ئه‌فسانه‌سازی و بانگهێشتكردنه‌وه‌ی دیكتاتۆره‌كان له دوو ڕه‌هه‌ندی كولتووری و سیاسییه‌وه هه‌ڵده‌خزێت، له زۆربه‌ی ئه‌و كو‌لتوورانه‌ی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی باوك و پیرۆزیی ڕۆڵی باوك دامه‌زراوه، له هه‌مان كاتدا دایكیش وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ئاسمانی وێنا كراوه،به‌ڵام له ژێر هه‌ژموون‌و حوكمی پیاوانه‌ی باوكدا، په‌سندكردن یان ستایشكردنی تاكجه‌مسه‌ری و تاقانه‌بوونی باوك، ده‌ركه‌وته‌یه‌كی به‌رده‌وام و جێگیری هه‌یه، تێگه‌یشتنی ئه‌م ڕۆڵه یان باشتر وایه بڵێین ئه‌م ئه‌وپه‌ڕخستنه‌ی پێگه‌ی باوك بۆ ناو ده‌سه‌ڵات و هه‌ره‌می حوكمڕانیی خێزان، له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر‌جیاوازه.
له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه بنه‌مای كولتوور و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر تاقانه‌بوون و یه‌كانه‌بوون دامه‌زراوه،ئیتر چ له‌ناو كایه‌ی تیۆلۆجی و ئیلاهییات و خوداپه‌رستی بێت، یان به‌جێهێنانی ڕۆڵی باوكایه‌تی و گه‌وره‌بوونی خێڵ یان عه‌شیره‌تێك، خۆی ده‌رده‌خات.
نیچه‌ی فه‌یله‌سووف ڕقێكی گه‌وره‌ی له زه‌رده‌شتی پێغه‌مبه‌ره، ئه‌ویش به‌و هۆیه‌ی‌كه بنه‌مای بیركردنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌ش و سپی/ چاكه و خراپه‌ی دامه‌زراند كه به‌شێكی زۆری دنیای گیرۆده‌ی جۆره هه‌ڵبژاردنێك كرد كه خۆیان له‌وانیتر پێ حه‌ق و ڕاستتر ده‌بێت، هه‌ر بۆ لێدان له‌م تێڕوانینه نیچه زه‌رده‌شتی مێژوویی دێنێته‌وه و ده‌یكوژێت و له كتێبه ناوداره‌كه‌ی خۆی "وه‌های گوت زه‌رده‌شت"، زه‌رده‌شتێكی تر دروست ده‌كات، به سیستمێكی تازه‌ی به‌ها و بایه‌خی نوێ و ته‌واو جیاوازه‌وه بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤ له چنگی خۆی و هاوشێوه‌كانی.
پێده‌چێت كولتووری ڕه‌ش و سپی و یه‌كجه‌مسه‌رگه‌رایی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌ری هه‌ڵدابێت، بۆیه نیچه ئه‌م هێما مێژووییه، واته زه‌رده‌شتی بۆ نووسینی یه‌كێك له گرنگترین به‌رهه‌مه‌كانی خۆی "وه‌های گوت زه‌رده‌شت" ته‌رخان كردووه، به‌ڵام ئه‌م تێگه‌یشتنه له ڕه‌مز و ڕۆڵه خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ته‌نیا له‌م ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تی و كو‌لتوورییه‌دا ده‌ركه‌وته‌یان نابێت و شوێنپێیان دیاری ناكرێت، به‌ڵكو له ڕێی گرنگترین ڕووداوی دنیای پێشكه‌وتوو، واته "گه‌شه‌سه‌ندنی میدیا"، ڕه‌هه‌ندی سیاسیش بۆ خۆی ده‌بینێته‌وه.
لێره‌وه ده‌توانین بچینه سه‌ر ئه‌م پرسیارانه كه بۆچی لێره و له‌وێ هه‌ندێ دروشمی لاگیرانه به نیسبه‌ت سه‌دام حووسێنه‌وه ده‌بیسترێت؟ بۆ هێشتا ئه‌م تێگه‌یشتنه هه‌ڵه‌یه بڵاو ده‌بێته‌وه كه گوایه دیكتاتۆر زیندووه و هاكا وه‌ك فریادڕه‌س و ڕزگاركه‌رێك گه‌ڕایه‌وه و ده‌ستی به سه‌ری هه‌موواندا هێنا و "ئه‌وجار زینده‌به‌چاڵی كردن؟"، بۆچی هێشتا له‌لایه‌ن هه‌ندێك په‌یج و ته‌نانه‌ت لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌وه (نموونه د. شێركۆ عه‌بدوڵا) جۆره لاگیری و ئاره‌زوویه‌ك هه‌یه بۆ سه‌دام حوسێن و گه‌ڕانه‌وه‌ی؟ (ئه‌گه‌رچی خۆی له ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت نووری سه‌عیدم گوتووه نه‌ك سه‌دام حوسێن،ئه‌مه‌ش باسێكی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و لێره‌دا ناكرێت بپه‌رژێمه سه‌ری، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم كه ده‌ركه‌وتنه كورته‌كه‌ی نووری سه‌عید له پانتایی سیاسه‌تی عێراقدا، خۆی ده‌لاله‌تی له سه‌دامێكی بچووك ده‌كرد، ئیتر مرۆڤ با خۆی بخافڵێنێت.
