کۆتایی سەردەمی فریادڕەس و قۆناغی ترامپیزم

PM:12:09:01/10/2026 ‌
سەردەمی پاش ڕووخانی دیواری بەڕلین، ئێستەیشی بەدەمەوە بێت، ئەمەریکا زلهێزی سەرەکییە، بێگومان ڕۆڵی چین و ڕووسیا ئەگەر لە ئاستی ئەمەریکادا نەبن لە هاوکێشە جیهانی و ناوچەییەکاندا ئەوا لەو کەمتر نین، بەڵام ستراتیجی ئەمەریکا بۆ هێشتنەوەی خۆی وەک یاریکەریی سەرەتا و کۆتایی، بە نەگۆڕ و شێلگیرانەوە ماوەتەوە. واتە ئەمەریکا سەرباری پلانە گەورە سیاسی، تەناهی و ئابوورییەکانی لە پاراستنی پێگەی لوجیستیکیی خۆی، لە وڵاتانیش شیلگیرانەترە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ناتوانین بڵێین بە تەواوەتی لە جیهانێکی یەکجەمسەردا دەژین، نەخێر جیهان ئێستە بەرەو چەندجەمسەریی ڕۆیشتووە و لە ناویاندا چین و ڕووسیا دیارن.

جیاواز لەوەی هاوکێشەی سەردەم پێمان دەڵێ، ئەو پارادایمەی جەمسەربەندیی جیهان ماوەی بەسەرچووە، هەر وڵات و هێزێک دەتوانێت پشکێک لە جەمسەربوونی لە جیهانێکی ئاڵۆز و ناسەنتەردا وەربگرێت، بەڵام بەهەموو ئەمانەیشەوە هێشتا بۆ وڵاتانی ڕٶژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد، ئەمەریکا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت. ئایا کورد هێشتا ماویەتی بگات بەم ئەنجامە کە سەردەمی فریادڕەسبوونی ئەمەریکا و چاوەڕوانیی ئەو بۆ فریادڕەس، ئیتر کۆتایی هاتووە؟ 

لە شەڕی نێوان ئەمەریکا-ئیسرائیل و ئێراندا، تێکچوونی سەقامگیری و ئابووریی ناوچەکە و جیهان، هێشتا ناتوانین بڵێین، لەم جەنگەدا کێ دۆڕاوە و کێ براوەیە. ڕەنگە لە ئاستێکدا بۆ نموونە ئابووری، ژێرخان، و پێوەندیی سیاسیی و پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بتوانین بڵێین ئێران دۆڕاندی، بەڵام لە ئاستی دیکەدا ئایا ئەمەریکا توانی ئەو ئاسۆیەی بۆ شکستی ئەو سیستم و ڕژێمە پێناسەی کردبوو لە ماوەی جەنگەکە و ئێستەی گەمارۆكان و شەڕی سارددا، بنەخشینێ؟ ئایا بە ڕاستی ترەمپ و ئیدارەکەی و ناوەندەكانی بیرکردنەوە و بڕیاردان لە ئەمەریکا، بەرژەوەندی زۆر گەورەتریان لەم شەڕە لا مەبەست بووە و بە قووڵترکردنی پێوەندییەکان لەگەڵ چین و یەکلاکردنەوەی دۆخی ڤەنزیۆلا و بێ متمانەکردنی وڵاتانی کەنداو بە سەقامگیری و درزخستنەناو گوتاری ئیسلامی یەکانگیر و... نەشکاوەتەوە؟ 

ئەوەی لێمان ڕوونە، تریمپ وەک سەردەمەکانی پێشوو یان با بڵێین وەک سەرۆکەکانی پێشووی ئەمیریکا، نەجووڵاوەتەوە. ئەم هەم لە ئاستی میدیایی و لێدواندا و هەم لە ئاستی مەیدانی و کرداردا، تێڕوانینێکی بێپەردەتر و پراگماتیانەتری پێشان داوە. دڕاندنی دەقی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و ئەمەریکای سەردەمی ئۆباما، ڕەنگە یەکەمین تەقەی ترەمپ لەو نەزمە کۆنەی کۆماریخوازەکان بووبێت. ئەو لە ئاستی دەرەوەیشدا بە ئاسانی و چەندان جار هەم لە کاتی هێرشی سەر کۆبانێ و هەمیش لەم شەڕەی دوایی هەسەدە و هێزەکانی سوریادا، بە ئاسانی توانی هاوپەیمانێکی دێرینی وەک کورد پشتگوێ بخات و بەرنامەی خۆی بە باشی و هێوریی لەگەڵ تورکیا، سوریا و ئیسرائیلدا، ببات بەڕێوە. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە، ترەمپ سڵ لەوەیش ناکاتەوە چی لە بەردەم کامێرا و مێدیا جیهانییەکانیشدا دەڵێت، ئەگەرچی کورد هێشتا لە واشنتۆن دۆست و پشتیوانی هەیە، بەڵام هەموو ئەم هاوکێشە ئاڵۆز و ڕەفتارە سیاسییانەی زلهیزێکی وەک ئەمەریکا لە سەردەمی ترەمپدا، دەریدەخات دەبێت ئیتر واز لەو خەونە ڕەنگینە بهێنین کە فریادڕەسێک دەبێت هەمیشە بە هانامانەوە بێت. 

لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا ئێمە هیچ فریادڕەسێکمان نەبووە، جگە لە کۆڕەوەکەی 1991، ئەویش دۆخێکی قەیراناویی مرۆیی بوو. ئەوەی دەڵێم فریادڕەسمان نەبووە، دەبێت بەو ڕوانگەیەوە بێت کە ڕووداوەکان بە دیدێكی ترەوە بخوێنینەوە. لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە یەکێتیی سۆڤییەت پشتگیریی کوردی کرد و پاشان پشتی تێكرد، ئەگەرچی کۆمار و دەسکەوتەکانی وەک شانازی و سەرمایە مانەوە، بەڵام فریادڕەسەکە وەهمی بوو، لە ڕاستیدا هەر ڕوانگەی چاوەڕوانی فریادڕەس، خۆی تڕەکەڵەکە و دەبێت لە مێژووی خوێناویی یەک سەدە خەباتماندا باوەڕ بەوە بهێنین کە جگە لە خۆمان و ئیرادەمان، هیچ فریادڕەسێکی دیکە بوونی نییە. 

ئەم دۆخە لە شۆڕشی ئەیلوولیشدا ڕووی داوە، بەڵام ئێمە ئێستە و پاش کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق، دەبێت بە ئیرادەگەرییەوە دۆخەکە بخوێنینەوە، ئەمەریکا بەهۆی پێگەی زلهێزانەیەوە، کوردی پاراستووە و قەڵغانێکی بەرگریی بووە بۆ کورد، بەڵام بیریشمان نەچێت هەر بەهۆی بوونی ئەمەریکا و گومانی هەبوونی ئیسرائیل لە پاڵیدا، کوردستان بەشێکی زۆر درۆن و مووشەكی بالیستیکیی تێگیراوە، بێگومان مەبەستی من ئەوە نییە لەگەڵ ئەم هێزانە پێوەندییمان بەپێی بەرژەوەندیی خۆمان نەبێت و لە بکە و مەکەی وڵاتانی دراوسێ بترسین، نەخێر، باسم لەسەر ئەوەیە کە یەکەم کۆڵەکەی ڕزگاریی خۆمان و پاراستن و مانەوەمان، هەر خۆمانین، چیاکانیش بە بێ ئێمە جەستەیەکی ئامادەن بۆ داگیرکران، بۆیە ئەو تێزەی کە چیاکان تاقە دۆستمانن لەم داڕشتنەدا ڕاست دەکرێتەوە و دەبێت بە "تەنیا خۆمان دۆستی خۆمانین". بەڵام ئایا خۆمان ئەوەندە یەکگرتوو و ڕێکخراوین کە ببین بە خۆمان یان هەر ئەو من منە بچووک و بەرتەسکە بەردەوام دەبێت تا کارەساتی لێ بکەوێتەوە؟ 

ئەم قۆناغە تەواو نوێ و نامۆ نییە، کشانەوەی ئەمەریکا نابێت مایەی ترس و دڵەڕاوكە بێت، بەڵکوو دەبێت هەوێنی بەخۆداچوونەوە و هەڵبەت دڵەڕاوکێی سازێنەر بێت، ئێمە پێش ئەمەریکایش لێرە بووین و دواتریش هەر لێرە گڵکۆکانمان جێگیر دەبێت، با ئەم دۆخە وەک هەل بقۆزینەوە، ڕیککەوین و واز لە خۆخۆری و ململانێی بەرتەسکی ئایدۆلۆجی و بەرژەوەندییخوازیی حزبی بهێنین.

باشووری کوردستان ڕاستە مەکۆی شەش ملیۆن کوردی دانیشتووی ئەوێیە، بەڵام جێی هیوای سەرووی 50 ملیۆن کوردە کە بە ئەگەری زۆرەوە لە کەشتییەکەی نووح دابەزیون هێندە کۆنن، با ئەم کشانەوەیە خاڵێک بێت بۆ کۆتاییهێنان بە خەونی چاوەڕوانیی فریادڕەس و گۆدۆیەکی نەهاتوو و سەرەتای دەسپێکردنی یەکگرتنێکی مێژوویی نوێ، کورد لە هەموو پارچەکان ئامادەن بۆ پاراستنی باشووری کوردستان، فریادڕەس ئەم وشیاری و ئامادەبوونە نیشتمانییەیە نەک ئەمەریکا و هەر هێزێکی دیکە.