به‌ر له هه‌ر باس و خواسێک له‌باره‌ی ئه‌م دۆخه لێڵ و ماڵوێرانکه‌ره‌ی یه‌کێتی تێدایه و کوردستانیشی پێ گیرۆده کردووه، ده‌بێ ئه‌وه ڕوون بکه‌مه‌وه که باسی من له‌ناو گوتارێکی نیشتمانیی و کوردانه‌دایه و هه‌ر جۆره کێبەرکێ و ململانێیه‌کی سازێنه‌ر و ئه‌رێنیی حزبیش، مادام له به‌رژه‌وه‌ندیی کوردستان و کۆمه‌ڵگەی کوردی‌دا بێت، به شتێکی باش و شیاو و ته‌نانه‌ت جێی ستایش ده‌زانم.
به‌داخه‌وه ئه‌و دۆخه‌ی یه‌کێتی تێیدا گیری خواردووه، بووه به مه‌ترسیی بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ک و له لایه‌کی تریشه‌وه حزبێکی له‌مێژینه و خاوه‌ن پێشینه‌ی دابه‌زاندووه‌ته ئاستی زۆرانبازیی چه‌ند که‌سی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه‌ک که پاش کۆچی دوایی مام جه‌لال خۆیان گیف کردبووه‌وه، وه‌ک بڵێی بیانه‌وێت گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره نه‌ک له‌ناو یه‌کێتی، به‌ڵکوو له کۆی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌دی بێنن. که‌چی بوونه هۆی داڕمان و په‌رتبوونی زیاتری یه‌کێتی نیشتمانیی، ئه‌مه‌یش نه‌ک ته‌نیا به زه‌ره‌ره‌ی حزبێکی وه‌ک یه‌کێتی که‌وتووه‌ته‌وه و لێکه‌وته‌ی خراپتر و نادیاری تری ده‌بێت، به‌ڵکوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌کێتی یه‌کێک له هێزه کاریگه‌ره‌کانی کوردستان بووه، (چ به لایه‌نی ئه‌رێنی و چ به لایه‌نی نه‌رێنیدا) ده‌بێته هۆی درزێکی گه‌وره له ئاسایشی هه‌رێمی کوردستاندا، به تایبه‌تی له زۆنی سه‌وز.
ڕاستییەكەی سه‌رنجدان له‌و خاڵانه پێویستی نه به شه‌هاده‌یه و نه ئه‌زموونی سیاسیی، به‌ڵام که‌س بۆی ڕوون نییه کوڕانی مام جه‌لال بۆ گوێیان له‌م کاره‌ساته خه‌واندووه و ته‌نیا زه‌ویوزار و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان و تاقمێکی بچووکیان کردووه به پێره‌وی ئیش‌کردنی خۆیان! له حاڵێکدا یه‌کێتییه‌که‌ی مام جه‌لال که بافڵ تاڵه‌بانی بانگه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌کرد، هیچ کام له‌م کرده‌وه و ده‌سدرێژی و خهمساردیانهی پی قووت نادرێت.
من قه‌ت کارم به یه‌کێتی (ئه‌م تاقمه نوێیه کاڵفامه!) وه‌ک حزب و باڵباڵێن و کاسپی و پاره سپیکردنه‌وه و ئه‌و شتانهیهوه نییه، ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌ڵوێسته ده‌که‌م بۆ ناتوانن به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کوردستان له‌به‌رچاو بگرن؟
ئه‌گه‌ر ئێسته به به‌راورد له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی نوێ چاوێک بخشێنین به گوتاری حزبی سوسیالیست و محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود وه‌ک سکرتێری ئه‌و حزبه، به ئاسانی بۆمان دەردەكەوێ له ئاستی خۆیدا یه‌کێک له گوتاره نیشتمانییه کوردپهرهوهرهکانه، له حاڵێکدا یه‌کێتی ئێسته بووه به لانکه‌ی توندئاژۆیی دینی و سه‌له‌فییه‌کانی کوردستان! باشه مام جه‌لال وتی ته‌عامول و دانوستانی سیاسیتان هه‌بێت یان خۆتانیان ڕاده‌ست بکه‌ن و کارتان به هیچی دیکه‌وه نه‌بێ، جگه له به‌رژه‌وه‌ندی و پاره و موڵک و که‌سابه‌تی خۆتان؟
ئه‌گه‌ر ئه‌م تاقمه نوێیه‌ی یه‌کێتی که یه‌کێتیی کۆنیان له خشته بردووه، ناتوانن واز له به‌رژه‌وه‌ندیی تاکه‌که‌سیی خۆیان بێنن، با لانیکه‌م له پاڵ ئه‌و کهسابهتهی خۆیاندا به‌رژه‌وه‌ندیی کوردستان و ههرێمەكەیش بڕێک له‌به‌رچاو بگرن.
