پێشمه‌رگه ڕه‌نگه پیرۆزترین هێمای مێژووی کورد بێت. دیاره هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک دنیایه‌ک توخم و ڕه‌گه‌زی پیرۆزی تێدایه که پارێزگاری له کیان و شوناسی ئه‌و گه‌له ده‌که‌ن. بۆ ئێمه‌ی کورد ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین پێشمه‌رگه له سه‌رووی هه‌موویانه، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین پارێزه‌ری هه‌موو ئه‌و به‌ها و توخمه پیرۆزانه‌یه. ئه‌مه‌یش پێگه‌یه‌کی به‌رز و پیرۆز ده‌دات به پێشمه‌رگه.
پێشمه‌رگه له مێژووی هاوچه‌رخی ئێمه‌دا چ وه‌ک ناو و ئیدیۆم و چ وه‌ک واقیع و بوونێکی به‌رهه‌ست، ئاماده‌ییه‌کی به‌رچاو و بێ وێنه‌ی هه‌بووه. ئه‌م ئاماده‌ییه به‌رچاوه خۆی هه‌میشه‌ییه و ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی قسه‌وباسی زۆرتر و زیاتری له‌بارەوە بکرێت، به تایبه‌ت به‌شێک له مێژووی پێشمه‌رگه له‌ناو جیهانی مۆدێڕن‌دا مانیفێست کراوه و به‌شێکی سه‌ره‌کیی و بوونناسانه‌ی هه‌ر به نادیاری و نیوه‌چڵی هاتووەتە گێڕانه‌وه و به ڕاده‌ی کایه‌کانی ناو جیهانی مۆدێڕن و هاتنی حزب و بزووتنه‌وه‌کان زه‌ق نه‌بووه‌ته‌وه. بۆ ئه‌مه سه‌رنجدان له هاتنه‌ئارای وشه‌ی "پێشمه‌رگه" بۆ یه‌که‌مین جار له بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و کایه‌ی ئه‌کتی مۆدێڕنی مرۆڤی کورددا ڕوونکه‌ره‌وه ده‌بێت.
ڕه‌حیمی قازی نووسه‌ری ڕۆمانی "پێشمه‌رگه" له پێشه‌کی کتێبه‌که‌یدا ئاماژه‌یه‌کی ڕوونی بۆ ئه‌م بابه‌ته هه‌یه و ده‌ڵێت: دۆزینه‌وه‌ی وشه‌ی پێشمه‌رگه، بۆ خۆی داستانێکه. کاتی دامه‌زراندنی کۆماری خودموختاری کوردستان، پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د گرینگییه‌کی زۆری ده‌دا به زمان و ئه‌ده‌بی کوردی، ئه‌سپاردبووی له جیاتی وشه‌ی سه‌رباز و عه‌سکه‌ر و نیزامی و فیدایی، وشه‌یه‌کی جوانی کوردی بدۆزرێته‌وه و به‌کار بهێندرێت. جا ڕیزه‌ک له نووسه‌ران و هۆنه‌ران و پسپۆڕانی کورد به‌و ئامانجه کۆبوونه‌وه‌یه‌ک پێک ده‌هێنن و چه‌ند سه‌عاتێک وتووێژی له‌سه‌ر ده‌که‌ن و به ئه‌نجامێکیش ناگه‌ن. کوردێکی پیر و نه‌خوێنده‌وار و دنیادیتوو که له‌و کۆبوونه‌وه‌یه خزمه‌ت ده‌کا و نان و چایان بۆ ده‌هێنێ، ده‌بینێ هه‌موو شه‌که‌ت بوون، چوونه‌ته به‌حری خه‌یاڵاته‌وه، له ناکاو هه‌ڵده‌دا و ده‌ڵێ، ئه‌رێ بۆچی خۆتان له هیچ و خۆڕایی ماندوو ده‌که‌ن، باوباپیرمان پیاوی ئازا و به‌کاریان به پێشمه‌رگه نێو بردووه، ئێوه‌ش هه‌ر ئه‌و نێوه‌ی لێ بنێن. جا به ڕاستی به بیستنی وشه‌ی پێشمه‌رگه، کوردێکی کۆڵنه‌ده‌ر و ئازا و نه‌ترس و به‌کار، کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ر و ڕزگاریخواز و دیمۆکرات، کوردێکی ناسراو له هه‌موو شوێنێک دێته به‌ر چاومان.
