یه‌كه‌م/ بودجه وه‌ك رووداوێكی گرنگ
بودجه له بنه‌ڕه‌تدا پرۆسه‌یه‌كی سیاسییه دواتر یاسایی، دارایی و زانستی. سیاسی به‌و مانایه‌ی ناوه‌ڕۆكی بودجه و بڕگه و ماده و شێوازی دابه‌شكردن و نه‌خشه بۆ كێشان و ته‌نانه‌ت ره‌زامه‌ندیدان له‌سه‌ری له په‌رله‌مان، گوزارشتێكی زۆر له دۆخی سیاسی و ململانێی نێوان هێز و ئایدۆلۆجیا و گڕووپه جیاوازه‌كانی ناو ده‌وڵه‌ت ده‌كات. به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك فره نه‌ته‌وه و كولتوور و ئاین و ئاینزا بێت و شێوه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ش فیدراڵی بێت، واته سه‌ربه‌خۆیی ناوچه‌یی و هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند هه‌بێت و سامانی سروشتی و چه‌ندان جۆری تری داهات ئاماده‌یی هه‌بێت له‌ناو ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا.
بودجه‌ی سێ ساڵی عێراق له په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه و هێشتا گفتوگۆ و مشتومڕی له‌سه‌ره و هێشتا په‌سند نه‌كراوه. داڕشتن و په‌سه‌ندكردنی بودجه بۆ لایه‌نه‌كان زۆر مانا و كاریگه‌ریی ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و هێزانه‌ی كه وه‌ك ده‌وڵه‌تی قووڵ و سێبه‌ر له‌ناو سیستمه سیاسییه‌كه‌دا، ده‌یانه‌وێ به‌ڕێی جیاواز خۆیان به‌رهه‌م بهێننه‌وه و دووباره له‌ناو سیستمی سیاسی‌دا، هه‌ژموون و رۆڵ و پێگه‌ی خۆیان پته‌وتر و جێگیرتر بكه‌ن. هه‌وڵی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌وه ده‌درێت بودجه ببێت به وه‌ڵامده‌ره‌وه و ره‌نگدانه‌وه‌ی خواستی چه‌ندان هێز، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ره‌قن و ده‌یانه‌وێت شوێن پێ و كاریگه‌ری و باڵاییان له زۆر ناوچه و رووبه‌ر و دامه‌زراوه‌ی سیاسی و یاساییدا هه‌بێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ره‌هه‌نده سیاسییه‌ی بودجه، وا دیاره خاڵی گرنگی ناو بودجه دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ی داهاته به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌تایبه‌تیش رێككه‌وتنی نێوان ده‌وڵه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه بودجه ده‌توانێ زه‌وینه‌سازی و رێخۆشكه‌ر بێت له داڕشتنه‌وه‌ی پێوه‌ندی و كارلێكی نێوان هه‌ردوو ئه‌كته‌ر. بودجه وه‌ك رووداوێكی سیاسی و دارایی، ده‌توانێ كۆكه‌ره‌وه و گرێده‌ر بێت ئه‌گه‌ر شێوازی دانان و به‌ڕێوه‌بردنی زانستی و دادپه‌روه‌رانه بێت.
دووه‌م/ مۆزه‌خانه‌ی مووسڵ و یاده‌وه‌ری سوننه‌كان
مۆزه‌خانه له‌ناو ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌دا به یاده‌وه‌رییه‌كی یه‌كجار هه‌ستیار و كۆكه‌ره‌وه داده‌نرێت بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه و جڤاته‌كه. مۆزه‌خانه كۆكه‌ره‌وه‌یه و یه‌كێكه له‌و ئامرازانه‌ی كه ده‌توانێ به‌ئاسانی خه‌ڵك و نه‌ته‌وه یان ئاین و ئاینزاكان به‌ده‌وه‌ری خۆیدا كۆ بكاته‌وه. بایه‌خی مۆزه‌خانه بۆ ناوچه یان شوێن و جیۆگرافیایه‌ك، زۆر زیاتر و گه‌وره‌تر ده‌بێت كاتێك ئه‌و ناوچه و جیۆگرافیایه، قووڵایی مێژوویی و ژیاری هه‌یه و مه‌ڵبه‌ندی شارستانییه‌ت و ژیان و داهێنان و یاسا و چه‌ندان رووداوی مێژوویی گه‌وره‌یه.
