ناسنامەی دەسەڵاتە تازەكەی سووریا

AM:10:18:09/01/2025 ‌
یەكەم/ لە جیهادیزمەوە بۆ مۆدێلی ناسیۆنالیزمی ئاینی
لە دوای گۆڕانە لەناكاو و دینامیكییەكانی سووریا و هاتنی دەستەی تەحریری شام و ئەحمەد شەرعی ئێستە و ئەبو محەمەد جۆڵانیی پێشتر، یەكێك لە گۆڕانە ناوەكی و ریشەییەكان، بابەتی گۆڕانی ناسنامەی دەسەڵات و گۆڕانە لە بیركردنەوە و پڕۆژەی سیاسیی ئەو هێزە لە سووریادا. ریشەی تەحریری شام و ئەحمەد شەرع دەگەڕێتەوە بۆ رێكخراوی قاعیدە، دواتریش داعش و بەرەی نوسرە وەك هێزێكی تیرۆریستی، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەك لەو هێزانە بەشێوەیەكی رێژەیی ناسنامەیەكی ئاینیی جیاوازیان هەبووە لەبارەی هەندێك پرس و تەوەردا. 

ئەحمەد شەرع ئەمڕۆ فەرماندەی هێزەكانی ئۆپراسیۆنی سووریای دوای ئەسەدە، رۆژانە لەگەڵ دیپلۆماتە ئەوروپییە جیاوازەكان خەریكی گفتوگۆ و پێشوازیكردن لە میوان و راگۆڕینەوە و پەیامگەیاندن و پەیام وەرگرتنە. ئەم گۆڕان و وەرچەرخانە لە هێزێكی ئیسلامی رادیكاڵی جیهادییەوە بۆ هێزێكی سووری رەگ ئیسلام، پاڵنەر و ئاماژە و مانای تایبەتی خۆی هەیە، بەلایەنی كەمەوە لە پڕۆسە و تێكەولێكەیەكی پێشوەختە و بیرلێكراوە و پڕۆژەیەكی ئامادەكراو دەچێت، بەتایبەت كاتێك بەخێراییەكی زۆر و دراماتیكی، ئەحمەد شەرع دەبێت بە پیاوی دەوڵەت و چاكەت و پانتۆڵ و بۆینباغی خۆرئاوایی لەبەر دەكات و دەپۆشێت، رۆژانە لە كۆشكێكی فەرمی و دەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ گرووپی دیپلۆماسیی جیاواز و وڵاتی جیاواز و میدیا و ئەكتەری دەوڵەتی و نادەوڵەتی جیاوازدا دەكات. میدیاكانیش تا ئێستە بەردەوام چاویان لەسەر جووڵە و رەفتار و هەڵسوكەوت و گوتارەكانی ئەحمەد شەرعە و هەر جووڵەیەكی راڤە و مانا و لێكدانەوەی تایبەت بەخۆی هەیە. هەموو ئەو ترافیكە دیپلۆماسییە، گوزارشت لە دۆخێك دەكەن كە سووریا وەك كۆمەڵگە و هێز و دەسەڵات و حوكمڕانی، لە قۆناغێكی نوێدایە و ناگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێشووی. 

دووەم/ وەرچەرخانی دیموكراسی لە سووریا 
هەموو سیستمێكی سیاسی كاتێك رووبەڕووی وەرچەرخانی دیموكراسی Democratic  Transformation دەبێتەوە، بنیاتی كۆمەڵگە و دەستەبژێری سیاسی و كولتووری سیاسی و سیستمی بەهاكانیش گۆڕانی بەسەردا دێت. وەرچەرخانی دیموكراسی واتە چۆن سیستمی سیاسی و كۆمەڵگە و نۆرمە سیاسییەكان، لە سیستمێكی دیكتاتۆری بەهەموو فۆرمەكانیەوە (تۆتالیتاری و دەسەڵاتخوازی)، دەگوازرێتەوە بۆ سیستمێكی دیموكراسی، بەجۆرێك مافەكانی مرۆڤ تێیدا سەنتەر و ناوەند و چەق بێت و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات، ببێت بە كولتووری سیاسی لەناو كۆمەڵگە و لە ڕێگەی هەڵبژاردن و دەنگدانی ئازادەوە، كۆمەڵگە چینی دەستەبژێر دابڕێژێتەوە بەشێوەی خولی. هەموو ئەو تایبەتمەندییانە ئەلف و بێ و سەرەتایەكی هەرە سادەی ژیانی دیموكراسی و قۆناغی وەرچەرخانی دیموكراسییە. 

