یه‌كه‌م/ سه‌در و تویته‌كانی
هه‌فته‌ی رابردوو موقته‌دا سه‌در له‌ڕێی تویته‌ر و چه‌ند تویتێكیهوه، لایه‌نگر و هه‌وادار و یاوه‌رانی ئاگه‌دار كرده‌وه و هانی دان بڕژێنه سه‌ر شه‌قام، خۆپێشاندان بكه‌ن و بچنه ناو ده‌زگای یاسادانان و بمێننه‌وه. دواتر ئه‌م داوایه‌ی سه‌در بوو به كردار و هه‌زاران كه‌س له توێژه جیاوازه‌كان به‌ڕێی جیاواز، رژانه ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ده‌ستیان كرد به وێنه‌گرتن و لێدوان بۆ میدیاكان و ته‌نانه‌ت نێرگهلهكێشان و مانه‌وه تا به‌یانی.
داوا و دروشم و خواستی سه‌ره‌كیی خۆپێشانده‌ران، راماڵینی گه‌نده‌ڵكاران و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار و دامه‌زراندن و دروستكردنی سه‌رچاوه‌ی داهاته له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه. ئه‌م هه‌لومه‌رجه له كاتێكدایه عێراق به‌وه ده‌ناسرێته‌وه كه كۆمه‌ڵگه‌ی دوای جه‌نگه و هێشتا له قۆناغی راگوزه‌ر و گواستنه‌وه‌دایه، هێشتا له پرۆسه‌ی بنیاتنانی ئاشتیدایه، نه‌ك ئاشتی هه‌میشه‌یی و ئاشتی به‌رده‌وام.
ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت ده‌رخه‌ر و ده‌ره‌نجامی ململانێیه‌كی قووڵی نێوان ئه‌كته‌ره سیاسییه‌كانی عێراق و لایه‌ن و هێزه سیاسییه‌كانه. به‌ڵام ئه‌مجاره فۆرم و مۆدێلی ململانێكان شێوه‌ی جیاواز و تازه‌ی له‌خۆ گرتووه. له دوای ٢٠٠٣وه ناوكی ململانێكان له نێوان كورد و شیعه و سوننه‌دا بوون، ناسنامه‌ی ئیتنیكی مه‌زه‌وی رووكاری ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی ململانێكانی پێكده‌هێنا و پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی ململانێ و به‌یه‌كدادان و قه‌یرانه‌كانی ناو پرۆسه‌ی سیاسی بوون.
ئه‌مجاره ململانێكه گوازراوه‌ته‌وه بۆ ناو یه‌كه‌یه‌كی بچووكتر كه یه‌كه‌ی مه‌زه‌وی و له‌ناویشیدا شیعه‌كان خۆیانن. دیاره به ڕوون و ئاشكرا هه‌ریه‌ك له موقته‌دا سه‌در له‌لایه‌ك و نووری مالیكی له‌لایه‌كی تره‌وه، وه‌ك دوو جه‌مسه‌ری ناوماڵی شیعه‌كان، ململانێ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا به‌ڕێوه ده‌به‌ن، له‌سه‌ر هه‌ژموون، هێز، شه‌قام، پێگه و شێوازی پێكهێنانی حكوومه‌ت و جومگه‌كانی تری بڕیاردان و زاڵبوون به‌سه‌ر یه‌كتردا به‌هه‌ردوو شێوه‌ی ره‌ق و نه‌رم.
دووه‌م/ په‌رله‌مان به‌بێ نوێنه‌رایه‌تی
زۆرینه‌ی خۆپێشانده‌ران كاتێك ده‌گه‌ن به په‌رله‌مان و له ناویدا ده‌مێننه‌وه، كرده‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره و نائاسایی ده‌نوێنن كه ده‌كرێت به دیوی شاراوه و دووه‌می پرسه‌كه لێی بڕوانین. كرده‌ی هاوشێوه‌ی نێرگهلهكێشان، شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێ و گۆرانی و زۆر جووڵه‌ی نائاسایی تر كه هه‌موویان پێكه‌وه، ده‌كرێت گوزارشت له دۆخی بۆشایی نێوان ده‌نگده‌ر و نوێنه‌ر بكه‌ن.
په‌رله‌مانی عێراق ده‌زگایه‌كه له دوای ٢٠٠٣وه هه‌زاران نوێنه‌ری له‌ڕێی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه له‌خۆ گرتووه، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م ده‌زگایه هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی نوێنه‌رایه‌تی تێدا نه‌بووبێت و نوێنه‌ر به‌بێ پرۆسه‌ی نوێنه‌رایه‌تی له‌ناو ده‌زگاكه‌دا جووڵه‌ی كردبێت، نه‌یتوانیبێ خواستی عێراقییه‌كان بگوازێته‌وه بۆ ناو ده‌زگاكه و بیانكات به یاسا و بڕیار و سیاسه‌ت.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له‌ڕێی یاسایه‌كی تازه‌وه ئه‌نجام درا كه به مه‌به‌ستی بچووككردنه‌وه‌ی پێوه‌ندیی نێوان ده‌نگده‌ر و نوێنه‌ر داڕ‌ێژرابوو، به ئامانجی له‌یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌یان و گه‌یشتن به دادپه‌روه‌ری جیۆگرافی و بنیاتنانی شێوه‌یه‌كی تر له پێوه‌ندی نێوان په‌رله‌مان و هاووڵاتی.
