خۆت داوای مافەكانت بكە نەك حزب و ئۆپۆزسیۆن

AM:08:49:13/08/2022 ‌
دەبێت مۆدێلی ئۆپۆزسیۆن وەك نەریتە كۆنەكان لە كوردستان بكرێن بەمێژوو، چونكە ناتوانن ڕابەرایەتی خەڵك بكەن، بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان نــاڕەزایەتی و نیگەرانییەكــانی خەڵك زیندوون. دەسەڵاتیش سنووری بۆ هیچ ناڕەزاییەكی خەڵك دانەناوە، ڕۆژانە لە تیڤییەكان و سۆشیال میدیای كوردیدا گۆیبیست و بینەری دەیان ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان دەبین، ڕۆژێك نەمانبیست و نەمانبینی كەسێك وەك تاك لەسەر ماف و داواكاری خۆی بگیرێت، بەڵام كاتێك ئۆپۆزسیۆن دێتە گۆڕێ، ئیتر داواكاری و مافی هاووڵاتییان وەبەرهێنانی سیاسی تێدا دەكرێت و وەك كارتی فشار بەرانبەر دەسەڵات بەكار دەهێنرێت، ئەوكات دەسەڵات مافی خۆیەتی بەرگری لە دەسەڵاتی خۆی بكات.

 حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێمە لە كوردستان، بۆ باشتركردن و داواكاریی خەڵكی ئەم هەرێمە دروست نەبوون تا بتوانن ڕابەرایەتی و نوێنەرایەتی داواكاری خەڵك بكەن، ئەوەی هەیە بەناو ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان یان پاشماوەی گرووپە توندڕەوەكانی پێشترن لە بەرگی ئۆپۆزسیۆن خۆیان زیندوو كردووەتەوە، یان هاوردەی وڵاتێكی دراوسێن لە ژێر ناوی داواكاریی مافی خەڵكدا، سەرقاڵی جێبەجێكردنی پیلان و دوژمنكاریی داڕێژراون دژی ئەم هەرێمە یان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و دەستكەوتی حزبی. وەك پێشتر بینیمان لە ئەنجامی خۆپێشاندان بۆ داواكاریی خەڵك، بزووتنەوەی گۆڕان دروست بوو، بەڵام كوا چیان كرد؟ بۆیە نەمان و نەبوونی ئۆپۆزسیۆن هاوتاو یەكسان نییە بەنەمان و نەبوونی ناڕەزایەتی.

 لە هیچ وڵاتێكی دنیادا نییە حكوومەت بێ كەموكوڕی بێت و 100% داواكاریی هاووڵاتییانی جێبەجێ كردبێت، بەڵام لە هیچ وڵاتێكیشدا نییە خۆپێشاندان بكرێت بۆ داواكاری و هێرش بكەن سەر داودەزگاكانی دەوڵەت و داواكاری و ماف بگۆڕێت بۆ شۆڕش و ڕووخان، تەنیا لەو وڵاتانەدا نەبێت كە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی هاوتاو هاوبیری ئەمانەی لای خۆمان. حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێمە داوای ژیانێكی ئەوروپی بۆ هاووڵاتییان دەكەن، بەڵام خۆیان بەهەمانشێوەی تاڵیبان و ئخوانییەكانی میسر و توندڕەوەكانی لیبیا، خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن. كەوایە ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لەم هەرێمە دەیكات، شەڕی گەیشتنە بە دەسەڵات و جێبەجێكردنی پیلانی دەرەكییە نەك مافی هاووڵاتی، بەپێچەوانەوە هاووڵاتی قوربانی گەیشتنە دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن و پیلانەكانیانە.