سووریا ئێستە لە قۆناغی سەرەتای سەرەتاكانە و لە قۆناغی سیستمێكی شمولی و پۆلیسی دەرچووە، بەڵام هێشتا نەچووەتە ناو سیستمێكی دیموكراسیشەوە و هێشتا هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ بینین و پشكنینی هیچ هێمایەكی دیموكراسی لەلایەن سیستمە تازەكەی ئەحمەد شەرعەوە. ئەوەی هەیە زیاتر دەرچوون و جێهێشتنی سیستمێكی دیكتاتۆرییە كە زیاتر لە 50 ساڵ لە ڕێگەی ئاگر و ئاسنەوە كۆمەڵگەی سووری بە سەرجەم پێكهاتەكانەوە، مینڕێژ و پەرژین و داگیر كرد و دەرگای دنیای دیموكراسی بەسەردا داخستن. ئەوەی دەبینرێت و روو دەدات قۆناغی راگوزەرییە، بەڵام هێشتا هیچ دڵنیاییەك نییە قۆناغی راگوزەری دەگات بە قۆناغی سەقامگیری و دیموكراتی، یان بەپێچەوانەوە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغە دیكتاتۆرییەكەی سەردەمی ئەسەد، بەڵام بە رەنگ و تام و ناونیشانی ئەحمەد شەرع و تەحریری شامەوە. 

سێیەم/ تەوقە وەك كولتووری سیاسی و ئاماژە 
یەكێك لە رۆژەڤەكانی ئەمڕۆی میدیای جیهانی و رای گشتیی ناوچەكە، پرسی تەوقەنەكردنی ئەحمەد شەرعە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هاوكات ئەو سووكە تەوقەیەی لە نێوان ئەحمەد شەرع خۆی و وەزیری دەرەوەی فڕەنسا رووی دا. بەشێوەیەكی بنەڕەتی تەوقە ئەگەرچی رەهەندێكی كولتووری و فەرهەنگی قووڵی هەیە وەك ئامرازێكی پێوەندیكردن و گەیاندن و بەیەكەوەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە دنیای سیاسەت و دیپلۆماسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، تەوقە بووە بە بەشێك لە ئەتەكێتی دیپلۆماسی و تێكەڵ بە پرسی پرۆتۆكۆل و كۆدە دیپلۆماسییەكان بووە. 

تەوقە دەكرێت وەك بەشێك لە ناسنامەی دەسەڵات و سیاسەت و حوكمڕانیی سووریای نوێ و سەردەمی ئەحمەد شەرع مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئەگەرچی ناوبراو لە چاوپێكەوتنەكانیدا ئاماژەی بەوە كردووە، سووریای نوێ نابێت بە ئەفغانستانی ئێستەی تاڵیبان، بەڵام وا دەریش ناكەوێت ببێت بە وڵاتێكی دیموكراسی و لیبراڵیی بنیاتنراو لەسەر فەلسەفەی تاكگەرایی و ئازادییەكان و مافەكانی ئافرەتان و كەمینەكان و مافەكانی مرۆڤ بەشێوەیەكی گشتی.

 ئەگەرچی هێشتا زووە بۆ ئاشكراكردن و بڕیاردان لەسەر هەموو رەهەندەكانی ناسنامەی دەسەڵات و هێزی ئەحمەد شەرع، بەڵام ژینگە و ئاماژە سەرەتاییەكان بەخێرایی ئەوەمان پێ دەڵێن، دەسەڵاتی تازەی سووریا توانایەكی یەكجار گەورەی بەرهەمهێنانی زەبروزەنگی سیمبولی و فیزیكیی هەیە، دەتوانێت بە ئاسانی دووبارە بگەڕێتەوە سەر ناوك و ناسنامە راستەقینەكەی خۆی كە توندوتیژی و فۆرمە جیاوازەكانی زەبروزەنگە، بەدیاریكراویش كاتێك دەسەڵات و دیپلۆماسی و جیۆپۆلەتیك و چەكی فیزیكی لە خزمەت ئەو دەسەڵاتە تازە و شێوە حوكمڕانییەی سووریادایە. بەكورتی؛ تەوقەكردن دەكرێت پێوانە و پێودانگی سیمبولی بنەمای هێز و دەسەڵات و فەرمانڕەوایی و شێوەی رێكخستنی كۆمەڵگە و پێوەندییەكان بێت لە سووریای سەردەمی ئەحمەد شەرعدا.