ژن هه‌میشه به‌شێکی سه‌ره‌کین له کۆمه‌ڵگە و پێکهێنان و ڕاگرتنی بنه‌ماڵه و خێزان، ڕاسته هیچ کات چ له سه‌رده‌م و قۆناغی کلاسیکی کۆمه‌ڵگەکاندا و چ له سه‌رده‌مانی مۆدێڕنیش، حه‌قی خۆیان نه‌دراوه‌تێ و ئه‌و کاریگه‌ری و ڕۆڵه‌یان به‌رجه‌سته و زه‌ق نه‌کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه حاشا له‌و ڕاستییه ناكات که ژن ڕۆحی کۆمه‌ڵگە و بنیاتنه‌ری به‌هاکان و هه‌روه‌ها تێکده‌ریشیانه!
کورد ده‌ڵێت ژن کۆڵه‌که‌ی ماڵه، یان کاتێک که‌سێک ژنه‌که‌ی کۆچی دوایی ده‌کات پێی ده‌ڵێن ئاژه‌ی شێواوه، واته لانه و ماڵ و حاڵی تێکچووه. ئه‌م په‌ند و قسه زاره‌کییه کۆنه، خۆی ئاماژه‌یه به‌وه‌ی ژن چه‌نده ڕۆڵی به‌رز و بەهادار بووه، ته‌نانه‌ت له کۆمه‌ڵگە نه‌رێتی و کۆنبه‌هاکانیشدا. به‌ڵام ڕاستییەكەی ئه‌مه به‌و مانایه نییه له‌ژێر تیشکی ئه‌م قسه‌یه‌دا ژن ئه‌و پێگه و جێگه شایسته‌یه‌ی که هه‌یه‌تی وه‌ک خۆی پێی دراوه و لایه‌نی به‌رانبه‌ر هه‌موو هه‌وڵێکی داوه تا ژن به هه‌موو مانا هەبوونیەوە پڕ به باڵای ڕۆحی خۆی توانا و هه‌ڵکه‌وتووییه‌کانی ده‌ربکه‌وێ و بکه‌وێته خزمه‌ت پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگە.
له کۆمه‌ڵگەی کوردی‌دا له سه‌رده‌می کۆنه‌وه چ له ڕووی سیاسی و چ له ڕووی ئابوورییه‌وه و هەروەها له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه، کۆڵه‌که و ڕه‌هه‌ندی مه‌عنه‌وه‌ی ڕاگرتنی ژیان، ژن بووه. بۆ نموونه، له پێکهاتی کۆنی کورده‌واریدا، ئابووریی کوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای جووتیاری و ئاژه‌ڵداری بووه و له‌و قۆناغه‌دا له زۆربه‌ی کاره‌کاندا ژن هاوشانی پیاو به‌شدار بوون له بۆیسان و خه‌له و خه‌رمان و زیاتریش له به‌خێوکردنی مه‌ڕ و ماڵات و به‌رهه‌مهێنانی کلاسیکییانه‌ی دۆ و ڕۆن و که‌ره و جلوبه‌رگ و پێخەف و شتی دیکه، ده‌ستڕه‌نگینی و توانای خۆیان نواندووه، ئه‌و شته‌ی کۆڵه‌که‌ی ئابووری کلاسیک بوو، یەڵام ئێستە هه‌ندێ تێگه‌یشتنی ڕه‌شۆکیانه ئێسته وه‌ک عه‌یبه و دواکه‌وتوویی بۆ ژنانی ده‌بینێت.
له‌و قۆناغه‌دا که‌شی بیرکردنه‌وه‌ی زاڵی کۆمه‌ڵگە هه‌ر ئه‌وه بووه که ژنان ده‌بێت ئه‌و ئیشانه ڕاپه‌ڕێنن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ مافێک یان لایەنیکه‌می مافیان هه‌بێ له هه‌ڵبژاردنه‌کانی تایبه‌ت به دنیای خۆیاندا. ڕه‌نگه مافی هه‌ڵبژاردن به شتێکی لاوه‌کی و په‌راوێزیانه بزانرێت، به‌ڵام له کۆمه‌ڵگەی نه‌ریتی و پێشمۆدێڕنی ئێمه‌دا، زۆر له ژنان ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانیوه ڕه‌نگی جله‌کانیشیان هه‌ڵبژێرن و ڕه‌نگه‌کان به‌سه‌ر دوو ده‌سته‌ی ماقووڵ و سه‌لار و عه‌یبه و نه‌شیاودا دابه‌ش کرابوون، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌ی که مرۆڤ چۆن و چ جل و پۆشاکێک له‌به‌ر بکات، شتێکی لاوه‌کی و په‌راوێزی نییه، وه‌ک چۆن بۆ پیاوان په‌راوێزی نییه!