کێشه و ناکۆکییه‌کانی ناو یه‌کێتی به بریاری دادگای هه‌ولێر له‌سه‌ر هاوسهرۆکبوونی لاهوور شێخ جه‌نگی، ده‌سپێک و گەڕێكی دیکه‌ی به‌خۆوه بینیوه. پاش ئه‌وه لاهوور شێخ جه‌نگیی وه‌ک هاوئاهه‌نگ و هاوکاری ئامۆزاکه‌ی له 16ی ئۆکتۆبه‌ردا، له کودەتاکهی بافڵ به‌سه‌ر یه‌کێتیدا له هەشتی تەمووزی 2021، لە پۆسته‌که‌ی ده‌رکرا و دوای گێرمه‌وکێشه و ململانێی زۆری ئه‌م دووه، لاهوور لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دوای بڕیارەكەی دادگا، دەركەوت و به هێمنی و جۆره میانهڕۆییهکی سیاسییه‌وه داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌که‌ی ده‌کات و له‌وه‌ش زیاتر ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه قبووڵ نه‌کرێت، خۆم له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حزبه له چوارچێوه‌ی یاساکانی هه‌رێمی کوردستان و پێڕه‌وی ناوخۆی حزبه‌که‌مدا، چالاکیی ده‌ست پێ ده‌که‌مه‌وه.
پاش ئه‌وه بافڵ تاڵه‌بانی به کۆکردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووسان له ده‌باشان، ویستی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته لێدوانێک بدات و هه‌ڵوێستی خۆی پێشان بدات، به‌ڵام وادیاره به‌هۆی ڕاڕایی هه‌میشه‌یی یان گه‌یشتن به‌و قه‌ناعه‌تەی که ئه‌مجاره بابه‌ته‌که رژدە، پرێسکۆنفرانسهکهی نه‌کرد و دواتر ڕۆژانامهنووسانیان بڵاوه پێ کرد.
دیاره ئه‌مه گه‌ڕێکی تری قه‌یرانه له‌ناو یه‌کێتیدا و ئه‌گه‌ر لاهوور شێخ جه‌نگی ئه‌مجاره ئه‌و گوتاره‌ی وا له به‌رژه‌وه‌ندیی کوردستان و گوتاری زاڵی کوردایه‌تیی ڕێک بخات، پێده‌چێت وه‌زعه‌که بڕێک زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندی ئەودا بشکێته‌وه، ئه‌گینا ده‌که‌وێته ململانێیه‌کی سواو و ترسناک که دوور نییه به‌ره‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندی به‌رێت و زۆنی سه‌وز له گه‌رده‌لوولی ئاژاوه و کێشه‌ی زیاتر، بئاڵێت.
لەلایەكی ترەوە هێرشکردنه سه‌ر ماڵی به‌ختیار کاوانی به‌رپرسی ئیداره‌ی مه‌کته‌بی سیاسیی له هه‌ولێر، خۆی ئاماژه‌یه‌کی ڕوونە که باڵی سه‌ربازی و مافیای ناو یه‌کێتی که له‌ژێر کۆنترۆڵی بافڵدان، باکی به ڕوودانی هیچ کاره‌سات و که‌تنێک نییه و توندئاژۆییه‌که‌ی به ڕاده‌یه‌که که نه‌ک مافی هیچ مرۆڤێک، به‌ڵکوو سنوور و که‌رامه‌تی هاوسه‌نگه‌رانی باوکی و هاوخه‌باتانی خۆی و کوردستانیش به قوربانی یه‌ک ده‌قه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های خۆی ده‌کات!
ئێسته پرسیار ئه‌وه‌یه، یه‌کێتی به‌م دهرکهوتنهوهیهی لاهوور به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌چێت یان قه‌یرانێکی تری یه‌کلاکه‌روه ئه‌زموون ده‌کات؟ له ئه‌ده‌بیاتی باودا بۆ وشه‌ی قه‌یران دوو واتا ڕه‌چاو ده‌کرێت، یه‌کیان به مانای بشێوییه و ئەویتریش به مانای دروستکردنه‌وه که له دانوستانێکی دوولایه‌نه‌دا ده‌کرێت ته‌واوکه‌ری یه‌کتر بن.
ئه‌م قۆناغه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی لاهوور، له‌وه ده‌چێت قه‌یرانی به هه‌ردوو واتاکه تا ڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتبێت و ببێت به ڕێڕه‌وی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی زۆر شت له زۆنی سه‌وز و ناو یه‌کێتیدا، به‌ڵام هیوادارم دۆخه‌که به‌ره‌و ئاڵۆزیی نه‌چێت و یاسا و مه‌ده‌نیه‌ت وه‌ک کایه‌ی یارییه‌که له‌لایه‌ن هه‌ردوو لاوه قبووڵ بکرێت، چونكە ئه‌گه‌ر شتێک ببێت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مە، به دڵنیاییه‌وه خه‌سارێکی گه‌وره‌یه بۆ مێژووی ئه‌و حزبه و خه‌ڵکی سه‌ربه‌رزی سلێمانی و هه‌روه‌ها له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه کاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت.
گرنگە ده‌نگه ڕه‌سه‌نه‌کانی یه‌کێتی ئیتر له‌مپه‌رێک بۆ ڕه‌وتی کاڵفام دانبنێن و ئاسۆی ڕووداوه‌كانی داهاتوویان له‌به‌رچاو بێت، هاوكات له‌مه زیاتر گه‌را دانەنێن بۆ بێگانه و دوژمنانێک که ده‌ستیان له خوێنی کورددا سووره و ڕاپرسیی بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم بکه‌ن.