، داوای لە خەڵك كرد متمانەی پێ بدەن، ئەمە پێگەیشتنی ژینگەی سیاسیی كوردستانە و موژدەی داهاتوویەكی باشترە. ئێستە تۆپەكە لە گۆڕەپانی دەنگدەراندایە و كاتی هەڵسەنگاندنی جۆری بانگەشە و بەرنامەكانە، دەمانەوێ لە داهاتوو چ حكوومەتێكمان هەبێت و خواستی ئێمەی دەنگدەر چییە؟ من مەسروور بارزانیم دەوێ، بەڵام لەگەڵم بە با هۆكارەكانیت پێت بڵێم چی بۆ من گرنگە.

مەسروور بارزانی "ڕێگەوبان" دروست دەكات و ژێرخانی هاتوچۆ پەرە پێ دەدات، ئەمە بۆ من یەكێكە لە گرنگترین بیركردنەوەكان لەبارەی داهاتوو، جێی خۆشحاڵیمە كە چەند مانگێكە كەمتر هەواڵی مردن دەبیستم بە ڕووداوی هاتوچۆ، ئەمە لەوێوە هاتووە كە حكوومەت سەرۆكێكی هەیە خەمی گیان و سەلامەتی خەڵكەكەیەتی.

مەسروور بارزانی "سایلۆ" بنیات دەنێ، ناكرێ تۆ بڵێی وڵات دروست دەكەم و سایلۆی پێشكەوتووت نەبێ، دەزانی بۆ؟ سایلۆ پشت و پەنایە، یەدەگی خۆراكە و متمانەت پێ دەدات كە توانای بەرگەگرتنت هەیە لە هەر كارەساتێكی سروشتی یان سیاسیدا، دێتە بیرمان كاتی كۆرۆنا هەموو خەڵك ترسی نەمانی خۆراكی هەبوو، بەڵام ئێستە كوردستان چوار سایلۆی گەورە و دەیان كارگەی گۆڕینی گەنم بۆ ئارد و خۆراكی هەیە و سایلۆی هەڵبجەیش ساڵی داهاتوو تەواو دەبێ.

مەسروور بارزانی "بەنداو" دروست دەكات، ئەمە بۆ كورد زۆر پێناسەی ناوێت، چونكە ئەم میلەتە هەر خۆی ئاشقی ئاوە و پەندی جوانی "ئاو و ئاوەدانی"ی داهێناوە، بەنداو بە كورتی لە وشكەساڵی ڕزگارت دەكات، زەویی جووتیاران بەراو دەكات، مەزاجی كوردەواریی خۆش دەكات بۆ عەسرەچا و پیاسەی هەمیشەیی خێزان و تاكەكان. دوورت دەخاتەوە لەو بە بیابانبوونەی هەڕەشە لە عێراق دەكات و خاڵێكی تری جیاكەرەوەیە كە خاك و بوونی كورد جیاوازە لە عەرەب.

مەسروور بارزانی "سیستم" دروست دەكات، سیستم واتە نەهێشتنی ڕۆتینیات و خێراكردنی كاروباری خەڵك، خۆم لەم دوو ساڵەدا چەند جارێك ڕێمكەوتووەتە دادنووس و فەرمانگەی هاتوچۆ و تاپۆ و نشینگە و پاسپۆرت، حەقی خۆمانە شانازی بەوەوە بكەین كە كاركردن لەم فەرمانگانە لە هەموو هاوتاكانیان لە ئەوروپا خێراترە، مەڵێ زیادەڕۆییە و خۆت بە كەم مەزانە، چونكە كاروباری كارگێڕیم لە ئەوروپا دیوە و دەزانم جیاوازییەكە چییە، جاری وا هەیە بۆ حەپێك دەبێ سێ هەفتە چاوەڕێی كاتێك لە نەخۆشخانە بكەی، بەڵام لای خۆمان دەمودەست پزیشك دەبینی، ئەمانە كەم نین، بەڵام با قەدری بزانین.