به كورتی، یاساكه ئامانجی ئه‌وه‌بوو هه‌ر ناوچه‌یه‌كی جیۆگرافیی بچو‌وكیش، نوێنه‌رێكی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی خواسته‌كان له بچووكترین خاڵی جیۆگرافییه‌وه بگوازێته‌وه بۆ په‌رله‌مان و له‌وێشه‌وه وه‌ریگێڕن بۆ زمانی یاسا و حوكمڕانی و نوێنه‌رایه‌تی. به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م ستراتیجهیش نه‌یتوانیبێ خه‌می خه‌ڵك و ده‌نگده‌ر و كرده‌ی نوێنه‌رایه‌تی له عێراقدا باشتر بكات و په‌ره‌ی پێ بدات، دواجار ئه‌م وێنه و جووڵانه‌ی لێ به‌رهه‌م هات كه رۆژانه ده‌یبینین له‌لایه‌ن خۆپێشانده‌ر و ناڕازییه‌كانه‌وه.
كێشه‌ی له پهرلهمانخستن و كاڵبوونه‌وه‌ی مانا و ئه‌ركه‌كانی، قه‌یرانی گه‌وره له به‌رده‌م سیستمی سیاسی دروست ده‌كات و رووبه‌ڕووی چه‌قبه‌ستوویی و له‌رزۆكی و زۆر نه‌خۆشی تری سیاسی و ئاسایشی ده‌كاته‌وه. ناكارابوونی په‌رله‌مان سه‌ره‌تایه‌كه بۆ بێ ئومێدبوون له سیاسه‌ت و حوكمڕانی و هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان له ئێسته و داهاتوودا.
سێیه‌م/ عێراق، ئه‌و وڵاته‌ی وڵاتانی تر ئاراسته‌ی ده‌كه‌ن
له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و گه‌شه‌پێداندا كۆمه‌ڵێك جۆری ده‌وڵه‌ت هه‌ن، ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌ران، ده‌وڵه‌تی پیشه‌سازی و گه‌شه‌سه‌ندوو و ده‌وڵه‌تی داوه‌شاو و دواكه‌وتوو و زۆر جۆری تر. عێراق تا ئێسته به‌پێی پێوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی رێكخراو و دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ده‌وڵه‌تێكی داوه‌شاو و شكستخواردووه. ئه‌م داوه‌شانه پێوه‌ندی به چه‌ندان فاكته‌ری ناوخۆیی، هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هه‌یه، به‌ڵام له هه‌موویان گرنگتر و كاریگه‌رتر، بابه‌تی ئاراسته‌كردن و به‌كارهێنان و كارپێكردنی عێراقه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی تره‌وه، به تایبه‌ت وڵاتانی هه‌رێمی و دراوسێ.
تا ئێسته هیچ پڕۆژه‌یه‌كی سیاسیی خۆماڵی و ناوه‌كی نییه، سیاسه‌ت و حوكمڕانی و پێوه‌ندییه‌كان و كایه‌ی دیپلۆماسی له ناوخۆی عێراقدا بجووڵێنێت و ئاراسته بكات، ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت و ئه‌نجام ده‌درێت، له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت و ده‌كرێ به سیاسه‌ت و ئاراسته ده‌كرێت و كاری پێ ده‌كرێت، كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی به‌هه‌موو تایبه‌تمه‌ندی و سیماكانیهوه پێ به‌ڕێوه ده‌برێت. ئه‌م شێوه له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت ده‌كات به شكستخواردوو و كوشتنی ده‌زگاكان، به‌تایبه‌ت دامه‌زراوه‌ی نوێنه‌رایه‌تی و په‌رله‌مان و دواتریش ده‌یگۆڕێت بۆ نامۆبوونی تاك و هاووڵاتی به سیستمه سیاسییه‌كه‌یان، له كۆتاشدا كرده‌ی توندوتیژی و گوشار بۆ سه‌ر دامه‌زراوه سیاسییه‌كان له‌ڕێی خۆپێشاندان و شه‌قام و ئامرازی تر.
دۆخی ئێسته‌ی عێراق به‌ته‌واوی گوزارشت له نامۆبوون و په‌راوێزخستنی بڕێكی یه‌كجار زۆری كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ده‌كات، كه به‌ته‌واوی دابڕێنراون له مافه سه‌ره‌تایی و خه‌ون و پڕۆژه‌كانیان و هاووڵاتی و ده‌سته‌بژێری سیاسی، كه‌وتوونه‌ته دوو دوورگه‌ی ته‌واو جیاواز و له‌یه‌كتر دوور، كه ده‌نگی كه‌سیان به ئه‌وی تریان ناگات.