ئه‌گه‌ر هه‌ولێر پایته‌ختی کوردستان و شاری له‌مێژینه‌مان بێت، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه سلێمانیش پایته‌ختی ڕۆشنبیری و شاری به‌عسشکێن و له سێداره‌ده‌ری مفه‌وه‌ز شه‌ماڵه‌کان و ملازم مو‌حسینه‌کان بووه. ڕه‌نگه هیچ ده‌ربڕینێک هێندەی شاری هه‌ڵمه‌توقوربانی، پێناسه‌ی سلێمانی نه‌کات، شارێک له مێژووی شۆڕشی کۆن و نوێ‌دا به لووتکه‌ی پاڵه‌وانێتی و بزاوتی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامه‌وانی و کو‌لتوور و هونه‌ر ناسراوه. شێخ مه‌حموود و به‌رده قاره‌مان، ئه‌شکه‌وتی جاسه‌نه و پیره‌مێرد و نه‌ورۆز و به‌رده‌رکی سه‌را و نووسەرانی ئێستەی، ناوگەلێکن به ئاماده‌یی و بێ بیرکردنه‌وه دێن به زه‌ینماندا و هێمای گشتیی ئه‌و شاره‌ن.
به‌ڵام باسه‌که ته‌نیا ناوی ئه‌م که‌س و شوێن و مێژووانه نییه، به‌ڵکوو باسه‌که ئه‌و سیاسه‌ته ماڵوێرانکه‌ره‌یه که ئێسته به‌سه‌ر سامان و میراسی مادی و مه‌عنه‌وی ئه‌و شاره‌دا جێبه‌جێ ده‌کرێت. سیاسه‌تێک که سه‌ره‌تاکانی پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی شه‌راکه‌تی یه‌کێتیی نیشتمانیی نوێ /که به ناوی هاوسه‌رۆکییه‌وه ناو نرابوو و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌واوبوو به‌سه‌ر هه‌موو میراسی سه‌ربازی و مه‌عنه‌وی و مادی یه‌کێتیدا/ ده‌رکه‌وت، ده‌یان و سه‌تان ڕۆژنامه‌نووس و میدیاکاری سه‌ربه‌خۆ و نیوه‌سه‌ربه‌خۆ، هۆشداریی ئه‌و جۆره سیاسه‌ته تاکڕه‌وانه و دوور له مه‌عریفه‌یان دا.
به‌ڵام گوشواری ئابووری و ململانێی سیاسیی به‌غدا و هه‌رێم و هاوکاریی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ به‌غدا، جۆره باوه‌ڕێکی ساخته‌ی جیابوونه‌وه‌ی سلێمانی له کوردستانی له ڕێگه‌ی میدیا جۆراوجۆره پاره‌داره‌کانییه‌وه په‌ره پێدابوو، گوایه سلێمانی ڕێگه‌یه‌کی نوێی دره‌وشاوه له‌سه‌ر ده‌ستی ڕێبه‌رانی گه‌نج ده‌بڕێت و ده‌ڕوات و نه‌ک ته‌نیا هه‌ولێر تێده‌په‌ڕێنێت له ڕووی ئابووری و به‌رزبوونه‌وه‌ی باڵەخانەی نوێوە، به‌ڵکوو له ڕووی خزمه‌تگوزاری و دیپلۆماسیی و سیاسه‌ت و ڕۆشنبیری و ئازادیشه‌وه، ڕێچکه‌ی نوێ ده‌گرێته به‌ر!
به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی تا ئێسته بینیومانه ته‌گه‌ره‌دروستکردن بۆ پرۆژه ڕۆشنبیرییه‌کانی وه‌ک چاو‌دێر، ڕاوه‌دوونان و ده‌رکردنی ڕۆشنبیران و بیرمه‌ندی وه‌ک فارووق ڕه‌فیق، ده‌ستبه‌سه‌رکردنی ڕۆژنامه‌نووسان له‌وانه شاکار ستار، ڕێگه‌دان به بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌یان و سه‌تان جۆر حه‌ب و ده‌رمانی بەسەرچوو له‌ناو شاری سلێمانی و ته‌نانه‌ت په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی به‌کارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر، ته‌نیا ڕستێک له‌و کاره‌ساتانه‌ن که سه‌رۆکی یه‌کێتی ده‌بێت له ئاستیاندا وه‌ڵامده‌ره‌وه بێت، هه‌م له به‌رده‌م خه‌ڵکی کوردستان و به‌تایبه‌تی شاری سلێمانی و هه‌میش له به‌رده‌م مێژوودا.
ئێمه په‌رچه‌کرداره‌کانی ئه‌و له تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینین که پاڵ به خه‌ڵکه‌وه ده‌نێت، هاوار ده‌کات و ده‌قیڕێنێت و ده‌ڵێ "دوورکه‌ونه‌وه لێم"، یان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گرنگ به‌جێ دێڵێ و ده‌تۆرێ، به دڵنیاییه‌وه ئه‌مانه ئه‌ته‌کێتی کاره‌کته‌رێکی سیاسیی نین تا ئێمه چاوه‌ڕوانی پرۆژه‌ی سیاسیی گۆڕانساز و چاکسازی لێ بکه‌ین، چ ئێسته و چ له داهاتووشدا.
که‌سایه‌تییه‌ک به‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه کۆی جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات له ده‌ڤه‌ری دوو پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه له ئاستی هێز و سه‌رمایه و چه‌کداردا به ده‌ست بێت، کاره‌ساته‌که هه‌ر ده‌بێت به‌مه‌ی که ڕه‌مزه مه‌عنه‌وی و ژینگه‌ییه‌کانی وڵاتێک وه‌ک ئه‌زمه‌ڕ و گۆیژه بخرێنه ناو ده‌می جرج و مافیاکانه‌وه.
