هەموومان چاودێرانە هێڵی سەیروسەمەرە و مەترسیداری گۆڕانکارییەکانمان بینوە و ئێستەیش دەیبینین، کورد نابێت وەک زۆر قۆناغی مێژوویی پێشووتر خۆی بداتە دەست شەپۆلەکان و ئەوکات تێکەڵ بە ڕەوتی گۆڕانکارییەکان بێت، لە وەها حاڵەتێکدا تەنیا و تەنیا گۆڕانکارییەکان لەگەڵ خۆیدا دەیبەن و وەک دەڵێن ئێمە تێکەڵی خۆی دەکات، لە وەها هاوکێشەیەکدا شتێک بە ناوی "ئیرادە" و کردار نییە و ڕاستییەکەی ئیرادە و کردارمان بەسەردا دەسەپێنن. بەڵام جەمسەری پێچەوانەی ئەمەیش کەم نەبوون لە مێژووی کورددا، ئەگەرچێ بە ئەنجامی خوازراو بەهۆی پڕ و تەواونەبوونی ئیرادەکە و هەروەتر نەبوونی یەکانگیریی و دڕندەیی دوژمنانی ئەم گەلە، بەڵام شۆڕشە کوردییەکانی سەدەی بیستەم بە زۆری لەناو ئەم خشتیەدا دەستەبەندی دەبن.
ئێستە قۆناغ و فەزای گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکن یاسای یارییەکە گۆڕاوە و کوردیش ئەگەرچی نەک بە سەربەخۆییەکی تەواو لە باشووری کوردستان ئەزموونێکی دوورودرێژی هەم خەباتی چەکداری و مەدەنی و هەمیش دیپلۆماسی و سیاسیی هەیە. ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئێستە چەمکی ئیرادە و هێز پێوەست بە کورد و هاوکێشەکانی ناوچەکە مانایەکی جیاوازی لە ئەزموون و قۆناغەکانی پێشووتر هەبێت، سەرباری ئەوەی ئێستە دۆزی کورد دۆزێکی جیهانییە.
چیتر پرسی کورد پرسێکی کپکراو و بێدەنگکراو نییە، ئێمە لە ئاست و پلەی جیاواز و جۆراوجۆردا دۆستمان هەن، بێگومان دوژمنیشمان زۆرە، بە ئاڵۆزی و پلەی جیاوازی دیکەوە. هەموو ئەمانە دەمانخەنە دۆخێكی هەستیارەوە و دەبێت بزانین زۆر هوشیار و وردبینانە بجووڵێینەوە، دۆزی کورد دەکرێت لەناو ئەم شەپۆلەدا گۆڕانی باش و یەکلاکەرەوەی بۆ بڕەخسێت، بۆیە پێویستە لە باشوور و ڕۆژئاوا بە تایبەتی و لە باکور و ڕۆژهەڵاتیش، لە بازنەی حزبایەتی و ڕوانگەی ئاڕاستەکراوی حزب بێتە دەرەوە، دۆزی کورد وەک تاکێکی ئازارچەشتوو و بێ دەوڵەتی کوردیی ببینن. واتە ئێستە ئیتر دەبێت واز لەوە بێنین کێ ڕکابەری کێیە و کام لایەن چی کردووە و کای کۆن بە با نەکەین، ئێستە کاتی کردار و ئیرادە و داماڵینی زەینمانە لە هەر جۆرە تێروانینێک کە دۆزی کورد وەک کورد و لەناو دۆزێكی کوردستانیدا نەبینێت.
بێگومان لە ڕووی سایکۆلۆجی تاکەکەسی و کۆمەڵەوە، هەر جۆرە ئیرادەگەرێتییەک بە هەستی ڕیسک و مەترسییەوە دەورە دراوە، ئەمەیش حاڵەتێکی ئاساییە، چونکە کردەوەیەکی تاکەکەسی یان دەستەجەمعی، کاتێک دەیەوێت دۆخێکی نوێ و جیاواز بۆ خۆی و لە ڕێگەی پلان و کردەوەکانییەوە مسۆگەر بکات، بمانەوێ و نەمانەوێت دەبێت ئەم هەست و هەستیارییەمان هەبێت، ئەمە دەلالەت لە ڕژدیی ئەم پرۆسەیە بۆ بکەرەکە دەکات، جا چ لە ئاستی تاک بێت یا کۆ.
