ژیانی خێزانی و بنه‌ماڵه كرۆك و ناوكی كۆمه‌ڵگه پێك ده‌هێنن، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست له هه‌لومه‌رجێكدا ڕێچكه‌ی دروستی په‌روه‌رده‌كردن و ڕاهێنان ده‌پێوێت، باوكان و دایكانی داهاتوو كه كچان و كوڕانی ئێسته‌ن، تێڕوانینێكی ته‌ندروست و مه‌عنه‌وییان بۆ ژیان هه‌بێت، ڕاسته ئێمه له دنیایه‌كی سه‌رمایه‌دارانه‌دا ده‌ژین و نیشانه و مۆرك و كاڵاكانی دنیای سه‌رمایه ده‌وری ته‌نیوین، به‌ڵام ده‌شكرێت به وشیاری و په‌روه‌رده‌وه له ژێر لایه‌نه نه‌رێنییه‌كانی ئه‌م پاڵه‌په‌ستۆ دژه كۆمه‌ڵگه‌یه خۆمان ڕابپسكێنین و زه‌وینه و هه‌لی گونجاو و شایسته بۆ پێكه‌وه‌نانی خێزان و بنه‌ماڵه له كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌موار بكه‌ین، كه خۆی ژێرخان و كۆڵه‌كه‌ی ئاسایشی نیشتمانی و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ییشه.
لێره‌دا له‌سه‌ر كاریگه‌ریی زێڕ و ڕۆڵی له پێهێنانی خێزان و بنه‌ماڵه و پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئاسایشی نیشتمانی و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست ده‌دوێم. زێڕ له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا كانزا و كاڵایه‌كی گرنگ بووه بۆ مرۆڤ و شوێنپیی زێڕ له زۆربه‌ی ئه‌فسانه‌كانیشدا ده‌بینینه‌وه، پاشا‌كان و شاژنه‌كان هه‌میشه و هه‌ر كام له حاندی خۆیان و به‌پێی سه‌لیقه و خواستی پیاوانه یان ژنانه‌یان، زێڕیان به خۆیاندا هه‌ڵواسیوه و ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌ك بووه له ئه‌وه‌ی كه سه‌ربه چ چینێكن و له كام پله‌ی ده‌سه‌ڵات و ڕێزه‌ی خێزان و بنه‌ماڵه‌دان، ته‌نانه‌ت پاش مه‌رگیش به‌تایبه‌تی بۆ پیاوان شتومه‌كی زێڕ هه‌میشه له‌ناو گۆڕه‌كانیاندا دانراوه و له‌گه‌ڵیان خاك كراوه، وه‌ك بڵێی زێڕ كاڵایه‌كی ڕه‌مزیی ئه‌فسووناوی بێت كه له دنیای مه‌رگیشدا جۆرێك له دره‌وشاوه‌یی و هه‌ستی فه‌خر و پله‌بڵندیی بۆیان دروست بكات، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مانه چ حه‌قیقه‌ت بن یان ئه‌فسانه، به‌شێك بوون له مێژوویه‌ك كه سه‌رده‌می هه‌یمه‌نه و كاریگه‌رییان به‌سه‌ر چووه و ئێسته به جۆری تر و له ژێر ده‌مامكی تردا خۆیان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی‌دا سه‌پاندووه.
بێگومان زێڕ هه‌م له ڕووی ئابوورییه‌وه كاڵایه‌كی به‌نرخ و گرانه و هه‌میش له ڕووی جوانی و سه‌رنجڕاكێشییه‌وه ماده‌یه‌كی تایبه‌ت و بێ جێگره‌وه‌یه. له ڕه‌هه‌ندی یه‌كه‌مه‌وه زێڕ به‌شێك له سه‌رمایه‌ی له‌گه‌ڕ و یه‌ده‌گی وڵاتان پێك ده‌هێنێت و له كاته ته‌نگانه ئابوورییه‌كاندا كه دراوی وڵاتێك به‌هۆی هه‌ڵاوسانی ئابووری یان هه‌ر هۆیه‌كی تر نرخی داده‌به‌زێت، یه‌ده‌گی زێڕ ده‌توانێ سه‌رمایه‌یه‌ك بێت كه پشتی دراو بگرێت و به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر ئابووریی نه‌بووژێنێته‌وه، ئه‌وا له داڕمان و داته‌پین ڕزگاری كات.
