له‌م ڕۆژانه‌دا که باسی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بوو، زۆر باس و خواس خرایه و ڕوو، لێره‌وله‌وێ بابه‌ت و هه‌ڵوێست و نووسینی به پێز هه‌ر که‌سه‌و له حاسی خۆی بڵاوی کرده‌وه و ئه‌م ڕۆژه وه‌ک یادێک به‌رز ڕاگیرا، به‌ڵام ئه‌مه به‌س نییه و ته‌نیا له ده‌رگادانێکه. واته یادکردنه‌وه‌یه‌که ده‌رگا به ڕووی ئێمه‌دا ده‌کاته‌وه و له جیهانێکی پانوبه‌رین و ڕه‌نگاڵه له‌ناو قاڵبی جیهانگیریدا، دامانده‌نێت.
لێره‌دا باسی من گرینگیی زمانی دایکی و به‌هاپێدان و ئه‌و جۆره باسانه نییه، به‌ڵکوو باسم له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه به‌ڕاستی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و یادکرنه‌وه‌یه زمانی کوردیی چی پێویسته؟ وه‌ک دۆستێک له‌م ڕۆژه‌دا به دروستی و باشی نوسیبووی زمانی کوردی ده‌بێ سه‌ده‌یه‌کی بۆ ته‌رخان بکرێت، نه‌ک ڕۆژێک. هۆکاره‌که‌یشی زۆر و زه‌به‌نده!
زمان به مێژوو و نووسین و نه‌سر و په‌خشان و شیعر و زانست و فه‌لسه‌فه، باڵا ده‌کات و به‌ر ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌مه کۆی پلانی پاراستن و تامکردنی زمان نییه، به‌ڵکوو ئه‌م سه‌مه‌ر و به‌رگرتنه‌ی زمان به لقی دره‌ختی زمانه‌وه، په‌رژینێکی قایم و پلانێکی تۆکمه و ده‌ستێکی خۆماڵیی ئه‌مینی ده‌وێت، تا ئه‌م به‌رهه‌مانه دانه‌که‌ون و نه‌پووکێنه‌وه و ڕیشه‌ی دره‌ختی ئه‌م زمانه قووڵتر به ناخی زه‌ویی نیشتماندا ڕۆ بچێت و له زێ و که‌ناراوه‌کانی وڵاتیش پاراو و تێراو بێت.
به کورتییه‌که‌ی، هه‌ر جۆره به‌رهه‌مهێنانێکی زمانیی ئەگه‌ر هاوکات نه‌بێت له‌گه‌ڵ پلانێکی زمانی (plan of language)، ئه‌وا ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین لارولێره، به دڵنیایی ناته‌واو و شلوشۆڵه. پێم وایه پلانی زمانی به دوو ئاقاردا ده‌شێت ئیشی له‌سه‌ر بکرێت که دیسان هه‌ردووکیان ته‌واوکه‌ری یه‌کترین.
یه‌کیان بیرمه‌ندان و نووسه‌رانن که له ڕێگه‌ی به ڕۆژکردنه‌وه‌ی ڕێنووس و ڕێزمان و پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییانه‌ی له که‌لێنه هه‌میشه‌ییه‌کانی زمان (له هه‌ر هه‌موو زمانه‌کانی دنیا له ئه‌فه‌ریقاوه بگره تا ئه‌مه‌ریکا و ئەڵمانیا)، هه‌یه. واته زمانه‌وان و نووسه‌ر و بیرمه‌ندانی زمان، ئیشیان ڕۆح و گیانی زمانە، به‌ڵام داوده‌زگای ئیداری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێکخراوه‌یی، واته کۆی پێکهاتی ده‌وڵه‌ت، ده‌بێ به جه‌سته‌ی زمان. واته له‌م تێڕوانینه‌دا گیان و جه‌سته‌ی زمان په‌یکه‌ر‌ی ته‌واویی زمانی نه‌ته‌وه‌یی دروست ده‌که‌ن.
ڕه‌نگه ئێمه له هه‌موو مێژووی ده‌رکه‌وتنی زمانه‌که‌ماندا، پەیستانی زۆر و هه‌ژموونی زۆر بەسه‌رەوە هه‌بووه و هه‌یه، به‌ڵام قه‌ڵای خۆڕاگریی کورد و خه‌یاڵدانی ده‌سته‌جه‌معی زمانه‌که‌ی، له ئه‌شکه‌وت و کون و که‌له‌به‌ره‌کانی شاخ و ده‌شته‌کاندا هه‌ر پاراستووه و ئه‌م ڕۆحه زۆرجار تاراوه و ترساوه و لێی دراوه، به‌ڵام هه‌ر به ته‌ندروستی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ جه‌سته‌ی نیشتمان.