ژنان به‌گوێره‌ی ڕۆحیه‌ت و دنیای ناسکیان حه‌زیان له شتی ناسک و نارین و ڕه‌نگی ئاڵواڵا‌یه و ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ده‌ر له ڕوانگه سێکسییه‌کان (که له دنیای مۆدێڕن و ده‌سه‌ڵاتی میدیا جۆراوجۆره پۆرن و نیوه‌پۆرنه‌کاندا زۆرتر و زیاتر بووه) چاوی لێ بکرایه، خۆی به‌خشینی شادی و وزه و هیوایه به بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵگە و دروستکردنی چه‌که‌ره‌ی ژیانه له هه‌ناوی سه‌رزه‌وینی دڵ و ڕۆحی گه‌نجانی ئه‌و وڵاته. ئه‌مه ته‌نیا لایه‌نێکی به‌شداریی ژن و به‌پێی ئه‌وه‌ش وه‌رنه‌گرتنی پێگه‌ی پڕ به باڵای توانا و پێدراوه سروشتی و خوداپێداوه‌کانێتی.
ئه‌م به‌شدارییه‌ی ژنان له ڕووی سیاسی و شۆڕشگێڕیشه‌وه هه‌ر ڕاسته، ئێمه هاوشانی پیاو و پێشمه‌رگه‌کانی شاخ، ژنانی کۆڵنه‌ده‌ر و چاونه‌ترسمان هه‌بوو که نەوەی نوێیان په‌روه‌رده کرد و كۆمەكی شۆڕشیشیان دەكرد، هه‌موو ئه‌م شۆڕش و پێشمه‌رگه دلێرانه و هه‌موو ئه‌و نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانه‌ی که قه‌زیه‌ی کوردیان جیهانگیر کرده‌وه، له کۆشی دایکانی ڕه‌نجکێشی ئه‌م نیشتمانه‌وه چاویان کرده‌وه و باڵایان کرد. به‌ڵام له جیهانی مۆدێڕنی ئێمه‌دا و پاش ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان له ساڵی 1991 و ئازادبوونی کوردستان له‌ژێر پۆستاڵی ڕژێمی فاشی و کۆنه‌په‌رستی به‌عس، ژنان به شێوازێکی دیکه هاتنه ناو کۆمه‌ڵگە و جیا له ئه‌رکی په‌روه‌رده و ڕاگرتنی خێزان، ئه‌رکه کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت سیاسییه‌کانیشیان ڕاده‌په‌ڕاند.
پێم وایه تا به‌ر له سه‌رده‌می پۆست مۆدێڕنه که من لێره‌دا وه‌کوو ئاماژه بۆ به‌رفراوانبوونی تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی و لاپه‌ڕه تاکه که‌سییه‌کان به کاری ده‌هێنم، دۆخەك هه‌ر به ئاراسته‌ی ئۆرگانی و سروشتیی پێشکه‌وتنی هه‌نگاو به هه‌نگاوی ژنان بوو، واته له‌م دابه‌شکارییه‌دا سێ قۆناغی پێش مۆدێڕن، مۆدێڕن و پاش مۆدێڕن یان پۆست مۆدێڕنم خستووه‌ته ڕوو. ده‌بێ ئه‌وەیش بڵێم، به کارهێنانی ده‌سته‌واژه و چەمكی پۆست مۆدێڕن، به واتای پسپۆڕانه و تایبه‌تمه‌ند نییه که له بواری کۆمه‌ڵناسی و فه‌لسه‌فەدا هه‌یه و ئه‌وه‌نده‌ی من مه‌به‌ستمه ئاماژه‌یه به دۆخێکی میدیایی و مه‌جازیی که له ڕێی میدیا و تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بۆمان هاتووه‌ته پێش.