هەر لەم سیستمەدا بانك بە ئەلیكترۆنی دەكرێ، بەداخەوە لە كوردستان بازاڕی ڕەش و قاچاخ گەرمە، ئەگینا ئەم سیستمەی "هەژماری من" زۆر ستراتیجییە، هەر لەبەرئەوەیشە زۆر كەس دژی وەستاون كە پارەی ناڕوون نامێنێت و وڵاتەكەمان دیجیتاڵ دەكرێ، بەڵام خەڵكێك كە لە ژینگەی پیسدا گەشە دەكەن و ڕەوایی بە پارەی دزیی دەدەن، بێگومان نایانەوێ لەناو سیستمدا ڕێك بخرێن، بەس بۆ كوێ دەچن؟ تازە كوردستان سەركردەیەكی هوشیاری هەیە و بڕیاری بنیاتنانی ژێرخان و داودەزگای حوكمڕانی داوە و بەرچاوی ڕوونە بەرەو كوێ دەڕوات، ئەمڕۆ نا سبەی هەر دەبێ مل بۆ یاسا و ڕێوشوێنە تازەكان بدەن.

مەسروور بارزانی "خۆی لە شوێنی ڕووداوەكانە"، ئەم سەركردەیە لەگەڵ ئەو هەموو پەستانەی خرایە سەر حكوومەتەكەی لە بەغدا و تاران و ئەنكەرەوە، نەخۆشی و پەتا و ڕاگرتنی نەوت، هەركەس بوایە كۆڵی دەدات و كوردستان دەتوایەوە، خەونی داگیركەران بەدی دەهات، بەڵام تەحەمولەكەی زۆر بەرپرسیارانە و گرنگ بوو، سەرەڕای ئەو سەختییانە، لافاو دەهات، بازاڕ دەسووتا بەدەستی حزبی نۆكەریی كوردی، تیرۆریست دەیدا لە گوندی كوردستان، خۆی چووە هەموو شوێنەكان و خەمی خەڵكی ڕەواندەوە و لەگەڵیان بوو تا كۆتایی، لەگەڵ كوردستانیش مایەوە تا ئێستە كە ئیتر دەبێت سوپاسی بكەین و تەمەنی حوكمڕانییەكەی درێژ بكەینەوە.

ڕاستییەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆرتری كردووە، بەڵام ئەوەندە بەسە بە خێرایی بیری خەڵكی كوردستانپەروەر بخاتەوە چی كراوە، لەبەرئەوەی دەنگە دەنگی نابەرپرسیارانە ئەوەندە زۆرە بۆ شێواندنی زاكیرەی مرۆڤ، هەندێك جار ڕاستی ون دەبێ. بەهەرحاڵ، لێرەوە دێمە سەر بەرنامەی حزبەكان.

لە بانگەشەدا لایەنمان بینی خواستی سەرەكی نەبوو، تێنەگەیشتم بۆچی هاتووەتە هەڵبژاردن، ئەمە لەو ڕوانگەیەوە دەڵێم كە ململانێكارانی ناو دیموكراسیی، دەیان ڕاوێژكار و ئەزموون شی دەكەنەوە تا باشترین بەرنامە بخەنە ڕوو و سەرنجی دەنگدەری پێ ڕابكێشن، بەڵام حزبێكی وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نە هیچی باس كرد وەك دەسكەوت و نە هیچ پڕۆژەیەكی پێشانداین وەك شانازی تا بڵێ دەمەوێ پەرە بەم بەرنامەیە بدەم و پشتیوانی خەڵكم پێویستە. بە پێچەوانەوە بانگەشەكەی زیاتر شەڕانگێزانە و پڕ هەڵچوونی دەروونی بوو، ئێمە كەسێكمان دەبینی لە هاوارەكانیدا دەماری ملی ڕەق دەبوو، نەك بۆ ئەوەی بڵێ باشترتان پێشكەش دەكەم، داخەكەم دەیگوت تێكی دەدەم و دەیڕووخێنم.

ئەم خواستی تێكدان و لێدانە لە كورد، تازە نییە، بەڵام ئەوە تازەیە خەڵكی ماقووڵ و نیازپاكی یەكێتیی نیشتمانی كە كوردانە بیر دەكەنەوە، ئەمە چۆن قبووڵ دەكەن؟ خۆ من دەزانم لە ژێر ترس و دڵەڕاوكێی تونددان و ناتوانن بڵێن نا، بەڵام لە هەڵبژاردن بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە لایەنگرانی خواستی تێكدان، سزای ئەم گوتارە دەدەن یان پشتیوانی دەكەن. ئاخر چی تێك دەدەی؟ كورد لە دارەی دنیا هەر ئەم تۆزە خاكەی ئازادە، چوار گورگی برسی و تینووی خوێنی نەتەوەكەمان كەڵبەیان بۆ تیژ كردووە تێكی بدەن، تۆ بۆ ئاواتەكەیان بەدی دێنێ؟ ئەوانەی دراوسێ دوژمنن ئەی تۆ چی؟ 