ئێمه ده‌زانین سه‌رمایه‌داریی له کوردستان گه‌شه‌ی کردووه و به دڵنیاییه‌وه هه‌موو سه‌رمایه‌داره‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین به هه‌ر نرخێک بووه پاره و سه‌رمایه‌کانیان زیاتر بکه‌ن. ئه‌مانه کۆمه‌ڵێک سه‌رمایه‌داری سه‌ربه حزب و مافیان که به‌رژه‌وه‌ندیی حزبیش دابین ده‌که‌ن، ئه‌گینا ئه‌و شوێنه‌ی جرجه‌کان چڕنووکیان لێ گیر کردووه، هه‌ر نزیکی ده‌باشان و ماڵی سه‌رۆکی یه‌کێتیی و شابانووه‌کانێتی، که‌واته بۆچی نقه‌یان لێ بڕاوه؟.
ئه‌مانه کۆمپرادۆرن، واته کۆمه‌ڵێک سه‌رمایه‌داری ده‌ڵاڵی بێ ڕیشه و له‌ناکاو هه‌ڵتۆقیو یا له نادیاره‌وه هاتوون که خۆیان تا ڕاده‌یه‌ک له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا ڕه‌گیان داکوتاوه و ته‌نانه‌ت هه‌م پاره‌ی زۆریان هه‌یه و هه‌م میدیا و هه‌میش له‌ژێر ناوی سیکیوریتی، هێزی چه‌کداریان هه‌یه و زۆرجار بۆ مه‌رامه‌کانی خۆیان سه‌رکرده و بنکرده‌ی حزبیش به‌کار دێنن. ئه‌مانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌رمایه و پێکهێنانی ژیان و خۆشگوزه‌رانی زێده‌ڕۆیانه بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان ده‌سدرێژیی ده‌که‌نه سه‌ر ژینگه و که‌رتی گشتی و نیشتمانی بێنازی چه‌ندان ملیۆن کورد و له‌ناوی ده‌به‌ن.
له‌م ڕووه‌وه ڕه‌وتی سه‌رمایه و سه‌رمایه‌گوزاریی له کوردستاندا به گشتی و له سلێمانی به تایبه‌تی، له وه‌ها قه‌یرانێکدایه که به ته‌واوی له هه‌رجۆره ئینتیما و به‌هایه‌کی مرۆیی و نه‌ته‌وه‌یی داماڵراوه و سه‌رمایه‌دارییه‌ک که له بنه‌وه‌ڕا ده‌بوو له خزمه‌ت ئاوه‌دانکردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی کوردستاندا بێت، بووه به ڕێگایه‌ک بۆ مژینی خوێنی خه‌ڵک و سروشت و دۆشینی خاک و نیشتمان. ئه‌مه گۆڕینی ڕۆحی سلێمانییه له شاری هه‌ڵمه‌توقوربانییه بۆ شاری هه‌ڵمه‌ت بۆ براو و به قوربانیکراو!
کوردستان به خاک و خۆڵ و خزۆک و خشۆک و دڕنده و فڕنده‌كانیه‌وه شوناسی هه‌یه و ده‌بێت ئاوه‌دان بکرێته‌وه و ببووژێته‌وه، ئه‌م دۆڵپا حه‌وت سه‌ره‌ی سه‌رمایه‌داریی له سلێمانی به یاوه‌ریی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ر جۆره شوناسێک له سیمای ئه‌و شاره مه‌زن و له‌مێژینه‌یه ده‌سڕێته‌وه و هه‌ر به‌و هۆیه‌ی په‌رچه‌کردار و هاشتاگەكان له ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێکدا کۆی تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تیان ته‌نی و به دڵنیاییه‌وه خه‌ڵکی سلێمانی به خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینه‌وه ڕووبه‌ڕووی ئه‌م ئه‌تککردنه مێژووییه بێوێنه‌یه ده‌وه‌ستنه‌وه.
بۆ هیچ که‌س گوماناوی نییه که سروشت و شاخه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره له هه‌موو پانتاییه‌کی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریدا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش نیشانه‌ی دروستبوونی یاده‌وه‌ری و خه‌یاڵێکی ده‌سته‌جه‌معییه له زاکیره‌ی نه‌ک هه‌ر خه‌ڵکێکی سلێمانی و ده‌وروبه‌ریدا، به‌ڵکوو هه‌ر کوردێک که له 91ه‌وه چاوی بڕیوه‌ته باشووری کوردستان.
به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌زمه‌ڕ و گۆیژه دوو له‌و شاخانه‌ن که هێما و ڕه‌مزی مه‌عنه‌ویی مێژووی ئه‌و شاره‌ن، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌یش، به‌ڵکوو هێما و ڕه‌مزی سروشتێکی ڕه‌سه‌ن و بێگه‌رد و ژینگه‌یه‌کی تایبه‌ت و جوانن که کوردستان به گشتی و سلێمانی به تایبه‌تی ده‌ناسێنن. بۆیه ئێمه چ وه‌ک هاووڵاتی و چ وه‌ک تاکی کورد له هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌م کوردستانه پیرۆزه‌وە، ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی وەها کرده‌یه‌کی چڵێسانه‌ی بۆرژوایی و حزبیانه‌ی کۆمپرادۆره‌کان بوه‌ستینه‌وه. پێشگری له مه‌رگی گۆیژه و ئه‌زمه‌ڕ شۆڕشێکی نوێیه دژی ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌تککه‌ری خۆماڵی.