له‌م قۆناغه‌دا پێشکه‌وتنی میدیا له ئاسته فه‌رمییه‌که‌یدا هاته ئاستێکی گشتی‌تر و هه‌ر که‌سه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شاره‌زایی یان تواناییه‌کی به‌حتی هه‌بێت، بوو به خاوه‌نی لاپه‌ڕه‌یه‌ک و تێیدا خۆی و جیهانی بیرکردنه‌وه و واقیعی خۆی ده‌رده‌خات، هه‌ندێک به گوڵ و منداڵه‌وه ده‌ردەکه‌وتن هه‌ندێک به چێشت و دۆڵمه‌وه و هه‌ندێکیش به نووسین و بیرکردنه‌وه و زۆرێكیش به مۆدێل و خۆنواندنه‌وه و... ئه‌م هه‌له که هه‌ر که‌س بتوانێت ڕای خۆی ده‌رببڕێت و لاپه‌ڕه‌یه‌کی هه‌بێت، نیشانه و ده‌رفه‌تێکی باشه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان مافی ڕاده‌ربرین و ئازادی ڕاده‌ربڕینیان هه‌بێت، به‌ڵام ئاخۆ مرۆڤی ئێمه ئه‌و په‌روه‌رده مۆدێڕن و پێشکه‌وتووەی تێپه‌ڕاندووه تا له فه‌زایه‌کی میدیایی و دیجیتاڵدا دۆخێکی پێشمۆدێڕن و نه‌گونجاو و به زیان بۆ کۆمه‌ڵگە به‌رهه‌م نه‌هێنێته‌وه؟
ئێمه بۆ تی ڤی و ڕاگه‌یه‌ندنە بینراو و بیستراوه‌کان کۆمه‌ڵێک یاسا و ڕێسامان هه‌یه، له‌سه‌ر شاشه‌کان هه‌ر که‌س له خۆیه‌وه هه‌ڵناسێت به ده‌ربڕینی شتێک یان به هه‌ر حاڵه‌تێک و له هه‌موو کاتێکدا ده‌رناکه‌وێت، به‌ڵام له‌م په‌یج و لاپه‌ڕانه که‌سه‌کان ده‌بینین خواردوویانه‌ته‌وه و لایڤ ده‌که‌نه‌وه و ئیتر قسه‌ی نه‌شیاو و ناڕێکیش تووڕ دەدەن و هه‌زار که‌س زیاتریش سه‌یری ده‌کەن، ئه‌مه هه‌م بۆ پیاوان ڕاسته هه‌م بۆ ژنان. بەڵام باسی من لێره‌دا پیاو نییه، به‌ڵکوو ژنان و ئه‌و ڕۆڵه پیرۆزه و که‌رامه‌تی به‌رزیانه که بۆ کۆمه‌ڵگەیه‌کی ته‌ندروست پێویستیانه.
ژنانی ناو تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی هوشیارییه‌کی ئه‌وتۆیان نییه و پێویستیان به په‌روه‌رده و خولی ڕاهێنان بۆ کۆمه‌ڵگەیه‌کی نوێ هه‌یه، ده‌بێت له‌و خه‌سارانه ئاگەداری بکرێنه‌وه که چالاکییه نه‌گونجاو و ناوه‌خته‌کانیان له تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی دروستی ده‌که‌ن. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر پیاوێک له‌سه‌ر بابه‌تێک قسه‌ی نه‌شیاو و جنێو ده‌رببڕێت له په‌یجه‌که‌ی، که‌متر دیاره وه‌ك ئەوەی خاتوونێک ئه‌مه بکات، ئه‌وه‌یش واتای جێ سه‌رنجبوون و کاریگه‌رییانه.
کاتێک ژنان ئاو‌ها ده‌بنه چه‌قی سه‌رنجی کۆمه‌ڵگە، بێگومان خۆگێڕانه‌وه و خۆده‌رخستنیک که دوور بێت له بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵگە و ئاوه‌زی گشتیی، کاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ئاراسته‌کردنی کۆمه‌ڵگە ده‌بێت، له ئه‌نجامدا ده‌توانین له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره بوه‌ستین که ئاخۆ ژنان و خانمانی ناو کۆمه‌ڵگەی ئێمه له تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌یان خه‌مڵاندووه که له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ئه‌دگار و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانیان چ کاریگه‌رییه‌کی هه‌بووه له کۆمه‌ڵگەدا و به‌گشتی ئاراسته‌کردنی کۆمه‌ڵ و په‌روه‌رده‌یه‌کی نوێ؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌رخه‌ری دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیی ژنانی ئێمه‌یه که ده‌شێت ئاسۆی دواڕۆژی به ڕوونی یان ڕه‌شی، له‌سه‌ر بنیات بنێین.