ئه‌گه‌رچی ئێمه وه‌کوو کورد هیشتا له قۆناغێکی ناهه‌موارداین له‌وه‌ی دۆخی خۆمان یه‌کلا بکه‌ینه‌وه و ببین به کیانێکی سه‌ربه‌خۆ که ئیتر دوژمن و داگیرکه‌رانی دراوسێمان به ئاسانی خاک و سه‌روه‌رییه‌کانمان پێشێل نه‌که‌ن و که‌رامه‌تمان له ڕێگه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی یاسایی و سیاسیی له عێراق نه‌ڕووشێنن. واته ئێمه هێشتا له چه‌ندان قۆڵه‌وه له زۆرانبازی و ململانێداین له گۆڕەپانی کولتووری، سیاسی، ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازی. به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی وایه ئه‌گه‌رچی ئێمه ده‌مێکه خه‌ریکی ئه‌م ململانێیه‌ین و هێشتایش هه‌ر به‌رده‌وامه، گۆڕەپانێكی ترسناکی دیکه که له‌م ساڵانه‌ی دواییدا زیاد کراوه، ململانێی ته‌کنه‌لۆجیا یان بڵێین شه‌ڕی ته‌کنه‌لۆجییه. وڵاتانی خاوه‌ن حوکمڕانیی دێرین و به ئه‌زموون به‌هۆی که‌ڵه‌که‌بوونی خه‌زێنه‌ی ئه‌زموونی سه‌ربازی و ده‌وڵه‌تدارییانەوە، له هیچ ده‌رفه‌تێک بۆ داگیرکاری و په‌ره‌پێدانی زۆره‌ملێ و سته‌مکارانه‌ی خۆیان ناپرینگێنه‌وه.
به دڵنیاییه‌وه ته‌کنه‌لۆجیا له ڕۆژئاوا گه‌شه‌یه‌کی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه و ئه‌مەیش ته‌نیا له ئاستی سەرگەرمی و ئاسانکاریی کۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانی ڕۆژانه‌دا نییه، به‌ڵکوو لایه‌نی سیاسیی و سه‌ربازیی سامناکیشی گرتووه‌ته خۆی. بێگومان به‌شێکی زۆر له‌م پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیانه له ڕووی سه‌ربازییه‌وه هێشتا نهێنی و نه‌زانراون، به‌ڵام ده‌زگا سیخوڕییه گه‌وره‌کانی وڵاتانی زلهێز له به‌رده‌ستیاندایه و له کاته ناسک و ته‌نگانه‌کاندا ده‌توانن وه‌ک کارتێک بۆ بردنه‌وه به‌کاری بێنن و ئێمه ته‌نانه‌ت هه‌ر ئاگایشمان لێی نه‌بێت!
گه‌شه‌کردنه‌کانی ژیریی ده‌سکرد و ئاشکراکردنی به‌شێک له کارامه‌ییه‌کانی له پانتایی گشتیدا، پێمان ده‌ڵێت، به‌م تۆزه ده‌ستشلکردنه بۆ به‌کارهێنانی ئه‌م ته‌کنه‌لۆجیایه له‌لایه‌ن خه‌ڵک و هه‌ندێک ڕێکخراو و دامه‌زراوه‌ی حکومی و ناحکومی له ئاستی جیهاندا، چ شتگەلی سه‌یر هاتوونه‌ته ئاراوه و سنووری جیهانی پێش زیره‌کیی ده‌سکرد چه‌نده گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا هاتووه.
ژیریی ده‌سکرد وایکردووه ئێمه ته‌نانه‌ت ده‌توانین له ڕێگه‌یه‌وه کتێبێک له زمانێکه‌وه که شتێکی وای لێ نازاین، وه‌ربگێڕینه سه‌ر زمانه‌که‌ی خۆمان، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستییه‌کی ئه‌وتۆمان به هیچ وه‌رگێڕێکی کارامه به ناوی مرۆڤەوە هەبێت، بێگومان ئه‌مه که‌لێن و درزی خۆی تێدایه، به‌ڵام به‌و حاله‌یشەوە ئێمه له به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تیی جیهانیداین که ئه‌گه‌ر خۆمانی بۆ ئاماده نه‌که‌ین، به دڵنیاییه‌وه خه‌ساری زۆرمان به‌رده‌که‌وێت.
له ئاستی سه‌ربازی و ئۆپه‌راسیۆنه سیخوڕییه سه‌ربازییه‌کاندا، ته‌کنه‌لۆجیا ته‌قینه‌وه‌ی زۆری به‌خۆوه بینیوه و وه‌ک وتم مه‌رج نییه ئێمه ئاگاداری وێنه گه‌وره نهێنییه‌که بین، به‌ڵام لێره‌دا هه‌ر ئاماژه به په‌رده‌لادان له به‌رهه‌مێکی وڵاتی چین له‌م بواره‌دا ده‌که‌م که ساڵی ڕابردوو خرایە ڕوو، ئه‌ویش قالۆنچه‌یه‌کی ده‌سکرد بوو که به هه‌ر جۆره وردبوونه‌وه‌یه‌ک به چاوی ئاسایی له‌گه‌ڵ قالۆنچه‌ی سروشتی، لێک جیا نه‌ده‌کرانه‌وه، ئه‌م قالۆنچه‌یه وه‌ک ده‌وترا بڕیاربوو بۆ ئۆپه‌راسیۆنی سیخوڕی به‌کار بێت! واته به‌رپرسێکی مووساد یان سی ئای ئه‌ی ده‌توانێت له کاتی نانخواردنی نیوه‌ڕۆدا قالۆنچه‌یه‌ک له‌سه‌ر تاقی ماڵه‌که‌ی قسه و وێنه‌کانی بگوازێته‌وه بۆ شوێنی مه‌به‌ست و بیخاته ژێر چاودێریی ورد و چڕه‌وه و دواتریش هه‌رچی بیه‌وێت به‌سه‌ری بهێنێت و ئیداره‌ی بدات!
