پرۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نیشتمان و زاخاودانی بیری دانیشتووانی هه‌رێم و نیشتمان به خه‌ون و ئینتیمای نیشتمانی، پرۆسه‌یه‌كی ناسك و ورده‌كارانه‌یه، ((پرۆسه))یه‌ك كه له هه‌ناوی خۆیدا ده‌بێت هه‌ڵگری ((پڕۆژه))ش بێت، جیاوازی دوو ده‌سته‌واژه‌ی پرۆسه و پڕۆژه له دیدی كۆمه‌ڵناسان و شاره‌زایانی زانسته سیاسییه‌كانه‌وه، له‌وه‌وه دێت كه پرۆسه زیاتر ڕه‌وت و ئۆرگانیسمێكی سروشتی و مێژووكرده و به كه‌مترین ده‌سكاری و ده‌ستێوه‌ردانی مرۆیی دروست ده‌بێت و گه‌شه ده‌كات و ده‌گاته ترۆپك، هه‌رچی له لێكدانه‌وه‌ی مانا و ده‌لاله‌تی پڕۆژه‌شه ده‌ڵێن ئه‌و پلان و ڕێكخستنانه‌یه كه به مه‌به‌ستێكی تایبه‌ت و به ئامانجێكی دیاریكراو به‌سه‌ر جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا پیاده و پراكتیزه ده‌كرێت. له حاڵه‌تانێكی ده‌گمه‌ن و ئاڵۆزدا یه‌كانگیری و یه‌ككه‌وتنی پرۆسه و پڕۆژه دێته ئاراوه، به‌م شێوه‌یه مرۆڤ له ڕه‌وت و پرۆسه‌ی مێژوو و ئۆرگانیزمی به‌ره‌وپێشچوونی ڕووداوه‌كان، داخل ده‌بێت و پڕۆژه و پلان داده‌نێت و هه‌وڵ ده‌دات تێچووه‌كانی ڕێكخستن و به‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌ڵگه بگه‌یه‌نێته كه‌مترین ئاست.
دیاره گه‌لی كوردیش به‌هۆی دۆزه ئاوارته و تایبه‌ته‌كه‌یه‌وه له‌وه‌ته‌ی قۆڵی له خه‌بات بۆ ڕزگاریخوازی هه‌ڵماڵیوه، تا ئێسته هه‌وڵی داوه له پرۆسه‌ی گه‌شه و نه‌شه‌ی خۆڕسك و مێژوویی وشیاریی كورددا پلان داڕێژێت و گه‌یشتن به خه‌ونه‌كانی نه‌ته‌وه ئاسانتر بكاته‌وه، یان به پیاده‌كردنی پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی به‌شێوه‌ی مۆدێرن و په‌ره‌پێدانی وشیاری و ئینتیمای نیشتمانی، له هه‌مبه‌ری پیلانی داگیركاری و تواندنه‌وه و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی بوه‌ستێته‌وه. ئه‌م پڕۆژه-پرۆسه‌یه له هه‌ناوی گوتاری سیاسی‌دا خۆی به‌یان ده‌كات و نیازی پێكانی ئامانجه‌كانی ده‌خاته گه‌ڕ. دیاره ئه‌مه بابه‌تێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه له سه‌رده‌می شۆڕشدا به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه چاوه‌ڕوان ده‌كرا، به هه‌موو نه‌بوونه‌كانه‌وه له توانا و بودجه و خۆراك و جێخه‌و و فیشه‌كه‌وه بگره تا میدیای نوێ و ئامێره‌كانی پێوه‌ندیكردن، گوتاری نیشتمانی و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی زیاتر و زۆرتر بوو و بێگه‌ردی و بێخه‌وشییه‌كی بێ وێنه‌ی هه‌بووه.
نموونه‌ی هه‌ره باڵای ئه‌م ترۆپكه‌ی ئینتیما و به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی شۆڕشی ئه‌یلووله، كه من به گرنگترین ڕووداو و جێگیرترین كۆڵه‌كه‌ی شوناسیی سیاسیی كوردی له سه‌ده‌ی بیسته‌می ده‌زانم، له‌و شۆڕشه‌دا ئه‌گه‌رچی توانا له‌وپه‌ڕی كه‌موكورتیدا بوو، به‌ڵام ئینتیما و نیشتماندۆستی له چڵه‌پۆپه‌ی خۆیدا بوو. له سه‌رده‌می مۆدێرندا واته پاش ئه‌وه‌ی توانای ئێمه له باشوور زیاتر و زۆرتر بوو و كابینه‌ی وه‌زیران و په‌رله‌مان و به‌گشتی حكوومه‌تی كوردی دامه‌زرا، له هه‌وڵدان بۆ ئه‌و ئامانج و خه‌ونه به‌رزانه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول، له‌باتی ئه‌وه‌ی پێش بكه‌وین، تووشی لاوازی و كه‌موكورتی بووین، به جۆرێك بێخه‌وشی و بێگه‌ردیی و زوڵاڵیی هه‌موو نیشانه و ده‌لاله‌ته‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول، بۆ ئێمه خه‌ریكه ده‌بێته نۆستالۆجیا و خه‌ونێكی دووره‌ده‌ست.
دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه من دۆخه‌كه ڕه‌شبینانه بنه‌خشێنم، به‌ڵكو به میتۆدێكی به‌راوردكارانه له ڕووی زه‌مه‌ن و قۆناغه‌وه قسه ده‌كه‌م. پاشان ئه‌م كه‌موكورتییه‌ش له هه‌ندێ ڕووه‌وه‌یه و به زۆریش له هه‌ندێ ناوچه و به دیاریكراویش له‌لایه‌ن هه‌ندێ گوتاری حزبیی دیاریكراوه‌وه به‌رهه‌م دێت، ئه‌وانه‌ی كه ڕێی ڕوون و زوڵاڵی خه‌ونه‌كانی شاخیان چه‌واشه كردووه و له‌باتی دڵسۆزی بۆ كورد و كوردستان و دۆزه ڕه‌واكه‌ی، دڵڕه‌قی و تۆران و خه‌یانه‌تیان كردووه به پیشه و له درێژه‌دا ده‌په‌رژێمه سه‌ری.
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌گشتی به‌هۆكاری جۆراوجۆر له‌ناو قه‌یران و شه‌ڕوشۆڕدا بووه، دیاره ئێمه‌ی كورد به‌هۆی دۆزه ڕه‌واكه‌مان، وڵاتمان كراوه به یه‌كێك له‌م ناوه‌ندانه‌ی قه‌یران و ئیراده‌ی به‌رخۆده‌ر و شۆڕشگێرانه‌ی كوردیش تا ئێسته هه‌ر به‌رپه‌رچی ئه‌م ئاره‌زووه قه‌یرانسازه‌ی داگیركه‌ری داوه‌ته‌وه و زۆر ده‌سكه‌وتیشی مسۆگه‌ر كردووه، به‌ڵام كێشه ته‌نیا داگیركه‌ر نییه، ئێمه پاش ئه‌و هه‌موو شۆڕش و خه‌بات و قوربانیدانه، بنه‌مایه‌كی به‌هێزی نه‌ته‌وه‌سازیمان له ناو پرۆسه‌یه‌كدا پراكتیزه و پڕۆژه‌سازیی كرد و له زۆر ڕووه‌وه سه‌ركه‌وتوو بووین، به‌ڵام بۆیه ده‌ڵێم كه‌موكورتی، چونكه له ئاستی ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و ئازار و به‌شمه‌ینه‌تییه‌دا، نه‌ده‌بوو تاكه كورد و تاكه هێزێكی كورد به گۆرانیی دوژمن و داگیركه‌ر هه‌ڵپه‌ڕێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێمه له هه‌ر ڕووداوێكدا كه ڕووبه‌ڕووی هه‌رێم ده‌بێته‌وه، وه‌ك ئه‌مه‌ی دوایه‌مینیان واته پرسی نه‌وت كه سه‌رۆك وه‌زیران له كرده و دیراسه‌تێكی مێژوویی‌دا چاره‌سه‌ری كرد.
ئێمه له‌م چركه‌ساتانه‌دا دوو گوتاری جیاواز ده‌بیستین و ناكۆكی و یه‌كنه‌گرتوویی دیسان وه‌ك ئاریشه و كۆسپ به‌ربینمان ده‌گرێت، گوتارێك كه پێداگری له خه‌ون و ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌كات و هه‌موو توانا و وزه و توانستی تێیدا خستووه‌ته گه‌ڕ و پارتی دیموكراتی كوردستان پێشه‌نگایه‌تیی ده‌كات، گوتارێك كه چاوی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو دنیادا داخستووه، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵی خستووه‌ته گه‌ڕ و چاوێكی كردووه به چوار چاو تا بزانێت چ چۆله‌كه یان بازۆڕییه‌ك له هه‌ولێر ده‌كه‌وێته خواره‌وه، ئه‌و بیكات به هه‌وێنی هێرشكردنه سه‌ر به‌ها نیشتمانییه‌كان و دنه‌ی ناحه‌زان و داگیركاران بدات، بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی، ئه‌م گوتاره‌ش له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانیی نوێ و به‌ڕێوه‌به‌ره گه‌نجه بێ ئه‌زموونه‌كانی ئاراسته ده‌كرێت.
دیاره كاتێك باسی پرۆسه و پڕۆژه‌م كرد، لێره‌دا ئاڵنگاری و كێشه‌كه خۆی وه‌ده‌ر ده‌خات، له‌لایه‌ك گوتارێكت هه‌یه ئه‌م دوو چه‌مكه‌ی ئاوێزانی یه‌ك كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی و ئینتیمای نیشتمانی بگه‌یه‌نێته چڵه‌پۆپی خۆی و ڕزگاری و خه‌ونی له مێژینه‌ی كورد به‌دی بێنێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئێمه دژه‌پرۆسه و دژه پڕۆژه‌یه‌ك ده‌بینین كه به كۆمه‌ڵێك میدیای ڕه‌شۆداماڵراوه‌وه هه‌موو شتێك به‌رهه‌م ده‌هێنن جگه له كوردایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستان، هه‌موو كێشه‌یه‌ك مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن جگه له پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هه‌رێمی كوردستان! بێگومان و به دڵنیاییه‌وه ئه‌م گوتاره‌ی ئه‌وان له زۆنی سه‌وز به‌رهه‌می ده‌هێنن، بۆچوونی خه‌ڵكی خۆڕاگر و نیشتمانیی ئه‌و ده‌ڤه‌ره نییه، به‌ڵكو پڕۆژه‌یه‌كه بۆ چه‌واشه‌كاری و گه‌مژاندن له‌ڕێی پاره‌ی زۆر و زه‌به‌نده‌وه كه میدیای زه‌رد و زڕه‌ڕاگه‌یاندنی پێ پڕچه‌ك ده‌كه‌ن، به‌و شێوه‌یه ده‌بنه مه‌ترسی و له‌مپه‌ر له به‌رده‌م پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی و پرۆسه‌ی ڕزگاریی كوردستان.