11ی ئادار سه‌روه‌ری و شکۆیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بووه له خه‌باتی پڕشکۆی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا له شۆڕشی ئه‌یلوول، به ڕابه‌رایه‌تیی بارزانیی نه‌مر، ڕێکه‌وتنێک که ئه‌گه‌ر ڕژێمی فاشیی و دیکتاتۆری به‌عس پابه‌ندی پێوەی هه‌بوایە، زۆر زیاتر له‌وه‌ی ئێسته هه‌یه، نه‌زم و دۆخی ناوچه‌که‌ی به‌هۆی کاریگه‌ریی دۆزی کورده‌وه ده‌گۆڕێ، به‌ڵام له دواجار و ئێسته‌یشدا ئه‌مه هه‌ر سه‌روه‌رییه‌که بۆ خه‌باتی ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌که‌مان، ده‌بێ مێژوو شایه‌تی ئه‌وه بێت بارزانیی نه‌مر وه‌ک له‌م نامه مێژوویانه‌ی خوارەوەدا ده‌رده‌که‌وێت، چ هه‌وڵێکی بێ پسانه‌وه‌ی داوه که نه‌ک ته‌نیا ڕۆڵه‌کانی کورد، به‌ڵکوو عێراقییه‌کانیش له‌وه زیاتر خوێنیان نه‌ڕژێت و ژیانێکی ئاشته‌وایی پێک بێنن، به‌ڵام سه‌ت حه‌یف و مه‌خابن که فاشییه‌کانی به‌عس و سه‌دام ڕێگەیه‌کیان هه‌ڵبژارد که شه‌رمه‌زاری مێژوو بوون بۆ هه‌تاهه‌تایه و ئه‌وه‌ی مایه‌وه خه‌رمانه‌ی پیرۆزی بارزانیی و ڕۆحی مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازیی و کاریزمابوونی نه‌ته‌وه‌یی و مێژوویی ئه‌و بوو.
با له‌م ڕؤژه پڕشکۆیه‌دا سه‌رنجی دوو نامه بده‌ین که په‌رۆش و هه‌وڵ و ماندووبوونی بارزانیی نه‌مر، بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافی کورد به‌شێوه‌ی ئاشتیانه و مرۆڤدۆستانه تا دواساته‌کان دەردەخات.
وه‌ک له نامه‌که‌ی سه‌دامدا دیاره و دواتر مێژوو ده‌ریخست ئه‌گه‌ر شتێکیش وه‌ک هه‌وڵدان بۆ گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ بارزانیی نه‌مر، خستووه‌ته ڕوو، ته‌نیا به مه‌به‌ستی کوشتنی کات بووه، ئه‌گینا ڕووداوه‌کانی دواتر ده‌ریانخست چ ڕق و قین و فاشییه‌تێک له هه‌ناوی به‌عس و مه‌کینه ڕقئاژۆکه‌یدا خۆی حه‌شار داوه.
هه‌رچی نامه‌ی بارزانییە، به پێداگریی له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی ڕێکه‌وتنی 11ی ئادار هه‌وڵی ده‌سته‌به‌رکردنی پراکتیکی مافه‌کانی گه‌لی کورد و کۆتاییهێنان به شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی نێوان کورد و عه‌ره‌ب بووه، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌و خه‌ونه‌ی نه‌هاتە دی، دیمه‌نی داکه‌وتن و زه‌لیلیی سه‌دام له سه‌رداب و کونه‌مشکه‌کانی تکریت، نە‌بینی و ئازادیی کوردستانی به‌م شێوه‌یه‌ی ئێسته نه‌بینی، ئه‌گه‌رچی ناو و هه‌وڵ و خه‌باتی ئه‌و بۆ هه‌میشه دره‌وشاوه و سه‌ربه‌رز و به‌شکۆ ده‌مێنیته‌وه و ئه‌و چرای ڕێی گه‌یشتن به‌م ڕۆژانه بوو.
