نێزیکه‌ی سه‌ته‌یه‌ک به‌سه‌ر تیۆری گوندی جیهانیی (Global Village)ی مارشال مه‌ک لۆهانی که‌نه‌دی، تێده‌په‌ڕێت و ئه‌وکات ئه‌م بیردۆزه وا خوێندرایه‌وه که جیهان به‌ره‌و لێک نزیکی و هاوشێوەیی ده‌چێت و ڕه‌گه‌زه کولتوورییه به‌هێز و ڕه‌سه‌ن و مۆدێرنکراوه‌کان، زیاتر زاڵ ده‌بن و زۆر کو‌لتوور و زمان و پێکهاته‌ی ئیتنیکی، کاڵ ده‌بنه‌وه و له‌ناو ده‌چن.
بێگومان ئه‌مه به‌شێک له ڕاستیی ئه‌و دۆخه بوو که هاته ئاراوه و جیهانگیریی دروست کرد، به‌ڵام لایه‌نه ڕه‌ش و نه‌گونجاو و ناکۆکه‌كەی ناو ئه‌م گونده، که‌متر سه‌رنجی خرایه سەر، ئه‌وه له حاڵێکدا به‌شێکی زۆر له کۆمه‌ڵناس و بیرمه‌ندانی سه‌ته‌ی بیسته‌م، به‌رده‌وام هۆشداریی ئه‌وه‌یان ده‌دا که پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیا له‌وانه‌یش میدیا (تۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی)، خۆی له خۆیدا نا‌بێته هۆی ئاسووده‌یی و هێمنیی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگەکان، به‌ڵکوو له‌ژێر گڕکانی ئه‌م دۆخه‌دا، ده‌یان ته‌قینه‌وه و هه‌ڵقوڵانی گڕدار خۆیان حه‌شار داوه و ده‌توانن کۆڵه‌که‌کانی ئه‌م گونده بله‌رزێنن.
ئێمه له سه‌ته‌ی 21دا له‌و وڵاتانه‌ی که به‌رهه‌مهێنه‌ری ناو ئه‌م گونده نه‌بوون، واته وڵاتانی گەشەسەندوو یان ڕوو لە گەشە که ده‌توانین وه‌ک پله‌به‌ندییه‌ک بڵێین له باشوور و خواره‌وه‌ی ئه‌م گونده‌دا نیشته‌جێن، کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی دژواز و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لێکدژمان له‌گه‌ڵ دۆخی ته‌کنه‌لۆجیا و جیهانگیریی بینییه‌وه، سه‌رهه‌ڵدانی داعش به ئایدۆلۆجیایه‌کی بناژۆخواز و دۆگم که له ئامێر و چه‌که پێشکه‌وتووه‌کانی ڕؤژئاوا که‌ڵکی وه‌رده‌گرت، نموونه‌یه‌کی زه‌ق و دیاری ئه‌م دژوازییه‌یه که له فۆرمی ئیسلامی سیاسی‌دا تیۆریزه کراوه. ئیسلامێکی ڕادیکاڵ و توندئاژۆ که جیهان ته‌نیا و ته‌نیا به گۆڕەپانی جه‌نگ و جیهاد ده‌بینێت و هه‌ر جۆره پێشکه‌وتنێک (ته‌نانه‌ت ئه‌و ئامرازه پێشکه‌وتووانه‌یش که خۆی خه‌ریکه بۆ ئایدیا کۆنه‌کانی به‌کاری دێنێت)، له‌گه‌ڵ ڕۆحی مه‌عنه‌وی جیهان و ئیلاهیاتی دنیا، یه‌ک ناگرێته‌وه و ده‌بێت له‌ناو بچێت.
ئه‌م تێڕوانینه زیاتر له ئه‌فغانستان و ساڵی 2020 ڕووی دا و ئه‌مەریکا دوای 20 ساڵ سه‌رمایه‌گوزاری و کولتوورسازی و ده‌وڵه‌ت/نه‌ته‌وه‌سازیی، شکستی خۆی به کرداریی ڕاگه‌یاند و له چرکه‌ساتێکی سه‌یر و سوریالیی مێژوویی‌دا، وڵاتەكەیان دایەوە ده‌ست تاڵیبان و چوونه‌وه خاڵی سفر. ئه‌مه ململانێی سیاسیی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئامێره مۆدێرنه‌کاندا به تایبه‌ت ته‌کنه‌لۆجیای چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، پێشان ده‌دات.
