بەرەیەكی تری كوردستانی دەرمانە بۆ ئێستە و داهاتوو

گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی عێراق و دەوروبەرمان، ئاماژەی روون و ئاشكران بە گۆڕینی زۆر لە نەخشە دەستكردەكان و رژێمە داگیركەرەكانی دوێنی، كە باوەڕیان بە بوون و دۆزی كورد نەبووە، بەڵام ئەمڕۆ بە چاوی خۆیان كوردستانێكی بەهێز نەك لە ڕووی چەك و تەكنەلۆجیای سەربازییەوە، بەڵكو بە هێزی نەرمی سیاسی و دیپلۆماسی دەبینن، ئەوە وایكردووە گشت كارتەكانیان لەسەر ئاستی دەرەكی و ناوخۆیی بەكار بێنن بۆ ڕاگرتنی كاروانی كوردستانی بەهێز و دۆزی نەتەوەیی كورد، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە بەرەیەكی كوردستانیی تر و نەتەوەیی، سەرەڕای بوونی هەموو ڕێگری و ئاستەنگە گەورەكان و ناكۆكیش، لە ناوخۆ دروست بكرێت .

بۆ ئەم قۆناغە، گرنگە ئەرك و بەرپرسیارێتی ئەو بەرە نەتەوەیی و كوردستانییە لەسەر بنەما سەرەكییەكانی وەك بەرژەوەندی باڵای كورد و كوردستان بێ‌، نەخشەڕێی خۆی لەو روانگەیەوە دیاری بكات كە كوردستان خاڵی بەیەكەوەبەستنی بێت و گەشەپێدانی ئامانجی هاوبەشیان بێ. ئەم بەرە كوردستانییە دەكرێ پێڕەوێكی هەبێت كە خۆی لە دروستكردنی هەموو كێشەیەكی لاوەكی حزبی و بەرژەوەندی تایبەتی بە دوور بگرێت و هێڵە گشتییەكانی نەتەوەیی بن و بەردەوام پتەو بكرێن، هەر ئەوەیش بكەن بە ستراتیجی كاركردن لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە یان هەر چوار بەشی لەتكراویی كوردستان، بەتایبەت هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ خاوەن قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری متمانەپێكراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، خاڵی سەرەكییان بێ.

هەروەها پێگەی هەرێم كە لەسەر ئاستی دەستوور، ددانی پێدا نراوە و سەنگی خۆی هەیە لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەوە، بقۆزنەوە بۆ كاركردنێكی فرەوان بۆ دۆزی كورد، واتە خواستی نەتەوەیی بەرز بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دیدەی دوژمنان لە گۆڕ بنرێ كە پێیان وایە ئەمەشی هەمانە زیادە لە كورد، ئەوكات دەتوانین قسە لەسەر پارچەكانی تریش بكەین و ئێرە هێڵی جێگیرمان بێت، چونكە هەولێر رۆژ بە رۆژ زیاتر گەشە دەكات و هەر ئەوەیشە وایكردووە نەیارانی ناوخۆ و دەرەكی، بیانەوێ لە بایەخی ئەو سەنگە كەم بكەنەوە.

دەبێ بە وردبینی و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی دەوروبەرمان بكەین، بەتایبەت مامەڵەكردنمان لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهانی كە بە درێژایی مێژوو بەهۆی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیانەوە، ڕەچاوەی نەتەوەیەكی ڕەسەنی وەك كوردیان نەكردووە و خواستەكانیان پشتگوێ‌ خستووە، دەبێت ددان بەوەدا بنێین بەشێك لەم كارەساتە، دەكەوێتە ئەستۆی خۆیشمان وەك كورد، چونكە لە مێژووەوە فێر دەبین كە بەردەوام لەكاتی هەستیار و یەكلاكەرەوەدا كورد ناكۆك بووە، ئێستە كە پێوەندیی بەرچاو و باشمان لەگەڵ ئەمەریكا، بەریتانیا و فڕەنسا هەیە، تاكە شوێنی ئارام بۆ ئەوان تەنیا باوەشی كوردەكانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، راستی بڵێم زۆرجاریش لە هەستیاریی بارودۆخەكان ئاگەداریان كردووینەتەوە، ئیتر هەقە بەدەم خواستەكانی خەڵكی نیشتمانپەروەر و دۆستەكانەوە بچین و بەرەیەكی كوردستانی بەهێز دروست بكەین، تەنیا حكوومەتی هەرێمیش رووی پێوەندییەكانی دەرەوەی كوردستان بێت، بۆ ئەوەی هەنگاوی پرۆفیشناڵ بنێین.

بەهێزیی كوردستان و گرتنەبەری پێوەندیی دیپلۆماسی و سیاسەتی كراوە، نەك هەر دەستكەوت و شوناسی نەتەوییمان دەپارێزێت، بەڵكو ڕێیەكی تر بەرەو چەسپاندن و بەدەستهێنانی مافە رەواكانمان دەكاتەوە، بە مانایەكی تر، میلەتی تەبا و كۆك لەسەر خواستەكانی، دەتوانێ خۆی بسەپێنێت و هەموو دنیایش پشتگیری دەكات. ئەمەیشمان بە روونی لە ئۆكراینا بینی.

ئەوەتا تا ئێستەیش لەم دنیای پێشكەوتنەدا، بەشەكانی تری كوردستان دەبینین مافی زمان و دەربڕینەكانیشیان یەكسان كراوە بە گرتن و كوشتن و سێدارە، ستەم لەسەر كورد هەموو پێوەرەكانی بەزاندووە و تا ئێستەیش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانییەكی بەهێزی لە نەتەوەی كورد بۆ چارەسەری ئەو كێشە ریشەییانە نەكردووە، باشە مرۆڤ بیر دەكاتەوە گەلێك ئەوەندە دۆزەكەی رەوا بێت، چۆن دەكرێ كێشەی ناوخۆیی هەبێت؟ .

من لەوە تێدەگەم كە هیچ دوژمنێك نایەوێ كورد تەبا بێت و بەشێوەیەكی جوان خۆی پێشكەشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات و بۆ ئەوەیش جۆرەها هەوڵ و دەستوەردان دەكەن، بەڵام خۆ دەبێت خۆیشمان لەوە تێبگەین كە پێچەوانەكەی گەشەمان پێ دەدات و بە رووی دنیادا دەمانكاتەوە و زیاتر دەمانگەیەنێتە كەناری ئارام. بە كورتی هەرچی دوژمنەكەت پێی قەڵس بوو، تۆ رژدبە لەسەری، بەرگری لێ بكە و تۆكمەتری بكە، بە دڵنیایی دەگەیت بە كەناری ئارام.