نامه‌ی سه‌دام حسه‌ین
جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕش بۆ بارزانی
برای خۆشه‌ویستم باوکی ئێدریس
سڵاوێکی برایانه، هیوادارم که چاک بن
پاش تایبه‌تمه‌ندبوونی هه‌موو شته‌کان، پاش پچڕانی درێژخایه‌نی پێوه‌ندی من و ئێوه له وتووێژێکی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ یه‌ک، یاخۆ به نامه نووسین، دانی پێدا ده‌نێم هەموو کات دڕدۆنگ بووم و ته‌نانه‌ت بیری نووسینی نامه‌یشم وه‌لا نابوو، تا ئه‌وه‌ی له رۆژی 4/7دا براده‌ران، ساڵح یووسفی و محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمانم بینی و هه‌ستم کرد هێشتا وه‌ها نیازێک هه‌یه...
دڕدۆنگی و گومانم له نووسینی نامه بۆ ئێوه، له‌به‌ر خۆشنه‌ویستنی ئێوه له‌به‌ر هەندێ کێشه‌ی بێ‌نرخ و بێکه‌ڵک نه‌بووه، به‌ڵکوو هۆی ئاشکرای هه‌بوو - گومانی ئێوه و هه‌ندێ له وته‌بێژه‌کانت بوو، به‌وانه‌ی که له تۆوه نزیکن و هه‌واڵیان به من ده‌گات.
ئه‌مانه ده‌بوونه هۆی ئه‌وه‌ی له نووسین بۆ ئێوه، دڕدۆنگ بم که نه‌ک خراپ له نووسراوه‌که‌م تێبگه‌ن، به چه‌شنێک خۆم پێم‌خۆش نه‌بێ و ئه‌مه‌ش بۆ چاککرنه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان من و ئێوه، جێی ڕه‌زامه‌ندی نه‌بێت.
به‌ڵام به گشتی و له سه‌رووی هه‌موو ئه‌وانه‌وه، به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی گرنگتر و به‌نرخترە له هه‌موو شتێک، به‌و بۆنه‌وه بڕیارم دا ئه‌م نامه‌یه بنووسم، به‌بێ لەبەرچاوگرتنی ئه‌وه‌ی چۆن سه‌یری نامه‌كه ده‌که‌ی و چۆنی لێک ده‌ده‌یته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌م له لای ئێمه گرنگه، ئه‌وه‌یە له داهاتوودا بێته‌وه بیرت که ئه‌وه‌ی ده‌په‌رژێمه سه‌ری، له‌سه‌ر ڕاستی و دروستییه‌که‌ی داکۆکی ده‌که‌م و به هه‌موو گیانمه‌وه بڕوام به دروستبوونی هه‌یه.
بۆ هه‌ندێ بابه‌ت، پێویست به به‌ڵگه و دۆکیۆمێنت نییه. بارودۆخه‌که له مه‌ترسی تێپه‌ڕیوه و گه‌یشتووه‌ته لێواری ته‌قینه‌وه. ته‌نانه‌ت من بۆ خۆیشم نازانم چۆن تا ئێستە نه‌ته‌قیوه‌ته‌وه. ڕه‌نگه هۆ‌که‌ی ئه‌وه بێ هه‌ردوو لایه‌نمان، هێشتا بڕیاری تەقینه‌وه‌مان نه‌داوه و هێشتا دوا هه‌وداکانی پێوه‌ندیمان نه‌پچڕاندووه.
ئێستە بۆ په‌رژانه‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، ده‌ڵێم گه‌یشتن به‌م بارودۆخه بۆ چه‌ند هۆکارێكی سه‌ره‌کی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ڕه‌نگه گرنگتر له هه‌مووی بێ‌بڕوایی و بێ متمانه‌یی هه‌ر دوولامان به یه‌کتر بێ.