پارتی لەم هەڵبژاردنەدا زۆر مەدەنی و ئارام دەركەوت، ڕۆژانە لەگەڵ بانگەشەدا پڕۆژەیەكی گەورە و گرنگیشی دەخستە خزمەتی خەڵكی كوردستانەوە، جەماوەرەكەی گێچەڵیان بە كەس نەكرد، هەرچەندە گێچەڵیان زۆر پێ كرا، بەڵام من تێدەگەم پارتی خاوەن ماڵە و لەوە تێدەگات كە گورگەكان لە كەمیندان ماڵەكەی كورد تێك بدەن، بۆیە ئیرادەیەكی بەهێزی هەبوو لە ددانبەخۆداگرتندا، ڕەنگە بەشێكی ئەم ئارامییەیشی پێوەندی بە ئەزموونەوە هەبێت و گرنگە دڵ بەوە خۆش بكەین كە خاوەن ماڵ، منداڵی لاساریشی قبووڵە و هەلی پێ دەدات.

ئەگەر تاكی كورد هۆشیاریی پێگەیشتن بێت و لەسەر بنەمای خزمەت و گەشەپێدان بیر لە داهاتوو بكاتەوە، دەبێت ئەمجارە پارتی دەنگی زۆرتر و كورسیی زیاتر بهێنێ، چونكە هیچ لایەنێك وەك ئەو حزبە ئیشی بۆ خواستەكانی خەڵك نەكرد. بەڵام با بزانین ڕۆژی دەنگدان چۆن دەبێت، چونكە ئەم هەڵبژاردنە دەریدەخات كە خەڵك خزمەت و پەرەپێدانی بەلاوە گرنگە یان نمایش و غەڵبەغەڵب، مادام ئێمە بڕیارمان داوە بە هەڵبژاردن حوكمڕانی بكەین، جۆری دەنگدانی هاووڵاتییان دەبێتە بنەما بۆ داهاتوویش كە ئاخۆ حزبەكان بیر لە پڕۆژە و خزمەتكردن بكەنەوە هەڵبژاردنەكانی تردا، یان كار بۆ سۆشیال میدیا و ڤیدیۆی سەرنجڕاكێش بكەن.

لایەنەكانی تریش بەتایبەت ئیسلامییەكان وەك هەمیشە ناشیرین دەردەكەون، من رقم لەوەیە مرۆڤ بۆ ماڵی دنیا و پۆست پیرۆزییەكانی ئاین بەكار بێنێ، چونكە ئیسلامیی سیاسی راستگۆ نییە و بەو نیازپیسییەیان، سەر لە مسوڵمانی خواناسیش دەشێوێنن، ڕێی ئاینەكەیان لێ ون دەكەن و ئازادییان لێ دەسێننەوە كە چۆن بیر بكەنەوە، بەڵام خۆشحاڵم كە هەست ناكەم قەت ئەم گرووپە سیاسییە ئیسلامییانە گەشەیان كردبێت. شانازیی بەوەوە دەكەم كە میلەتەكەم هۆشیارە و تێدەگات كێشەكەی نەتەوەییە نەك ئاینی، ئاخر مسوڵمانی كورد خۆی جوان و كراوە و لێبوردەیە و لە باپیرانمانەوە هەروا هاتووە، بەڵام ئەم ئیسلامییانە خەریكن ئەوە ناشیرین دەكەن.  

لایەنەكانی تریش بەگوێرەی توانا و كەرەستەكانی بەردەستیان بانگەشەیان بۆ خۆیان كردووە و دەرفەتی یەكسان هەبووە، بەڵام جیاوازیی هەیە لە زۆری و كەمیی كەرەستەكاندا، بەڵام گرنگترین بەشی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە، دەنگ و بەرنامەی هەموو لایەك گەیشتووە بە خەڵك، بە هیوای داهاتوویەكی باشتر دەچین بەرەو ڕۆژی دەنگدان.