ئه‌مه‌م بۆیه باس کرد، تا بێمه سه‌ر پرۆژه‌ی نه‌خۆشکردن یان له‌ناوبردنی مێشهه‌نگه‌کانی کوردستان، چه‌ند ساڵێکه ده‌نگۆیەك له‌لایه‌ن گه‌نجێکی کورده‌وه و له سیمینارێکدا بۆ ستراتیجه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بڵاو کرایه‌وه. به دڵنیاییه‌وه کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌م دۆخه سه‌خته‌دا ته‌نیا چین به فریادڕه‌سی خۆی ده‌زانێت، ڕووسیا بۆ چه‌نده‌مین جاره پشتی تێده‌کات، بۆیه مه‌زه‌نده ده‌کرێت چین له ئاستی جۆراوجۆی سه‌ربازی و سیخوڕی و ته‌کنه‌لۆجیدا هاوکاریی ئێران بکات و کردووشیه‌تی، چین گرینگ‌ترین هاوپه‌یمانی زلهێزی ئێرانه و خۆیشی پڕ به دڵ حه‌زی له‌م هاوپه‌یمانییه‌یه، چونکه وێنه گه‌وره‌که ده‌بینێت، ئه‌ویش پاشەکشه به ئه‌مەریکایه و پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی تاکه زلهێزی جیهانه.
ئه‌و گه‌نجه‌ی ئاماژه‌م پێدا، چه‌ند ساڵ پێش ئێستە باسی له‌وه کرد که زانستمه‌نده ئێرانییه‌کانی سه‌ربه سوپای پاسداران له‌سه‌ر جۆره هه‌نگێک ئیشیان کردووه که به هه‌نگه کوردییه‌کانه‌وه بدات و بیانکوژێت، یان له پووره ده‌ریانپه‌ڕێنێت و هه‌ڵیانگرێت! به‌داخه‌وه به‌هۆی سەلامەتیی خۆی، ئه‌م گه‌نجه زۆر شتی نه‌درکاند و نازانم ڤیدیۆکانی ئێسته له سۆشیال میدیادا به‌رده‌ستن یان نا، به‌ڵام به هه‌ڵکه‌وت نییه ئێسته هه‌نگێکی زۆر و زه‌وه‌ندی نه‌خۆش له ئێرانه‌وه بۆ سنووری سلێمانی هاورده ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رنجانه‌ی سه‌ره‌وه به هه‌ند وه‌ربگرین، ده‌بێت بڵێین بابه‌ته‌که ته‌نیا هاورده‌کردنی کۆمه‌ڵێک هه‌نگ و پووره هه‌نگی نه‌خۆش و ناته‌ندروست وه‌ک کاڵا نییه بۆ کوردستان، به‌ڵکوو ده‌شێت پیلانێکی زانستی-ته‌کنه‌لۆجی بێت دژی هه‌ر جۆره کیانێکی کوردی، له‌وانه‌یش ژینگه‌ی کوردستان، به‌کار بهێنرێت و له‌و ڕێگه‌یه‌وه ژینگه‌ی جوان و ته‌ندروستی وڵاتەكەمان له‌مه زیاتر بشێوێنن.
دڵنیام له زه‌ینی داگرکه‌رانی کوردستاندا نه‌ک مێشهه‌نگ، به‌ڵکوو مێشووله‌یه‌ک له‌ناو جیۆگرافیای کوردستاندا بێت وه‌ک مێشووله‌ی سروشتی چاوی لێ ناکه‌ن، به‌ڵکوو وه‌ک مێشووله‌یه‌کی دژبه‌ر ده‌یبینن! بۆیه هاورده‌کردنی هه‌نگی نه‌خۆشی ئێرانی بۆ کوردستان به کوالێتییه‌کی زۆر خراپ و نرخێکی هه‌رزان، له حاڵێکدا کوردستان له‌و ڕووه‌وه خۆبژێو و سه‌ربه‌خۆیه و مێشهه‌نگی کوردی تایبه‌ت و ته‌ندروسته، ده‌بێت نیگه‌رانیی هه‌نگه‌وانانی کوردستان ته‌واو به هه‌ند وه‌ربگرین و له‌وه‌یش زیاتر، ده‌بێت مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه بکه‌ین به ڕاستی قسه‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ی ئاماژه‌م پێدا، دروستە و پلانێکی ته‌کنه‌لۆجی-زانستی دژی ژینگه‌ی کوردی له ئارادا بێت.
ڕه‌نگه ئه‌م ڕوانگه‌یه له‌ناو که‌وانه‌ی تیۆری پیلان و پیلاندا بخوێنرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وایشبێت، ئێمه چی ده‌دۆڕێنین؟ ئه‌گه‌ر وا بێت ته‌نیا هه‌نگاوێکی قایمترمان بۆ به‌رگریی له ژینگه و وڵاتی خۆمان هه‌ڵگرتووه و به‌س.