ئه‌مانه و ده‌یان پرسیاری تر‌ده‌توانن سه‌ره‌تایه‌ك بن بۆ تێگه‌یشتن له پێكهاتی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆڤی ئه‌م ده‌ڤه‌ره، هه‌روه‌ها ئه‌و كایه سیاسییه‌ی تێیدا جێگیر بوون و وه‌ك كۆلاره به ده‌ستی بای میدیایه‌كی دیاریكراو، سه‌ره‌گێژه‌یان پێ كه‌وتووه.
تێڕامان له‌م پرسیارانه و سه‌رنجدان به‌م خاڵانه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، بۆچی تۆمارێكی ده‌نگیی-ڤیدیۆیی ساخته‌ی سه‌دام (ئاژانسی ڕۆیته‌رز ساخته‌بوونه‌كه‌ی سه‌لماندووه) كه له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا قسه ده‌كات، ده‌سخۆشی لێ ده‌كات و باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی ده‌كات، به‌رهه‌م دێت، هه‌ندێك له خه‌ڵكیش به رژدی وه‌ریانگرتووه و جۆرێك ختووكه‌دانی ڕابردووی له ناخیاندا دروست كردووه.
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بڵێم به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م تۆماره ڤیدیۆ-ده‌نگییه بێڕێزییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ ئه‌و هه‌موو خه‌بات و خوێنه كه بۆ ڕووخان و له‌ناوبردنی دیكتاتۆرێك پێشكه‌ش كراوه، دواتر كۆمیدیایه‌كی دووپاته و سواوه كه ته‌نیا خه‌یاڵپڵاو و داماوه‌كان باوه‌شی بۆ ده‌كه‌نه‌وه و له ناخیاندا تۆزێك پێی ده‌كرێنه‌وه! ئه‌مه‌یش ته‌نیا ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م دۆخه پشێوی و گاڵته‌جاڕانه‌ی میدیا و كایه میدیاكانی به‌عس و بندیواره‌كانیان دروستیان كردووه، به‌ڵكو وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ كرد، پێوه‌سته به كولتوورێكی كۆنی مرۆڤ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌وه كه باوك و دیكتاتۆرێكی دڕنده و خوێنمژی له‌وه پێ باشتره كه خۆی چاره‌نووسی خۆی دیاری بكات و ڕێی ژیانی خۆی هه‌ڵبژێرێت.
ئه‌مه ئه‌و پانتاییه‌یه كه هێزه‌كانی ئیرۆس (ژیان) و تاناتۆس (مه‌رگ) له كولتووری ڕۆژهه‌ڵاتیدا ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه و زۆربه‌ی جار تاناتۆس و مه‌رگ براوه‌ن، ئه‌وه كام ئاره‌زووی كه‌ونینه و خوێنپه‌رسته كه جۆگه‌له و لافاوی خوێن و دیجله‌ی خوێناویی بینی، به‌ڵام هێشتا مه‌یل و ئاره‌زووی بۆ میحرابی دیكتاتۆری خوێنخۆر و شمشێره دره‌وشاوه‌كه‌ی كۆشكه دێزه‌كه‌ی دێت؟
شاگه‌شكه‌بوون به نیشانه و ڕه‌مزه‌كانی دیكتاتۆر، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌لاله‌تی بۆ مه‌رگپه‌رستی و تاكجه‌مسه‌رێتی كولتوورێكی پێشنه‌كه‌وتوو هه‌یه، ئاماژه‌یشه بۆ بێده‌سه‌ڵاتی و ده‌سته‌وه‌ستانبوونی هزری و عه‌قڵی له هه‌ڵبژاردنی ڕێی ژیان و به‌ڕێوه‌بردنی خێزان و كۆمه‌ڵگه. ده‌لاله‌ته بۆ خه‌سێنراویی تاقمێك به سیحری شمشێری ڕابردوویه‌كی شكستخواردوو و خوێناوی، ڕه‌نگه هه‌ندێ كه‌س به هه‌ڵه ئه‌م پێوه‌ندییه‌ی نێوان دیكتاتۆر و دیكتاتۆركراو (بكه‌ر و به‌ركار) وه‌ك پێوه‌ندییه‌كی نێوان "خودا و عه‌بد" پێناسه بكه‌ن، خه‌رمانه و تۆپه‌ڵه تیشكێكی كاریزمایی بۆ دیكتاتۆرێكی وه‌ك سه‌دام و پله‌كانی سه‌رشانی و سمێڵه فشه‌كه‌ی دابنێن، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ده‌بێ پۆلێنبه‌ندییه‌ك بكه‌ین له نێوان جۆره‌كانی كاریزمادا تا هه‌م له ماهییه‌تی خه‌سارئامێزی كاریزما بگه‌ین و هه‌م ئاسته‌كانی دیاری بكه‌ین.
