ریفراندۆم و ویستی گەلێكی خاوەن ئیرادەی بەرز

PM:01:18:25/09/2022 ‌
 
ریفراندۆمی 25ی ئەیلوولی 2017، ویستی سەربەخۆیی گەلێك وای كرد هەرێمی كوردستان بچێتە قۆناغێكی تری مێژوویی.

بەپێی یاسای نێودەوڵەتی هەموو گەلێك مافی چارەی خۆنووسینی هەیە، لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا لە هەرێمی كوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی بە ئاشتی و دیموكراسی ئەنجام درا و لە دنیادا دەنگی دایەوە.

بەهۆی ریفراندۆمەوە گرفتەكانی نێوان كورد و دەسەڵاتی عێراقی ئاڵۆزتر دەبوون، دەوڵەتانی توركیا و ئێرانیش پشتیوانیان لە بەرپرسانی عەرەبی عێراق دەكرد، هەوڵەكانیان بۆ ئەوەبوو پایتەختی كوردستان (هەولێر) تووشی كێشە و ناسەقامگیری بكەن . كورد لە چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ بەغدا و بە دەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی لە چوارچێوەی حكوومەتی عێراقی بێ هیوا و نائومێد بووبوو، بەو ئەنجامە گەیشتبوون كە تا لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقی بمێننەوە و ناتوانن مافەكانیان بەدەست بهێنن و بە یەكسانی لەگەڵ عێراقییەكان بژین .

لە رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 ، سەرۆك بارزانی بڕیارێكی مێژوویی لە هەرێمی كوردستان دەركرد، ئەویش بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان بوو كە %93ی خەڵكی كوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. 

ریفراندۆم دەسكەوتێكی مێژوویی بوو بۆ گەلی كورد كە مافی هەموو گەل و نەتەوەیەكە سەربەخۆیی خۆی دیاری بكات، یەكەمجار بوو لە ساڵی 2017 بەم شێوە سەرانسەرییە لە كوردستان و لەژێر سەرپەرشتی كورددا پرۆسەیەكی وا مەدەنی و مۆدێرنی دیموكراسی بەڕێوە بچێ، بەڵام پێشتر بۆ ویلایەتی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتی حكوومەتی تر ئەنجام دەدرا كە بۆ ئەو پرسە گرنگە، ڕای هاونیشتمانیانی كوردیان وەرگرت.

 پاش ڕیفراندۆم دوژمنانی کوردستان بە هەموو هێزەوە کەوتنە دژایەتی گەلێكی دیموكراسیخواز كە بەپێی بنەماكانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و پرەنسیپەكانی ئازادی گەلان، داوای سەربەخۆیی كرد، كەچی هەموو پشتیان لەو گەلە ئاشتیخوازە كرد و هەوڵیان ئەوەبوو ریفراندۆم تووشی شکەست بکەن.

 چوار ڕۆژ دوای ڕیفراندۆم حکوومەتی عێراق گەشتە ئاسمانیەکانی لە فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان قەدەغە کرد، جگە لەوەی داوای لە ئێران و تورکیا کرد سنوورەکانیان بە ڕووی هەرێمی کوردستاندا دابخەن بۆ ئەوەی گەمارۆیی ئابووریی بخەنە سەر، ئەم رەفتارە ئەوەی بیر خستەوە كە عێراق هەرگیز ناتوانێ ببێت بە وڵاتێكی مەدەنی و بۆ هەمیشەیش كوردی لە خۆی نائومێد كرد.

ئێستە كە پێنج ساڵ بەسەر ئەو رۆژە گەش و پڕشادیەی كورددا تێدەپەڕێ، هاوكاتە راپەڕینێكی كوردانە لە رۆژهەڵات كە بەجۆرێكی تر ئەویش هەر ریفراندۆمە و پەیامی كوردیان بە گوێی دنیادا دا كە هەرگیز دەسەڵاتی ستەمكاری عەرەب و فارس و تورك قبووڵكراو نییە، بەڵام كە لەگەڵیان دەژین، ئەوە بێ بەهایی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە نەك خواستی كورد.