یه‌کێک له‌و دیاردانه‌ی له پێوه‌ندیی نێوان داگیرکه‌ر و داگیرکراودا دێته ئاراوه، بنیاتنانی سیستمێکه له نیشانه و گوتار، به نیازی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و به‌هایانه‌ی داگیرکراو له پله‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتدا باوه‌ڕی پێی هه‌یه و ئیشی پێ ده‌کات. وه‌ک ڤیل دۆرانت فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندی ئه‌مەریکی، ده‌ڵێت: هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک داگیر ناکرێت له ده‌ره‌وه، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر زه‌وینه‌کانی له ناوه‌وه فه‌راهه‌م کرابێت. ئه‌م دیارده‌یه زیاتر بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵگە داگیرکراوانه ڕاسته که ده‌وڵه‌تیان نییه، هه‌بوونی ده‌وڵه‌ت واته هه‌بوونی هێز بۆ دروستکردنی وه‌ها سیستم و نیزامێکی مانایی و نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و هێزیش واته ئاماده‌یی و حزوری ئیراده‌یه‌کی به‌رخۆده‌ر و خۆڕاگر، بۆیه هه‌میشه به‌رگریی له هه‌مبه‌ر ده‌وڵه‌تدا هه‌یه و وه‌ک ئیراده‌ی ناوه‌ندبێزیی له گۆڕەپانی مێژوودا ئیشی خۆی کردووه و ده‌یکات.
ڕاسته کورد له‌ناو دنیای مۆدێڕن و ئه‌تۆمۆسفێری دروستکردنی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وەدا زوڵمی لێ کرا و وڵاته‌که‌ی دابه‌ش بوو و زیاتر له خه‌ونه‌که‌ی دوور که‌وته‌وه، به‌ڵام ئیراده‌ی ده‌وڵه‌تخوازیی و ڕزگاریی له سته‌می نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر به‌هێز بووه و ئێسته‌یش به هه‌موو خوار و خێچییه‌کانییه‌وه به‌رده‌وامه. هه‌موو ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر کورددا هاتوون، پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ر بوون، به مه‌به‌ستی یه‌کده‌ستکردن و وه‌کخۆکردنی کورد له‌گه‌ڵ خۆی. واته به ده‌ربڕێنێکی دیکه، ئاسیمیلاسیۆن و هاوشێوه‌کردنێک به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ئیتر تۆ ئیراده‌ی به‌رگری و وه‌ستانه‌وه‌ت تێدا نه‌مێنێ!
سته‌م و ئازاره نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئێمه پڕ ئێش و ژانن و له زۆر حاڵه‌تدا به‌شێک له کۆمه‌ڵگەی له‌گه‌ڵ ئامانجی داگیرکه‌ردا هاونه‌وا و هاوده‌نگ کردووه، ئه‌مه بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک که به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ژێر بارانی گوله و تۆپ و تەیارەدا بووه، شتێکی ئاساییه. واته له شه‌ڕی گه‌رم و سه‌ختئامێرانه‌دا ئیراده‌ی به‌رخۆدان له ئاستێکی گشتی و به‌رزدا هه‌ر ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه و وه‌ک فێڵ و چاوبه‌ستن ده‌کرێت و له بۆمب و فڕۆکه و خومپاره ترسناكتر و کاریگه‌رتریشه، شه‌ڕێ سارد و نه‌رمه.
هه‌موومان ده‌زانین له پرۆژه‌ی کوردۆسایدکردنی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا له باشوور، جاش یان مسته‌شاره‌کان، به‌شدارییه‌کی چالاک و دیاریان هه‌بوو، هاوکات که پێشمه‌رگه و هێزه شۆڕشگێڕه‌کانی شاخ و بنکه‌ی سه‌رکردایه‌تییان مه‌ترسییان له‌سه‌ربوو، به‌ڵام هیوای به‌رده‌وامبوون و هه‌ڵکردنی مه‌شخه‌ڵی شۆڕش هه‌ر هه‌بوو، به‌عس به‌پێی پلان بۆ سڕینه‌وه‌ی کورد و دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی فاشیی به ماشێن و ته‌کنه‌لۆجیا له هه‌مبه‌ر هێزی پێشمه‌رگه و شۆڕشدا، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر شکستی هێنابوو، هه‌ربۆیه په‌نای به کۆمه‌ڵێک ڕێکاری نه‌رم و کولتووری پێ به پێی ئامرازی هه‌ڕه‌شه و تۆقاندن برد، ئه‌ویش دروستکردنی تۆڕێکی گه‌وره له سیخوڕ و مسته‌شار و جاش بوو، به داخه‌وه بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت، ئه‌مانه ڕۆڵێکی خراپیان هه‌بوو له جێبه‌جێکردنی پلان و خه‌ونه نه‌گریسه‌کانی به‌عسدا، ئه‌م تاکتیک و فێڵه له ئێرانیش به شێوه‌یه‌کی دیکه و له فیگه‌رێکی تردا ده‌رکه‌وتووه و به‌رجه‌سته‌کاری پێوه‌ندیی ناته‌ندروست و ناڕه‌وای نێوان داگیرکه‌ر و داگیرکراوه.