ڕه‌نگه بتوانین سێ جۆری گشتیی كاریزما ده‌ستنیشان بكه‌ین، ئه‌وانیش:
یه‌كه‌م: ئه‌و جۆره له كاریزما كه به‌هۆی به‌ها مه‌عنه‌وی و نیشتمانی و ته‌نانه‌ت ئاینییه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كه‌وه، له زاكیره و یاده‌وه‌ریی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا جێگیر ده‌بێت و ڕه‌گه‌زی قودسی بۆ خۆی وه‌رده‌گرێت. مه‌لا مسته‌فا بارزانی ده‌توانێ نموونه‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی ئه‌م جۆره كاریزمایه بێت، كه هه‌م خه‌بات و شۆڕشێكی درێژخایه‌نی سه‌ركردایه‌تی كرد، هه‌م بوو به سامانێكی گه‌وره‌ی مه‌عنه‌وی له یاده‌وه‌ری گشتیی گه‌لی كورد و دیسكۆرسی ناسیۆنالیزمی كوردیدا.
دووه‌م: جۆره كاریزمایه‌ك كه به‌هۆی ده‌ركه‌وته‌یه‌كی به ڕواڵه‌ت جه‌نگاوه‌رانه له وڵاتێكدا ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست، هه‌موو هێز و لایه‌نه نه‌یار و ڕه‌خنه‌گره‌كان پاكتاو ده‌كات و له‌ناویان ده‌بات، سه‌دام حوسێن و هیتله‌ر نموونه‌ی زه‌قی ئه‌م جۆره‌ی دووه‌من كه هه‌موو سه‌ركه‌وتنه‌كانیان له‌گه‌ڵ كوشتن و له‌ناوبردندا ده‌ستله‌ملانه.
سێیه‌م: جۆره كاریزمایه‌ك كه به‌هۆی پێگه و جێی كۆمه‌ڵایه‌تی و شێوه‌ی ژیانی ساده و خاكه‌ڕایانه‌ی زه‌وینه‌ی بۆ په‌سندبوون و قبووڵكردن له‌لایه‌ن رای گشتییه‌وه بۆ له‌بار ده‌كرێت، ئه‌م جۆره كه‌سانه پێده‌چێت هه‌ر نه‌چنه سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام له‌ناو دڵی خه‌ڵكدا نه‌مر و هه‌ر ماون، نموونه‌ی ئه‌مه‌یش هه‌موو ئه‌و شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانه‌ن كه له مێژووی ئێمه‌دا به‌شی زۆری ژیانیان به خاكه‌ڕایی و ساده‌یی ژیان و خزمه‌تیان به گه‌ل و زمان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان كرد، ڕه‌نگه عه‌زیز گه‌ردی نموونه‌یه‌كی نزیك و ته‌ڕ و تازه بێت بۆ ئه‌م جۆره‌ی كاریزما.
به گشتی، تێڕوانینی كاریزماگه‌رێتی له كۆمه‌ڵگه‌كاندا ناسڕینه‌وه،به‌ڵام ده‌شێت ده‌ستكاری بكرێن و هه‌ڵگری گرنگترین ڕه‌هه‌ندی تێفكرینی مرۆیی، واته ڕه‌خنه‌گری ببنه‌وه. كێشه‌ی سه‌ره‌كی كولتووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وه‌یه جۆره‌كانی كاریزما تێكه‌ڵ ده‌كات، بۆ نموونه جۆری دووه‌م و سێیه‌م ناناسێته‌وه و قووڵایی جیاوازی و ئاستی كاریزمابوونه‌كه نابینێت، بۆیه جۆری دووه‌م ئه‌وه‌نده له ئاره‌زوویه‌كی سامناك و وه‌همێكی جنئاسا‌ده‌چێت، نیو ئه‌وه‌نده له ڕاستیی سه‌ر ئه‌رزی واقیع ناچێت.
