له عورفی سیاسی‌دا گوزاره‌یه‌کی باو هه‌یه ده‌ڵێت، هه‌ر کاتێک نێونجییه‌کی لاسه‌نگ و لاسار له نێوان حکوومه‌ت و خه‌ڵکدا هه‌بێت، ئه‌وا ورده ورده یان له ماوه‌یه‌کی کەمدا پێوه‌ندی حکوومه‌ت و خه‌ڵک به‌ره‌و ئاستێکی زۆر خراپ له متمانه و خراپ لێک تێگه‌یشتن ده‌ڕوات و دوا وێستگه‌یشی داڕمانی کۆی ئه‌و پێوه‌ندییه و دروستبوونی گرژی و ڕه‌نگه به بارێک‌دا دۆخی سه‌ربازیی له‌ناو حکوومه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانی دیکتاتۆری و مه‌رگی دیموکراسی و هه‌موو ئه‌و لێكەوتانە بێت که چاره‌نووسی لێکگرێدراوی حکوومه‌ت و خه‌ڵک به‌ره‌و نه‌مان و داکه‌وتن ده‌بات.
له مێژوودا و هه‌روه‌ها له دراما مێژووییه‌کانیشدا خوێندوومانه‌ته‌وه و بینیومانه وه‌زیرێک ده‌بێته دیواری بێ متمانه‌یی نێوان خه‌ڵک و سه‌رۆکی حکوومه‌ت، له حاڵێکدا ئه‌رکی جه‌وهه‌ریی وه‌زیر ده‌بێت وه‌ک پردێک بێت و پێوه‌ندیی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وام و ئاڵووێری خواستی خه‌ڵک و ده‌نگ و وه‌ڵامی حکوومه‌ت بێت. به‌داخه‌وه له کوردستان به دوو هۆکاری دیار و به‌رچاو، ئه‌م پێوه‌ندییه به‌ره‌و ئاقاری بێ متمانه‌یی و هه‌وڵ بۆ گرفتسازیی له نێوان حکوومه‌ت و خه‌ڵک دراوه. یه‌ک له‌وانه که ده‌کرێت ئێستە به ده‌سه‌ڵاته خۆجێیه‌کان ناوی ببه‌ین و ناوی تر‌ی جاران دوو ئیداره‌یی بوو.
ئه‌وه‌ی ئێسته پێیان ده‌ڵێین ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌به‌ریی ئیدارە و ناوچە محه‌لییه‌کان، خۆی ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێک له کاریگه‌ریی و ڕۆڵیان له کیس داوه و به هێزگرتن و زیاتر دره‌وشانه‌وه‌ی پێکهاتەی حکوومی و وه‌زیریی له ده‌سه‌ڵاتی حکوومڕانی هه‌رێمدا، به هیواین ئه‌و ڕۆڵه خۆجێیه نه‌رێنیانه که‌م ببنه‌وه و ته‌واو له‌ناو بچن. ڕاسته ئه‌م ده‌سه‌ڵاته محه‌لییانه به‌شه بچووکه پێکهێنه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌کیی حوکمڕانین، به‌ڵام بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت به‌هۆی هه‌بوونیان له‌ژێر ڕکێفی حزبی دیاریکراو و حزبیانه‌بینینی هاوکێشه‌کان، نه له ڕوئیا و خه‌ونی حکوومه‌تی هه‌رێم تێده‌گه‌ن و نه له به‌رژه‌وه‌ندیشیاندایه له‌و خه‌ون و ئیرادانه‌ی حکوومه‌ت تێبگه‌ن.
ئه‌مه وه‌ڵامی ئه‌و هاووڵاتییه به‌ڕێزانه‌یه پرسیاریان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکی حکوومه‌ت کرد له‌باره‌ی خزمه‌تگوزاری و جیاوازی نێوان پارێزگا و شاره جۆراوجۆره‌کانی کوردستان. وه‌ک چۆن سه‌رۆکی حکوومه‌ت به ڕاشکاوی و به نه‌فه‌سێکی کوردانه و سه‌رده‌میانه‌وه وه‌ڵامی دانه‌وه، ده‌بێت له ده‌ره‌وه‌ی زۆنه‌کان چاو له حوکمڕانی کوردستان بکه‌ین. ئه‌مه به‌و واتایه‌یه که پرۆگرام و گوتاری حزب نابێت له‌سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندی و پێداویستییه‌کانی هاووڵاتیان بێت.
پێم وایه به‌شێک له ته‌وه‌ری دانیشتنه مه‌ده‌نی و سه‌رده‌میانه‌که‌ی مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌و هاووڵاتییه په‌رۆش و خه‌مخۆرانه، هه‌ر ئه‌وه‌بوو که باسی ده‌که‌م. ئه‌مه خۆی یه‌کێکە له‌و هۆکارانه‌ی که پرۆژه‌کان به‌پێی پێویست له پارێزگاکانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه جێبه‌جێ نه‌کرێن و ده‌ربه‌ندیخان و قەڵادزێ و چوارتا، تا ده‌گاته شارباژێڕ و... به‌ڵام گرینگیی ئه‌م دانیشتنه به سه‌رنجدان له بابه‌تی (نێونجی_وه‌زیر) له نێوان خه‌ڵک و حکوومه‌تدا، زیاتر بۆمان ده‌رده‌که‌وێت.