با ڕوونتر بڵێم، له‌ناو ئه‌وانه‌ی هه‌نگاو به هه‌نگاو خه‌ریکن کۆنترۆڵی حزبی به‌عس و پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌گرنه ده‌ست، هه‌موو ئه‌و هۆکارانه له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆکارەی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێ کرا، به‌رانبه‌ری ناکه‌ن و ناتوانن مه‌ترسیدار بن... ئاماده‌یی و هوشیاری له هه‌ردوولا نادیاره و خه‌ت و نیشانه‌کان، ئاماژه به زۆرتر بوونەوه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه ده‌که‌ن که ده‌بنه هۆی خراپتر و ئاڵۆزتربوونی بارودۆخه‌که. زۆربه‌یشیان ماوه‌ی جه‌نگه‌که ته‌واو ناکه‌ن، به‌ڵکوو هه‌ریه‌که خۆیان بۆ بارودۆخێک ئاماده ده‌که‌ن تا تێیدا خۆیان به‌هێزتر بکه‌نه‌وه و له هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا -به‌بێ لەبەرچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که سه‌رکه‌وتووی شه‌ڕ کێیه؟ ده‌سته‌چیله‌ی ئاگری ئه‌م شەڕه، خه‌ڵکی هێژامانه...
ئێستە ده‌مه‌وێ پرسیارێکتان لێ بکه‌م، هه‌رچه‌ندە بۆ خۆیشم ده‌بێ به‌رسڤی بگێڕمه‌وه. پێتان وایه ئێمه ده‌توانین له ده‌روازه‌ی مێژوو بپه‌ڕینه‌وه؟ پێموایه ئه‌گه‌ر مێژوو بنووسێ ئه‌مانه خه‌ڵکه‌که‌ی خۆیان ده‌کوشت و ته‌ره و ئاوارەیان ده‌کردن، ناتوانین.
بڕوای من ئه‌وەیه ئه‌گه‌ر ئاشتییه‌ک دابمه‌رزێ /مه‌به‌ستم ئه‌و ئاشتییه ڕواڵه‌تییه نییه که له ڕاگه‌یەندراوی ئاداردا بۆ چه‌ند مانگێک سه‌رله‌به‌ری ناوچه‌که‌ی گرته‌وه/ ئاشتییه‌کی ڕاسته‌قینه که ده‌رگا بە ڕووی جه‌نگ، ئاسه‌واره‌کانی و هه‌رچی هه‌ڕەشه و بانگه‌واز بۆ وێرانی و شه‌ڕ و چه‌کدارییه، دابخا.
من سه‌باره‌ت به‌و بابه‌تانه‌ی له‌گه‌ڵتان ده‌په‌یڤم، نیازی ئه‌وه‌م نییه بڵێم خۆم له میحرابی ئاشتیدا ڕاوه‌ستاوم و ئێوه له بازنه‌ی جه‌نگدا، به‌ڵکوو به‌و ئاستەی مەبەستم به‌ڕێزتانه، ڕووی قسه‌م له خۆیشمه.
برای من، هیوادارم باش بیرت کردبێته‌وه که ئه‌مەریکا، به‌ریتانیا و ئێران پاش ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ن به ئامانجه کاتییه‌کانیان، چی به‌سه‌ر ئێمه و ئێوه دێنن. هه‌رچه‌ند بەشێوەیەکی ڕاشکاوتر به‌سه‌ر ئێوه‌دا... ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێ، نه ئازادی گه‌لی کورده و نه جیاکردنه‌وه‌ی کوردستان، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ شه‌ڕ ده‌ست پێ بکرێ به‌بێ ئه‌وه‌ی کۆتایی بێ. ئاشکرایه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ دیسانه‌وه و سه‌رله‌نوێ خوێنڕشتن لەناو خه‌ڵکی کورددا ده‌ست پێ بکرێ و ئه‌وسا حکوومه‌تی به‌غدا بڕووخێنن. وه‌ک جاران که په‌سنمان ده‌که‌ن و لایه‌نگره‌کانیان هان ده‌ده‌ن تا به گوێره‌ی گرێبه‌ستێکی گه‌وره و هه‌مه‌لایه‌نه له ناوچه‌که، جارێکی‌تر پێشێلتان بکه‌ن.
ئێمه ڕووداوه‌که به‌م چه‌شنه ده‌بینین و لێکی ده‌ده‌ینه‌وه و پێموایه ئێوه‌یش له ئاست ئه‌م ڕوانگه‌یه‌دا قسه‌یه‌کتان نه‌بێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م نامه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ بیڵێم ئه‌وه‌یه که هۆکارگه‌لی ئێحساسی و هه‌ڵه، هه‌ندێ جار نه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی له‌م ڕاستییه بێ ئاگا بین.