له تێڕوانینی ڕووكه‌شبینانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیدا كه به ڕه‌گه‌زی ئه‌فسانه و غه‌یبانییه‌ت ئاو دراوه، ڕواڵه‌ت و ڕووكه‌ش ڕۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕن. بۆ نموونه،ئێمه ساڵانێك پێش ئێسته ستایش و مه‌دحی خه‌ڵكمان ده‌بیست بۆ سمێڵ و پێكه‌نین و جوانچاكییه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن، ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌و تێڕوانینه سه‌قه‌ت و كوشنده‌یه‌یه بۆ كاریزمای جۆری دووه‌م كه به‌داخه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیشدا سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو مه‌رگه‌سات و پاكتاوكردن و ئه‌نفاله،هه‌ندێ ئاره‌زووی مه‌رگپه‌رستانه ده‌بینین كه له قه‌واره‌ی دروشم‌دان بۆ دیكتاتۆر و "ئه‌ویتر" و په‌لاماردانی "خۆی"، ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌مانه جیا له‌وه‌ی هێشتا به خه‌ستی له ژێر كاریگه‌ری ئه‌و كولتووره كۆنه ئه‌فسانه‌ییه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌دان، له ژێر كاریگه‌ریی ده‌زگای میدیایی و كایه‌ی مه‌عریفه‌ی ڕووكه‌شی میدیاكان و ئایدۆلۆجیاكانی پشته‌وه‌یشن.
هه‌ڵبه‌ت له‌م پرۆسه‌یه‌دا دیكتاتۆره‌كان له ئه‌فسانه‌سازیی خۆیان درێغییان نه‌كردووه و دروستكردنی چه‌ندان نموونه‌ی ساخته و هاوشێوه له خۆیان ده‌شێت له ڕووی سایكۆلۆجییه‌وه وه‌ك هه‌وڵێكی مادی و فیزیكی ببینرێت كه دیكتاتۆر بۆ نه‌مری و هه‌رمانی خۆی ده‌یدات، به‌ڵام پشته‌وه‌ی ئه‌م ئاره‌زووه "ترس" و تۆقینێك خۆی تێدا حه‌شار داوه كه كرۆك و ناوكی دیكتاتۆرییه‌ته.
به سه‌رنجدان له‌كۆی ئه‌م باسانه،قه‌ت گرنگ نییه سه‌دام زیندوو بێت یان مردوو (ئه‌گه‌رچی به دڵنیاییه‌وه مردووه و ئه‌گه‌ریش زیندوو بێت له‌م گۆڕه‌پانه سیاسییه‌ی عێراق ئه‌وه‌نده‌ی موقته‌دا سه‌در ناتوانێ شه‌قام بجووڵێنێت!)، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه، خواست و ئاره‌زووی كولتووری سیاسیی ناوچه‌كه‌یه بۆ باڵاده‌ستییه‌كی ته‌واو و ڕه‌ها، هه‌ر له توركیای ئه‌ردۆغانییه‌وه بگره به خه‌ونی ئیمپراتۆریی عوسمانییه‌وه تا كۆماری ئیسلامیی ئێران به خه‌ونی ئیمپراتۆری هه‌خامه‌نیشی یان هیلالی شیعییه‌وه، یان عێراقێكی به زۆر پێكه‌وه‌نراو كه موقته‌دا ده‌یه‌وێت یه‌كه‌م قسه و دوا قسه خۆی بیكات. بۆیه ده‌بێت بڵێم گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه چی له‌م هه‌موو دیكتاتۆره هێزه‌كی و ورده دیكتاتۆرانه بكه‌ین له پاش دیكتاتۆره په‌یكه‌رتاشراوه‌كه‌ی عێراق؟ په‌یكه‌رێك كه هه‌م كولتووری ڕۆژهه‌ڵاتی و هه‌م سیاسه‌تی ڕۆژئاوایی سواغیان دا و چاره‌نووسی مرۆڤی ئه‌م هه‌رێمه‌یان به‌و ئاقاره‌دا برد كه كه‌س گوێ بۆ كه‌س نه‌گرێت! كه‌س قوربانی و ئه‌نفالی كورد له به‌رچاو نه‌گرێت و هه‌ر كه‌سه و ته‌پڵی خۆی لێ بدات، تا ئه‌م كولتوور و پێكهاته دیكتاتۆرپه‌رست‌و مه‌رگویسته،بنبڕ نه‌كرێت و هه‌ر ڕۆژ سه‌دام حوسێنێكمان بۆ په‌یدا ده‌بێت.