دەنگ بە كێ بدەین؟

PM:02:40:09/10/2021 ‌
ئەم دەنگدانە جیاوازە، پێویستە دەنگدەر زۆر بە هەستیاری دەنگ بدات، وا بكات هەموو ئەگەرەكانیش لەبەرچاو بگرێ. مەبەستم لە ئەگەرەكان لێرەدا ئەوەیە بپرسێ لە خۆی، ئایا پەرلەمانتارەكە چۆنە؟ هەڵسوكەوت و گفتوگۆی، ڕابردووی، دواتریش چۆن كەسێك دەبێت لە كارەكەیدا و ئەوانەیشی دووبارەن، لێیان بكۆڵەوە چۆن بوون لە ماوەی پەرلەمانتاریدا.

لەم نووسینەدا زیاتر مەبەستم ئەوانەیە كە خۆیان كاندید كردووەتەوە، رۆڵیان چی بووە لە كاری پێشوویاندا بۆ یەكڕیزیی كوردستان لە بەغدا؟ ئایا ئەو كەسەی دەتەوێ دەنگی پێ بدەی، نەبووبوو بە هۆی پەرتەوازەیی و لاوازكردنی پێگەی كورد لە بەغدا؟ دژی هەرێمەكەی خۆمان نەبوو لەوێ؟ لە كاتێكدا ئەركە لەسەر كوردەكان زۆر رژدبن لەسەر شاردنەوەی هەر عەیبەیەكی كوردستانیش ئەگەر هەبێت، بەپێچەوانەیشەوە دەست بكەن بە چاوی هەموو لایەنە دژەكاندا لەپێناو مافەكانی گەلەكەمان لە عێراق.

بەداخەوە پەرلەمانتارانی كورد لە رابردوودا چونكە پەرتەوازە بوون، زیانی زۆری بۆ كوردستان هەبوو نەك سوود، لە كاتێكدا دەزانین و ئەزموونیش كراوە كە دەستكەوتەكان لە ڕێی یەكڕیزی و یەكگرتووییمانەوە لە بەغدا دەپارێزرێن و بەدەست دەهێنرێن. ئەم دۆخە دەتوانین ناو بنێین هەڵەی پێشوو، چونكە نەدەبوو وابن، بەڵكو پێكەوەیی بۆ كوردستان گرنگە، لەگەڵ پاراستنی بیروڕای جیاوازی خۆیان، بەڵام كە قسە هاتە سەر كوردستان، دەبێ هەموو جیاوازییەكان وەلا بنێن، ئاخر لایەنەكانی عێراق كە نەیاری كوردستانن، سوود لەو پەرتەوازییە وەردەگرن، یان دەتوانم بڵێم هەر ئەوانەن هۆكارێكن بۆ ئەو دابەشبوونەی ماوەی ڕابردووی كورد.

بۆ ئەوەش هەموو رێیەك تاقی دەكاتەوە و تەنانەت باس لە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی نەوتی و غازیی دەكەن


بەغدا چەند ساڵێكە بە روونی پێوەی دیارە كە دەیەوێ پێگەی هەرێمی كوردستان لاواز بكات، بۆ ئەوەش هەموو رێیەك تاقی دەكاتەوە و تەنانەت باس لە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی نەوتی و غازیی دەكەن، تۆ وەرە سەیری ئەوە بكە لە هەڵبژاردنی پێشوو، چەندان كاندیدی بێ ئاگا و بێ توانا گەیشتنە بەغدا، دواتر لە فراكسیۆنەكانیان جیا بوونەوە و بوونە دوژمنی كوردستان، ئەو كارەی ئەوان دەیانكرد، هەمان ئەو بەرنامە و پیلانە بوو كە نەیارانی كوردستان لە خەیاڵیاندا بوو بۆ لاوازكردنمان، بۆیە زۆر گرنگە خەڵكی سەنگین و نیشتمانپەروەر بنێرینە بەغدا. سبەی ئەو رۆژەیە كە تۆ بڕیار دەدەیت، بۆیە بیرت بێت بابەتەكە هەر دەنگ و ململانێی حزبی نییە، بەڵكو نەتەوەییشە.

بینیمان هەندێك پەرلەمانتار تەنیا پاڵەوانی فەیسبووكن، بە ناشیرینی قسە دەكەن و ئاستیان نزمە، هەروەها جۆری تریش هەن ئەدەبی گفتوگۆ و پاراستنی شكۆی نیشتمان نازانن، یان بە ئەنقەست دەیانەوێ هەرێمەكە سووك بكەن، بۆیە خۆت گەورەتر ببینە لەو مرۆڤە بچووكانە و رێ مەدە كەس بە دەنگی تۆ بگات بە پەرلەمانی عێراق، تا دڵنیا نەبی لەوەی كەسێكی شایستەت ناردووەتە بەغدا.