له پشت ئه‌م شانۆ ڕه‌ق و خوێناوییه‌وه، میدیا ڕۆڵێکی به‌رچاوی گێڕا تا ئه‌م ئایدۆلۆجیا توندئاژۆیانه که دۆخی نوێی جیهانیان پێ قووت نادرێت، توندوتیژیی و ڕق و ترس بڵاو بکه‌نه‌وه و ئه‌و وێنانه له زه‌ینی بینه‌ردا له سەرانسەری جیهان جێگیر بکه‌ن، که زەوی گۆڕەپانی شه‌ڕ و خوێن و جیهاده و نابێت به ئاسووده‌یی سه‌ر بخه‌نه سه‌ر سه‌رین و بخه‌ون.
مه‌گه‌ر ئێمه ده‌توانین ڤیدیۆکانی داعش که پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و خه‌ڵکی ئاسایی یان کچانی ئیزدییان به سه‌ربڕین و سووتاندن تێدا ده‌کوشت، له بیر بکه‌ین؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئێسته و ئان‌وسات له زهنماندا ئاماده نییه، به‌و مانایەیە که له نەستیشماندا سڕاونه‌ته‌وه و ئێمه له‌و شه‌پۆله‌ی توندوتیژی و تاریکی و ڕق ڕزگارمان بووه؟ بێگومان وه‌ڵامه‌که نه‌خێره. لێره‌وە له ململانێی نێوان جیهانی واقیع و ڕووداوه سیاسی و ئایدۆلۆجییه‌کان له لایه‌ک و نواندن و بڵاوکردنه‌وه‌یان له میدیاکان و سه‌ر شاشه و تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی له لایه‌کی تر، تێده‌گه‌ین.
له‌م هاوكێشەدا دۆخی گوندی جیهانیی وه‌ک مه‌یدانێکی جه‌نگی لێ دێت که مه‌رج نییه هه‌موو شوێنێکی به مینی ڕاسته‌قینه و لوغمی واقیعی مینڕێژ کرابێت و ئێمه به بینینیان خۆمانی لێ لادەین یان به گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌یان خۆمان له کاریگه‌رییه کوشنده‌کانی دەرباز بکه‌ین، به‌ڵکوو له ڕاستیدا میدیا و تۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رزه‌وینی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان گواستووەته‌وه بۆ هه‌ناو و زهن و یاده‌وه‌ریی وێنه‌یی مرۆڤ و هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه توندوتیژیی به‌رهه‌م دێت.
به‌ربڵاوی تۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی یان میدیا تاکه‌که‌سییه‌کان (په‌یج و ئه‌کاونت) له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، به‌هۆی نه‌بوونی ئازادییه‌کی ڕاسته‌قینه و پڕ به پێستی داواکارییه‌کانی ئه‌و وڵاتانه، ئه‌م توندوتیژییه زیاتر له ئارادایه، ئەم نه‌بوونی ئازادییه، بێگومان له‌گه‌ڵ کرچوکاڵی شێوازی به‌کارهێنانی تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن به‌شی زۆری تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگەیه‌وه، ده‌بنه دوو هۆی کاریگه‌ر له به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژییه‌کی زۆردا، چونكە هه‌ردوو هۆکاره‌که له ڕووبه‌ری سیاسی‌دا خۆیان ده‌نوێنن و دۆخه‌که یه‌کجار ئاڵۆزتر و توندئاژۆتر ده‌بێته‌وه.
