پێش هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆکراینا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مۆسكۆ دژی وڵاتانی ئه‌ندام له ناتۆ، به گوته‌ی خۆی و دواتر ناو به‌ناو باسکردن له شه‌ڕی ئه‌تۆمیی، لێره‌وله‌وێ هه‌واڵێکی دڵخۆشکه‌رمان له‌باره‌ی هونه‌ر، زانست، وه‌رزش، کۆمه‌ڵگە و کو‌لتوور و هه‌ندێ جاریش سیاسه‌ت ده‌خوێنده‌وه و ده‌بیست، ئێسته جگه له وێنه و ڤیدیۆی شه‌ڕ و هه‌واڵی ناخۆش، هیچیتر له په‌یج و كەناڵە زه‌به‌لاحه جیهانییه‌کانه‌وه نابینین، ئه‌مه‌یش باڵی به‌سه‌ر هه‌موو دنیادا کێشاوه و نه‌ک ته‌نیا له ڕووی هێز و هاوکێشه‌کانی هێزه‌وه خه‌ریکه نه‌زمێکی ناسه‌قامگیر و جێی مه‌ترسی دروست ده‌بێت، به‌ڵکوو له ڕووی سایکۆلۆحیشه‌وه خه‌ڵک و ڕای گشتیی خه‌ریکه دابه‌ش ده‌بن یان دابه‌ش ده‌کرێت له نێوان دوو به‌ره‌ی توندئاژۆی ڕه‌ش و سپی‌دا، دوو لایه‌نی خێر و شه‌ڕدا، تاریکی و ڕووناکی و...دا.
کێشه‌ی جه‌وهه‌ریی ئه‌م تێڕوانینه ئه‌وه‌یه، هیچ کام له لایه‌نه‌کان خۆی به شه‌ڕ نازانێت، به‌ڵکوو ئه‌ویتر به شه‌ڕ ده‌زانێت و خۆی به هێمای حه‌ق و خێری ڕه‌ها ده‌بینێت! هه‌ر ئه‌مه‌یشه کێشه‌کانی ئاو‌ها گشتگیر و مه‌ترسیدار کردووه و ئاڕاسته‌ی ڕووداوه‌کان له‌ناو دوو به‌ره‌ی به ڕواڵه‌ت جیاوازی خێر و شه‌ڕدا دیاری کردووه، که‌چی له جه‌وهه‌ردا هه‌ردووکیان هه‌ر یه‌ک شتن.
له‌م نێوانه‌دا به‌شێکی زۆری ئه‌م خێروشه‌ڕە، میدیا و تۆڕه گه‌و‌ره هەواڵییەكان ئاڕاسته‌ی ده‌که‌ن، له‌م ساته‌دا که من ئه‌م ڕستانه ده‌نووسم، هێرشی چڕی ئیسرائیل بۆ سه‌ر شاری غه‌زه به‌رده‌وامه و شه‌وی زوڵمەت له ئاسمانی ئه‌و شاره بووه به ڕۆژی ڕووناک. میدیای هه‌ر لایه‌نێک وێنه و ڤیدیۆی سه‌رکه‌وتنه‌کانی خۆی به خوێن و دڵڕه‌قی و مرۆڤکوژییه‌وه بڵاو ده‌کاته‌وه و مرۆڤ هه‌ست ده‌کات هه‌ر میدیایه‌کیان زیاتر وێنه‌ی فتوحات و غه‌زه‌وات و قوربانی و غه‌نیمه‌کانی خۆی بڵاو بکاته‌وه، بەوەی به‌هێزتره و ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت براوه‌ی شه‌ڕیش نه‌بێت، ئه‌وا زه‌بروه‌شێن و کوڕی ڕۆژی ته‌نگانه‌یه!
ئه‌م هه‌ست و ئه‌م وێناسازییه جگه له پلانێک که ته‌نیاوته‌نیا له ئاخێزگه‌ی (بیر)ی شه‌ڕدۆستی و شه‌رەویستیەوە هه‌ڵده‌قووڵێت، هیچیتری له پشته‌وه نییه، ئه‌مه‌یش که وه‌ک (بیر) ناوی لێ ده‌نێم، بۆ ئه‌وه‌یه وه‌ک بیرمه‌ندێک ده‌ڵێت، منیش بڵێم، شه‌ڕکردن و بابه‌تی شه‌ڕ، جۆره بیرکردنه‌وه‌یه‌که. واته کۆمه‌ڵێک پاساو و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی له‌پشته وه‌ک هه‌موو ئه‌و شه‌ڕانه‌ی له مێژوودا کراون. ئه‌گینا له‌گه‌ڵ بیری مرۆیی و که‌رامه‌تی مرۆڤدا هیچ شه‌ڕێک ناتوانین به نزیک و هاوخوێن دانێین.