ئاستی یه‌ده‌گی زێڕ له هه‌ر وڵاتێكدا ده‌لاله‌ته له ڕێژه‌ی سه‌قامگیری و پته‌وبوونی كۆڵه‌كه ئابووری و بازرگانییه‌كانی وڵاتێك. له ڕه‌هه‌نده جوانیناسییه‌كه‌شیه‌وه زێڕ كاڵایه‌كی جێی په‌سندی هه‌مووان به تایبه‌تی كچان و ژنانه و وه‌ك دابونه‌ریتیش له كاتی پێكه‌وه‌نانی خێزان واته شووكردنی كچێك یان ژنهێنانی كوڕێك، زێڕ ده‌وری سه‌ره‌كی ده‌گێڕێت. ئه‌مه دابونه‌ریتێكی كۆنی كۆمه‌ڵگه‌كانه و مافی هه‌ر كچێكیشه به‌پێی ئه‌و دابونه‌ریته ئاینی یان كولتوورییه، وه‌ك بووك به زێڕ بڕازێنرێته‌وه تا مزگێنی ژیانێكی خۆش و به‌خته‌وه‌ر به ڕۆح و جه‌سته‌یدا بگه‌ڕێت، جیا له‌وه‌ش كه زێڕ وه‌ك كانزایه‌ك له‌م ڕووه‌وه كاریگه‌ریی پزیشكی و ته‌ندروستیشی هه‌یه و ده‌بێته هۆی سووڕانی ته‌ندروست و ئاسانی خوێن له جه‌سته‌ی ژن و ته‌نانه‌ت پیاویشدا.
به‌ڵام سه‌رباری هه‌موو ئه‌م ڕاستییانه، ده‌بێ بیر بكه‌ینه‌وه و بپرسین له هه‌لومه‌رجی ئێسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و دۆخی ئابووریی داڕماوی جیهانی به‌هۆی هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراین و سه‌پاندنی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌سه‌ر ئێران، كه به‌دڵنیاییه‌وه له‌سه‌ر نرخی زێڕ له دنیا و كوردستانیش كاریگه‌ر بووه و ده‌بێت، ئایا شتێكی ئه‌خلاقییه كه كچان داوای ڕێژه‌یه‌ك له زێڕ له داواكارانیان بكه‌ن كه له‌لایه‌ن كوڕانه‌وه نه‌توانێ به ئاسانی دابین بكرێت، كوڕان پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی زۆری ئیش و كار بخرێته سه‌ریان و دوای پێكه‌وه‌نانی خێزانیش، هێشتا له‌ژێر قه‌رزی زێڕ و شتومه‌كدا بێت؟ بێگومان ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كه به‌دڵنیاییه‌وه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كین خاوه‌نی ئه‌خلاق و ڕه‌وشتی به‌رز، ده‌بێت به‌م دابونه‌ریتانه‌دا بچینه‌وه تا ڕێی پێكه‌وه‌نانی ژیان بۆ گه‌نجه‌كانمان هه‌موار بكه‌ین و حه‌شیمه‌تی گه‌نجی كورد له دۆخێكی بێ ئامانج و خه‌مۆكدا گیر نه‌خوات.
وه‌ك ده‌زانین گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، گه‌نجه‌كانێتی به پله‌ی یه‌كه‌م، واته هێز و توانسته مرۆییه‌كانی نه‌ك زێڕ و زیوه‌كانی، ئه‌گه‌ر هێزی مرۆیی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك داهێزراو و خه‌مۆك و بێهیوا بێت، سه‌تان كیلۆ زێڕیش ناتوانێت تیماری یه‌ك دۆخی ناخۆشیان بكاته‌وه، بۆیه پێداچوونه‌وه به‌م بابه‌ته خزمه‌تكردنه به كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه و ئاسایشی نیشتمانی. وه‌ك گوتم یه‌كێك له خاڵه به‌هێز و ستراتیجه‌كانی هه‌ر وڵاتێك، سه‌رمایه مرۆییه‌كه‌ی و به‌تایبه‌تی گه‌نجانێتی، بۆیه چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه یان باشتره بڵێم پێداچوونه‌وه به‌م دابونه‌ریته، به‌شداریكردنی ئێمه‌یه له پێكه‌وه‌نانی خێزان و بنه‌ماڵه بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان و دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان، چونكه به‌م شێوه‌یه خزمه‌تی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیشمان ده‌كه‌ین.