لێڕه‌دا ده‌توانین باس له‌وه بکه‌ین که تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کیی پێشمه‌رگه له ڕۆمانه‌که‌ی ڕه‌حیمی قازی‌دا سه‌ره‌ڕای ئازایه‌تی و به‌کاربوونی، رۆحی دژه‌سته‌م و داگیرکاری و ڕه‌نجده‌ربوونێتی. واته پێشمه‌رگه پێش ئه‌وه‌ی بێته ناو ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی ئێمه‌وه، پیاوێک بووه وه‌ک پیرۆتی ناو ڕۆمانه‌که، هه‌م ڕووبه‌ڕووی بیری کۆنه‌په‌رستی خۆماڵی بووه‌ته‌وه و هه‌م بیری کۆنه‌په‌رستی ئه‌وینری كوردیش و هه‌میش خه‌ونی ئازادیی بۆ نیشتمانی له‌لا گه‌ڵاڵه بووه.
ڕۆمانی پێشمه‌رگه بۆ یه‌که‌م جار له ساڵی 1959 له شاری ئیره‌وان و دواتر له ساڵی 1960 له به‌غدا به زمانی کوردی و له ساڵی 1962 له باکۆ به ئازه‌ری چاپ کراوه. وه‌ک نووسه‌ر له پێشه‌کییه‌که‌یدا ده‌ڵێت، هۆی نووسینی ڕۆمانه‌که، ئازار و به‌شمه‌ینه‌تی و ژیانی چه‌وت و ناله‌باری کورد بووه و ئاماژە دەدات: نزیکه‌ی بیست و پێنج ساڵ له‌مه‌وپێش له گۆڤارێکی کوردی داستانێکی کورتی یه‌ک لاپه‌ڕه‌ییم خوێنده‌وه که له مه‌ڕ ژیانی تاڵ و ناله‌بار و چه‌وت و قاڵی ماڵه کوردێکی هه‌ژار و نه‌دار نووسرابوو. ئه‌م داستانه کورته په‌رده‌ی گه‌وره و بێ سنووری ژیانی خه‌فه‌تبار و هه‌ژاری گه‌له‌که‌می هێنایه به‌رچاوم و بووه کانگای هێز و ئیلهامم بۆ نووسینی ئه‌م چیڕۆکه و سه‌ره‌تاکه‌شم هه‌ر به ناوه‌ڕۆکی ئه‌م داستانه‌وه ده‌ست پێ کردووه.
کات و ساتی ڕووداوی ناو ڕۆمانه‌که سه‌روبه‌ندی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستانه له مه‌هاباد و باڵاکردنی هێواش و به‌کاوه‌خۆی کۆماره‌که‌یه و به‌شێک له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ده‌ست کورد و هێزی ڕزگاریخوازی کورددایه. پێکهاتەی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وکات، چینایه‌تی بووه و ده‌سه‌ڵاتی ئاغاوات و میر به‌سه‌ر ڕایه‌تدا زاڵ بووه و ئه‌وپه‌ڕی چه‌وساندنه‌وه و سته‌م له خه‌ڵک ده‌کرێت.
قه‌ره‌نی ئاغای گوندی "کانه سه‌وزه" که گوندێکی نێزیک شاری سه‌قزه و کاک مامه‌ند که له‌سه‌ر زه‌وییه‌که‌ی ئیشی کردووه، گاجووته‌کانی ئاغا به‌ری زه‌حمه‌ت و ڕه‌نجی له‌ناو ده‌به‌ن و داواکاریی کاک مامه‌ند له ئاغا بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌بێته وه‌ده‌رنان و عه‌وداڵبوونی کاک مامه‌ند له زستانێکی سه‌خت و تووشدا بۆ په‌یداکردنی بژێوی ژیان. کاک مامه‌ند باوکی پیرۆته.