له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ساڵانی پاش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به واتا مۆدێڕنه‌که‌ی به پاشایه‌تیی ڕه‌زا، ناوچه کوردستانییه‌کان وه‌ک ناوچه‌ی تەناهیی و گوماناویی چاویان لێکراوه، ڕێک هه‌ر ئه‌و شته‌ی به‌عسییه‌کان به شێوه‌یه‌ک له ده‌ربڕینی ناوچه محه‌ڕه‌مه و قەده‌غه‌کراوه‌کاندا باسیان ده‌کرد و ئه‌ویش ئه‌و ناوچانه بوون که نێزیک بوون له پێشمه‌رگه و شۆڕشه‌وه. هه‌ربۆیه له‌و سه‌رده‌مه‌وە تا ئێستە به تایبه‌تیش پاش دامه‌رزاندنی کۆماری کوردستان له مهاباد له 1946 و دواتر هه‌ره‌سهێنانی، ئه‌م ڕوانینه له تاران و ناوه‌ند زیاتر و زۆرتر بوو، له سه‌رده‌می کۆماری ئیسلامیشدا به ته‌کنیک و ته‌ڵه‌که‌ی جیاواز و نوێوه به‌رده‌وام بوو.
ئه‌م دۆخه تەناهییە وایکرد کوردستان له ڕووی ئابوورییه‌وه له هه‌ژراترین و پێشنه‌که‌وتووترین شوێنه‌کانی ناو جیۆگرافیای ئێران بێت، حه‌تمه‌ن ستراتیجیست و پسپۆڕانی ئه‌منی و سه‌ربازیی بیریان له‌وه کردووه‌ته‌وه که ڕۆژێک له ڕۆژان ئێره پێده‌چێت له ئێران جیا ببێته‌وه، بۆچی سه‌رمایه‌گوزارییان بۆ بکه‌ین و مه‌عمه‌ل و کارگە و پیشه‌سازیی له‌وێ پێش بخه‌ین، به‌مه‌یش هۆی سه‌رهه‌ڵدانی چینی ناوه‌ڕاست و ده‌ستڕۆیشتوو دروست بکه‌ین و هێزی کۆمه‌ڵایه‌تییان ئاو بده‌ین؟ هه‌ربۆیه به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌وه تا ئێستەیش ئابووری کوردستان له‌وپه‌ڕی داڕماوی و دواکه‌وتووییدایه و زۆربه‌ی زۆری گه‌نج و لاوان یان ده‌بێ کاسبی و بازرگانیی بچووک بکه‌ن، یاخۆ هه‌ندێ پیشه‌ی گه‌ڕۆکانه هه‌ڵبژێرن یا ببن به کۆڵبه‌ر.
پرۆژه و پلانی نه‌رمی سیستم بۆ کوردکوشتن به شێویه‌کی سیستماتیک و پسپۆڕانه دێته ئاراوه، کۆڵبه‌رانێک گیانی خۆیان له مشتیاندا هه‌ڵده‌گرن و ڕێگە سه‌خت و لوغمڕێژه‌کان ده‌پێون بۆ بژێوییه‌کی ساده‌ی ژیان، کۆڵبه‌ر که به‌شێکی زۆریان ده‌رچووی زانکۆن یا بڕێکیان نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندن، ئه‌مه خۆی قووڵایی کاره‌ساتێک ده‌رده‌خات که ده‌شێت له چوارچێوه‌ی ئابووریی سیاسی‌دا بیخوێنینه‌وه. واته کورد سووته‌مه‌نیی به‌شێک له که‌رتی ئابووریی گشتیی ئێرانه و بۆ کۆنترۆڵكردن و هاوسه‌نگڕاگرتنی ئه‌م ئابوورییه ناو به‌ناو لێیان ده‌کوژن، هه‌ڵبه‌ت چه‌ند ساڵێکه ئیتر ناو به‌ناو نییه و ئه‌مه بووه به دیارده‌یه‌کی ڕۆژانه و خه‌ریکه ئاسایی ده‌بێته‌وه.
ئه‌م ڕۆژانه‌ییکردنه‌ی دیارده‌که سه‌پێنراوێکی کۆلۆنیالیستییه و ته‌نیا له‌م ئاسته دڕ و تونده‌دا نییه، به‌ڵکوو سیستم ئاستی بازاڕانه و مه‌سره‌فگه‌رایا‌نه‌یشی بۆ هه‌موار ده‌کات و وه‌ک لێدانێکی نه‌رم و درێژخایه‌ن له سایکۆلۆجیای داگیرکراودا جێگیری ده‌کات، بۆیه گه‌وره‌ترین ستراتیجی به‌رخۆده‌رانه ده‌توانێت پێشخستنی ئابوورییه‌کی به‌هێز له کوردستان بێت. بێگومان کاریگه‌ریی له دۆخی کوردانی پارچه‌کانی تریش ده‌بێت و به‌م شێوه‌یه ئه‌و پێکهات و تۆڕه نه‌گریس و ڕه‌شه‌ی ئابووریی سیاسیی داگیرکه‌ر، ده‌شێت تێکبشکێنرێت.