پیاوان و ئافرەتان دوژمنی یەكتر نین

AM:11:48:27/11/2022 ‌
باسكردن و زەقكردنەوەی كێشەی ڕەگەزێك بەرانبەر بە ڕەگەزی بەرانبەری مانای ئەوە ناگەیەنێت دژبەرەكی لە نێوانیان دروست بكرێت یان بوونی هەبێت، چونكە ئامانج لە باسكردنی كێشە، گەیشتنە بە چارەسەر و قێزەونكردنی كردە نادروستەكان.

بەتایبەت لە كۆمەڵگەیەك كە تا ئاستێكی زۆر جیاوازیی ڕەگەزی ببینرێت، گومان لەوەدا نییە لە ئەنجامی جیاوازیی ڕەگەزی، ناحەقی و مافخوران و پێشێلكاریی ڕەگەزی زۆر بە زەقی بەدی دەكرێن.

كاتێك شتێك بە شایەنی باسكردن دەزانیت، هەوڵی چارەسەركردنی كێشەیەكی ڕەگەزی و خێزانی دەدەیت، یان سیفەتێكی ڕەگەزیی زۆر دووبارەبووی نامرۆڤی قێزەون پێشان دەدەیت، بەواتای ئەوە نایەت كە تۆ درز و كەلێن دروست بكەیت و پیاوان لە ئافرەتان بكەیت بە دوژمن یان بە پێچەوانەوە، بگرە مەبەست لێی پڕكردنەوەی ئەو درز و كەلێنانەیە و پتەوكردن و ڕاستەڕێكردنی ژیانە.

جوانترین و پیرۆزترین ژیان، ژیانی هاوڕێیەتی و هاوسۆزی مرۆڤەكانە بەتایبەت بەرانبەر بە ڕەگەزی بەرانبەر، چونكە مەبەست لە مرۆڤ و ژیان، ئاشتەوایی و پێوەندیی دۆستانەیە.

زۆركات ئەوانەی باسكردنی بابەتی ناحەقی و كێشەی نێوان ڕەگەزەكان بە هەڕەشە وەردەگرن و پرسێك پەڵەدار دەكەن، ئەوانەن كە هۆكاری كێشە و پێشێلكارییەكانن، مرۆڤە دروستەكان ئەوانەن كە تێڕوانینەكانیان لە خزمەت مرۆڤایەتی و ئاشتەواییدا بن.

تا ئەوانەشی نیازیان دەرخستن و باسكردنی پێشێلكاریێكی ڕەگەزییە، دەبێت ڕێی ڕاست و شێوازێكی دروست و هۆشیارانە بەكار بهێنن لە پێشاندانی، هەم كێشەكەی پێوە چارە بكرێت، هەمیش تێگەیشتنە دروستەكان بڵاوە پێ بكات، نەك بە باسكردنی كردەوە نادروستەكان لە بەرانبەر بە ڕەگەزی بەرانبەر تا ڕەگەزی خۆشیان، ڕق دروست بكەن و بیڕژێنن بەسەر دەوروبەریان.

كاتێك باسێكی ڕەگەزی دەورووژێنرێت، ئەوانەی كە بڕوایان بە ژیان و مرۆڤایەتی نییە، باسەكە وەك پیرۆزكردنی ڕەگەزێك بەسەر ڕەگەزەكەی تر یان دروستكردنی دژبەرەكی لێكدەدەنەوە، هەوڵەكانی چارەسازیی كێشەكە لەبار دەبەن، ئەوان جگە لە كێشەسازێك، دەزگایەكی بڵاوكردنەوەی كێشەكانیشن.

تۆ كە كێشەیەكت باس كرد و هەوڵی چارەسەركردنی بدەیت، كەوایه فریشتەیەكی فریادڕەسانەی بۆ ژیان، بەڵام كاتێك بە دیار كێشەیەكی خوڵقاو دیار بوەستیت، بەتایبەت ئەگەر كێشەكە كێشەی پێشێلكاری و هەڵەتێگەیشتن و خۆ بەسەر زاڵكردنێكی ڕەگەزی بێت و كاریگەری لەسەر زۆر دووبارەبوونەوەی هەبێت، كەوایە تۆ تاوانی تاوانبارێك هەڵدەگریت كە كەس لێی تاوانكارتر نییە، گەورەتر لەمەش ئەگەر نامرۆڤانە دژی چارەسەرەكان بوەستیتەوە.