سه‌رۆکی حکوومه‌ت چه‌ندان جار ئه‌م دانیشتنه ڕاسته‌وخۆیانه‌ی ساز کردووه، ئه‌مه خۆی لادانی هه‌ر تە‌گه‌رەیەکی نه‌رێنییه که ده‌شێت ئه‌و نێونجییه (به مانای جۆراوجۆر) له پێوه‌ندیی نێوان حکوومه‌ت و خه‌ڵکدا دروستی بکات. و به دڵنیاییه‌وه هه‌ر کاتێک سه‌رۆکی حکوومه‌ت به‌م شێوه‌یه له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانی وه‌ک مووچه، مافی مامۆستایان، هۆکاره‌کانی پشت جێبه‌جێنه‌بوونی پرۆژه‌کان، که‌رتی تایبه‌ت، که‌رتی کشتوکاڵ، ئابووریی نانه‌وتی و... قسه‌ی کردووه، به‌شێکی زۆری ئه‌و گومانه ساخته و ده‌سکردانه که دروستکراون، ڕه‌ویوونه‌ته‌وه و خه‌ڵکی هه‌م به‌رچاوی ڕوون بووه‌ته‌وه و هه‌میش دڵی به نووری ئومێد گه‌شاوه‌ته‌وه.
دیاره وه‌کوو وتم هاوکێشه‌ی دووحزبی و گوتاری دووفاقیی حزبایه‌تی، یه‌کێک له‌و کێشانه‌یه که هه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرانێک له کوردستان تا ئێسته ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه و مه‌سروور بارزانی به باشی توانیویەتی وه‌ک سه‌رۆکی حکوومه‌ت له‌و ته‌نگژه و قه‌فه‌سه ده‌رباز بێت، ئازاد و کوردستانیانه ئیش بکات.
هۆی دووه‌م ئه‌و به‌ناو ئۆپۆزیسیۆنانه‌ن گوایه ڕه‌خنه‌گر و دنه‌ده‌ری چاکسازیین، واته یارمه‌تیده‌ری حکوومه‌تن بۆ به‌رچاوڕوونی و کار و خزمه‌ت به هاووڵاتیان. به دڵنیاییه‌وه به‌و مانایه هیچ شتێک به ناوی ئۆپۆزیسیۆن نییه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی هه‌یه کۆمه‌ڵێک حزبی گچکه یان مامناوه‌ندی یاخۆ کۆمه‌ڵێک گرووپی (میدیایی یا بازرگانی)ن، هه‌موو هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه‌یە خۆیان بگه‌نه سه‌ر کورسیی ده‌سه‌ڵات و ئیتر خوا ده‌زانێت وڵات به‌ره‌و کام ئاقار و هه‌ڵدێر ببه‌ن!
نموونه‌ی دیاری ئه‌م زڕه ئۆپۆزیسیۆنانه گرووپی میدیایی (نه‌وه‌ی نوێیه)، کاتی سه‌ردانی سه‌رۆکی حکوومه‌ت به‌رده‌فڕکێی دوو منداڵی فریودراو و هاندراوی کرده مانشێتی کۆمپانیا میدیاییه‌که‌ی! له حاڵێکدا ئۆپۆزسیۆنێکی په‌رۆش و خه‌مخۆر، ده‌بوو به‌ر له‌وه‌ی هێلکه‌فڕکێیه‌کی چۆله‌که ئاسایانه پراکتیزه بکات، پرسیار بخاته به‌رده‌م سه‌رۆکی حکوومه‌ت، لێدوانی له‌سه‌ر پرۆژه‌کان لێ وه‌ربگرێت نه‌ک ئه‌م منداڵبازی و گێره‌شێوێنییه که له ڕوویه‌کی دیکه‌وه بۆ ئێمه‌ی ده‌رخست هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌باره‌ی پرۆژه بازرگانییه پشکخۆره‌کانی خه‌ڵکه‌وه ده‌یڵێن، ڕاسته.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه نییه هه‌ر نه‌وه‌ی نوێ له‌ناو ئه‌م هاوکێشه‌یه‌دا ئه‌م ڕه‌فتاره منداڵکارانه‌یه بنوێنێت، به‌ڵکوو که‌سێکی وه‌ک مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین سه‌رۆکی یه‌کگرتووی ئیسلامی که چه‌ند ساڵ جارێک قسه ده‌کات و ئه‌و جاره‌ش یان له‌باره‌ی فه‌له‌ستین قسه ده‌کات یان له‌باره‌ی ئیسلام له میسر و قه‌ته‌ر! به‌ڵام له‌باره‌ی پرۆژه‌یه‌کی وه‌ک هه‌ژماری من كە خزمه‌تی هاووڵاتیی کوردستان ده‌کات و سیستمی بانک ده‌خاته ڕاسته‌ڕێیه‌کی سه‌رده‌میانه، دژایه‌تیی دەکات.
پێم وایه بۆ که‌سایه‌تییه‌کی ئاوا هه‌روه‌ک سه‌رۆکی حکوومه‌ت وتی، یان ده‌رئه‌نجامی نه‌زانینه یان ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌یه به ڕاستی نایه‌وێت خزمه‌تی خه‌ڵک بکرێت و کوردستان له جیۆگرافیایه‌کی به‌رین له دهۆکه‌وه تا ڕانیه به یه‌کپارچه‌یی ببینرێت. بێگومان وه‌ڵامه‌که‌ی سه‌رۆکی حکوومه‌ت که هه‌ندێک گومان گوناهن و به ئایه‌تێکی قورئان شیاوترین وه‌ڵام بوو بۆ هه‌ڵوێستێکی ناکوردستانی و زڕه‌ئۆپۆزسیۆنانه‌ی ئاوه‌ها.