یه‌كه‌م/
كۆماری توركیا و كۆماری عێراقی فیدراڵ، له‌ناو سیستمی هه‌رێمی ناوچه‌كه‌دا به چه‌ندان تایبه‌تمه‌ندی و ئه‌دگاری سیاسی و جیۆسیاسی و جیۆپۆڵه‌تیكی ده‌ناسرێنه‌وه. توركیا وه‌ك پرد و ناوه‌ندێك ده‌رده‌كه‌وێت بۆ گرێدان و به‌ستنه‌وه‌ی هه‌رسێ كیشوه‌ری ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌وروپا. چه‌ندان ساڵ له ناوچه‌كه‌دا ئیمپراتۆر بووه و سنوورێكی فره‌وانی حوكمڕانی لای خۆی گلدابووه‌وه، چه‌ندان نه‌ته‌وه و ئاین و ناوچه‌ی جیۆگرافیی جیاوازی به‌ڕێوه بردووه.
دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان، ئیمپراتۆری عوسمانی ده‌ڕووخێت و توركیای هاوچه‌رخ و ئه‌مڕۆ لێ له دایك ده‌بێت. ئه‌و وڵاته له دوێنێ و ئێسته‌یشدا، یاریكه‌رێكی سه‌ره‌كی ناوچه‌كه و خاوه‌ن بڕیار و یه‌كلاكه‌ره‌وه بووه، له زۆر دۆسیه و كێشه و گرفتی ناوچه‌كه‌دا.
عێراق، پێشتر به‌شێك بووه له ده‌وڵه‌تی عوسمانی، به‌ڵام دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان و دابه‌شكردنی میراتی عوسمانییه‌كان، عێراقیش به پێكهاته و سیمای سیاسی ئێسته‌وه له دایك بوو.
عێراق و توركیا وه‌ك دوو ئه‌كته‌ری بنه‌ڕه‌تی له‌ناو سیستمی هه‌رێمیدا چه‌ندان كارلێك و كاریگه‌ریی سیاسی و ناسیاسی به‌یه‌كه‌وه‌یان ده‌به‌ستێ. له‌ڕووی جیۆسیاسی و جیۆپۆڵه‌تیكه‌وه هه‌ردوو ئه‌كته‌ر و ده‌وڵه‌ت له داڕشتنی سیاسه‌ت و ستراتیجدا، ره‌چاوی یه‌كتر ده‌كه‌ن و له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا رووبه‌ڕووی گرفت و كێشه ده‌بنه‌وه.
عێراق بۆ توركیا وه‌ك بازاڕ و ئاسایش و هه‌ندێك جاریش یه‌كه‌یه‌كی جیۆپۆڵه‌تیكی مێژوویی ده‌بینرێت به تایبه‌ت به‌هۆی توركمان و سوننه‌كانه‌وه. توركیاش بۆ عێراق وه‌ك گه‌یشتن به ده‌ریا و بازاڕی ساغكردنه‌وه‌ی نه‌وت و گه‌یشتن به بازاڕی وزه و نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهانی ده‌بینرێت، رۆڵی پرد ده‌بینێت و ده‌توانێ عێراق بگه‌یه‌نێت به ده‌ریا و بازاڕ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی عێراق به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر پشت به كاڵا و خوارده‌مه‌نی و له هه‌مووی گرنگتر ئاوی توركیا ده‌به‌ستێت، ئاو بۆ عێراقییه‌كان گرنگترین داواكارییه له توركیا كه هه‌میشه له‌سه‌ر مێزی دیپلۆماسی داوای ده‌كه‌ن و گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌كه‌ن.
دووه‌م/
بڕیاره ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژاردنی گشتی له توركیا به‌ڕێوه بچێت، ئه‌م پرۆسه‌یه له چه‌ندان لایه‌ن و ره‌هه‌نده‌وه گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه، ده‌ره‌نجامه‌كانی نه‌خشه‌ی سیاسیی توركیا، سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه و پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌نكه‌ره به دنیا و هێزه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه ده‌گۆڕێت و ده‌ستكاری ده‌كات، ده‌كرێت بڵێین سه‌ره‌تایه‌كی تازه له مێژوو و ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی توركیادا دێنێته كایه‌وه.
توركیا له‌ڕووی سیاسییه‌وه له ناوخۆی خۆیدا به‌سه‌ر دوو به‌ره و بلۆكدا دابه‌ش بووه، به‌ره‌یه‌ك له ژێر ناوی "هاوپه‌یمانی میله‌ت" كه ده‌یه‌وێت به جۆرێكی تر و جیاواز له سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی توركیا وڵاته‌كه دابڕێژێته‌وه و پێوه‌ندییه‌كانی ئاراسته بكات. به‌ره‌كه‌ی تر به‌ناوی "هاوپه‌یمانی كۆمار" كه ئاكپارتی و ئه‌ردۆغان رۆڵی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی تێدا ده‌بینن، ده‌یه‌وێت به‌رگری له ستاتۆ و دۆخی ئێسته‌ی توركیا و سیاسه‌ت و پڕۆژه‌كانی بكات.