عێراق پێشتر وه‌ك وڵاتی نێوان دوو رووبار ده‌ناسرا و نمایش ده‌كرا، له‌ناویشیدا مووسڵ رۆڵێكی گرنگ و ته‌وه‌ری هه‌بوو له‌و رابردوو و مێژووه‌وه و زۆرینه‌ی شوێنه‌واره‌كانی سه‌ربه سه‌رده‌می بابلی و ئاشووری و سۆمه‌رییه‌كان بووه، شوێنه‌واره‌كان یه‌كجار به‌نرخ و به‌هادار بوونه و گوزارشتێكی یه‌كجار قووڵیان له دۆخ و مێژووی شارستانیی مووسڵ و ناوچه‌كه و عێراقدا كردووه. له دوای هاتنی داعش بۆ عێراق و مووسڵ، یه‌كێك له‌و بوار و پانتاییانه‌ی كه داگیر ده‌كرێت و وێران ده‌كرێت، مۆزه‌خانه و یادوه‌ری و رابردوو و شارستانیی ئه‌و ناوچه و جڤاته‌یه و شوێنه‌واری ناو مۆزه‌خانه‌كه، زۆرینه‌ی ده‌شكێنرێن و به‌تاڵان ده‌برێن و بازرگانییان پێوه ده‌كرێت، مۆزه‌خانه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ك ناوه‌ندێكی فه‌رهه‌نگی و شارستانی، ده‌كرێت به ناوه‌ندێكی وێران و بێ شوێنه‌وار و نامۆ.
دوای ئازادكردنی پارێزگای مووسڵ، ئێسته هه‌وڵ ده‌درێت كه‌مێك مۆزه‌خانه‌كه دووباره بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ باری ئاسایی خۆی و نۆژه‌ن بكرێته‌وه به‌هاوكاری فڕه‌نسییه‌كان و مۆزه‌خانه‌ی لۆڤه‌ر له فڕه‌نسا. دیاره ئه‌م هه‌وڵه به‌شێكه له پرۆسه‌ی بنیاتنانی ئاشتی و دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی ناسنامه و یاده‌وه‌ریی خه‌ڵكی شاره‌كه و دووباره به‌یه‌كتر گرێدانه‌وه‌یان. مۆزه‌خانه رووداوێكی گرنگه بۆ عێراقییه‌كان، ئه‌گه‌ر ده‌سته‌بژێری سیاسیی عێراقی هاوكاربن بۆ زیندووهێشتنه‌وه‌ی ئه‌و یاده‌وه‌رییه.
سێیم/ عێراق له ئاستی ده‌ره‌وه
ماوه‌یه‌كه عێراق له ئاستی ده‌ره‌وه و دیپلۆماسیی هه‌رێمیدا، جووڵه‌یه‌ك ده‌كات و ده‌یه‌وێ چیتر چه‌قبه‌ستوو و بێ رۆڵ و ته‌ماشاكه‌ر نه‌بێت له‌ناو سیستمه هه‌رێمییه‌كه‌دا، به‌ڵام سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له زۆربه‌ی حاڵه‌تدا ره‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ناوخۆ و كارنامه و ئه‌جێندای سیاسی ناوخۆیه، دۆخ و سیستمی سیاسی ناوخۆی وڵاته‌كه ره‌نگڕێژی زۆر پرس و بابه‌ت ده‌كات له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا. عێراق بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ جڤاتی نێوده‌وڵه‌تی و كاریگه‌ری و كارایی و قورسایی هه‌بێت، ده‌بێت له ناوخۆی خۆیدا به‌سه‌ر زۆر گرفت و دۆخدا زاڵ بێت و تێ‌یان په‌ڕێنێت، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه، پرسی به دامه‌زراوه‌یبوون و كردنی عێراق به نیشتمانێك بۆ هه‌مووان، دواتریش گۆڕینی عێراق بۆ وڵاتێكی ته‌واو دیموكراسی و رێزگرتنی ته‌واو له مافه‌كانی مرۆڤ، به‌رزكردنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی حوكمڕانی باش و گه‌شه‌دان به چه‌مكی هاووڵاتی، زاڵبوون و بنه‌بڕكردنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی و گه‌شه‌دان و بره‌ودان به پرۆسه‌ی به‌دیموكراتیكردنی كۆمه‌ڵگه، فراوانكردنی بازنه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و زۆر لایه‌نی تری ناو كرده‌ی حوكمڕانی و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه.
وادیاره عێراقی نوێ هێشتا له قۆناغی سه‌ره‌تادایه و له ماوه‌ی ٢٠ ساڵی رابردوودا، نه‌یتوانیوه خۆی له هه‌موو ده‌رد و نه‌خۆشییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌رباز بكات. عێراق به‌و هه‌موو نه‌خۆشییه‌وه، ناتوانێ سه‌رنجی جڤاتی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا رابكێشێت، ئه‌گه‌رچی لووتكه و كۆبوونه‌وه هه‌رێمییه‌كانیش له عێراق بن و بیكه‌ن به گۆڕه‌پان و ترافیكی دیپلۆماسیی ناوچه‌كه.