شه‌ڕی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل بێگومان ته‌نیا ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1948 و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له‌سه‌ر به‌شێک له خاکی فه‌له‌ستین و ته‌نانه‌ت دواتریش و له کاتی شه‌ڕی شه‌ش ڕۆژەی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل، به‌ڵکوو ئه‌م شه‌ڕه مێژووەكەی تا ئاستی مێژووی ته‌ورات و قورئانه. به درێژایی سه‌ده‌کان فه‌له‌ستینی و جووه‌کان به هه‌موو ململانێ و کێشه و ناکۆکییه‌کانه‌وه، هه‌ر دراوسێی یه‌ک بوون و شه‌ڕیشیان له نێواندا هاتووه‌ته ئاراوه.
له ته‌وراتدا ئێمه سامسونی جوو ده‌بینین که له‌ناو ئورشه‌لیمدا له‌گه‌ڵ جووه‌کان بۆ ڕزگاریی جوو له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه باڵاده‌سته‌کانی فه‌له‌ستین، دێته مه‌یدان و ده‌یان چیرۆک و گێڕانه‌وه‌ی له‌م شێوه‌یه، به‌ڵام له ڕۆژگاری مۆدێرندا پرسی فه‌له‌ستین کرا به خوێچه‌ش و بیانوو بۆ وڵاتانی عه‌ره‌ب و مسوڵمان له لایه‌ک و هه‌روه‌ها ڕۆژئاوا و ئیسرائیلیش له لایه‌کی دیکەوە. نیوسه‌ده زیاتره شه‌ڕ و پێکدادان و دوژمنایه‌تیی نێوان جوو و مسوڵمانه‌کان، واته ئیسرائیلی و فه‌له‌ستنییه‌کان زیاتر و قووڵتر بووه‌ته‌وه و هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامیش له‌م شه‌ڕه‌دا جۆرێک قازانجی به‌رده‌که‌وێت و له‌ولایشەوە بۆ به‌ره‌ی ڕۆژائاوا ئه‌م شته هه‌ر ڕاسته.
کێشه‌ی مێژوویی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستین که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌قه ئاینییه‌کانیان، ئێسته کراوه به خۆراکی ئایدۆلۆجیای سیاسیی هێزه جۆراوجۆره‌کان، هێزه‌کانی حه‌ماس و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی له‌ژێر کاریگه‌ری و به‌پێی پلانی ئێران، جووڵاونه‌ته‌وه و ده‌جووڵێنه‌وه، هه‌ڵه نین ئه‌گه‌ر بڵێین له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه تا ئێسته، شه‌ڕ و ئاژاوه له فه‌له‌ستین خۆراکده‌ر و بیانووی ڕه‌وایی ئاینی و مه‌عنه‌وی بۆ ئه‌و ڕژێمه بووه، ئێسته‌یش که ئیسرائیل و به‌شێکی دیاری وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان و له سه‌رووی هه‌موویشیانه‌وه سعوودیە، دەیانەوێت پێوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، ئێران ناهێڵێت، چونکه بوون و ماهیه‌تی مه‌عنه‌ویی و ڕه‌وایی ئایدۆلۆجیاکه‌ی به‌وه‌وە به‌نده كە کێشه‌ی فه‌له‌ستین تا کاتی هاتنی ئیمامی زه‌مان، واته حه‌زره‌تی مه‌هدی، هه‌روا بێت.