به‌ڵام پرسیارێکی‌تر ده‌مێنێته‌وه، چی بکه‌ین؟ وشه‌ی «چی بکه‌ین» له چه‌ند ئاستدا تاوتوێ ناکرێ، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستە به په‌له له‌سه‌ر ئه‌م لاپه‌ڕانه ده‌ینووسم. به‌ڵام ئەوه‌ی له‌مه‌و‌دوا ده‌مانه‌وێ، ئه‌وه‌یه به پێداگرییه‌وه ئاماده‌یی خۆم ده‌رده‌بڕم /ئه‌گەر ئێوه پێتان خۆش بێ/ تا به ڕاشکاوی بپه‌رژێینه سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بەپێی ئامانجه سه‌ره‌کی و دوورودرێژ و ڕوونه‌کانمان، تا هیچ پیلانێک له په‌نای په‌ردەوه، ده‌ستی پێ ڕانه‌گا و ئاسۆ‌کانی به جۆرێک داڕێژین که له خزمه‌ت هه‌موو گەلی کورد و خه‌ڵکی عێراقدا بێ و هیوا و ئاواته‌کانیان بێنێته دی.
ویستم به کورتی ئه‌وه‌ی له دڵ و بیرمدایه بیڵێم تا ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ی له به‌رانبه‌ر مێژوودا هه‌مه، له‌سه‌ر شانم نه‌هێڵم. چونکه من له‌و که‌سانه‌م که شێلگیرانه و دڵسۆزانه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌یه ته‌قەلام داوه. هه‌ر به‌و جۆره‌ی ڕاگه‌یندراوی ئادار، ده‌ره‌نجامی ئه‌م دڵسۆزی و کۆششه‌یه.
هیوادارم په‌روه‌ردگار لەسه‌ر ڕێگەی چاکه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان ڕێنوێنمان بێ. بژین
سه‌دام حوسین
1972/7/4
نامه‌ی بارزانی نەمر بۆ سه‌دام حوسێن
برای به‌ڕێز، جه‌نابی سه‌دام حوسین
سڵاو و ڕه‌حمه‌تی خوات لێ بێ
نامه‌ی رۆژی 1972/7/4ی ئێوه‌م وه‌رگرت. ده‌مه‌وێ به ڕاشکاوی وه‌ڵامتان بده‌مه‌وه، چونکه ڕاشکاوی به‌ره‌و ده‌ره‌نجامی دروستمان ده‌با.
کاتێ رێككەوتنی 11ی ئادارمان واژۆ کرد، هیوادار بووین ئه‌م ڕووداوه مێژووییه کۆتاییەک بێ بۆ کوشتوبڕینی خه‌ڵکی عێراق و به تایبه‌تی کوردستان. هه‌روه‌ها ببێته هۆی ئاشتییه‌کی سه‌قامگیر و بنه‌مایی بۆ یه‌کسانی و برایه‌تی هه‌موو خەڵکی عێراق.
به‌ڵام پێنج حه‌فته‌ی نه‌خایاند، ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان له شه‌ڕ و خوێنڕشتندا بوو، نه‌ک ئاشتی و دۆستایەتیی، به ئاشکرا و به نهێنی بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ڕاگه‌ینراوی ئادار دەست به‌کار بوون و ڕووداو و کاره‌ساتی ناخۆش، یه‌ک به‌دوای یه‌کدا قه‌وما و مەبەستی ئه‌وان له ئاشتی ئاشکرا بوو.!
ئه‌وان ده‌یانویست ئه‌وه‌ی له ئاشتیدا به‌ده‌ستیان نه‌هێناوه، له شه‌ڕدا ده‌ستیان بکەوێ. جا ئه‌م مه‌به‌سته بۆ له‌ناوبردنی بزاڤی کورد بێ، یان بۆ به عه‌ره‌بکردن و وێرانکردنی به‌شێک له ناوچه کوردستانییه‌کان. که‌واته گه‌لی کورد له هه‌موو لاوه که‌وتنه به‌ر کوشتن و لێدان و سووکایه‌تی، به جۆرێک که له شه‌ڕ خراپتر بوو. ته‌نانه‌ت ده‌توانم ئه‌وه‌یش بڵێم که نه‌ته‌وه‌كەی من قه‌ت تامی ئاشتی نه‌چێشت.