هەركات خۆپێشاندانێك كرابێت لە كوردستان، ئەو داواكارییانەی ئەوان خۆپێشاندانیان بۆ ئەنجام دابێت، حكوومەت خۆی سەرقاڵی چارەسەركردنیان بووە، بۆیە تا ئاستێكی زۆرباش گیروگرفتەكان كەم بوونەتەوە، دەتوانین بڵێین خزمەتگوزاریی تەندروستی و ڕێگەوبان و پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەكان  70% باشن و بە بەردەوام لە هەوڵی چاكبوونیاندان. ئێمە لەم هەرێمە خزمەتگوزارییەكمان هەیە خراوەتەوە خزمەت كۆمەڵانی خەڵك بێ جیاوازی،  ئەویش باشترین جۆری ئاسایشمان هەیە و ئەگەر زیاتر نەبێت لە وڵاتانی پێشەكەوتوو، كەمتر نییە.

 لە هەموو دنیادا ئاسایش بەمانای باشبوون و بەرەوپێشچوون دێت، تەنیا لە كوردستان نەبێت حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانمان دەیانەوێ ئەو خاڵە ئەرێنییە بگۆڕن بۆ خاڵێكی نەرێنی و وەك مەترسی وێنای بكەن بۆ سەر هاووڵاتییان. ئەمە بەسە بۆ ناسینەوەی ئەو پیلان و بەرنامە دوژمنكارییەی ئۆپۆزسیۆن دژی هەرێم، كارمەندانی دژەتیرۆر یان ئاسایش و پێشمەرگە یاخۆ پۆلیس شەو و ڕۆژیان خستووەتە سەریەك بۆ پاراستنی سنووری هەرێمی كوردستان و ناوخۆی هەرێمەكە لە پێناوی هەستكردنی هاووڵاتی بەپارێزراوی، بۆیە دەبینین فەراهەمكردنی دەرفەتێكی زۆرباش بۆ جووڵەی بازرگانی بۆ خەڵك هاتووەتە كایەوە، بەڵام ئۆپۆزیسۆن دەیانەوێ ئەو ماندوبوون ئەنجامە زۆرباشەی هێزە سەربازییەكانی هەرێم، لەژێر ناوی جۆراوجۆردا بێ بەها بكەن و وەك شاگردی دەسەڵات و حزب وێنایان بكەن و لە هەوڵی ناشیرینكردنیاندان، ئەمە ئەوپەڕی بێ وێژدانیی سیاسیی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێمە پێشان دەدات.

 هاووڵاتییانی وڵاتان لە كاتی مەترسی بۆ سەر وڵاتەكەیان جیا لە خۆیان، سەرۆك و ئەندامانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیان دەست دەدەنە چەك و شانبەشانی دەسەڵات دەجەنگن، ئەم بەناو ئۆپۆزسیۆنانەی لای خۆشمان لە كاتی هەبوونی مەترسی بۆ سەر هەرێم، خراپتر و توندتر راگەیاندنەكانیان دەخەنە گەڕ دژی هەرێمی كوردستان، ئەمەیە مەترسیی رژدی ئۆپۆزسیۆن، بۆیە دەبێت هاووڵاتییانی هەرێم لەوە تێبگەن چیتر پێویستیان بە هیچ سەركردە و حزبێك نییە تا داوای مافیان بۆ بكات، بەڵكو خۆیان دەتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان و داوای مافی خۆیان بكەن، خۆیان ڕابەرایەتی ناڕەزایەتییەكانی خۆیان بكەن و بگەیەنن بەدەسەڵات، چیتر  ڕێ نەدەن لەهەر خۆپێشاندانێكی ئەواندا كەسانێك ببنە ئەندام پەرلەمان و ڕەوت و بزووتنەوەیەك دروست ببێت، دواتر داواكاری ئەوان مامەڵەی سیاسیی پێوە بكرێت و چەند كەسێكی پێ دەوڵەمەندتر بكرێت، كاتی ئەوە هاتووە هاووڵاتی ئۆپۆزسیۆن بخاتە ناو زبڵدانەوە و خۆیان ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە و هاوكارێكی دڵسۆزی نیشتمانی خۆیان بن بۆ داخوازی و ماف و باشتركردنی ژیانیان .