له‌ولاویشەوە جووه‌کان ده‌وڵه‌تێکی ئاینییان دامه‌زراندووه و خوێنی جوویه‌ک لایان له هه‌موو شتێک پیرۆزتر و گرنگتره، چونکه ته‌ورات و کتێبه پیرۆزه‌که‌یان ئه‌مه‌ی بۆ دیاری کردوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی له شه‌ڕی جیهانیشدا هیتله‌ر شەش ملیۆنی لێ کوشتوون، ئه‌م خواست و ئاره‌زووه زیاتر و قووڵتریش بووه‌ته‌وه، بۆیه هه‌ر ناوی ئیسرائیل خۆی ناوێکی ته‌واو ئاینی-نه‌ته‌وه‌ییه، واته "ڕۆڵه‌کانی خودا". ئه‌مه‌یش به سه‌رووتر و به‌رترزانینی خۆیانه وه‌ک جه‌مسه‌ری خێر و نزیک له چه‌قی پیرۆز، "ئیل" له زمانی عیبریدا واته خوادا. ئه‌م تێڕوانینه بۆ بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌كانی فه‌له‌ستین و پاڵپشتکارانیشیان، هەر ڕاستە.
ئێسته پرسیار ئه‌وه‌یه، له‌م شه‌ڕه‌ی نێوان خێر و شه‌ڕدا، جگه له‌وه‌ی خه‌ڵکی ئاسایی، منداڵی بێگوناهـ، کرێکار، فه‌رمانبه‌ر، خوێندکار، ژن و کچان و... که هیچ ڕۆڵێکیان له دیاریکردنی ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه و ئاینی خۆیاندا نه‌بووه، کێ ده‌بێته قوربانی؟ ئایا ئه‌مه نیشانه‌ی بێڕه‌حمی و دڵڕه‌قیی دنیایه‌ک نییه که به کۆمه‌ڵێکی زل و زه‌به‌لاح له جاڕنامه و یاسا و ئاڵای نێوده‌وڵه‌تیی و مافی مرۆڤه‌وه، ویستی دنیا پڕ بکات له سه‌قامگیریی و ئاشتیی و پێشکه‌وتن و به‌خته‌وه‌ری؟ ئه‌گه‌ر وایه بۆ شه‌ڕ و ده‌مارگرژی حوکمی جیهان ده‌کەن؟
بۆ ئێمه‌ی کورد که دۆخمان زۆر خراپتر بووە له فه‌له‌ستین، کێشه‌ی فه‌له‌ستین خۆی یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌یه که پرس و کێشه‌ی ئێمه له ئاستی جیهاندا وەك پێویست نه‌بینراوه، بێگومان ئه‌مه گوناهـ و هه‌ڵه‌ی فه‌له‌ستینییه‌کان نییه، به‌ڵکوو تاوان و سووچی ئه‌و هاوکێشه و هێزانه‌یه که له پشت ئه‌م شه‌ڕه‌ن و باسم کرد. بۆیە پێویست ناکات بۆ به‌رگری له حه‌ماس که بووه به دار‌ده‌ستی هه‌ندێک هێز و هێرشی له ناکاوی کردووه‌ته سه‌ر خه‌ڵک، جوێن به ئیسرائیل بدرێت، وەك چۆن پێویستیش ناکات له ڕقی لایه‌نگرانی فه‌له‌ستین قسه‌ی نابه‌جێ و زبر له دژی حەماس و لایەنگرانیان و خواسته ڕه‌واکانیان بدەین و فوو به که‌ڕه‌نای جه‌نگدا بكەین، چونكە ئه‌مه کێشه‌یه‌کی مێژووییه و ئه‌گه‌ر به تێڕوانینێکی مرۆڤانه و کولتووری چاره‌سه‌ر نه‌بێت، نه‌ک ته‌نیا خه‌ڵکێکی زۆرتر له‌و جیۆگرافیایه‌دا تێیدا ده‌چن، به‌ڵکوو له‌سه‌ر چاره‌نووسی کۆی جیهانیش کاریگه‌ریی داده‌نێت.
باشترین ڕێگه‌چاره خۆبواردنه له‌م دوالیزم و ڕه‌هاگه‌راییه‌ی نێوان ڕه‌ش و سپی و بیرکردنه‌وه‌یه له ڕێیه‌کی مامناوه‌ندیی که ڕێز له که‌رامه‌تی مرۆڤ بگرێت، ته‌نانه‌ت له ڕۆژانێکی ڕه‌ش و خوێناوی ئاوایشدا، وه‌ک بیرمه‌ندێک ده‌ڵێت، نه گریان نه پێکه‌نین، به‌ڵکوو تێگه‌یشتن.