وا دیاره هه‌ردوو به‌ره له‌ڕووی قورسایی جه‌ماوه‌ری و ده‌نگ و پاڵپشتی كۆمه‌ڵگه‌یی و شه‌قام و جه‌ماوه‌ره‌وه، له یه‌كتر نزیكن و له ڕكابه‌ری و كێبه‌ركێیه‌كی سه‌ختدان. خه‌ونی سه‌ره‌كی هاوپه‌یمانی میله‌ت گۆڕینی سیستمی سیاسی و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سیستمی په‌رله‌مانی، له‌ڕووی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یش، ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانه له‌گه‌ڵ بلۆكی خۆرئاوا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و دووباره له دهرگادانهوهی ئه‌وروپا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ڕووی پێوه‌ندییه هه‌رێمییه‌كانه‌وه گۆڕانی تر دێته كایه‌وه، به‌تایبه‌ت له به‌رانبه‌ر ئه‌كته‌ره‌كانی وه‌ك عێراق و سووریا و قه‌وقاز.
له‌م هه‌ڵبژاردنه هه‌ر هێزێك بباته‌وه، سه‌ره‌تایه‌كی تازه ده‌بێت بۆ پێوه‌ندی نێوان توركیا و عێراق .
سێیه‌م/ ئاو و جیۆپۆڵه‌تیك له نێوان عێراق و توركیادا
عێراق و توركیا له دوای دامه‌زراندنیانه‌وه وه‌ك ده‌وڵه‌ت و ده‌زگا، چه‌ندان كێشه و گرفتیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌بووه، سه‌ره‌تا كێشه‌ی ویلایه‌تی مووسڵ، دواتر كێشه‌ی سنوور و توركمانه‌كان و ... هتد، به‌گوێره‌ی قۆناغ و رژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی ناو عێراق و توركیا، سروشتی كێشه‌كانیشیان گۆڕانی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه و ئاراسته‌ی جیاواز و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیشی وه‌رگرتووه.
له دوای ساڵانی نه‌وه‌ته‌كانه‌وه، كێشه‌ی ئاو زیاتر گه‌شه‌ی كرد و ساڵانی هه‌شتای سه‌ده‌ی رابردوویش، كێشه‌ی سنوور یه‌كێك بوو له كێشه گه‌رمه‌كان و هه‌ردوو وڵات ته‌نانه‌ت رێككه‌وتننامه‌یان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته واژوو كردووه، بۆ پاراستنی سنوور و ئاسایشی خۆیان.
ئه‌گه‌رچی كێشه‌ی ئاو ئێسته كێشه‌ی زاڵ و ژماره یه‌كی نێوان هه‌ردوو وڵاته، به‌تایبه‌ت توركیا هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات ئاو وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی جیۆپۆڵه‌تیكی به‌كار بێنێت و وه‌ك كارتی گوشار له به‌رانبه‌ر عێراق و دانیشتووانه‌كه‌یدا به‌رزی بكاته‌وه.
پڕۆژه‌ی گاپ كه به پڕۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ئه‌نادۆڵیش ناو ده‌برێت، پێكهاتووه له زنجیره به‌نداوێك له‌سه‌ر هه‌ردوو رووباری دیجله و فورات و ساڵانه بڕه ئاوێكی یه‌كجار زۆر گل ده‌ده‌نه‌وه. وا دیاره توركیا ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی كردووه به گه‌وره‌ترین گوشار بۆ سه‌ر عێراق و سووریا، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر زاڵ و كاریگه‌ر بێت و بگات به ئامانجه‌كانی خۆی و خه‌ونه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی له ڕێیه‌وه به‌دی بێنێت.
ئه‌م شێوه پێوه‌ندییه له نێوان عێراق و توركیادا، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هێز و گڕوتین و وزه له‌و هێزه سیاسییانه وه‌رده‌گرێت كه له ناوخۆی توركیادا گوتاری ده‌وڵه‌تی به‌هێزی توركیا و ناسیۆنالیزمی توركی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه و هه‌وڵ بۆ به‌هێزكردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ده‌ده‌ن.
سروشتی ئه‌و پێوه‌ندییانه به‌گوێره‌ی سیستمی هه‌رێمی و رووداوه ناوخۆییه‌كانی نێوان عێراق و توركیا، گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و دواتریش مامه‌ڵه و ره‌فتار و سیاسهتهكانیش رووبه‌ڕووی ده‌ستكاری ده‌بنه‌وه.