خه‌ونی به‌غدا بۆ نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان نایه‌ته‌ دی

له‌ دوای دامه‌زراندنی عێراقی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای سیستمی فیدراڵی، دیموكراسی و هاوبه‌شی و سازان و هاوسه‌نگی، ئینجا نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێك كه‌ تێیدا مافی كورد و سوننه‌ و پێكهاته‌كانی تری تێیدا نووسراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ده‌ستیان به‌ كورسیی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ گرت، نه‌ك هه‌ر رابردوویان له‌ بیر كرد، به‌ڵكو خراپتر له‌ ڕژێمه‌كانی پێش خۆیان ده‌ستیان كرد به‌ سیاسه‌تی په‌راوێزخستن و تاكڕه‌وی و سڕینه‌وه‌ی به‌رانبه‌ره‌كه‌یان و گۆڕینی ڕێڕه‌وی ده‌سه‌ڵات. بۆیه‌ ئه‌وه‌ وایكرد نه‌ك هه‌ر پابه‌ندی ده‌ستوور و هاوبه‌شی نه‌بن، به‌ڵكو هه‌موو ڕێككه‌وتننامه‌ و هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، به‌ هه‌ڵواسراوی بهێڵنه‌وه‌ و هه‌موو كاتێك چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێك بكه‌ن بۆ لێدان و سزادانی خه‌ڵكی كوردستان، به‌و چه‌ك و ئامرازانه‌ی له‌ به‌رده‌ستیانه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا پێیان وایه‌ ئێسته‌ له‌ به‌هێزترین پێگه‌دان، بۆیه‌ له‌لایه‌ك داوا له‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان ده‌كه‌ن خاكی عێراق به‌جێبێڵن، له‌لایه‌كی تریش داوا له‌ یۆنامی ده‌كه‌ن كه‌ چیتر پێویستیان پێ نییه‌ و ده‌بێت كۆتایی به‌ ئه‌ركه‌كانیان بهێنن. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كان له‌ سه‌ر عێراق كۆتاییان نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و بوونی ده‌یان گرووپی میلیشیایی به‌رده‌وامیی هه‌یه‌. 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چارسه‌ر نه‌كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا وه‌ك ماده‌ی 140ی ده‌ستوور و بڕیاره‌ سیاسییه‌كانی دادگای به‌ناوی فیدراڵی و پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت و یاسای بودجه‌ و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان، رێگریكردن له‌ ناردنی ئه‌و شایستانه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جێبه‌جێ نه‌كراون، ئه‌وه‌ش هه‌مووی ئاماژه‌یه‌ به‌و راستییه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا به‌رده‌وام خه‌ون به‌ لاوازكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌بینن و هیچ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر ئه‌قڵیان نه‌هاتووه‌ .

ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی عێراق كاریان بۆ ده‌كات بۆ لێدان و خه‌ونی لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان، بریتین له‌ پاساوهێنانه‌وه‌ی بێ بنه‌ما بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌موو ئه‌و ماده‌ ده‌ستوورییانه‌ی كه‌ پێوه‌ست به‌ مافه‌ ره‌واكانی هه‌رێمی كوردستانن. هه‌روه‌ها ڕێگریكردن له‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان به‌ پاساوی تێچووی نه‌وت، له‌گه‌ڵیدا كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست بێنێت، له‌ رابردووشدا بینیمان كه‌ به‌ڕێی دادگه‌یه‌ك له‌ پاریس و به‌كارهێنانی یاسایه‌كی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس، ئه‌و كاره‌ی كرد.

هه‌روه‌ها به‌غدا له‌ پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت، یاری به‌ كات ده‌كات، له‌ كاتێكیدا ده‌سه‌ڵاتی عێراق توانای وه‌رگرتنی 400 هه‌زار به‌رمیلیشی بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی نییه‌، بۆ ئه‌وه‌یش له‌ پێناو خه‌ونی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی دۆسیه‌ی نه‌وتی كوردستان، تا ئێسته‌ به‌ سه‌تان ملیۆن دۆلار زیانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، جیاله‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌ پچڕپچڕ ده‌نێرێت.

له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا و توركیا بۆ هه‌ناردنه‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان به‌ڕێی بۆڕی نه‌وتی جه‌یهانه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ عێراق خۆی له‌و رێیه‌ نادات، به‌تایبه‌تی كه‌ ئێسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر هێڵن تا غازی كوردستانیش وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ هاورده‌كردنی غاز له‌ وڵاتانی دراوسێی عێراق به‌كار بهێنن، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكا هۆشداریی داوه‌ كه‌ چیتر ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان به‌غدا و تاران بۆ هاورده‌كردنی غاز نوێی ناكاته‌وه‌ و ده‌بێت پشت به‌ غازی هه‌رێمی كوردستان ببه‌ستن، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ن به‌وه‌ی كه‌ پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان سیاسییه‌.

مه‌رامێكی تری به‌غدا له‌و هه‌نگاوانه‌ به‌تایبه‌تی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان، باش له‌و راستییه‌ گه‌یشتوون كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی ئاینده‌دا هه‌رێمی كوردستان نه‌ك ته‌نیا نه‌وت، به‌ڵكو له‌ رووی هه‌نارده‌كردنی غازیشه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌، پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، به‌تایبه‌تی زۆر له‌ وڵاتان ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، ئه‌و ڕێگریكردنانه‌ی رابردوو و به‌ ئێسته‌شه‌وه‌ ته‌نیا خه‌ونی شكستهێنانه‌ به‌ كه‌رتی وزه‌ی هه‌رێم و رێگریكردن له‌ هاتنی كۆمپانیاكان بۆ هه‌رێمی كوردستان .هاوكات دروستكردنی كێشه‌ له‌ ناردنی ماف و شایسته‌ داراییه‌كان و هێنانه‌وه‌ی پاساو بۆ ئه‌و كێشانه‌، ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی دارایی له‌ ده‌ست كوردستان ده‌ربێنن.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا به‌بیركردنه‌وه‌ی خۆسه‌پاندن، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ عێراق له‌ ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵییه‌وه‌ بۆ سیستمێكی تاكڕه‌ویی ببه‌ن، پرسێك به‌ناوی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هه‌م یاسایی و هه‌میش ده‌ستوورییه‌، بوونی نه‌مێنێت و وه‌ك پارێزگایه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و خه‌ڵكی كوردستانیش به‌ نه‌ناردنی مووچه‌ و یان به‌ پچڕپچڕی ئازار بده‌ن .

وێڕای هه‌موو ئه‌مانه‌، هه‌نگاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی سیاسی و دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا درێژه‌ی هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێسته‌ عێراق كاری بۆ پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و پێدانی ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه‌، چونكه‌ خه‌ونی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا له‌ رابردوو و ئێستاشدا ته‌نها لاوازكردن و نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌موو ئه‌و پیلانانه‌ چۆك دانادات.