كام كاندیدی ژن هەڵبژێرین؟

AM:10:00:04/10/2021 ‌
هەڵبژاردن، مەیدانی ڕادەربڕینی هاووڵاتییان و كاریگەری دروستكردنە لەڕێی دەنگەكانیانەوە، بۆیە گرنگە هیچ هاووڵاتییەك ئەو هەلە لەدەست نەدات و بەشداری بكات لە بەكارهێنانی دەنگی خۆی لەپێناو گەیشتن بەئامانجەكانی.

 هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، وا كەوتووەتەوە كە بازنەكانی بچووك و سنووردارن و كاندیدەكان زۆرتر نزیكن لە خەڵك و دەنگدەرەكانەوە. جا لەپێناو دەستەبەركردنی كۆتای ژنان لەهەر بازنەیەكی هەڵبژاردندا، كورسییەك بۆ ژن مسۆگەرە، بۆیە زۆربەی حزبەكانی كوردستان و كاندیدی ژنیان داناوە و ژمارەیەك ژنی سەربەخۆیش كاندیدن.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانانی كاندیدە ژنەكانیشیدا، ڕەچاوی كوالێتی و شارەزایی و ئەزموونی سیاسی و حزبی و دڵسۆزی و پابەندیی حزبی كردووە و ژمارەیەك ژنی كارا و هەرە بەهێزی خۆیی لە گشت بازنەكاندا كاندید كردووە كە لە كادرە هەرە بەتواناكانی ئەو حزبەن.

بە پێچەوانەوە هەندێ حزب و قەوارەی تر كە جاری وا هەیە زیاتر لە حزبێكیشن، بە تەماشاكردنی سیڤی كاندیدە ژنەكانیان، هەست بەوە دەكەی ئەمە تەنیا لەپێناو كێبەركێ لەسەر كورسییە كۆتاكە دایناون نەك لەپێناو لێهاتوویی و شارەزایی، ئاخر كاندیدی ژنی وایان هەیە نەك ئەزموونی سیاسی و پەرلەمانیی نییە، بەڵكو نەیتوانیوە لەناو حزبەكەی خۆیشیدا تاكە پلەیەكی حزبی ببڕێت و بچێتە پێشەوە! نەیتوانیوە لە هیچ هەڵبژاردنێكی ڕێكخراوەیی و جەماوەری و ڕێكخستنەكانی ناوخۆی حزبەكەیدا، بەشدار بێت و سەنگ و قورسایی خۆی بسەلمێنێت، كەچی هێناویانە كاندیدیان كردووە بۆ هەستیارترین ئەنجوومەنی یاسادانانی وڵات كە پەرلەمانی عێراقە و داوا لە خەڵك دەكەن دەنگی پێ بدەن! لەكاتێكدا خۆیان قبووڵیان نەبووە پلەیەكی حزبیی پێ بدەن!

ڕۆژی هەڵبژاردن بچن و دەنگی خۆیان بە ژنە كاندیدە بەئەزموون و شایستەكان بدەن


لێرەوە ئەركی سەرشانی ژنانی كوردستانە بەگشتی، ئەو مافەی خۆیان پیادە بكەن كە مافی دەنگدانە، ڕۆژی هەڵبژاردن بچن و دەنگی خۆیان بە ژنە كاندیدە بەئەزموون و شایستەكان بدەن، بیسەلمێنن دەیانەوێ نوێنەری چوست و چالاك و بەتوانایان هەبێ لە پەرلەماندا، نەك كەسانێك تەنیا كورسی پڕ بكەنەوە. بەم كارەیش دەتوانن بەشدارێكی كاریگەری سیاسی بن و بتوانن هاوسەنگی ڕەگەزیی دروست بكەن، وا بكەن نوێنەرە ژنەكانی پەرلەمان، كەسانی شایستەی وابن كە بیسەلمێنن ژنان دەتوانن كاروبارەكان بەوپەڕی باشی بەڕێوە ببەن، نەك كەسانێك بن ببنە نەنگی بەسەر دۆزی ژنانەوە و وا بكەن خەڵك ئیتر دەنگ بە نوێنەری ژن نەدات و متمانەیان پێ نەكات.

لە كۆتادا دەبێ ئەوەش بڵێین لە ماوەی ڕابردوو لە گشت خولەكانی پەرلەمان، نوێنەر و كاندیدە ژنەكانی پارتی، كەسانێكی ئەوەندە بەهێز و لێوەشاوە بوون، زۆرجار توانیویانە بەبێ كۆتا و بەدەنگی خۆیان بگەنە پەرلەمان، بۆیە جێی خۆیەتی پشتیوانی ئەم تێڕوانینە گرنگەی پارتی بكرێت كە هەیەتی بۆ بەهێزكردنی پێگەی ژنان لە دامەزراوە گرنگەكانی وڵاتدا.