به‌شێكی زۆری حه‌شیمه‌تی ئێمه گه‌نجن و به دڵنیاییه‌وه پێویستیان به پێكه‌وه‌نانی ژیان و سه‌ربه‌خۆبوون و هاتنه‌ده‌ره‌وه له ژێر چه‌تری بنه‌ماڵه‌دایه، به پێداچوونه‌وه به‌و خواسته و كه‌مكردنه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانییه مادییه‌كانی وه‌ك زێڕ، به‌های مه‌عنه‌وی ڕاسته‌قینه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خێزان و كۆڵه‌كه‌ی خێزان و بنه‌ماڵه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی مه‌عنه‌وه‌ی وه‌ك خۆشه‌ویستی یان ڕێز و ده‌روه‌ستبوون به پێكه‌وه‌ژیان و... زیاتر داده‌مه‌زرێت و پته‌و ده‌بێت، نه‌ك كاڵا و ماتریاڵی زۆری له چه‌شنی زێڕ و زیو.
كچێك یان ژنێك به زێڕ ناتوانێ كه‌لێنه مه‌عنه‌وی و به‌ها ده‌روونییه‌كان پڕ بكاته‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای به‌كاڵا پێشاندانی ژن، دیارده‌یه‌كی تر به ناوی چاولێكه‌ریش باو ده‌كات و هه‌ر كچێك (به‌بێ ئه‌وه‌ی له په‌روه‌رده‌یه‌كی كامڵ و ته‌واودا پرۆسه‌ی به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوون و خێزان پێكه‌وه‌نانی بۆ ڕوون كرابێته‌وه)، ته‌نیا به‌هۆی جوانی یان له‌شولاریه‌وه، له پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریدا ده‌ست ده‌كات به هه‌ڵگرتنی ڕێژه‌یه‌كی زۆر له زێڕ كه له توانای كوڕه‌كه‌دا نابێت و پاڵه‌په‌ستۆ ده‌خاته سه‌ر ژیانی داهاتوویان، ده‌بێ ئه‌مه‌ش بزانین كه ئه‌م پرۆسه‌یه دوو لایه‌نه‌یه و هه‌ر ڕه‌خنه له‌سه‌ر لایه‌نێك نییه، به‌ڵكو پیاوانی ده‌ستڕۆیشتووش نابێت ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌یان هه‌یه، دنیایه‌ك زێڕ به باڵای دڵخوازه‌كه‌یاندا هه‌ڵواسن و دیارده‌ی چاولێكه‌ری و هه‌ڵگرتنی زێڕی زۆر په‌ره پێ بده‌ن، ڕاسته وه‌ك موڵكدارێتی و خاوه‌ندارێتیی سه‌رمایه مافی خۆیانه چی به‌و سه‌رمایه‌یه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و پیاوانه‌ش ده‌بێ بیر له‌مه بكه‌نه‌وه كه كرده‌وه‌كانیان له ناو كۆمه‌ڵگه، به‌دواداهاتی ده‌بێت و مه‌رج نییه هه‌ر كارێك له تواناماندا بوو ئه‌نجامی بده‌ین، چونكه كۆمه‌ڵگه‌كان هیچ كات له یه‌ك ئاستدا نین، چ له ڕووی سه‌رمایه‌یه‌ك به ناوی پاره و زێڕه‌وه و چ له ڕووی سه‌رمایه‌یه‌كی گرانبه‌ها به ناوی عه‌قڵ و تێگه‌یشتنه‌وه!