مەسروور بارزانی و میدیا بۆشاییەكان پڕ دەكەنەوە

دیدار و گفتۆگۆی سێ‌ سەعات و نیوی و ڕاشكاوانەی مەسروور بارزانی لەگەڵ  میدیا دیارەكانی كوردستان، ئاماژە و پەیامێكی روون و گرنگ بوو بۆ قۆناغێكی هەستیار كە كوردستان، عێراقیدا و ناوچەكە پێیدا گوزەر دەكەن، بە تایبەت وەڵامدانەوەی خاڵ بەخاڵی میدیاكارەكان بە دڵسۆزی و خاكەڕایانە لەبارەی سێ‌ ساڵ تەمەنی كابینەكەی و دەستبەكاربوونی و هەموو ئەو كۆسپ و ئاستەنگانەی هاتنە پێشەوە و  وروژاندنی  پرسی گرنگ و روونكردنەوەی پێوست و تێروتەسەل، وەڵامی هەموو ئەو گومان و پرسیارانە بوون كە لەماوەی رابردوو زۆر لە میدیاكان بە مەبەست یان بێ زانیاریی، پەلاماری سەرۆكی حكوومەت و هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمیان دەدا.

ئەوەی جێبەجێ كراوە لە كوردستان لە بواری ئازادیدا و ئەوەیشی لە داهاتوو جێبەجێ دەكرێت، مایەی گەشبینییە، فرەوانكردنی مەوداكانی دیموكراسی و گەشانەوەی هەرێمەكەیە، ئەو گومانانەیش رەوینەوە كە گوایە سەرۆك وەزیران دیدێكی ئەمنی بۆ راگەیاندن هەیە، وانەبوو، بگرە هەستمان كرد لەگەڵ كراوەترین سیاسیی رووبەڕووین، كاتێك لە شاشەكانەوە بینیمان چەند ورد و لەسەرخۆ وەڵامی پیشەیی و پڕزانیاری دەداتە پرسیاری رۆژنامەنووسەكان و بڕوای پتەوی بە ئازادی رۆژنامەوانیی دەخاتە ڕوو. 

مەسروور بارزانی لە رابردوو و ئێستەیشدا، هەمیشە ساسییەكی رژد و كۆنكرێتی بووە لە كاردا، هەتا دۆخێك پێویست نەبووبێت قسەی نەكردووە، لە بەرپرسیارێتی پێشوویدا وەك چۆن كوردستانی لە هەڕەشە و تیرۆر و مەترسی گەورە پاراست، ئەمڕۆیش بەهەمان رۆحیەتەوە پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی نیشتمانەكەی دەكات و بڕوای بەوەیشە كە ئەم بەرگرییە دەبێت هەمەلایەنە بێت و كۆمەڵگەیش لە پشتی حكوومەتەكەیان بن، بۆ ئەوەیش میدیا دەتوانێ رۆڵی گرنگ ببینێت و بەشێك بن لە بەتاڵكردنەوەی ئەو گوشارانەی رووبەڕووی كوردستان دەكرێتەوە، چونكە لە كۆتایدا وەك خۆی لە دیدارەكەدا گوتی، خاك هی خەڵكە نەك دەسەڵات. 

مەسروور بارزانی لە گوتەكانیدا هەمیشە بایەخ بەوە دەدات كە پێوستە میدیا و میدیاكاران بە هەموو جۆرەكانیەوە، هانی هاووڵاتی بدەن هەستی نیشتمانپەوەری و كوردپەوەری پەرە پێ بدەن و نەیبەستنەوە بە هیچ كەموكورتییەكەوە، لە هەمانكاتیشدا ئەو راستییە هیچكات فەرامۆش نەكەن كە هەموو ئەو دەستكەوت و دامەزراوانە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی  هەمووانە و پێشكەوتنیشی شانازییە بۆ هەموومان، بۆ ئەمە دەمەوێ باس لەوە بكەم كە لە دەرەوەی كوردستان كەس ململانێی حزبی و جۆری حزبەكان ناناسێت، بەڵكو كورد دەناسن، كەواتە ئەگەر سەركەوتوو بین، كوردستان جوان پێشان دەدەین و شكستیش بێنین دوژمنانی كورد شاد دەكەین. بۆ ئەوەیش هەمووان  ئەرك و بەرپرسیارێتییان لەسەرشانە بۆ پاراستن و بەرگری و هاوكات خستنەڕووی كەموكورتییەكان لەپێناو چاككردن نەك وێرانكردن. 

هەر لەو دیدارە گرنگەدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ئاماژەی بە پرسێكی گرنگ دا كە پێوستە گوتار و پلانی میدیایی لە چوارچێوەی  خۆشەویستی نیشتمان و یەكترقبووڵكردن و گرنگیدان بێت بە مێژووی پڕشانازی و سەروەریمان، ئەمەیش رەواترین داوایە كە سەرۆكی حكوومەتێك لە گەلەكەی بكات، چونكە بڕوای بەوەیە كە دەسكەوتەكان هی گەلن و بە تایبەتیش لە دۆخی وەك كوردستاندا زۆرینەی خەڵكەكەی لە باپیرانەوە پێوەی ماندوو بوون.

سەرنجڕاكێش بوو كاتێك بینیمان سەرۆكی حكوومەت بە دڵێكی فراوان و رۆحێكی وەرزشی و بەرپرسیارانەوە هەموو ڕەخنەكانی وەڕگرت و ڕاشكاوانە باسی هەموو كەموكورتی و كێشەكانی كرد، لە هەمانكاتیشدا پلان و چارەسەری دەخستە ڕوو، وەك هەمیشە بەرپرسیارێتی  هەڵگرت، وردبینانە وەڵامی دەدایەوە و خۆی لە هیچ پرسیارێك نەدزییەوە، بۆیە كەس ناتوانێ بڵێ لە بابەتێكدا ناڕوون بوو،  ئاماژەی بە زۆر پرسی گرنگ دا كە پێوستن بە میدیاكان، بەڵام نەیشیشاردەوە كە زۆر كاری باش كراوە میدیا گرنگی پێ نەداوە، لە كاتێكدا كە تۆ رەخنە دەگری هەمیشە، راستگۆیت دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە ئەگەر كارە ستراتیجی و گرنگەكانیش وەك خۆی باس نەكەی، بۆیە بە لای منەوە ئەو دەرفەتە زۆر زێڕین بوو بۆ میدیاكانیش تا تێبگەن بۆشاییەكە لە كوێدایە و چەندی لە ئەستۆی ئەوانە، پڕی بكەنەوە، چونكە دوو رۆژ دواتر بینیمان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆكی حكوومەت داوای لە تێكڕای كابینەكەی كرد كە بەدەم میدیاكانەوە بچن و بێ جیاوازی وەڵامیان بدەنەوە، ئەوە پێمان دەڵێت ئەو پیاوە چەند راستگۆ و بە دیسپلینە و بێگومانیشم میدیاكان خۆشحاڵن بەو كاردانەوە خێرایە كە لە ئەنجامی تێبینی ئەوان دروست بوو.