بۆ نموونه، ئێمه له کۆمه‌ڵگەی خۆماندا ده‌یان ساڵه باسی ئازادی ڕاده‌ربڕین ده‌که‌ین، کولتووری کوردیش به‌ڕاده‌ی خۆی هه‌لی بۆ ده‌ربڕین ڕه‌خساندووه، به‌ڵام کاتێک نووسه‌ر یان توێژه‌ر یان چالاک و ته‌نانه‌ت سیاسییه‌ک له تۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵوێستێک ده‌رده‌بڕێت یان قسه‌یه‌ک ده‌کات، کۆمه‌ڵێک کۆمێنتی بۆ ده‌ڕوات که نه‌وه‌د له سه‌دی جنێون و ناوزڕاندن و قسه‌ی سووک و چرووکه به‌و که‌س یا كەسایەتییە و به ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌که‌وێت تاک و ته‌را ڕه‌خنه‌یه‌کی لۆجیكی بگیرێت.
ئه‌مه توندوتیژییه‌که که به پێچه‌وانه‌ی پێکهاته کولتووری و ئاینییه‌کانی کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌وەیه. هه‌ر له مانگی ڕه‌مه‌زاندا توێژه‌رێک که ساڵانێکه له‌سه‌ر ئیسلام و مێژووی ئیسلام و ئایەت و حەدیس توێژینه‌وه ده‌کات، به‌شێویه‌کی به ئه‌ده‌ب و حورمه‌ته‌وه هاتووه باسی واجببوون یان نه‌بوونی ڕۆژوو ده‌کات، به‌ڵام هه‌شتا له سه‌دی کۆمێنته‌کان وشه‌ی نه‌شیاویان به‌کار هێنابوو دژی، (وه‌ک که‌ر و زه‌ڕاندن و...) بێگومان عه‌یبه نییه ئێمه ڕه‌خنه له‌م جۆره توندوتیژییانه بگرین، هه‌روه‌ک چۆن باسی شانازیی و خاڵه گه‌شه‌کانی کولتووری کوردیی ده‌که‌ین، ده‌بێ باسی ئه‌م جۆره ناته‌ندروستییانه‌یش بکرێ که زیاتر وه‌ک وتم ئایدۆلۆجیا و دۆخی مێژوویی و پێشکه‌وتنی نه‌گونجاو و ناهاوسه‌نگی ته‌کنه‌لۆجیا (ناهه‌وسه‌نگیی له تێگه‌یشتن و پێشکه‌وتن له سیاقه مێژووییه‌که‌یدا) به‌رهه‌می هێناوه.
باسکردن له‌م حاڵه‌تانه بۆ گه‌ڕانه به دوای چاره‌سه‌ر، په‌رۆشییه بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگەیه‌کی پێشکه‌وتووتر و ته‌باترمان هه‌بێت، بێگومان له‌م پرۆسه‌یه‌دا دیسان من وه‌ک زۆربه‌ی نووسینه‌کانم دووپات له ڕۆڵی خێزان و به‌تایبه‌تی دایک و په‌روه‌رده‌ی خێزانی به‌گشتیی ده‌که‌م، کاتێک کۆڵه‌که‌کانی سه‌رزه‌وینی زیهن و هه‌ناوی منداڵ پته‌و و قایم بێت، به بوومه‌له‌رزه ناله‌رێت و ناکه‌وێت، به‌ڵکوو بیر له‌وه ده‌کاته‌وه کوێی شلوشۆڵه قایمتر و پته‌وتری بکات.
به‌و شێوه‌یه ئێمه ده‌توانین هه‌نگاو هه‌ڵگرین به‌ره‌و کۆمه‌ڵگەیه‌ک که پێکه‌وه‌ژیان و ته‌بایی ئه‌زموون بکات، ئه‌مه‌یش نه‌ک ته‌نیا له ڕه‌هه‌نده سیاسییه‌که‌یدا نا، به‌ڵکوو له ڕه‌هه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی و مرۆییه‌که‌یشیدا، به‌م شێوه‌یه ئێمه ده‌توانین وڵاتێکی ته‌ندروستتر و گه‌شاوه‌تر و سه‌ربه‌رزتر دروست بکه‌ین، پێشکه‌وتن ئاسۆیه‌که هه‌ر ده‌بێ به‌دوایدا بچین و نه‌یگه‌ینێ تا ده‌گه‌ینه ترۆپکه‌که‌ی، ئه‌مه جه‌وهه‌ری بزۆز و پڕ که‌ماڵی پێشکه‌وتنه و ڕه‌خنه ڕێنیشانده‌ری هه‌میشه‌ییه.