مامه‌ند که له‌به‌ر کڕێوه و به‌فر، په‌نای بۆ ئه‌شکه‌وتێک بردووه و له‌به‌رخۆیه‌وه جارجار ده‌ڵێ: ئای کوێر بم، له کوێی پیرۆت گیان؟ ڕه‌نگه به‌و کاره‌ی ئێوه ده‌ستتان پێ کردووه ڕووناکاییه‌ک بۆ هه‌ژاران بدۆزنه‌وه، خۆ شکور تفه‌نگیشتان هه‌یه....
له به‌شی ڕووداوه‌کانی کانی سه‌وزه که قه‌ره‌نی ئاغا ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه، ده‌سه‌ڵاتی سیستمی سیاسیی په‌هله‌وی و ژاندارمێری سه‌ر به‌و سیستمه ده‌خرێته ڕوو و سه‌رگورد شه‌میرانی نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌و قه‌واره سیاسییه‌ی ئه‌ویتری کورد ده‌کات. شه‌میرانی پیاوێکی موعتاده و هێنده‌ی تلیاك کێشاوه که هه‌ردوو چاوی ڕۆچوون و قورقوراگەی له ده‌ره‌وه دیاره و وه‌ک دنووکی قه‌له‌موونه وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێت و هێنده له‌ڕه که فووی لێ بکه‌ی با ده‌یبات.
وه‌ک ده‌بینی لێره‌دا و له مێژووشدا و به گیڕانه‌وه و تۆماره‌کان بۆ ئێمه و جیهانیش سه‌لماوه، ده‌رکه‌وتنی پێشمه‌رگه وه‌ک وشه و واقیع، هه‌ڵگری هه‌موو به‌هایه‌کی مرۆڤته‌وه‌رانه و ئاشتیخوازانه بووه.
پێشمه‌رگه له مێژووی ئێمه‌دا به لایەنی که‌مه‌وه، لایەنی زۆری مسۆگه‌ر کرد. به که‌مترین پشتیوانییه‌وه ئه‌فسانه‌ی داعشیان تێکشکاند. ڕه‌نگه ترۆپکی ده‌رکه‌وتنی پێشمه‌رگه له شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ داعش بێت که ئه‌ورووپا و ئه‌مەریکا ئێسته‌یش لێی تۆقیون.
فیلمی پێشمه‌رگه‌ی بێرنارد هێنری لیڤی، هه‌وڵێکی ده‌سپێشخه‌رانه و ڕچه‌شکێنانه بوو له سه‌روبه‌ندی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و تێكشکانی داعشدا به‌رهه‌م هێنرا و نمایش کرا و ئێسته‌یش به هه‌وڵه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێم و ئه‌و دیپلۆماسییه به‌هێزه پێگه‌ی شیاوی پێشمه‌رگه له شه‌قامه‌کانی پاریس‌دا به ناونانی شه‌قامێک به ناوی "شەقامی پێشمه‌رگه"وه ده‌بینرێته‌وه. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه که‌مه بۆ له‌خۆبردوویی و پێگه‌ی بەرز و پیرزۆی پێشمه‌رگه له جیهان و مێژووی ئێمه‌دا، به‌ڵکوو ئه‌مه سه‌ره‌تای کرانه‌وه‌ی کاروانێکە له ڕێزگرتنی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆژئاواییه‌کان بۆ پێگەی پێشمه‌رگه و ڕێبه‌رایه‌تییه‌که‌ی و فه‌لسه‌فه‌ی بوون و خه‌باتیان. ئه‌م سه‌رکه‌وتن و ده‌سکه‌وته له هه‌موو لایه‌ک پیرۆز بێت.