تەنیا شتێک کە دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بە کەمترین مەترسیی و هەڕەشەوە بباتە پێش، هەبوونی ئەزموونی کرداری و پێگەیەکی بەهێزە لەناو ئەو کایەیە و ئەو هاوکێشەیەدا کە بڕیارە بەهۆی ئیرادەگەرێتییەوە ئێمە دوای ئامانج و خەونە دێرینەکەمان بکەوین.
بێگومان لە قۆناغی ئێستەماندا و بەم هەموو ئاڵۆزییە و بە خێرایی گۆڕانکارییەکان، دەتوانین وێنای ئەوە بکەین هەیکەلی گۆڕانکارییەکانی بەردەممان وەک ئایسبێرگ یان پارچە سەهۆڵێکی زۆر گەورەیە و تەنیا 10%ی لەسەر ئاوە و دیارە، ئەوەیتری كە کاریگەرتر و گەورەتریشە، لە ژێرەوەی ئاوەکەیە و نەزمی نوێی ناوچەکە دادەڕێژێت و گۆڕانکارییەکان یەکلا دەکاتەوە.
لە بەردەم وەها هەیکەلێکی نادیار و مەزنی گۆڕانکارییەکاندا کە هێزە گەورە ناوچەیی و جیهانییەکانی لە پشتەوەیە، ئێمە لە کوردستان یەک هێزی مەرجەع و کاریزما و کاریگەرمان هەیە، ئەویش سەرۆک بارزانییە. بێگومان دەتوانین هەر ڕوانگەیەکی حزبی یان سیاسیمان هەبێت، باس لە چەند دەنگی و پلۆرالیزم بکەین، لە دەرەوە یا ناوەوەی حزبیشەوە چاو لەم باسە بکەین، بەڵام ناتوانین چاو لەو ڕاستییەدا دابخەین کە سەرۆک بارزانی زیاتر لە نیوسەدە ئەزموونی خەباتی چەکداری و هاوکات سیاسی و دیپلۆماسیشی هەیە، لە تەمەنێکی کەمەوە لەناو ململانێ و سەرکەوتن و داکەوتندا گۆش کراوە، لە قۆناغە چارەنووسسازەکاندا ڕۆڵی ئەرێنی یەکلاکەرەوەی گێڕاوە و لە قۆناغە ناخۆشەکانیشدا خۆی لە بەرپرسیارێتی کەموکوڕییەکان نەدزیوەتەوە، لە دوای ڕاپەڕینیشەوە تا ئێستە کۆریدۆر و ئاڕاستەیەکی دیپلۆماسی و سیاسیی لە سیستمی نێودەوڵەتیدا گرتووەتە بەر کە پێگە و جێگەیەکی بۆ دۆزی کورد دیاری کردووە و بەرگریی لە کورد لە هەموو ساتە ناخۆش و ناوەختەکاندا کردووە.
ئەم واقیعە مێژووییە پووچەڵکەرەوەی هەر ڕوانگەی سیاسیی حزبی و ئایدۆلۆجییە کە ڕۆلگێڕیی مێژوویی و چارەنووسسازانەی سەرۆکی پێ هەزم ناكرێ. ئێستەیش دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد و بە چڕبوونەوەی زیاتری مەترسییەکان لەسەر ڕۆژئاوا، خەریکە دڵسۆزانە و کوردانە لە یەکخستنەوەی ماڵی کورد لە ڕۆژئاوا بۆ یەکدەنگبوون و یەکخواستبوون بە گوتارێکی کوردانەوە، هەوڵ دەدات و هەر ئێستەیش دەرکەوتە و کاریگەرییەکان دەبینین. دەبێت بە وریایی و بەسیرەتەوە ئەم ڕۆڵە ببینین و هەموو نەوایەکی پشتگیرانەی بخەینە سەر، چونکە هەر ئەو دەتوانێت هاوکات لەگەڵ تورکیا و دیمەشق و ڕۆژئاوا و ئەمەریکایش قسە بکات و کاریگەریی دابنێت.