ئه‌م نه‌مری و هه‌ستانه‌وه‌یه‌ی گیانی زمان له کاتی شۆڕش و بۆردمان و ئه‌نفال و کۆڕه‌ودا هه‌ر به‌رده‌وام بووه، له کاتی شۆڕشدا سروود و که‌شکۆڵی پێشمه‌رگه و له کاتی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌دا شین و ڕۆڕۆ و له کاتی بۆردماندا گریان و لاڵانه‌وه و فرمێسک و زامی به‌رهه‌م هێناوه و له کاتی ئاسایی ژیانیشدا پڕ به گه‌رووی خۆشه‌ویستی، هاواری جوانی و شکۆی جیهانی به‌رز کردووه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌م ڕۆحه‌ی زمان له باوه‌شی جه‌سته‌ی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ یان نیوه‌سه‌ربه‌خۆدا پڕتر و ته‌واوتر ده‌گه‌شیته‌وه، پێوه‌ندیی به خه‌یاڵدانی گشتیی و ناخی کۆمه‌ڵگەوه ده‌كات و له هه‌ناوی تاک و کۆمه‌ڵدا ڕه‌گئاژۆ و په‌لهاوێژ ده‌بیت.
دیاره دوای ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌که‌ی باشووری کوردستان له ساڵی ئاداری 1991، زمانی کوردی پێی نایه قۆناغێکی مۆدێڕنتر و شاریتر و سیستماتیک‌تر که جیا له به‌کارهێنانه ڕۆژانه‌ییه‌کانی زمان و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان، له پێکهاتی حوکمڕانی و ده‌وڵه‌تداریشدا و له فۆرمی داوده‌زگایی و دیوانسلارانه‌دا پێگه‌ی خۆی دۆزییه‌وه و ئه‌و لایه‌نه‌ی زمانه‌که‌مان به‌هۆی بوونی ده‌وڵه‌تی کوردی له باشوور، لق‌وپۆپی تری لێ بووه‌وه و به شێویه‌کی سیستماتیکیتر په‌روه‌رده و فێرکاریی زمانی کوردی، ڕێچکه‌ی خۆی پێوا.
ڕه‌نگه له‌و ساڵانه‌ی سه‌ره‌تاوه تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی، به‌پێی پێویست له‌لایه‌ن سیاسییه‌کان و حكوومەتی کوردستانه‌وه ئاوڕ له زمان و گرینگیی زمان له نه‌ته‌وه‌سازیی و شوناس نه‌درابێته‌وه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه که‌سمان له بیرمان نییه وه‌ک مەسروور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێستە وه‌ها به ته‌نگ و خه‌می زمانه‌وه بێت. پێم وایه ئه‌و ڕۆشنبیرییه‌کی باشی له‌سه‌ر پێکهێنه‌ره‌کان و توخمه‌کانی شوناس هه‌یە، بۆیه زمان به‌لایه‌وه هێنده گرینگ و چاره‌نووسسازه که له ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیدا دوو فه‌رمانی له‌سه‌ر ده‌ربکات و خۆیشی به تویتێک له‌م ڕۆژه‌دا گرینگیی نووسینی زیاتر به زمانی کوردیی، جه‌خت بکاته‌وه.
پێویست به وتن ناکات ئێمه وه‌ک کورد زمانه‌که‌مان قه‌ڵای به‌رگری و مه‌ته‌رێزی نه‌مریمان بووه له هه‌مبه‌ر تۆپ و تانک و فڕۆکه‌ی زمان و کو‌لتوور و وشه دڕ و هێرشبه‌رانه‌کاندا، بۆیه ته‌نیا به‌س نییه له ئاستی ڕێکخراوه سه‌ربه‌خۆ و نووسه‌ره جۆراوجۆره‌کاندا ئه‌م سه‌نگه‌ره قایم و توندوتۆڵ بکه‌ین، بەڵكوو ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ین که زمان به‌بێ پشتگیریی ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌ت و به‌بێ پلانێکی تۆکمه‌ی زمانیی، وه‌ک پێویست ناتوانێت گه‌شه بکات و له فه‌وتان ڕزگاری بێت.
به گوێرەی یونسکۆ، تا چه‌ند ده‌یه‌ی داهاتوو چه‌ند هه‌زار زمان له‌ناو ده‌چن و زیاتر ئه‌و زمانانه ده‌مێننه‌وه که ناوه‌رۆکی باش له تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕووبه‌ری ئینته‌رنێتدا به‌رهه‌م دێنن، ئه‌مه‌یش پلان و پرۆژه‌ی ده‌وێت و به دڵنیاییه‌وه به دانوستانی باش له نێوان ئه‌کادیمیا و ناوه‌نده ڕۆشنبیرییه‌کان له‌گه‌ڵ ڕوانگه‌کانی سه‌رۆکی حكوومەتی هەرێم و کراوه‌یی زه‌ین و ڕۆشنبیریی سه‌رده‌میانه‌ی ئه‌و، ده‌توانێت ده‌رگایه‌کی گه‌وره‌تر به ڕووی زمانی کوردی‌دا بکاته‌وه و سیاسه‌ته زمانی و کولتوورییه‌کانی زیاتر و زۆرتر پراکتیزه بکرێت.
دیاره ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، ته‌نیا بۆ بۆنه‌کان نییه و ئێمه ساڵی رابردوویش بینیمان بودجه‌یه‌کی شیاوی بۆ پرۆژه‌ی وه‌رگێڕانی کتێبی کوردیی بۆ سه‌ر زمانه‌کانی تری زیندووی دنیا ته‌رخان کرد،
ئه‌و پیاوی خه‌ونه گه‌وره‌کانه و ده‌ره‌و‌ست و به‌رپرسیشه و ده‌شێت ڕێزی ئه‌م سیاسه‌ت و تێڕوانینه زمانی و کولتوورییانه‌ی به باشی بگرین.