له لایه‌کی تره‌وه، دوژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌م لەلایه‌ن ده‌زگا حکوومییه‌کانه‌وه پشتیوانی دەکرێن و گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر دڵسۆزه‌کان. گوشار له‌سه‌ر ئه‌وان ڕۆژ به‌ڕۆژ زۆرتر ده‌بوو، تا ڕاده‌یه‌ک که ڕێگه‌یان نه‌ده‌دا نه‌خۆشه‌کان بۆ به‌غدا و شاره‌کانی تری عێراق ببەن. له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه ئاڵۆزه، ئێمه ته‌نیا ناچار بووین له بیری به‌رگریی له خۆمان و خه‌بات بۆ پاراستنی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا بین، که قوربانی ده‌کران و بێجگه له‌مه کاری ترمان پێ نه‌ده‌کرا.
من له‌گه‌ڵتانم که بارودۆخه‌که گه‌یشتووه‌ته قۆناغێکی پڕمه‌ترسی. له‌گه‌ڵتانم کێشه گه‌وره و بچووکه‌کانی ئه‌م پرسه، به یه‌ک نامه و چه‌ن نامه چاره‌سه‌ر نابن و ڕاڤه ناکرێن، به‌ڵام له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌یشەوە، ڕاڤه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه کلیلی چارەسەرکردنی ئه‌م قه‌یرانه، ده‌بێ به گوێره‌ی ئه‌و ڕاستییه بێ که دان به بزووتنەوەی کورددا بنرێ و ئه‌و دۆز و مه‌به‌ستانه‌ی له ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌دا پەرەیان سه‌ندووه، وه‌لا بنرێن و شێوازی وتووێژ و دیاریکردنی یه‌کلاکه‌ره‌وه بۆ ئه‌م جۆره سیاسه‌ت و دووبه‌ره‌کییه له هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیانەوە که بۆ دژایه‌تی لەگەڵ کورد پێڕه‌وییان لێ ده‌کرێ، دیاری بکرێن و به دوژمنایه‌تی ده‌زگا حکوومییه‌کان دژ به پارتی دیمۆکراتی کوردستان و هه‌وادارانی، کۆتایی بهێنرێ و بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفته‌کان چوارچێوه‌یه‌ک دیاری بکرێ و هه‌نگاوی ئه‌رێنی بۆ دیاریکردنی ناوچه کوردستانییه‌کان هه‌ڵبگیرێ، به چه‌شنێک که هه‌موو خه‌ڵکی هەست به یه‌کسانی بکه‌ن، به‌بێ جیاوازی.
ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه هه‌ڵبگیرێن، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ڕێککه‌وتننامه‌ی مێژوویی ئادار بخرێته به‌ر سه‌رنج و جێبه‌جێ بکرێ. ئێمه بۆ هه‌ڵگرتنی هه‌ر هه‌نگاوێک ئاماده‌ین و بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد و عه‌ره‌ب له شه‌ڕ و ئاژاوه و وێرانی ده‌رباز بن و به‌ره‌و ئاشتییه‌کی سه‌قامگیر و به‌رده‌وام و هه‌تا هه‌تایی به‌پێی ڕێکه‌وتننامه‌ی 11ی ئادار بڕۆن، له هیچ هه‌وڵێک خۆمان نابوێرین.
دڵسۆزی ئێوه
مسته‌فا بارزانی
1972/7/6
تێبینی: ده‌قی نامه‌کان كه به عه‌ره‌بی نووسراون، له کتێبی "له‌سه‌ر ترۆپکی تۆفان"، کۆکراوه‌ی بارام وه‌ڵه‌دبه‌گی لاپه‌ڕه‌ی 842 وه‌رگیراوه.

